Red Purple Black

گوركه‌كانی سه‌ر شه‌قام: له‌ زۆربه‌ی هونه‌رمه‌نده‌كان جه‌ماوه‌رمان زیاتره‌ و وه‌ك ئه‌وانیش منه‌ت له‌سه‌ر كه‌س ناكه‌ین ... راپۆرتی: زانا دڵشاد دزه‌یی

PDFPrintE-mail

ئه‌وان ته‌نیا حه‌وت كه‌سن و گروپی گورگه‌كانی سه‌ر شه‌قامیان پێكهێناوه‌، كه‌ گروپێكی راپه‌، سه‌رۆك گروپه‌كه‌ ده‌ڵی جه‌ماوه‌رێكی ئێجگار زۆرمان هه‌یه‌ و "ئه‌گه‌ر له‌به‌ر داب و نه‌ریت نه‌بوایه‌، نیوه‌ی گه‌نجی كورد ده‌ستیان به‌ راپ ده‌كرد، چونكه‌ گه‌نجانی ئه‌مڕۆ حه‌ز به‌ راپ و ستایلی ئینگلیزی ده‌كه‌ن".

كۆتایی ساڵی 2007 چه‌ند گه‌نجێك له‌ هه‌ولێر گروپێكی راپیان به‌ناوی "گورگه‌كانی سه‌ر شه‌قام" دامه‌زراند، سه‌ره‌تا 12 گه‌نج بوون، به‌ڵام چه‌ندینجار زیاد و كه‌می كردووه‌، هه‌روه‌ها جارێك گروپه‌كه‌ شكستی هێناوه‌، ئه‌وه‌ به‌ قسه‌ی هه‌ڤاڵ، كه‌ ئێستا سه‌رۆك گروپه‌كه‌یه‌ و ده‌ڵێت "دوای شكسته‌كه‌، من بوومه‌ سه‌رۆكی گروپ و جارێكی به‌هێزم كرده‌وه‌ و كۆنسێرت و راپی زۆرمان دروستكرد، شانسێكی دیكه‌مان وه‌رگرته‌وه‌". ئێستا ئه‌وان ته‌نیا حه‌وت كه‌سن "هه‌ڤاڵ، نوره‌، هه‌ردی، زانا، هێرش، محه‌مه‌د، شێروان".

ساڵی 2009 كاتێك به‌شداریان له‌به‌رنامه‌ی من جیاوازم كرد له‌ كه‌ناڵی زاگرۆس، ده‌رفه‌تی ناوبانگ ده‌ركردنیان زیاتر بوو، كه‌ تاوه‌كو قۆناخی كۆتایی به‌رنامه‌كه‌ ده‌رچوون و پله‌ی سێیه‌میان به‌ده‌ستهێنا، هه‌ڤاڵ ده‌ڵێ "سی ملیۆن دینارمان برده‌وه‌ و له‌نێو خۆمان دابه‌شمان كرد".

هه‌ڤاڵ باس له‌وه‌ ده‌كات، زۆربه‌ی تێكسته‌كان ئه‌و ده‌ینووسێت، به‌ڵام میوزیكی راپه‌كانیان له‌ بیانییه‌وه‌ وه‌رده‌گرن، به‌تایبه‌ت راپه‌ كۆرییه‌كان، "ئه‌گه‌ر دانسی جوان و ئاسان هه‌بوو، كه‌ بتوانین به‌باشی ته‌قلیدی بكه‌ینه‌وه‌ و له‌ كوردستان نه‌بینراو بێت، ئێمه‌ وه‌ریده‌گرین، خۆشمان له‌ دانس دا شتی نوی ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها شێوازی راپی بیبۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر راپه‌كانمان هه‌یه‌".

هه‌ردی، ته‌مه‌ن 19 ساڵ، یه‌ك له‌ گورگه‌كانی سه‌ر شه‌قامه‌، ئاره‌زووی ئه‌و راپ و دانسه‌، خه‌ون به‌وه‌ ده‌بینێ گروپه‌كه‌یان هه‌نگاوی گه‌وره‌ بنێ، به‌ڵام ده‌ڵێت "كه‌س هاوكاری ئێمه‌ ناكات و جێگایه‌كمان نییه‌ تێیدا كۆبینه‌وه‌ و پرۆڤه‌ بكه‌ن، له‌ شوێنی وا پرۆڤه‌ی دانسم كردووه‌ راپم له‌به‌رچاو كه‌وتووه‌، ویستوومه‌ واز بێنم، به‌ڵام هه‌ر خۆشم ده‌ڵێم نا به‌به‌رده‌وام بوونی ئێمه‌ پێشده‌كه‌وین". هه‌ردی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا هیچكام له‌وان بۆ پاره‌ په‌یداكردن راپ ناكه‌ن، "به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نێك هاوكاریمان بكات زیاتر پێشده‌كه‌ووین".

بیبۆی محه‌مه‌د، گورگێكی دیكه‌ی گروپه‌كه‌یه‌، پێی وایه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ هیچ ده‌زگا و سه‌رنته‌رێك نین، جێگایه‌كی دیاریكراویان نییه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "له‌هه‌ر شوێنێك مه‌جال هه‌بێ پڕۆڤه‌ی تێدا ده‌كه‌ین".

هه‌ڤاڵ سه‌رۆك گروپه‌كه‌یه‌ و ده‌ڵێت "له‌ كۆنسێرته‌كانمان داوای پاره‌ ناكه‌ین، به‌س هاوكاریمان بكه‌ن له‌دابینكردنی هۆڵ و ئاماده‌كارییه‌كان". وه‌ك خۆیان باسی ده‌كه‌ن، له‌به‌ر نه‌بوونی هاوكاری، راپه‌كانیان به‌ لاپتۆپ تۆمار ده‌كه‌ن، هه‌ڤاڵ ده‌ڵێت "له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌ندامه‌كان قوتابین، پاره‌ی زۆربه‌ی خه‌رجییه‌كان هه‌ر خۆی ده‌یدات".

له‌چه‌ند ساڵی رابردوو چه‌ندان گروپی راپ له‌ كوردستان دروست بوون و رۆژ له‌دوای رۆژ له‌زیاد بووندان، به‌ڵام زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان راپ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ "ستایلی بێگانه‌" وه‌سفی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن "هی كورد نییه‌". له‌چه‌ند هه‌فته‌ی رابردووشدا مه‌لا مه‌زهه‌ر له‌ شاری له‌به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا هێرشی تووندی كرده‌ سه‌ر گروپی گورگه‌كانی سه‌ر شه‌قام و دوعایكرد له‌ناو بچن و له‌ وتاره‌كه‌یدا گوتی "پێشتر پیاوچاكی وه‌ك مه‌وله‌ی و هونه‌رێكی جوان و پاك هه‌بوو، ئێستاش گورگه‌كانی سه‌ر شه‌قام دروستبووینه‌، خوا له‌ناوتان ببات".

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی گورگه‌كانی سه‌ر شه‌قام ده‌ڵێت "مه‌لا مه‌زهه‌ر له‌روانگه‌ی دینی ئیسلامه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات، به‌ڵام دینی ئیسلام داوامان لێَده‌كات دوعای خراپ له‌كه‌س نه‌كه‌ین، كه‌چی مه‌لا مه‌زهه‌ر دوعای خراپی له‌ئێمه‌ كرد و خۆشی گوناهبار كرد". هه‌ڤاڵ ده‌ڵی مه‌لا مه‌زهه‌ر جگه‌ره‌ ده‌كێشی، كه‌ له‌دینی ئیسلام جگه‌ره‌كێشان گوناهه‌ ده‌پرسی "ئه‌ی بۆچی مه‌لا مه‌زهه‌ر باسی گوناهی ئێمه‌ ده‌كات و باسی گوناحی خۆیشی ناكات؟".

نوره‌ ئه‌ندامێكی سوحبه‌تجی گروپه‌كه‌یه‌ و ئه‌ویش له‌سه‌ر ئه‌و ره‌خنانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن له‌هه‌ندی هونه‌رمه‌ندان ره‌خنه‌ له‌گروپه‌كانی راپ ده‌گیری گوتی "له‌زۆربه‌ی هونه‌رمه‌نده‌كانی كوردستان جه‌ماوه‌رمان زیاتره‌، ئه‌وه‌شی كردوومانه‌ هه‌موو تواناكانی ئێمه‌ نییه‌، هێشتا ئه‌وه‌ هیچ نییه‌، چونكه‌ هه‌موو شتێك له‌سه‌ر گیرڤانی خۆمانه‌". هه‌ڤاڵ كاتێك باسی جه‌ماوه‌ری خۆیان ده‌كات، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، زۆرترین جه‌ماوه‌ری ئه‌وان له‌ كۆلێژ و قوتابخانه‌كانن "له‌به‌رئه‌وه‌ زۆرترین كۆنسێرته‌كانمان له‌ كۆلێژ و قوتابخانه‌كان ئه‌نجام داوه‌، خه‌ڵكێكی زۆر ئێمه‌یان خۆشده‌وێت، له‌گه‌ڵ خه‌ڵك تێكه‌ڵین و په‌یوه‌ندی هاوڕێتیمان دروستكردووه‌، دێنه‌ لامان وێنه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌گرن و داده‌نیشین و چایش ده‌خۆینه‌وه‌". ئه‌و به‌بی دوو دڵی ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر له‌به‌ر قسه‌ی خه‌ڵك و داخراوی كۆمه‌ڵگه‌ و دابونه‌ریت نه‌بووایه‌، نیوه‌ی گه‌نجی ده‌بوونه‌ ده‌بوونه‌ راپه‌ر، چونكه‌ گه‌نجی زۆر هه‌یه‌ حه‌ز ده‌كه‌ن به‌شداریمان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵام له‌ترسی قسه‌ی خه‌ڵك ناوێرن". سه‌رۆك گروپه‌كه‌ش ده‌ڵێت "هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌ندامی كچ وه‌رناگرین، یه‌كه‌م له‌ترسی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، دووه‌م فێربوونی برێكدانس بۆ كچ قورستره‌، خۆمان ئه‌ركمان قورسه‌، ئه‌گه‌رنا چه‌ند كچێك داوایان كرد له‌گه‌ڵمان راپ بكه‌ن، به‌ڵام وه‌ك گوتم وه‌رمان نه‌گرتووه‌".

نوره‌، ئه‌ندامێكی دیكه‌یدانه‌ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، گروپه‌كانی راپ له‌كوردستان مونافه‌سه‌یه‌كی زۆری یه‌كتر ده‌كه‌ن بۆ شكاندن و دژایه‌تیكردنی ئه‌ویتر، گوتی "هه‌ر لایه‌ك هه‌وڵده‌دات ئه‌وی تر لاواز بكات، به‌ڵام كه‌س ناتوانی شان له‌شانی ئێمه‌ بدات، كاری خۆمان ده‌كه‌ین و دژایه‌تی كه‌س ناكه‌ین". نوره‌ له‌ قسه‌كانی به‌رده‌وام بوو گوتیشی "ئه‌و دژایه‌تیكردنه‌ هه‌م ئاستی راپ له‌كوردستان دێنێته‌ خواره‌وه‌، هه‌میش راپ به‌دیوێكی ناشرین به‌خه‌ڵك نیشان ده‌كه‌ن، كه‌ به‌ راپ جنێو به‌ یه‌كتری ده‌ده‌ن".

رۆژی 25ی ئه‌م مانگه‌ له‌ به‌رده‌ره‌ش كۆنسێرتێك ئه‌نجام بده‌ن، كه‌ جگه‌ له‌ خۆیان چه‌ند گروپێكی دیكه‌ی راپ به‌شدار ده‌بن، كه‌ رێكخراوێك به‌م كاره‌ هه‌ڵساوه‌، نوره‌ ده‌ڵێت "ئێمه‌ شه‌ش راپ پێشكه‌ش ده‌كه‌ین، كه‌ راپه‌كان باس له‌ خۆشه‌ویستی، بێزاری و ته‌نیایی، خۆكوشتن ده‌كه‌ن". ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا له‌به‌رنامه‌یاندایه‌، كه‌ سه‌نته‌رێك راپه‌كانیان به‌شێوه‌ی ئه‌لبووم چاپ و بڵاوبكاته‌وه‌، "كه‌ نزیكه‌ی 30 راپ و سی كلیپمان هه‌یه‌، جگه‌ له‌ كۆنسێرته‌كانمان".

سه‌رچاوه‌: سڤیل


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.