Red Purple Black

خاڵه‌که‌ لاوازبوو به‌ڵام تيشکێک به‌سه‌ر ڕووداوه‌که‌ی زاخۆ … لوقمان به‌رزنجی

PDFPrintE-mail

بيست ساڵ به‌سه‌ر ڕاپه‌ڕينه‌ شکۆداره‌که‌ی‌ساڵی 1991تێده‌په‌ڕێ. به‌درێزايی ئه‌و بيست ساڵه‌ گه‌لی کوردستان له‌و به‌شه‌ی کوردستان بۆته‌ ئامانجی پلانی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌کی و قاتو قڕکردن به‌ده‌ست ناحه‌زان و داگيرکه‌رانيه‌وه‌. بيست ساڵه‌ کۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی و چوار قۆڵی ئيقليمی به‌ نهێنی و به‌ئاشکرا له‌سه‌ر تێکدان و ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ بۆ ئيداره‌ی ئه‌و بسته‌ خاکه‌ شه‌رعيه‌ی کوردان ده‌به‌سترێ بۆ له‌ صشته‌ بردن و له‌باربردنی. ئه‌و ئيداره‌ بۆته‌ مۆته‌که‌يه‌ک و دومه‌ڵێک به‌سه‌ر دڵی شۆڤينسته‌ دڕاوه‌کان. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌موو چه‌کێکی ئاشکراو شاراوه‌يان له‌و شه‌ڕه‌ ده‌وروونی و جه‌سته‌يه‌دا له‌دژی به‌کار هێنا. به‌ڵام ده‌بێت دانيش به‌وه‌ دابنێين که‌ ئه‌و پلان و نه‌خشه‌ جه‌هه‌نه‌ميانه‌ی بيست ساڵی ڕابردوو که‌ له‌ کوردستان جێبه‌جێيان کرد تاڕاده‌يه‌کی زۆر نه‌يانهێشت خه‌ڵکی بێ ديفاعی کوردستان به‌ ئارامی بژيت و ته‌نيا بۆ تاوێکيش بێت له‌زه‌ت له‌و نيمچه‌ ئيسراحه‌ته‌ بکات. به‌ڵام سوربوونی خه‌ڵکی کوردستان له‌سه‌ر ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ نه‌هێشتنی ئاسواری سياسه‌تی به‌ سووتماک کردنی خاک زۆر گه‌وره‌تر بوو له‌ پلانی ناحه‌زان وێرانکه‌ران.. له‌گه‌ل ئه‌و هه‌موو ناحه‌قی و ناعه‌داله‌تيه‌ی که‌ به‌ گه‌لی کوردستان کراوه‌ له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا گه‌لی کوردستان هه‌رگيز له‌ ده‌ستی له‌ مافه‌کانی خۆی هه‌ڵنه‌گرتووه‌ و باوه‌ڕی به‌ حه‌تيميه‌تی سه‌رکه‌ووتن زۆر تربووه‌ و به‌رده‌وام ڕوه‌و خۆر هه‌نگاوی هه‌ڵێناوه‌ و باوه‌ڕی به‌و کزه‌ تيشکه‌ هه‌بووه‌ که‌ له‌ ئاسۆی بڵندی کوردا تيشکیداوه‌ که‌ ڕۆژێک دادێت ئه‌و تيشکه‌ به‌ هه‌موو هێزی خۆی ئه‌و بسته‌ خاکه‌ی سه‌گوێی زه‌مين ڕووناک ده‌کاته‌وه‌ که‌ ناوی کوردستانه‌. ئه‌و ڕووناکيه‌ش ماڵی هه‌موو کوردستانيه‌ک له‌سه‌ر جوانترين و شێه‌وه‌ی ژيان بنيات ده‌نێته‌وه و ده‌گه‌شێته‌وه‌‌ کوردستانی باشور وه‌ک نموونه‌. ‌مێژوو ده‌ڵێت پێداگرتن و جێنه‌هێشتنی خاک و داکۆکی کردن له‌سه‌ر ئه‌رز و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ل دووژمن خه‌سڵه‌تێکی ئازايانه‌ی کورد بووه‌ له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ش له‌که‌م نه‌ته‌وه‌کانی ناووچه‌که‌دا هه‌بووه‌. خۆئه‌گه‌ر چاوێک به‌ مێژووی هێندێک له‌ نه‌ته‌وه‌کانی ده‌وروبه‌رماندا بگێڕين ده‌بينين هێندێکيان ئێستا به‌س وه‌ک ناو ماون و هێندێکيش هێنده‌ لاواز بوونه‌ وه‌ک ده‌ڵێن کڵاوی خۆيان گرتووه‌ با نه‌يبات ئه‌وه‌ش له‌ ئاکامی ئه‌و هه‌موو هێرش و په‌لاماردان و ڕاگواستن و زۆر کاری جينوسايدی که‌ به‌سه‌رياندا هاتووه‌ هه‌ڵبه‌ته‌ کورديش به‌شێک بووه‌ له‌ بيردۆزه‌ ترسناکه‌ به‌ڵام زۆر بوێرو مه‌ردانه‌ به‌رگری له‌ مانه‌وه‌ی خۆيدا کوردوه‌ وه‌ک ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ و خاک و شارستانيه‌تی مرۆڤايه‌تی خۆی. له‌ دوای داگيرکردن ودابه‌شکردنی کوردستان ئه‌و خه‌سڵته‌ ديفاعيه‌ خه‌ستر بۆته‌وه‌ له‌لای تاکی کورد.له‌ته‌ک ئه‌وه‌شدا کورد هه‌ميشه‌ له‌ خه‌باتی ئاشتيخوازی خۆيش نه‌که‌ووتووه و ده‌ستی برايه‌تی بۆ هه‌موو گه‌لانی دونيا درێژ کردوه‌. ئه‌وه‌ش لايه‌نێکی ديکه‌ی ڕه‌سه‌نايه‌تيه‌ له‌ که‌لتوری شارستانيه‌تی کورد‌ ئه‌وه‌ش وايکردوه‌ تا ڕاده‌يه‌ک سۆزی دونيای ده‌ره‌وه‌ به‌لای خۆيدا ڕابکێشێ ئه‌و نيمچه‌ حوکمه‌ کورديه‌ش به‌و سۆزو پشتيوانيه‌ بۆخۆی بچه‌سپێنێ دووژمنانی کورد ئه‌وه‌نده‌ زۆرن که‌ حه‌ز به‌و سه‌رکه‌ووتنه‌ مه‌زنه‌ی کورد ناکه‌ن هه‌رچی بۆيان لوا بۆ له‌باربردنی ئه‌و ته‌جربه‌ تازه‌ی کورد ته‌خسيريان نه‌کرد. له‌ خۆشکردنی ململانێی حزبی تا ده‌گاته‌ شه‌ڕی ناوخۆو ديارده‌ی دوو ئيداره‌و ناردنی تی ئێن تی و تيرۆرکردن و نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌کی هتد به‌ڵام ئيراده‌ی گه‌ل و هێزه‌ سياسيه‌کان توانيان ئه‌و قۆناغه‌ سه‌ختانه‌ تێپه‌ڕێنن و زاڵببن به‌سه‌ر ئه‌و ئه‌لغام وێستگه‌ گومانلێکراوانه‌داو ئه‌منيه‌تی کوردستان وه‌ک بيلبله‌ی چاوه‌کانيان بپارێزن. کوردستان به‌ ده‌ستێک و هێزێکی پۆڵايين کۆنتڕۆڵ بکه‌ن و ڕێگه‌ له‌ هموو کارێکی تێکده‌رانه‌دا بگرن.، ئه‌و ووريای و هۆشياريه‌ی گه‌له‌که‌مان گورزێکی گه‌وره‌ی له‌ سێ به‌نده‌ی که‌مه‌ری ناحه‌زاندا هه‌موو خاڵه‌ تێکده‌رانه‌کانيان بنه‌بڕکرد.وه‌ک ده‌ڵێن دووژمن هه‌ر دووژمنه‌ ممومکين نيه‌ ده‌سته‌ ئه‌ژنۆ دابنيشێ و له‌ دوای ئه‌وه‌ی ده‌رگای زه‌فه‌ربردنيان به‌ خاڵه‌ به‌هێزکان به‌سترا. سيناريۆی تازه‌يان بريتیه‌ له‌ په‌لاماردانی ئه‌و خاڵه‌ لاوازانه‌ی وه‌قعی ڕاگياندن و ووروژانی تايفه‌گه‌ری و پيشه‌يان هه‌يه. ئه‌وه‌بوو ئه‌م ڕووداوانه‌ی ئه‌م دوايه‌ی شارۆچکه‌ی زاخۆ و ده‌وروبه‌ريان کرده‌‌ ئامانجی پلانه‌ گڵاوه‌کانيان له‌ سووتاندنی شوێنی مه‌ساج و دوکانی مه‌ی فرۆشه‌کان که‌ ئه‌وانه‌ش له‌لايه‌ن دووتايفه‌ی ئاينی غه‌يره‌ ئيسلام ئۆرگانيزه‌ ده‌کران. ڕووداوه‌که‌ له‌ ڕه‌واڵه به‌ خاڵێکی لاواز ته‌ماشا ده‌کرێت چونکه‌ له‌ کوردستان هه‌رگيز کاری وا ڕووينه‌داوه‌ و کوردستان به‌ وولاتی ئاشتی و به‌يه‌که‌وه‌ ژيان ناسراوه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ له‌ حساباتی ئه‌منی نه‌بووه‌ و به‌ خاڵێکی ئه‌منی لاواز ته‌ماشا ده‌کرێ. به‌ڵام له‌ ڕووی ڕاگه‌ياندنی سياسی گورزێکی خراپ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ييکی خراپی هه‌بووو دڵه‌ڕاوکێيه‌کی زۆری نايه‌وه‌ له‌لای خه‌ڵکی کوردستان و دۆستانيان له‌ ده‌ره‌وه‌ و هه‌روه‌ها کاريگه‌ری به‌رچاویيش هه‌بووله‌سه‌ر ڕه‌ووتی ئابوری کوردستان و ئه‌و کۆمپانيانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ کوردستان کاری وه‌به‌رهێنان ده‌که‌ن يا ئه‌وانه‌ی گرێبه‌ستی وه‌به‌رهێنانيان له‌گه‌ل حکوومه‌ت کوردستاندا کردوه‌. ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌يان لا درووست ده‌بێت پاشگه‌ز ببنه‌وه‌ له‌و کاره‌يان به‌ هۆی ئه‌و جۆره‌ ڕووداوه‌ نه‌خوزاراوانه‌. به‌ کوردی و کرمانجی ده‌بێت ئه‌م ڕووداوه‌ی زاخۆ له‌ ئاينده‌ به‌هه‌ند وه‌ربگيرێ وبه‌ربه‌ستی لێ بکرێ له‌ دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی. چونکه‌ ئه‌و خاڵه‌ لاوازه‌ په‌لاماردراوانه‌ ئيسپاتيانکرد که‌ سه‌نگيان هه‌يه‌ له‌ ڕووی سياسی و ڕاگه‌ياندنه‌وه‌. چونکه‌ پانتايه‌کی زۆر له‌ بوعدی دووژمنکارانه‌ ده‌گرن وه‌ک ئه‌وه‌ی بکرێن به‌ ماده‌يه‌کی ڕاگه‌ياندنی چه‌واشه‌ کار له‌ دژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هاووڵاتيانيشی پێ ده‌ستخه‌ڕۆبکه‌ن دڵه‌ڕاوکێ بخه‌نه‌ ژيانی ڕۆژانه‌ی تايفه‌و ئاينزاکانی کوردستان وله‌وانه‌يه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ی خراپيشی درووست بکات له‌لای کۆمپانياکانی دونيا به‌ نه‌بوونی ئه‌منيه‌ت له‌ کوردستان و به‌تايبه‌تی لای ئه‌وانه‌ی ئێستا به‌ مليۆنان دۆلاريان له‌ کوردستان وه‌به‌ر هێناوه‌ و يا ده‌هێنن. کاتی ئه‌وه‌ش هاتووه‌ ميدياکانی خۆشمان له‌ نه‌قڵکردنی هه‌واڵ مه‌يدانيتر بن ته‌نيا به‌ قسه‌و قسه‌لۆچک هه‌واڵه‌کانيان دانه‌ڕێژن و زۆر دڵخۆش نه‌بن به‌وه‌ی که‌ ماده‌يه‌کی ڕاگه‌ياندنی چه‌وريان ده‌ست که‌ووتووه‌ و وه‌ک کراسه‌کی عوسمان به‌شه‌و و به‌ڕۆژ بيچوونه‌وه‌ و خه‌ڵکی پێ فريو بده‌ن چونکه‌ ته‌حريزکردنی لايه‌کی کوردستانی له‌دژی ئه‌ويتر ته‌نيا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه‌يه‌ که‌ ئه‌و جۆره‌ پلان و ته‌ڵانه‌ بۆ گه‌له‌که‌مان ده‌نێنه‌وه‌ و تاکه‌ قوربانی ئه‌و پلان و ووتاره‌ ته‌حريزيانه‌ش گه‌لی کوردستان و ده‌سکه‌ووته‌کانی ده‌بێت ئه‌وده‌سکيوتانه‌ی به‌خوێن وه‌ده‌ست هاتووه‌‌. يه‌که‌م ئه‌رک و وه‌زيفه‌ی هه‌موو ميديايه‌کی نه‌ته‌وه‌يی له‌ جيهان گرنگی دان و به‌رگريکردنه‌ له‌ ئه‌منی نه‌ته‌وايه‌تی و پاراستنی ده‌سکه‌ووته‌کانی گه‌ل له‌ چوارچيوه‌ی ياسا و ڕێساکانی ده‌وڵه‌ت و ده‌رنه‌چوون له‌ پره‌نسيپه‌ جوانه‌کانی سه‌ربه‌ستی بيروڕاو ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری. ‌‌

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.