Red Purple Black

ئه‌ری تاكه‌ی هه‌ڕه‌شه‌مان لێبكرێ... ؟ جه‌لال ئه‌حمه‌د به‌رزنجی

PDFPrintE-mail

رۆژنامه‌نووس قوربانی یه‌كه‌من له‌ هه‌موو كات و ساتێكدا، هه‌م له‌ كێشه‌و گرفته‌ سیاسیه‌كان، هه‌میش له‌ خۆشی و سه‌ركه‌وتنه‌كان، له‌ هه‌مووشی ئه‌سته‌متر ئه‌وه‌یه‌ كه‌س بیریان لی ناكاته‌وه‌و به‌ هانایانه‌وه‌ ناچی، ته‌نها له‌كاتی له‌ناو چوون و ئازاردانیان به‌دواداچوون بۆ رووداوه‌كان و كێشه‌كانیان ده‌كرێ، ئه‌و كاتیش كار له‌كار ده‌ترازێ و هه‌رچییه‌كی بكرێ بێ سووده‌، به‌تایبه‌تی كاتێك كه‌ یه‌كێك گیانی بووه‌ قوربانی، ئیتر پێویست به‌ لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون ناكات.

زۆر به‌داخه‌وه‌ ئێستاش هه‌ندێ كه‌س به‌ناوی ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌كه‌ن، یان به‌ناوی پاراستن هه‌ره‌شه‌ی گرتن و لێدان ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌یه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌م بڵاوكردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ره‌و په‌یجه‌كانی فه‌یس بووك، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا نه‌یان كوشتووم، ئه‌گه‌رنا تائێستا لایه‌نی په‌یوه‌ندار چه‌نده‌ له‌حاڵ و كێشه‌كه‌می كۆڵیوه‌ته‌وه‌ ئه‌وكاتیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ لێیان ده‌كۆڵییه‌وه‌.

سه‌یر له‌وه‌دایه‌ كه‌سێك له‌گه‌لڕ خۆت له‌ناو یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بێت، به‌رده‌وام ڕێزت لێیگرتبێ و ئیش و كاره‌كانمان به‌یه‌كه‌وه‌ بووبێت له‌سه‌ر هه‌بوونی گرفتێكی بچووك كێشه‌ت بۆ دروست بكات و پاشانیش له‌كاتی ده‌وامی فه‌رمی له‌ناو ژووره‌كه‌ی خۆمدا به‌ به‌رچاوی چوار پێنج فه‌رمانبه‌ری به‌شه‌كه‌ی خۆم هێرشم بكاته‌ سه‌رو بیه‌وێ لێمبدات، و جنێویش بدات، ئه‌وه‌ هه‌موو ڕێزو ئیحترامه‌كه‌یه‌تی، منیش له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌خۆم گه‌وره‌تربوو یه‌ك قسه‌م له‌به‌رامبه‌ری نه‌كرد، چونكه‌ هه‌ر گیز فێری ئه‌وه‌ نه‌كراوم ڕێز له‌خۆم گه‌وره‌تر نه‌گرم و له‌به‌رامبه‌ری ڕابوه‌ستم و قسه‌ی ناشیرین بكه‌م، له‌هه‌مووشی سه‌یرتر دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ژووره‌كه‌ی خۆی ده‌چێته‌ لای جێگری به‌ڕێوه‌به‌ر، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كرابوو، ئیش و كاره‌كان جێگری به‌ڕێوه‌به‌ر ڕایده‌په‌راند و جێبه‌جێی ده‌كردن، ئه‌و براده‌ره‌ عه‌نته‌ره‌ داوای ئه‌وه‌ ده‌كات سێ ڕۆژ غیاب بدرێم و پاشانیش سی ڕۆژیش موچه‌كه‌م ببڕن، ئه‌وه‌ش به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ گوایه‌ من دژی وه‌ستاوم و ئیشم نه‌كردووه‌، له‌وه‌ش سه‌یرتر هاواریكردبوو گوتبووی: "من ده‌بێت بچمه‌ پاراستن و شكایه‌تی لێبكه‌م، هه‌موو گۆڤاره‌كانیم هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌و گۆڤارانه‌ی ئه‌و ده‌ریان ده‌كات هه‌مووی ده‌به‌مه‌ پاراستن؟"، ئه‌ری توخوا ئه‌وه‌ قسه‌یه‌؟، دیاره‌ به‌لای ئه‌و ده‌ركردنی گۆڤار له‌ وڵاتی ئێمه‌ تاوانه‌؟ ئه‌و كلتوری لێدان و هه‌ڕه‌شه‌كردنیش له‌ ڕۆژنامه‌نووسان هه‌ر به‌رده‌وامه‌و درێژه‌ی ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی دڵنیام ئێستا ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ پشتیان هه‌یه‌و له‌ هه‌موو كات و ساتێكدا پشتیوانیان لێده‌كرێ.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ باسی لێوه‌ بكه‌م ئه‌وه‌یه‌، حكومه‌ت به‌دواداچوون بۆ هیچ شتێك ناكات، كه‌سێك زیاتر له‌ بیست سالڕ له‌ شوێنێك ده‌وام بكات، كاتی خانه‌نشین كردنی هاتبێ بۆچی جێ به‌جێ ناكرێ؟ به‌ هه‌زاران گه‌نجی خاوه‌ن بڕوانامه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌خولێنه‌وه‌و بێكارن، كه‌چی كه‌سێكی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تای به‌م شێوه‌یه‌ حوكم ده‌كات و چی بیه‌وێ بۆخۆی ده‌یكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س پێی بڵی له‌ پشتی چاوت برۆیه‌، ئیتر ئه‌وه‌یه‌ حالڕ و گوزه‌رانی هه‌موو رۆژنامه‌ نووسێك به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ناو دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت ده‌وام ده‌كه‌ن.

سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (فه‌یس بووك) و (ڕه‌گه‌ز)

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.