Red Purple Black

ئه‌كته‌ری كۆمیدی ماهیر حه‌سه‌ن: حیزبێك سه‌یاره‌یه‌كی پێدام بۆئه‌وه‌ی ریكلامی بۆ بكه‌م ره‌تم كرده‌وه‌ ... چاوپێكه‌وتن: زانا دڵشاد دزه‌یی

PDFPrintE-mail

ئه‌كته‌ری كۆمیدی ماهیر حه‌سه‌ن، دوای به‌شداریكردنی له‌چه‌ند شانۆگه‌ری و زنجیره‌ درامایه‌ك كه‌ له‌چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا به‌رهه‌مهاتوون ناوبانگ و جه‌ماوه‌رێكی زۆریاتری بۆ دروست بوو، ئێستا سه‌رۆكی "تیپی ره‌نگاڵه‌ بۆ شانۆیه‌" ئه‌ندامه‌كانی له‌ 10 شانۆكاری سلێمانی پێكهاتووه‌، ئه‌وان شانۆكانیان به‌شێوه‌ی كۆمیدی نمایش ده‌كه‌ن و هه‌ر شانۆگه‌رییه‌ك هه‌شتا بۆ سه‌د جار نمایشی ده‌كه‌ن، ماهیر حه‌سه‌ن ده‌ڵێت "له‌ شانۆگه‌ری ئێستامان (سه‌ردان) له‌ 82 نمایشدا 26 هه‌زار پلیتمان فرۆشتووه‌".

سڤیل: سه‌ره‌تا له‌شانۆگه‌ری (سه‌ردان) ـه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ین، تائێستا چه‌ند بینه‌ری هه‌بووه‌ و كه‌ی كۆتایی به‌ نمایشه‌كه‌ دێت؟

ماهیر حه‌سه‌ن: تائێستا 26 هه‌زار بینه‌ر به‌ پلیت بینیوویه‌تی، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌میوان كه‌ نزیكه‌ی 3600 میوان بینیوویه‌تی، واتا نزیكه‌ی 30 هه‌زار بینه‌ری هه‌بووه‌، له‌ماوه‌ی 78 رۆژ بۆ 82 نمایش، رۆژی 17/12 دوا نمایشی شانۆگه‌رییه‌كه‌مانه‌، وابزانم هیچ شانۆگه‌رییه‌ك ئه‌وه‌نده‌ بینه‌ری نه‌بووه‌، له‌ساڵی داهاتوو پلان بۆ ئاماده‌كردنی شانۆگه‌رییه‌كی تر داده‌نێین.

سڤیل: زۆرجار باستكردووه‌ به‌نیازن بێنه‌ شاری هه‌ولێر له‌وێش نمایشی شانۆگه‌رییه‌كانتان بكه‌ن، كه‌چی تائێستا نه‌هاتوونه‌، ئه‌وه‌ مانای چییه‌ دێن یاخود نا؟

ماهیر حه‌سه‌ن: ئێمه‌ ده‌مانه‌وی و هه‌وڵی زۆریشماندا بێین بۆ هه‌ولێر، به‌ڵام وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ئاماده‌ نییه‌ هیچ هاوكارییه‌كمان بكات، ئێمه‌ وه‌ك تیپی ره‌نگاڵه‌ ناتوانین بێینه‌ هه‌ولێر 10 رۆژ شانۆگه‌ری نمایش بكه‌ین و هه‌موو مه‌سروفاته‌كانیش له‌سه‌ر خۆمان بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێك خۆمان ته‌رخانی بكه‌ین پرۆژه‌كانی دیكه‌مان فه‌شه‌ل دێنی، چونكه‌ سیفاتێك له‌تیپه‌كه‌ی ئێمه‌دا دروست بووه‌ داهاتی نمایشه‌كان هه‌ڵده‌گرین پرۆژه‌ی دیكه‌ی پێ ئه‌نجام ده‌ده‌ین، بۆ نموونه‌ سه‌فه‌ری پێشوومان كه‌ چووین بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌پاره‌ی سندوقی تیپه‌كه‌ بوو، بۆیه‌ به‌بی هاوكاری وه‌زاره‌تی رۆشبیری ناتوانین بێینه‌ هه‌ولێر.

سڤیل: ئاخر ئێوه‌ پلیت ده‌فرۆشن، كه‌واته‌ بۆچی حكومه‌ت هاوكاریتان بكات، ئێوه‌ ده‌توانن له‌هه‌ولێریش پلیت بفرۆشن و كاره‌كانی خۆتان پێ ئه‌نجانم بده‌ن، بۆچی چاوه‌ڕێی حكومه‌ت ده‌كه‌ن؟

ماهیر حه‌سه‌ن: راسته‌ پلیت ده‌فرۆشین، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ له‌هه‌ولێر نمایشی شانۆگه‌رییه‌كانمان وه‌ك سلێمانی بینه‌رمان نه‌بێت و ئه‌وه‌نده‌ی سلێمانیش پلیت نافرۆشێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی رۆشنبیری نیوه‌ی مه‌سروفاته‌كانمان بداته‌وه‌ ئاماده‌ین بێینه‌ هه‌ولێر 10 رۆژ نمایشی شانۆگه‌ری بكه‌ین.

سڤیل: هه‌ندی شانۆكار له‌باره‌ی شانۆگه‌رییه‌ كۆمیدییه‌كانی ئێوه‌ پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌یكه‌ن له‌ئاستێكی زۆر نزم دایه‌ و شانۆگه‌ری گاڵته‌جاریه‌ نه‌ك كۆمیدی، له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ قسه‌ت هه‌یه‌؟

ماهیر حه‌سه‌ن: ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌ن بابێن شانۆگه‌ریه‌ك له‌من باشتر بكه‌ن، بابتوانن 10 رۆژ نمایش بكه‌ن، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی دێن بۆ بینینی شانۆگه‌ریه‌كانمان خه‌ڵكی نه‌فام و ئاست بێئه‌قل نییه‌، ئه‌و بینه‌ری دێته‌ شانۆكه‌رییه‌كانی ئێمه‌ باوه‌ڕناكه‌م له‌هیچ شانۆكه‌رییه‌كی دیكه‌ هه‌بێت، له‌ دكتۆر و ئه‌ندازیار، له‌پارێزه‌ر و هونه‌رمه‌ندان، له‌ كه‌سی باڵای حیزبی و حكومی، له‌قوتابیانی زانكۆ دێن بۆ بینینی شانۆگه‌رییه‌كانمان، مامۆستا ئه‌حمه‌د سالار كه‌ رائیدی شانۆی كوردییه‌ هاته‌ سه‌ر شانۆ سه‌ری بۆمان دانواند و گووتی "ئه‌م كارانه‌ی ئێوه‌ ده‌كه‌ین ئه‌مڕۆ پێویسته‌ به‌حسی له‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ له‌رووی فكر و نواندن و ده‌رهێنانه‌وه‌ ئاستێكی به‌رزی هه‌یه‌". هه‌روه‌ها ئه‌و بابه‌تانه‌ی ئێمه‌ له‌شانۆگه‌ریه‌كانمان باسی ده‌كه‌ین و ده‌یوروژێنین باوه‌ڕناكه‌م تائێستا ئۆپۆزسیۆن باسی كردبێت، باسی گه‌نده‌ڵی حكومه‌ت و خه‌ڵكیش كردووه‌، چونكه‌ كۆمه‌ڵگاش به‌شێكه‌ دروستبوونی ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێم وایه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی قسه‌مان پێده‌ڵێت ناتوانن شانۆگه‌ریه‌ك بكه‌ن 10 رۆژ بینه‌ر كۆبكه‌نه‌وه‌.

سڤیل: ئه‌ی بۆچی كێشه‌ له‌ناو تیپه‌كه‌ت روویدا كه‌ له‌ئه‌نجامدا كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی ئه‌ندام له‌تیپه‌كه‌ جیابوونه‌وه‌، ده‌گوتری له‌به‌ر حیزبایه‌تی بوو، ئه‌وانه‌ی جیابوونه‌وه‌ گۆڕان بوون و ئێوه‌ش یه‌كێتی، وه‌ك چۆن له‌به‌رنامه‌ی به‌رنامه‌ روویدا، ئه‌وه‌ تاچه‌ند راسته‌؟

ماهیر حه‌سه‌ن: نه‌خێر ئه‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌مه‌سه‌له‌ی سیاسی نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كێشه‌ له‌نێوان هونه‌رمه‌ندان دروست ده‌كات مادییه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی له‌ئێمه‌ جیابوونه‌وه‌ گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ تیپ هه‌بووه‌ و حه‌قی خۆیان پێدراوه‌، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ ئه‌و براده‌رانه‌ بیانه‌وی خۆیان گروپێك دروست بكه‌ن قازانجی مادی بكه‌ن و واهه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر وابكه‌ن ده‌ستكه‌وتی مادیان زیاتر ده‌بێت، هه‌روه‌ها غیره‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌ناو هونه‌رمه‌نده‌كان.

سڤیل: زۆرجار هونه‌رمه‌نده‌ براده‌ره‌كانت ده‌ڵێن "ماهیر حه‌سه‌ن له‌ئیشی هونه‌ریدا دیكتاتۆر و تاكره‌وه‌". بۆچی وات پێده‌ڵێن؟

ماهیر حه‌سه‌ن: حه‌سوودیم پێده‌به‌ن بۆیه‌ واده‌ڵێن، له‌هونه‌رمه‌نده‌كان بپرسه‌ بزانه‌ ته‌عامولكردنی من له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده‌كان چۆنه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و تیپه‌ نه‌بوایه‌، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر خاتری ئه‌و براده‌رانه‌ نه‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵم دان، به‌شێوه‌یه‌كی تر گرێبه‌ستم ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وانه‌ هه‌مووی هاوڕێمن له‌په‌یمانگا خاتری زۆرم گرتوون له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌ی له‌سه‌ر من ده‌كری هه‌مووی غیره‌یه‌، هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی تیپی ره‌نگاڵه‌ كاتێك خۆم ئه‌وانم هێناوه‌ بۆ تیپه‌كه‌ و خۆم ده‌ستم گرتوون و خۆشم پێم گوتوون فه‌رموو ئه‌وه‌ ده‌ق، كی حه‌زده‌كات ده‌رهێنانی بۆ بكات بابیكات، به‌س بۆئه‌وه‌ی نه‌ڵێن ماهیر تاكڕه‌وه‌، پێم باشه‌ هه‌ر من نه‌بم له‌ناو تیپه‌كه‌ كاری ده‌رهێنان بكه‌م، چونكه‌ هه‌ندی تیپ هه‌بووه‌ كاتێك ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ی رۆیشتووه‌ یاخود كۆچی دوایی كردووه‌ ئه‌و تیپه‌ گوژاوه‌ته‌وه‌، من نه‌مویستووه‌ له‌داهاتوودا تیپی ره‌نگاڵه‌ وای لێبێت، خۆم هانی ئه‌ندامه‌كانم داوه‌ كاری ده‌رهێنان بكه‌ن، ئیتر تاكڕه‌وی و دیكتاتۆری من له‌چیدایه‌؟ له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و قسانه‌ ته‌نیا له‌ غیره‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌.

سڤیل: زۆرجار له‌چاوپێكه‌وتنه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانت باست له‌وه‌كردووه‌ له‌ لوتكه‌ دای، هه‌ست ناكه‌ی له‌خۆبایی بوونێك له‌تۆدا هه‌یه‌؟

ماهیر حه‌سه‌ن: نه‌خێر من له‌خۆبایی نه‌بوومه‌ و هیچكات به‌ده‌می خۆم نه‌مگوتووه‌ له‌ لوتكه‌ دام، به‌ڵام گوتوومه‌ ده‌توانم له‌ تراژیدیا و كۆمیدیا حه‌قی خۆی بده‌م و له‌هه‌ردووكیان سه‌ركه‌وتووانه‌ نواندن ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها پێشم خۆشه‌ كی دێت به‌رامبه‌ر من نواندن بكات چ له‌كۆمیدیا بێت یاخود تراژیدیا، به‌ڵام لیژنه‌یه‌كی دادپه‌روه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن بكات بزانه‌ كی سه‌ركه‌وتووتره‌، له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵكێك هه‌بی بڵێت ماهیر حه‌سه‌ن له‌ لوتكه‌ دایه‌، به‌ڵام به‌ده‌می خۆم وام نه‌گوتووه‌.

سڤیل: له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی زۆری، حیزبه‌كان هه‌وڵیان نه‌داوه‌ بۆ خۆیان راتكێشن؟

ماهیر حه‌سه‌ن: بێگومان زۆرجار شتی وا روویداوه‌ و زۆرجاریش له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن داوام لێكرا ریكلام بۆ حیزبێك بكه‌م و له‌به‌رامبه‌ردا پاره‌یه‌كی زۆر و سه‌یاره‌یه‌كیان وه‌ك خه‌ڵات بۆ دانام، به‌ڵام گووتم ئه‌وه‌ ئیشی من نییه‌ ریكلام بۆ حیز بكه‌م، جگه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بێت ریكلام بۆ هیچ حیزبێك ناكه‌م، چونكه‌ هونه‌رمه‌ند چه‌ند له‌حیزب دوور بێت ئه‌وه‌نده‌ لای خه‌ڵك خۆشه‌ویستتر ده‌بێت، ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ند حیزبایه‌تی بكات كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی خۆشه‌ویست و جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ده‌ست ده‌دات.

سڤیل: ئه‌ی نرخی ریكلامكردنت بۆ كۆمپانیاكان چۆنه‌؟

ماهیر حه‌سه‌ن: من حه‌زده‌كه‌م نه‌ك ماهیر حه‌سه‌ن هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ و ناوبانگیان هه‌یه‌ ریكلام بكه‌ن له‌ئاستێكی زۆر به‌رز و داوای پاره‌یه‌ك بكه‌ن كه‌ حه‌قی خۆی وه‌رگرێت، نه‌ك به‌پاره‌یه‌كی كه‌م له‌وانه‌یه‌ بۆ كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌نده‌كه‌ خراپ بێت، من تائێستا له‌ده‌فته‌رێك دۆلار كه‌متر ریكلامم نه‌كردووه‌، هونه‌رمه‌ندیش هه‌یه‌ به‌ پێنج وه‌ره‌قه‌ ریكلامی كردووه‌، ئێستا هاوڕێیه‌كی خۆم هه‌یه‌ به‌ناوی كاك هه‌ڵگورد له‌كوردستان تیڤی به‌رنامه‌ی هه‌یه‌، ریكلامێكی بۆم دۆزیه‌وه‌ و پێم گوت له‌ 10 هه‌زار دۆلار كه‌متر نایكه‌م، ئیتر تاوه‌كو ماوه‌یه‌ك خاوه‌ن ریكلامه‌كه‌ هه‌وڵیدا به‌ 8 هه‌زار دۆلار رازیم بكات، به‌ڵام به‌و نرخه‌ نه‌مكرد.

سه‌رچاوه‌: گۆڤاری سڤیل

zanadzey@yahoo. com


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.