Red Purple Black

چینیش له‌كه‌ركوك هه‌ڵات … عه‌لی مه‌حمود

PDFPrintE-mail

له‌هه‌ولێره‌وه    

گۆشه‌یه‌که‌ عه‌لی مه‌حمود دوو هه‌فته‌ جارێک ده‌ینوسێت

- به‌گه‌نجێتیش من له‌چه‌پایه‌تیدا مه‌یلم به‌لای ماویزمه‌وه‌ بوو، ئێستاش پڕۆژه‌ ئابورییه‌كه‌ی به‌ عه‌قڵانی ده‌زانم بۆ مرۆڤایه‌تی، نیمچه‌ ماویه‌تیه‌كه‌ی من وه‌ك ماویه‌تیه‌كه‌ی مام جه‌لال نییه‌ به‌پیری كڵاوی مارینز له‌سه‌ر كه‌م، وه‌ك ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدیش نییه‌ عه‌مامه‌ له‌سه‌ر نێم، وه‌ك ئه‌وه‌ی كاكه‌ نه‌وشیروانی نیو لیبراڵیش نییه‌ حاشا له‌ڕابردووه‌كه‌ی بكه‌م.

به‌ڕێزان.. چین كه‌ چووه‌ ئه‌فریقا به‌ شایه‌تی دوژمنه‌كانی پێش دۆسته‌كانی له‌خێرو بێرو ئاوه‌دانی زیاتری پێ نه‌بوو بۆیان، به‌ناو ئاگرباراندا سه‌ربڕین‌و جینۆسایددا كاری خۆی له‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ كردو ده‌ستی له‌سیاسه‌تی وڵاتان وه‌رنه‌دا، به‌ڵام كه‌ هاته‌ كه‌ركوك خۆی نه‌گرت‌و هه‌ڵات، بزانن چۆن، پارساڵ كه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكم كرد له‌خوار باره‌گاكه‌ی حیزبی شیوعییه‌وه‌ ئاڵایه‌كی سورم بینی، وامزانی ئه‌مه‌ش كلكێكی ئه‌و پارته‌یه‌، كه‌چی سه‌یرم كرد ئه‌وه‌ ئاڵای كۆماری چینی میلییه‌و سوق مه‌ركه‌زی شاره‌كه‌یان ئاوه‌دان كردۆته‌وه‌ پاش چه‌ند ده‌یه‌ له‌وێرانی، له‌دڵی خۆمدا وتم مادام چینییه‌كان هاتن ئیتر كه‌ركوك ته‌واو، وه‌لێ پاش ماوه‌یه‌ك نه‌ ئاڵای سوور ماو نه‌ سوق مه‌ركه‌زی چینییه‌كان، بنه‌و بارگه‌یان پێچایه‌وه‌و هه‌ڵاتن، قوڕ به‌سه‌رت كه‌ركوك چینێك به‌رگه‌ی سیرالیۆن‌و سودان بگرێت له‌تۆ هه‌ڵێت ئه‌بێت وه‌زعت چۆن بێت؟ ئێستا به‌ ته‌مای كێ ئاوه‌دانت بكاته‌وه‌!.

-ستیڤان شه‌مزینی: "لەکۆنگرەدا هەوڵی لابردنی سەلاحەدین بەهادین دەدرێت، سەلاحەدین بەهادین ئامادەکاریی دەکات تا ببێتەوە بە ئەمینداری یەکگرتوو"، كۆنگره‌ی یه‌كگرتووش دێت، سبه‌ینێش وه‌ك دوێنێ ده‌بێت، كاك سه‌لاحه‌دین بێ ره‌قیب له‌كۆنگره‌ وه‌ك هه‌مووانی دی بۆی ده‌رده‌چێت، ئه‌م گفتوگۆیانه‌ زیاده‌یه‌و هیچ له‌م كۆمه‌ڵگایه‌ ناگۆڕێت، له‌شاخ داوای توڕدانی ئه‌و كلتوره‌مان كرد، كه‌چی هه‌نووكه‌ش به‌و ده‌رده‌یه‌، به‌ شاباشی ده‌سه‌ڵات‌و مه‌عاره‌زه‌كه‌ت!.

-سبه‌ی: "كه‌سوكاری‌ به‌رپرسه‌كان، پۆسته‌كانی حكومه‌تیان داگیركردووه‌ - له‌نێو ئه‌و ناوانه‌شدا ژماره‌یه‌ک به‌رپرسی باڵای کوردی تێدایه؛‌ وه‌ك هۆشیار زێباری، که‌ ده‌کاته‌ خاڵی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم‌و عه‌بدولـله‌تیف ره‌شید، وه‌زیری پێشوی‌ سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌کان، كه‌ ئاوه‌ڵزاوای جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆک کۆماری عێراقه‌. هاوكات نێچیرڤان با‌رزانی، جێگری سه‌رۆکی پارتی وه‌ك برازای مه‌سعود بارزانی‌و قوباد تاڵه‌بانی، وه‌ك کوڕی جه‌لال تاڵه‌بانی‌و نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ئه‌مه‌ریکا باسی لێوه‌كراوه" پێم وایه‌ سبه‌ی له‌بیری چووه‌ كاك محه‌مه‌د تۆفیق-یش زاوای كاك نه‌وشیروان وه‌زیری پێشووی كوردستان‌و عێراق‌و وته‌بێژو كه‌سی دووه‌می ئێستا گۆڕانیش مه‌شموله‌ به‌و كه‌سوكارانه‌، ئه‌وه‌ باسی پله‌ باڵاكانی دیكه‌ی خزمانی كاك نه‌وشیروان ناكه‌م، باسی به‌شداری كوڕه‌كه‌ی له‌كۆبوونه‌وه‌ گرنگه‌كانی پارته‌كه‌ی ناكه‌م كه‌ ئاماده‌ ده‌كرێن بۆ دوا رۆژ، برا له‌م كوردستانه‌ به‌ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك بنه‌ماڵه‌ هه‌ڵمان ده‌سوڕێنن، ئیتر هه‌ندێك گاسن له‌چاوی خۆیان نابینن ده‌رزی له‌چاوی به‌رامبه‌ریان ده‌ردێنن.

- له‌م كوردستانه‌ حیزبێك نییه‌ مامه‌ڵه‌ی دروست له‌گه‌ڵ نه‌یارانی خۆیدا بكات، كه‌چی هه‌موو سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌كانیان رازێنراوه‌ته‌وه‌ به‌ وته‌كانی ڤۆڵتێر، كه‌ له‌گه‌ڵیدا بوویت نیعمه‌تی چاوپێكه‌وتنی راگه‌یاندنه‌كانی‌و پیاهه‌ڵدان ده‌تكه‌نه‌ نووسه‌ر‌و رۆشنبیر‌و سیاسه‌تمه‌دار‌و چالاكڤان‌و سه‌ربه‌خۆخواز‌و هه‌زار‌و یه‌ك نازناو، له‌كاتێكدا مرۆڤه‌ ئازاده‌كان ئه‌وانه‌ی پاشكۆ‌و كۆیله‌نین‌و به‌ عه‌قڵی خۆیان بیرده‌كه‌نه‌وه‌ په‌راوێز ده‌خرێن، له‌م نیشتمانه‌ حیزب مرۆڤی ئازاد په‌روه‌رده‌ ناكات ته‌نها كۆیله‌كان نه‌بێت، حیزب ئازادی بۆ خۆی ده‌وێت، به‌ڵام ئازادی به‌ كه‌س نادات، بۆیه‌ باوه‌ڕ ناكه‌م مرۆڤه‌ ئازاده‌كان له‌زیندانی حیزبه‌كاندا جێگایان بێته‌وه‌.

بؤ بينينى سه رجه م بابه ته كان :

http: //www.awene.com/Goshekan.aspx?Jimare=17


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.