Red Purple Black

مردن چۆن تۆی نووسی یه‌وه‌؟ … عومه‌ری حاجی ده‌ربه‌نی

PDFPrintE-mail

 پێشکه‌شه‌ به‌ گیانی حه‌مه‌شوانی هاوڕێم ..

 له‌ دوا نامه‌یدا بۆ من ده‌ڵێ  ;

 شه‌وێك نه‌بوو نیگاکه‌ت له‌ پێڵووی چاوما نه‌بینم

له‌م ده‌ریایه‌ بیری عه‌شق و سۆزم ده‌کرد

تۆش ده‌بینم له‌ ده‌ریادا بێ مه‌یلیت و سه‌رت ناوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌ژنۆ

منیش هه‌روه‌ك تۆ، بێمه‌یلم و ئاواره‌ی ده‌ریایه‌کی خامۆشم..

 حه‌مه‌ شوان

 

سیگاری مه‌راقێکم داگیرساندوه، پێم مه‌کوژێنه‌ره‌وه‌ هاوڕێ

قسه‌یه‌کی دوكه‌ڵاویم پێ مه‌بڕه‌..

وه‌ك ساڵانی سیس و زه‌ردی ئه‌وسای نیشتمان

 که‌ له‌سه‌رای ئازادی

که‌ ڕیش و سمێڵی بێزاریمان تێکه‌ڵ بوو بوو

گریانێکی تیژ نه‌بوو پێێ بتاشین..

هاوڕێ، خۆت گوته‌نی، تو چاوی شیعر لێم گه‌ڕێ

ئه‌م سیگاره‌م وه‌ك سیگاره‌که‌ی لای شه‌عب پێ مه‌کوژێنه‌وه‌

که‌ ده‌تگووت:

(کاتێ که‌ با سه‌ما ده‌کاو خۆی له‌ پرچی هه‌ڵ ده‌ژه‌نێ)

قۆڵت ده‌کرده‌ قۆڵی بێزاریما و

له‌ په‌نا به‌رانێكا

دوو شیعرێکت ده‌توانده‌وه‌ ناو سینه‌م

ده‌مه‌وێ به‌ ده‌یجوری ئه‌م دوکه‌ڵه‌ سپیه‌دا

به‌ناو ڕه‌شایی نیشتمانا

بڕۆمه‌وه‌ بـــــاوه‌کۆچه‌ك

له‌ بن دارهه‌نارێکی سه‌رتاشراوی بۆن بردوودا

گه‌ڵای گه‌نجیمان کۆکه‌مه‌وه‌ و

له‌ سه‌به‌ته‌یه‌کی نارنجیدا

هه‌رئه‌م شه‌و بیگه‌یه‌نمه‌ لات،

لێم گه‌رێ شوانه‌ی برام!!!!

ئه‌م شه‌و هه‌موو دڵم هه‌ڵقرچاند،

هێنده‌ی ده‌نکه‌ هه‌نارێکی عه‌بابه‌یلێ ته‌ڕی تیا نه‌بوو

هه‌تا ده‌ست و ده‌مت به‌ خۆشه‌ویستیم سور که‌م

هه‌ردوو چاوم تێر تێر گوشی

به‌قه‌د ده‌نکه‌ ترێیه‌کی عه‌یاری باوه‌کۆچه‌ك ئاوی تیا نه‌بوو

تا دوا ده‌ستنوێژی بینینێکتی پێ بشۆم

ئه‌ی پیاوه‌ ئاگرینه‌که‌ی ووڵاتی به‌فر،

ئه‌ی خۆشه‌ویسته‌ تۆراوه‌که‌ی نیشتمان،

ئه‌ی درێژترین نه‌فه‌سی ژێر ده‌ریای شیعر،

ئه‌ی کوڕه‌ به‌ بۆن که‌وتوه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌،

به‌م به‌یانیه‌، به‌فر نوستوو له‌ له‌ باوه‌شی ته‌زینا

شیعر نوستوو له‌به‌رده‌م قه‌ڵه‌مێكی شینا

ڕۆژ نوستوو له‌ مێلۆی خه‌وێکی شیرینا

ڕۆحت نوستوو له‌ ته‌نیشت ڕۆزیا

چۆن مه‌رگ، ده‌ستی گه‌شته‌ تۆو

له‌ قوڵایی ناز و ئاسمانی غوربه‌تا تۆی ده‌رهێنا؟؟؟

تۆ به‌فرت به‌ گه‌ڵا زه‌رده‌کانی نیشتمان گه‌رمده‌کرده‌وه

که‌چی بووی به‌ ژێر هه‌ره‌سی مه‌رگه‌وه‌

تۆ ده‌زانی،

له‌ ناوه‌ڕاستی زه‌ڵمی قه‌سیده‌یه‌کا به‌جێمان ده‌هێڵی و

شه‌پۆلی هیچ ووشه‌یه‌ك ئیتر نامانپه‌ڕێنێته‌وه‌ ئه‌وبه‌ری خۆشبه‌ختی؟!!!

له‌ناو بارانی گریانێکا ده‌مانخنکێنی،

ئیتر هیچ نامه‌یه‌کی گه‌رمت ووشکمان ناکاته‌وه‌؟!!

له‌هه‌ره‌سی خه‌یاڵێکا ده‌بینه‌ ژێر به‌فری ته‌نهایه‌وه‌

شه‌وقی هیچ مۆمێک پارچه‌یه‌کمان نادۆزێته‌وه‌...

له‌ بیابانی غوربه‌تێکا وونمان ده‌که‌ی،

هیچ قیبله‌نومایه‌ک ڕوومان تێ ناکا!!!

ئای ی ی ی حه‌مه‌ی مه‌مله‌که‌تی بارووت و

شاری به‌فر و گه‌ره‌کی شیعر‌،

دوێنێ مایلێکم بۆ هات به‌ سپی له‌سه‌رت نووسیبوو:

ژیانی شیعرم له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ده‌ست پێده‌کات

بمبمورن، چیتر ناتوانم هه‌موو به‌یانیه‌ك

سپیده‌ی ئه‌م به‌فرستانه‌ له‌ گوڵه‌باخی شیعره‌کانم هه‌ڵژه‌نم و

له‌ ناو گوڵدانی ڕۆحمدا سه‌ما بکه‌ن

چیتر ناتوانم مه‌غریبی هه‌واڵێکی تری نیشتمان

له‌ چاوما بشۆرمه‌وه‌.. ناتوانم نــــــــــــــــا!!

نووسیبووت: چیتر ناتوانم له‌ ئاهه‌نگی شووکردنی شیعرێکا

به‌ گیتاره‌ باڵ‌ شکاوه‌که‌ی ژیان،

ئاوازی عاشقانه‌تان بۆ بژه‌نم

چیتر قاچی سه‌فه‌رم عه‌رز ناگرێ

هیچ ده‌یجورێ ناچێته‌ بن باڵم

چیتر کاتی خوارده‌نه‌وه‌ی قاوه‌یه‌کم نه‌ما، له‌گه‌ڵ خه‌یاڵا

هه‌تا ئێره‌ به‌س بوو، بۆ گه‌ڕانی ژیان به‌ ناو ئه‌شکه‌وته‌کانی مردنا

ئه‌ی هاوڕێ به‌فرینه‌که‌م!!

تا ئێستاش چرایه‌ك له‌ ژووره‌که‌تا ده‌گڕێ

تارمایه‌ك ده‌بینم،

روناکی له‌ هه‌ناسه‌یه‌وه‌ دێت گوێم لێیه‌ به‌ شیعر ده‌ڵێێ"

من ده‌ڕۆم زۆرم پێ ناچێ

ئاگات له‌ وێنه‌کانی ( ڕۆزیا ) بێ

نه‌که‌ونه‌ ناو بیره‌وه‌ری کاڵ بوونه‌وه‌

ئاگات له‌ قه‌ڵه‌مه‌ هه‌ناریه‌که‌ی (ڕۆژین) بێ

له‌ به‌ینی ده‌فته‌رێكا خه‌و نه‌یباته‌وه‌

ئاگات له‌ خه‌ونه‌کانی( ڕامین) بی

که‌ به‌خه‌به‌رهاتن هه‌ڵنه‌وه‌رێن

گوێم لێیه‌ ده‌ڵێێ:

من مردنم شیرین کرد، تا لێوی پرته‌قاڵیی ژیان ته‌ڕ که‌مه‌وه‌

من مردنم به‌هه‌ستی گێلاسیم ناسک کرده‌وه‌

تا ئاو ئه‌وه‌نده‌ لێی توڕه‌ نه‌بێ

من مردم ڕوناک کرده‌وه‌، تا ترس به‌ ئاره‌زووی خۆی پیاسه‌ی تیا بکا

من مردنم سپی کرد، تا نیشتمان چیتر شه‌رم نه‌کا

من مردنم سه‌وز کرده‌وه‌، تا هه‌ڵه‌بجه‌ دڵی چه‌ند ساڵێکی تر لێدا

من مردنم ئه‌وه‌نده‌ جوان کرد

تا ژیان حه‌سودی پێ ببــــــــــــــــــــات!

 عومه‌ری حاجی ده‌ربه‌نی

 ئه‌ڵمانیا 19.12.1011

 تێبینی" ڕۆزیا و ڕۆژین و ڕامین ناوی مناڵه‌کانی جوانه‌مه‌رگ حه‌مه‌ شوانه‌


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.