Red Purple Black

تاجەگوڵێنە بەس نیە بۆتۆ هاوڕێ کاوە ... سەید کەمال کاکل قەڵاتە سۆرانی - سوید. یۆتۆبۆری

PDFPrintE-mail

بۆ هەموو ئەوانەی کە ڕێز بۆ پاکیو تەمەن، بەهای ژیانی ئینسان، خەباتوو فیداکاری لەپێناو باوەڕدا بەرز دەنرخێنن. هاوڕێی شەهید (کاوە عوسمان بەکر، ناسراو بە کاوە عەوێنی)، بۆ ئەوکەسەی کە لەژیانا ونەوو یادوو هەستەکانی هەمیشە قبووڵی ونبوونوو کۆچ بۆ دوونیای متوو بێ جوڵەوو ڕاکشانی نێو گڵکۆ ناکات. نازانم لەکوێوەی ئەم هەستوو تیاژیانانەوە هەستەکانم کۆکەمەوەو باسیان بکەم، سۆراخ لە بەستی شەرغە یا دۆڵی بالیسان، یا لە بن دیوارەکانی قەلای دێرین بکەم کە بۆنی باروودوو گڕوو گەرمی چەکەکەتی تیا جێماوە هەناسە گەرمەکانتی تیا بۆتە ئەفسانەی ڕووحێکی جوانی ئەم ئاسمانوو هەردە، هەولێر بەتۆوە بوو بە کانگای ڕاستگۆیی، بوو بە کوانووی بەرەنگاری، بوو بە مەشخەڵی ڕاپەڕینێ کە زۆرداری نەک لەشارێ لەهەموو ولاتوو دونیا شەرمەزارکرد، باسی شەڕگەی شەرگاتوو، پازدە توێسکەوو ڕۆشنایی ڕۆژی باواجی، شەڕگەکانی بنەباوێ کە دەشتی موهەندیس ماڵاوایی لە شۆڕشکرد، سەری ڕەش ئەوسا بۆتۆ هیچ عاسێنەبوو بە هەموو بەرزاییەکانییەوە نەدەگەیشتە ئاستی سۆزی پێشمەرگایەکی وێڵ لەدوای عەشقێ کە برایەتی و ژیانی هەژارانی شاروو دێی بێچراوو بێ ئاگردانی لە کەفوو کوڵی خوێنی دڵوو بیرە ساکاروو پاکەکانتا نەخشاندبوو، زنجیرە چیای قەندیل، کونەکۆتر سەنگەری ڕووبەڕووبوونەوەو ڕۆڵی هاواروو دەستڕێژی تۆڵەوو وەفای زمانی ئینسانێکی ئەنفالکراوبوو، هەموو ئاگاداربووین کە دەفەی سینگی عیزەت بووبە قەلغان بۆ هەمووان، کاریگەری لەسەر دڵت داناوو خەمێکی قووڵی لەنێو چاوەکانتا چاند، ماموو کەسوکارت کە لەزیندانا بوون، هێندەیتر نیگەرانی خستە نێو سینەو هەناسەی پڕ تاسەو خواستەکان کە دەستوو دڵت، هێندەی کاوە، هێندەی قەهرەمانی نێو ئەفسانەی کێوی بێستوون هەڵوەدای کۆتاییوو سەرەنجام بوو، ساتی بیستنی هەواڵی ئازادە ڕەشوو حەوێز عەوێنەیی، پەپوولەی ڕۆحیان لە گەڵ شەوەزەنگی هەولێرا ئاوێتەبوو، تۆ لەسەر هەموو خەموو ئێشی دووریوو تەلانی بێ کاتوو شوێنی تەرمی ئازیزانت، هەرەبانی دڵی پڕجۆشت لە دوای داستاندادەگەڕا، بۆمن بووی بە پشتوو کۆڵەکە، کاتێ تەنهاوو باڵشاکاوبووم، خزموو برادەرە ڕووکارەکان خۆیان لێنەباندەکردم، بەڵام بوونوو حزووری تۆ جۆشی خستە نێو دڵموو هومێدم دووبارەبۆوە بەژیان، باوکم تۆی لەم خۆشتر دەویست. بۆیە لە ١٨ مین ساڵی شەهیدبوونت کاوە گیان دەزانم لەگەڵ باوکی شەهیدت ئێستا بەجووتە لە دەلاقەییەکی بانتر لەوەی لە شورەی قەڵاوو، ژوورتر لەمنارەی چۆلی، چوویە ڕیزی ئەستێرە نەمرەکان، لەگەڵ هەر پێنج مامی شەهیدت شەوانە باسی جوانییەکانی ڕاپەڕینوو بەرخودانی ئەوسا دەکەنوو بێئاگان لەوەی کە دەستکەوتی ئێوە بۆتە پڕۆژەیەکی سپیکردنەوەی پارەی جڕوو جامشتەکانی دونیای سیاسەت، ولاتێ بێسەرکردە، وڵاتێ بێ موڕاڵ، وڵاتێ خەڵکەکەی تۆیان لەبیر نییە لەبەر هەڵپەی دوور لە مروەتوو ویژدانی ساکاری تۆوو کەسوکاری دڵسۆزت. بەم بۆنەوە تاجەگوڵینەی یادی خۆت لەسەر گڵکۆکەت دادەنێموو هەمیشە بیرت دەکەم.

١٨/١٢/٢٠١١


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.