Red Purple Black

له‌ ڕانیه‌، ده‌ستگیركردنی ڕۆژنامه‌وانانی باكوری كوردستان شه‌رمه‌زار كرا.

PDFPrintE-mail

ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌، 25/12 له‌ باخی گشتی ڕانیه‌، ڕۆژنامه‌وانان و چالاكانی مه‌ده‌نی ده‌ڤه‌ری بیتوێن و پشده‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌كیان سازكرد و ئیدانه‌ی ده‌ستگیركردنی ڕۆژنامه‌وانه‌ كورده‌كانی باكوری كوردستانیان كرد، له‌ گردبوونه‌وه‌كه‌دا به‌یاننامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی ڕای گشتی كرا و داوای ئازادكردنی گیراوه‌كان كرا.

ئه‌مه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یه‌:

ڕاگه‌یاندنێك له‌ ڕۆژنامه‌وانان و چالاكانی مه‌ده‌نی بیتوێن و پشده‌ر...

 له‌ دژی ده‌ستگیركردنی مێدیاكارانی باكوری كورستان.

له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و جیهان به‌گشتی، باكوری كوردستان و توركیا به‌ قۆناغێكی تایبه‌ت تێپه‌ڕده‌بێت و پانتاییه‌كانی ئازادی و كاری دیموكراسی به‌ره‌و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ ده‌برێن.

له‌كاتێكدا گه‌لی كورد له‌ باكوری كوردستان سه‌رگه‌رمی خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی و تێكۆشانی ئازادیخوازانه‌یه‌تی، ده‌وڵه‌تی تورك هه‌وڵه‌كانی چڕكردۆته‌وه‌ بۆ نه‌هێشتنی ناسنامه‌ی گه‌له‌كه‌مان و سه‌ركوتكردنی خه‌باتی گه‌لی كورد. حكومه‌تی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په‌) له‌كاتێكدا له‌ وه‌ڵاتانی جیهان بانگه‌شه‌ی دیموكراتیه‌ت و كرانه‌وه‌ی توركیا به‌ره‌و ڕووی گه‌لی كورد ده‌كات، له‌ هه‌مانكاتدا به‌شێوازی جیاواز له‌دژی كوردانی باكوری كوردستان سیاسه‌تی پاكتاوكردن و قڕكردنی كه‌لتوری به‌ڕێوه‌ده‌بات. له‌لایه‌ك چالاكوانه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كان له‌ژێرناوی دۆزی (دژه‌ كه‌جه‌كه‌) ده‌ستگیرده‌كات، له‌لایه‌ك له‌ڕێگه‌ی گروپی به‌ناو ئیسلامی (فه‌تحوللا گوله‌ن) فه‌توای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی نێوان گه‌لی كورد و تورك ده‌دات و له‌هه‌مانكاتدا كۆمه‌ڵكوژی كوردان به‌ ئه‌ركێكی ئاینی ناوده‌بات.

نوێترین پیلانی ده‌وڵه‌تی توركیاش له‌ دژی گه‌لی كورد، بی ده‌نگ كردنی ده‌نگه‌ ئازاده‌كان و به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی مه‌وداكانی ئازادی ڕاده‌بڕین و كاری ڕۆژنامه‌وانییه‌، بۆ سه‌رخستنی ئه‌و پیلانه‌شیان حكومه‌تی ئاكه‌په‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا هه‌ڵمه‌تێكی نوێی ده‌ستگیركردنی ڕۆژنامه‌وانه‌ كورده‌كانی باكوری كوردستان و توركیای ده‌ستپێكردووه‌ و نزیكه‌ی 50 ڕۆژنامه‌وانی ئاژانسی هه‌واڵی دیجله‌ و ئاژانسی هه‌واڵی فوڕات و ڕۆژنامه‌ی ئازادیا وه‌ڵات و ئۆزگور گونده‌می ده‌ستگیركردووه‌.

ئێمه‌ وه‌ك ڕۆژنامه‌وانان و چالاكوان و چین و توێژه‌كانی ده‌ڤه‌ری بیتوێن و پشده‌ر، مامه‌ڵه‌ی حكومه‌تی توركیا له‌به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین و ده‌ستگیركردنی مێدیاكاران به‌ هێرش بۆ سه‌ر ده‌نگی گه‌لی كورد ده‌زانین. پێمانوایه‌ ده‌وڵه‌تی تورك هه‌موو تواناكانی خستۆته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌دای ئازادیخوازی و ده‌نگی خه‌باتكارانه‌ی گه‌لی كورد نه‌گاته‌ جیهان و هه‌وڵده‌دات كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ داببڕێت.

هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئازادی كاری ڕاگه‌یاندن به‌پێوه‌ری دیموكراسی و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ ناوی هاتووه‌، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی توركیای پێكهاتوو له‌ یه‌ك نه‌ته‌وه‌، ئه‌و په‌یماننامانه‌ بن پی ده‌كات و په‌رده‌پۆشی تاوانه‌كانی ده‌كات.

ئێمه‌ له‌كاتێكدا پشتیوانی له‌ تێكۆشانی گه‌لی كورد ده‌كه‌ین له‌ باكوری كوردستان، له‌هه‌مانكاتدا داوا له‌ ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌كه‌ین دان به‌ ناسنامه‌ی گه‌لی كورد بنێت و ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌تی نكۆڵی كردن و تواندنه‌وه‌ی كورد بێت و به‌زووترین كات ڕۆژنامه‌وانه‌ كورده‌كان به‌تایبه‌تی و سه‌رجه‌م گیراوانی پرسی كورد ئازادبكات و ڕێز له‌ ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مان بگرێت.

ڕۆژنامه‌وانان و چالاكانی مه‌ده‌نی ده‌ڤه‌ری بیتوێن و پشده‌ر

25ی كانونی یه‌كه‌می 2011


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.