Red Purple Black

سه‌نته‌ری رایه‌ڵ له‌ شاری (دیاربه‌كر) ئاڵوگۆره‌ كه‌لتورییه‌كانی فراوان ده‌كات

PDFPrintE-mail

{swf}dyarbekir{/swf}

چه‌ندین به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش بۆ ئاینده‌ی چالاكیه‌ كه‌لتورییه‌كان هه‌رێمی كوردستان و ناوه‌نده‌ رۆشنبیرییه‌كانی دیاربه‌كر گه‌لاڵه‌ كران له‌ چوارچێوه‌ی كارو چالاكیه‌كانی شاندی (سه‌نته‌ری رایه‌ڵ بۆ ئاڵوگۆری كه‌لتوری   R. C. E  ) له‌ وڵاتی توركیادا، سه‌ر له‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 26-12-2011 گه‌یشتنه‌ شاری دیاربه‌كر (ئاماد) و چه‌ندین چالاكی كه‌لتوری و په‌یوه‌ندی فراوان به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نن.

ئه‌مه‌و له‌ كاتژمێر 10 پێش نیوه‌رۆ سه‌ردانی (سه‌نته‌ری كه‌لتوری دیجله‌و فورات) میزۆپۆتامبیایان كرد و له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری سه‌نته‌ره‌كه‌وه‌ به‌ گه‌رمی پێشوازی كران، پاشان له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تدا باس له‌ كارو چالاكییه‌كانی هه‌ردوو سه‌نته‌ر و پلانه‌كانی ئاینده‌ كراو چه‌ندین پێشنیار و به‌رنامه‌ خرانه‌ كارنامه‌ی چالاكیه‌كانیان. دواتر چه‌ند به‌رهه‌مێكی هونه‌ری پێشكه‌شی شانده‌كه‌ی رایه‌ڵ كراو له‌ دیالۆگێكی هاوبه‌شیشدا له‌سه‌ر ئاڵوگۆری كه‌لتوری هه‌ردوو سه‌نته‌ر گفتوگۆ كرا و به‌ڵێنی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی چالاكیه‌كانی یه‌كتری درا، پاشان چه‌ندین خه‌ڵات و دیاری له‌لایه‌ن هه‌ردوو لا گۆردرایه‌وه‌و ته‌كید له‌ دۆستایه‌تی نێوانیان كرایه‌وه‌.

له‌ كاتژمێر 11: 30 شانده‌كه‌ی رایه‌ڵ وه‌ك پشتیوانییه‌ك بۆ (دایكانی ئاشتی) به‌شداری له‌ ناره‌زایه‌تی و خۆپێشاندێكی ئه‌و گروپه‌ی له‌ به‌رده‌م دادگای ئه‌و شاره‌ كرد، كه‌داوای ئازادی و ئاشتیان ده‌كرد و پشتیوانی خۆیان بۆ داواكانیان ده‌ربری. دوا به‌ دوای ئه‌وه‌ له‌ ئۆفیسی سه‌ره‌كی گروپی (دایكانی ئاشتی) له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیاریی ئه‌و گروپه‌وه‌، پێشوازییه‌كی گه‌رم له‌ شانده‌كه‌ی رایه‌ڵ كرا، پاشان له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تدا دایكانی ئاشتی باسیان له‌ كارو چالاكیه‌كانی خۆیان كرد و ته‌كیدیان له‌ په‌یامی ئاشتی و ئازادی بۆ گه‌لی كورد و ته‌واوی مرۆڤایه‌تی كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌ردان و په‌یوه‌ندییه‌یان به‌ گرنگ هه‌ڵسه‌نگاند، داوایان كرد له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا پشتیوانی له‌ داخوازییه‌كانیان بكردرێت.

له‌ كاتژمێر 2 دوای نیوه‌رۆ تیمه‌كه‌ی سه‌نته‌ری رایه‌ڵ له‌ باره‌گای سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی دیاربه‌كر له‌ لایه‌ن به‌رپرسی كاروباره‌ كه‌لتوری و رۆشنبیرییه‌كانی ئه‌و شاره‌وه‌وه‌ به‌ گه‌رمی پێشوازی كران. پاشان له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ چه‌ندین به‌رپرسی هونه‌ری شاره‌كه‌ تێیدا ئاماده‌بوون له‌سه‌ر چه‌ندین به‌رنامه‌ی هاوبه‌شی نێوانیان رێككه‌وتن و ته‌كید له‌ په‌یوه‌ندیی درێژخایه‌نی نێوانیان بۆ سه‌رجه‌م چالاكیه‌ كه‌لتورییه‌كان كرایه‌وه‌، به‌تایبه‌ت بۆ فیستیڤاڵی ساڵانه‌ی نێوانیان و به‌شداری كردنی چالاكیه‌كانیان. پاشان چه‌ندین دیاری و په‌یامی هاورێیه‌تی و دۆستایه‌تی قائیمقامی قه‌زای رانیه‌ و شاره‌وانی رانیه‌و سه‌نته‌ری رایه‌ڵ پێشكه‌شی شاره‌وانی دیاربه‌كر كراو له‌ لایه‌ن ئه‌وانیشه‌وه‌ دیاری شاره‌وانی پێشكه‌شی تیمه‌كه‌ كرا.

له‌ ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ به‌ یاوه‌ری سه‌رپه‌رشتیارانی كه‌لتوری ئه‌و ناوچه‌یه‌ شانده‌كه‌ی رایه‌ڵ سه‌ردانی چه‌ندین دامه‌زراوه‌و شوێنه‌واری مێژووی ناوچه‌كه‌ی كرد به‌ تایبه‌ت شورای مه‌زنی شاری ئامه‌د و كتێبخانه‌ و گه‌له‌ری چه‌ندین ناوه‌ند و شوێنی تری شاره‌كه‌ به‌ سه‌ر كرانه‌وه‌. دواتر به‌ باوه‌شی پر خۆشه‌ویستی شانده‌كه‌ی رایه‌ڵ شاری دیاربه‌كری به‌جی هێشت و به‌ره‌و ئه‌نقه‌ره‌ به‌ری كه‌وت.

وابریاره‌ له‌ پرۆگرامه‌كانی ئاینده‌ له‌ هه‌ردوو شاری ئه‌سته‌مبوڵ و ئه‌نقه‌ره‌ تیمه‌كه‌ی رایه‌ڵ چه‌ندین سه‌ردان و كۆبونه‌وه‌ی فه‌رمی ئه‌نجام بدات.



 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.