Red Purple Black

فانۆسی دەریایی... ئیبڕاهیم لاجانی

PDFPrintE-mail

خەریکە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی نزیک دەبێتەوە. دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم و دەستەوتاقمە جیا جیاکانی نێو دەستەڵات، هەر لەئێستاوە کەوتونەخۆ تا بە فێڵ و تەڵەکەو تەنانەت ئەگەر بە هەڕەشەو چاوترساندنیش بێ، خەڵک بنێرنەسەر سندوقەکانی دەنگدان و بەم.  ..جۆرە بازاڕی ئەو شانۆسازیە گەرم بکەن.  .  

مەجلیسی شوڕای ئیسلامی هیچ وەختێک نوێنەری خەڵک و پێکهاتەی ڕەنگاوڕەنگی گەلان و دانیشتوانی وڵاتە خۆشەویستەکەمان نەبووە. بەڵام ئیدی ئێستا بەو وەزعەوە کە کۆماری ئیسلامی تێیدایە، بەو ئەزموونە کە لەسەر کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خۆیدا هەمانە، بەو چاوبەستەییەی کە دامودەزگاکانی ڕێژیم لە پێوەندی لە گەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی نێو ڕێژیمدا لە خۆیان نیشاندا، ناکرێ بە هیچ جۆر بیروڕای گشتیی سەبارەت بە هەبوونی جۆرێک لە دێموکراسی و هەڵبژاردن لە ئێراندا، تووشی سەرلێشێواوی بکەین و بە هەڵەی بەرین.

تاقیکردنەوەکانی ڕابردوو، چ لە پێوەندی لە گەڵ هەڵبژاردنەکانی مەجلیسدا، چ لە پێوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا، چ لە پێوەندی لە گەڵ هەڵبژاردنی شوڕاکان دا، ئەوە دەردەخەن کە تەنانەت بەشداریی زۆریی خەڵکیش لەو هەڵبژاردنانەدا، ناتوانێ ئاڵوگۆڕێک بە قازانجی خەڵک پێکبێنێ و ببێتە مایەی ڕێفۆرم و چاکسازی لە کۆماری ئیسلامیدا. لەوەش زیاتر بۆ هەمووان دەرکەوتووە کەدەمڕاستەکانی نیزام کێیان پێ خۆش بێ لە سندوقەکانی دەنگدان دەیهێننەدەر و بۆ کارێکی لەوجۆرەش هیچ پێویستیە کیان بەدەنگی خەڵک نیە.

 دەشزانین کە خەڵکی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا چەندجار تەنانەت بە زۆرایەتیەکی بەرچاویشەوە، دەنگیان بە رێفۆڕمخوازەکانی نێو ڕێژیم داوە، کەچی هەموو جارێک ناکام ماونەتەوە و ڕەنج بە خەسار هاتونەدەر. ئەو دەستاوتاقمانەی نێو ڕێژیم کە ئیدیعای ڕێفۆڕمخوازی دەکەن و داوادەکەن خەڵک پشتیوانیان لێبکا، پێشتر پشتیوانیان لێکراوە ومەیدان و دەستەڵاتی پێویستیشیان بۆ بردنەپێشی سیاسەتەکانیان دراوەتێ، بەڵام هەمیشە پشتیان لە خەڵک کردوە. ئەوان لە هەرجێیەک پێویست بووبێ، لە پەنا دەستەڵاتدارانی ڕێژیم ڕاوەستاون و دیفاعیان لە قازانج و بەرژەوەندیەکانی نیزامی ئاخوندی کردوە و تەنانەت بوونەتە مایەی بە فیڕۆدانی دەسکەوتەکانی خەبات و بەربەرکانی کۆمەڵانی خەڵکیش.

سەیر ئەوەیە بەشێک لەو دەستەوتاقمە بە ناو ئیسڵاح تەڵەبانە، ئەمڕۆژانە جارێکی دیکەش بەوپەڕی بێ چاوڕوویەوە داوادەکەن خەڵک دەنگیان پێبدەن و ڕێگایان بدەنێ تا لە خێروبێری نوێنەری مەجلیس بوون کەڵک وەرگرن. هەر وەک ئەوەی خەڵکی ئێران نەزانن کە هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا، جگە لە خەڵک خەڵەتاندن شتێکی دیکە نیە.

ئاخر ئیدی هیچ بیانوویەک بۆ خۆفریودان و درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم رێژیمە سەرەڕۆیە نەماوە. هیچی دیکە ناکری کۆمەڵانی خەڵک بە ئومێدی ئیمکانی پێکهاتنی ئیسلاحات لە نێوخۆی کۆماری ئیسلامیدا سەرگەردان کەین.

بەشداری کردن لە هەڵبژاردنێکدا کە ئاکامێکی بۆ خەڵک بەدواوە نە بێت، جگە لە خۆ فریودان چ مانایەکی هەیە. خەڵک ماندوون و خوازیاری ڕێگاچارەیەکن کە لەم جەهەننەمە ڕزگاریان کات. گەلانی ئێران لە خەبات و بەربەرەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامیدا پوختە بوونە. خەڵک ئەزموونی تەواویان وەدەست هێناوەو ئیدی ئێستا گەیشتوونەتە ئاستێک کە دەیانەوێ لەم شانۆسازی و هەڵبژاردنە بێ ئاکامانە تێپەڕن و کەوتونەتە سەرڕێبازی خەبات و تێکۆشان بۆ وەلانانی یەکجاری رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خۆیدا.  

لە کاتێکدا کە تادێ فشار و پاڵەپەستۆی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە سەر ڕێژیم زۆرتر دەبێ و کۆمەڵانی خەڵک پتر دەکەونە مەیدانی خەبات و بەربەرەکانی دەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ئەرکی هێزە نیشتیمانی و دێموکراتیەکانی وڵاتەکەمان ئەوەیە کە باشتر لە پێشوو ڕێگای خەبات و تێکۆشان بۆ کۆمەڵانی خەڵک هەموارکەن. ئەگەر ماسکی ئیسڵاح هەڵگری لە ڕووخساری رێژیم دادڕین، هەم خەڵک و هەم کۆمەڵگای نێونەتەوەیی باشتر دەتوانن تەکلیفی خۆیان دەگەڵ ئەم ڕێژیمە ڕوون کەنەوە.  

گەلی کورد لە کوردستانی ئێران هەر لە ڕۆژەکانی هەوەڵی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیەوە، لە ژێر ڕێنوێنیەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا، نای بە کۆماری ئیسلامی ئێران وتووە.

ئەو هەڵوێستە بەلاپەڕەیەکی زێڕینی مێژوویی خەباتی ڕزگاریخوازانەی میللەتەکەمان دادەنرێ. ئێستا پاش ئەو هەموو خەبات و بەربەرەکانیە، پاش ئەو هەموو ئەزموونە و پاش ئەوە کە کۆماری ئیسلامی ماهیەتی کۆنەپەرنەپەرستانە و سەرەڕۆیانەی بۆ هەموو لایەک دەرکەوتوە، بەجێ یە کوردستان جارێکی دیکەش لەو دەرفەتە کەڵک وەرگرێ و ئەو هەلوێستە میژوویە کە زۆر جار بەرانبەربە ڕێژیم لە خۆی نیشان داوە، نیشان داتەوە.

کەواتە دەبێ نزیک بوونەوەی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بکەینە دەرفەتێک بۆ نیشاندانی یەکدەنگی و یەک هەڵوێستی و یەک سەنگەری میللەتی کورد لەکوردستانی ئێران و هێزە خەباتگێرەکانی کوردستان لە لایەک و، لە لایەکی دیکە شەوە جارێکی دیکەش تێکڕاو پێکەوە بەو رێژیمە لە تەواویەتی خۆیدا بلێین نا. بەم جۆرە دوو کێل بە بەردێک دەشکێنین. هەم هاوپێوەندیی میللی و نەتەوەیی نێوخۆمان و هاوهەڵوێستیمان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا نیشاندە دەین. کە ئەوە بۆخۆی بۆ بزووتنەوەی کوردستان لەمڕۆدا دەبێتە دەسکەوتێکی بەنرخ و گەورە. بە تایبەتی لەو قۆناخەی خەباتی رزگاریخوازانەی میللەتەکەماندا، کە بەدەست پرشوبڵاویەوە دەناڵێنین، زۆرمان پێویستی بە مانۆڕێکی لەو چەشنە هەیە. لە لایەکی دیکەشەوە جارێکی دیکەش نا بە کۆماری ئیسلامی دەڵێین و ئەو رێژیمە لە تەواویەتی خۆیدا بە هەموو دارودەستەکانیەوە ڕەد دەکەینەوە. ئەوەش مەوقعیەتی کوردستان لە نێو بزووتنەوەی سەرانسەری دا وەک سەنگەری دیفاع لە ئازادی و دێموکڕاسی بەهێزتر دەکا. لەوەش زیاتر بەو کارە رێێ خەبات و تێکۆشانی ڕاستەقینەش بۆ خەبات و بەربەرەکانی دژی کۆماری ئیسلامی بە گەلانی دیکەی ئێرا ن نیشان دەدەین. کە ئەوەش بە نۆرەی خۆی وەزن و پێگەی بزووتنەوەی کوردستان لە ئاستی ئێراندا، زۆر دەباتە سەر و توانای بدەوبستێنی زۆرتری دەداتێ.

ئەوەی ماوە لەوبارەوە بیڵێین ئەوەیە کە ئەوە ئەرکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانە کە تێکۆشێ بە هاوکاری هێزەخەباتگێرەکانی دیکەی کوردستان و کەسایەتیە نیشتیمانپەروەرەکانی نێو ڕیزەکانی خەباتی خەڵکی کوردستان، هەر لە ئێستاوە بکەوێتە خۆ و تا کاتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس، زەمینەی ئەو هاوهەڵوێستی و هاوپێوەندیە میللی یە پێکبێنی. ئاخر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێو بزووتنەوەی میللی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا فانۆسی دەریایی یە. )ە.lighthouse )   واتە

تێبینی مەبەست لە فانۆسی دەریایی بریتیە لە لایتهاوس.

A lighthouse is a tower, building, or other type of structure designed to emit light from a system of lamps and lenses or, in older times, from a fire, and used as an aid to navigation for maritime pilots at sea or on inland waterways.

Lighthouses mark dangerous coastlines, hazardous shoals, reefs, safe entries to harbors, and can also assist in aerial navigation.

ئیبڕاهیم لاجانی

  ١٢.١٢.٢٠١١ 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.