Red Purple Black

سه‌رۆك وه‌زیرانێكی هه‌ولێری … له ‌هه‌ولێره‌وه - گۆشه‌یه‌که‌ عه‌لی مه‌حمود دوو هه‌فته‌ جارێک ده‌ینوسێت

PDFPrintE-mail

- كه‌س نازانێت له‌ساڵی داهاتوو كێ سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ له‌م وڵاته‌، بازی شانس له‌سه‌ر شانی چ منداڵه‌ به‌رپرسێك، مه‌كته‌ب سیاسییه‌ك ده‌نیشێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌زانین به‌ هه‌موان (مه‌به‌ست حوته‌ سیاسییه‌ بۆرژوازیه‌كانه‌ له‌ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسیۆن به‌ به‌شێكی ناو ی.ن.ك-یشه‌وه‌) له‌گه‌ڵ لادانی به‌رهه‌م ساڵح-دان، گه‌ل-یش ده‌زانێت ئه‌و پیاوه‌ لا حه‌وله‌ وه‌لا قوه‌یه‌و ده‌نا ده‌یتوانی هه‌ندێك كاری زیاتر بكات، هه‌ولێر گوایه‌ به‌ ناو پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانه‌، جێی خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران گۆڕا، با ئه‌مجاره‌ ئه‌و پۆسته‌ بۆ هه‌لێریه‌كان بێت، با به‌س هه‌ولێریه‌كان له‌شاری خۆیان غه‌ریب بن، پارێزگاری‌و پاسه‌وانی شوێنه‌ گرنگه‌كانیشیان پێ ره‌وا نه‌بینن!.

- ئیسماعیل ئیبراهیم ره‌واندزی تێكۆشه‌رێكی كۆنه‌، چه‌پگه‌رای هه‌ولێری- ره‌واندزییه‌، ئێستا له‌هۆڵه‌ندا نیشته‌جێیه‌، له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان كه‌ له‌هه‌ولێر بووین، ئه‌وانیش له‌لوتكه‌ی خه‌ونی ئه‌فسانه‌یی خۆیاندا بوون، من‌و قادر چوارپارچه‌یان (قادر نادر) یان به‌ نموونه‌ بۆ رابواردن ده‌هێناوه‌، چوار پارچه‌ به‌ ناسیۆنالیست‌و منیش ناسیۆنالست پۆپۆلست خانه‌ به‌ندی كرابوین، رۆژێك له‌شاری دێڵفتی هۆڵه‌ندا پێكه‌وه‌ پیاسه‌مان ده‌كرد، رسته‌یه‌كم وت كاك سمكۆ وتی: تۆ زۆر چه‌پیت، منیش وتم كاكه‌ سمكۆ من نه‌گۆڕاوم، ئه‌وه‌ تۆیت جاران له‌لای چه‌پمه‌وه‌ بوویت، ئێستا له‌ڕاستمه‌وه‌یت.

- برا مسوڵمانه‌كان وا ده‌زانن دیموكراسی ته‌نها مافی به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتن‌و سوار بوونی كورسییه‌، به‌ڵام چۆن دیموكراسی مافی ئازادی قسه‌كردنی تیایه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ مافی ئازادی پۆشین‌و خواردن‌و خواردنه‌وه‌و وه‌رزشه‌، چۆن ئه‌وان مافیانه‌ له‌چك له‌سه‌ر كچانی سفور بكه‌ن، ئه‌وا ئازادی گۆڕینی ئاین‌و پۆشینیشی له‌به‌رامبه‌ریان تێدایه‌. بۆیه‌ دیموكراسی نابێت به‌ش به‌ش بكرێت، پێویسته‌ هه‌مووی پێكه‌وه‌ قه‌بوڵ بكرێت، ئه‌وه‌نده‌ی عاره‌ق خۆره‌كان داكۆكیان له‌یه‌كگرتوو كرد، خۆیان هیچیان نه‌كرد، دیموكراسی ئه‌وه‌یه‌ ئیسلامییه‌ك داكۆكی له‌ئازادی مولحیدێك بكات، مولحیدێكیش له‌ئاینخوازێك.

-ئاوێنه‌ "دادگای‌ سلێمانی‌ عومه‌ر فه‌تاح‌و خوشكه‌زاكه‌ی‌ ئازاد كرد"، دادگای سلێمانی چه‌نده‌ به‌رپرسه‌که‌ی له‌سه‌ر برژاندنی میوانه‌كانی هوتێله‌كه‌ی دادگایی كرد، ئه‌وه‌نده‌ش كاك عومه‌ر فه‌تاح دادگایی ده‌كات، ئه‌گه‌ر دادگای سه‌ربه‌خۆ له‌كوردستان هه‌بێت، ئه‌وا یه‌ك دانه‌ سیاسی له‌ده‌ره‌وه‌ ئازاد نابێت!.

- ئاوێنه‌ "له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی‌، ژنێك له‌بری‌ سوڵحی‌ عه‌شایه‌ری‌ به‌ زۆر ده‌درێت‌ به‌شوو"، مه‌گه‌ر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارته‌كانی دی یاساكانی سوید به‌رقه‌رار بێت! هه‌موو حیزبی جه‌نگه‌ڵستان‌و سوڵحی عه‌شایه‌رین.

-سبه‌ی "بودجه‌ی 2012ی‌ هه‌رێم، 12.6 ترلیۆن دیناره"، خه‌نی له‌سیاسییه‌كان، ده‌ ئه‌وه‌ندش بێت مانگانه‌كه‌ی من له‌داوه‌تێكی سیاسییه‌كی گه‌نده‌ڵ، لاقێكی ئۆپۆزسیۆنی مه‌تروكه‌ تێپه‌ڕ ناكات.

-"كه‌مال كه‌ركوكی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایگه‌یاند به‌پێی زانیارییه‌كانیان هه‌ینی‌ داهاتوو رووداوه‌كانی‌ ده‌ڤه‌ری‌ بادینان دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌". سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌كه‌مان نه‌ك ته‌نها سیاسییه‌كی تیژ بینه‌، فاڵچییه‌كی چاكیشه‌.

- "بڕیارە رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە هونەرمەندی ناسراوی لوبنانی “نانسی عەجرەم” بەمەبەستی سازکردنی کۆنسێرتێکی گۆرانی بگاتە هەولێر، سەرچاوەیەکیش ئەوە ئاشکرا دەکات کە نانسی بۆ تەنیا چەند کاتژمێرێک گۆرانی وتن بڕی ١٤٠ هەزار دۆلاری ئەمەریکایی کە ده‌كاتە ١٤ دەفتەر دۆلار وەردەگرێت"، با ئه‌ویش سه‌نته‌رێكی مه‌ساج به‌شه‌ریكی له‌گه‌ڵ به‌رپرسێك له‌كوردستان بكاته‌وه‌، ئه‌م وڵاته‌ غه‌ریبه‌ به‌دوای دۆلاری سیاسییه‌كاندا هه‌موو عاجباتییه‌ك رووی تێ ده‌كات، جگه‌ له‌قوربانیه‌كانی خۆی نه‌بێت.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.