Red Purple Black

كورد... ئه‌و میلله‌ته‌ی كه‌ ژن ده‌كوژێت!!! ... حه‌مه‌سوار عه‌زیز

PDFPrintE-mail

سینه‌مای ئه‌مرێكی كه‌ به‌هێزترین و گرنگترین سینه‌مای جیهانه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ ڕووی پێشه‌سازی سینه‌ما و به‌رهه‌مهێنانی فیڵم له‌ پێشه‌نگی هه‌موو وڵاتانی دونیایه‌، ساڵانه‌ سه‌دان فیڵمی سینه‌مایی جۆراو جۆر به‌رهه‌مده‌هێنێت و له‌ هه‌موو هۆڵه‌ سینه‌ماییه‌كانی جیهان نمایش ده‌كرێن و زۆرترین داهات و ده‌سكه‌وتی هه‌یه‌.

ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ ئه‌م سینه‌مایه‌ به‌درێژایی ئه‌و مێژووه‌ پڕشنگداره‌ی كه‌ هه‌یه‌تی هه‌وڵی نه‌داوه‌ سوكایه‌تی به‌ مرۆڤی ئه‌مریكی بكات و به‌شێوازێكی ناشایسته‌ وێنای بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ وڵاتی ئه‌مریكا به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ ڕێژه‌ی تاوانكردن تیاییدا به‌رزه‌و به‌ تایبه‌تی ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ له‌ پێشینه‌ هاوتایان نه‌بووه‌و نییه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ سینه‌مای ئه‌مریكی په‌یامێكی هه‌بووه‌ كه‌ مرۆڤی ئه‌مریكی وه‌ك پاڵه‌وان و ڕزگاركه‌ر وێنا بكات و هه‌موو جوانییه‌كان كه‌ ده‌كرێت له‌ تاكێكدا هه‌بێت، له‌ پاڵه‌وانی ئه‌مریكی له‌ ڕێگه‌ی سینه‌مای ئه‌مریكییه‌وه‌ ڕه‌نگده‌داته‌وه‌، زۆرێك له‌ میلله‌تانی تریش هه‌وڵیانداوه‌ له‌ ڕێگه‌ی سینه‌ما وێنه‌یه‌كی جوانی میلله‌ته‌كه‌یان به‌ دونیا ئاشنا بكه‌ن.

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌مانه‌ خه‌ریكه‌ سینه‌مای كوردی له‌سه‌ر ناشیرینكردنی تاكی كورد خۆی به‌ دونیا ده‌ناسێنێت و فیڵمه‌ به‌ناوبانگه‌كانی به‌همه‌نی قوبادیش باشترین نمونه‌ن، ئه‌وه‌ی فیڵمه‌كانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ش* ببینێت تێده‌گات تا چ ئاستێك زۆرێك له‌و فیڵمانه‌ سوكایه‌تی به‌ تاكی كورد ده‌كه‌ن و وه‌كو دڕنده‌یه‌كی تۆقێنه‌ر و ژنكوژ وینای ده‌كه‌ن، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و براده‌رانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فیستیڤاڵه‌كه‌ دژی توندوتیژییه‌ ئیتر به‌هه‌نای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ پیاوی كورد له‌ هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌كانی ئینسانیبوون دابماڵن و وه‌ك تاكێكی هه‌مه‌جی به‌رجه‌سته‌ی بكه‌ن و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش كه‌ به‌شایه‌دی هه‌موو ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ پێشكه‌وتنی زۆری تیادا به‌ دیهاتووه‌، كه‌چی ئه‌و براده‌رانه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ شێوه‌یه‌ك وێنا ده‌كه‌ن كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مجۆره‌ وێناكردنه‌ بۆ وڵاتێكی دواكه‌وتووی وه‌ك ئه‌فغانستانیش شیاو نه‌بێت.

من هیوادارم زۆرێك له‌م فیڵمانه‌ی كه‌ لێره‌ نمایشكران به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ وڵاتانی تر نمایش نه‌كرێن، ده‌نا دڵنیام هه‌موو دونیا وه‌ك میلله‌تێكی ژنكوژ و مرۆڤكوژ سه‌یرمان ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر ببینن كوردێك له‌و به‌ر شۆسته‌كه‌ پیاسه‌ ده‌كات هه‌موو خه‌ڵكی ئه‌و ناوه‌ ڕاده‌كه‌ن نه‌بادا ئه‌و كورده‌ هه‌تكیان بكات و ده‌ستدرێژییان بكاته‌ سه‌ر، یا خوا نه‌خواسته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌ناو فیڵمانه‌ له‌ فیستیڤاڵێكی جیهانی نمایش بكرین، ئه‌وه‌ به‌دڵنییاییه‌وه‌ بۆ به‌یانی هه‌موو رۆژنامه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ یه‌ك مانشیت ده‌رده‌چن و به‌ گه‌وره‌یی ده‌نووسن " كورد.. ئه‌و میلله‌ته‌ی كه‌ ژن ده‌كوژێت".

 * فیستیڤاڵی (نا بۆ توندوتیژی دژی مێیینه‌)


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.