Red Purple Black

ئەمجارەش پووچێتی و گاڵتەجاڕی لیژنەکەی مەسعود بارزانی .. عامر سابیر

PDFPrintE-mail

با بۆ تەنها ساتێک وادابنێین کە ڕوداوەکانی بادینان، کە لە ڕۆژی هەینی 2/12/2011 لە زاخۆ روویدا و پاشان دهۆک و سمیڵ و قەسرۆک و دێرەلوکی گرتەوە، سیناریۆی پارتی خۆی نەبووە و کێشمەکێشی نێو باڵە جیاوازەکانیشیان نەبووە.

لێرەدا ئەم پرسیار و سەرنجانە جێگەی تێڕامانن:

یەکەم: بۆچی ئەنجام و ڕاگەیاندنی کۆتایی، ئەو لیژنەکەی مەسعود بارزانی پێکی هێنا، تەنها یەک لاپەڕەی A4 بوو، ئەم لیژنەیە کە لە 3/12/2011 دەستی پێکرد تا 25/12/2011 هەموو لێکۆڵینەوە و شیکارییەکانی خۆی تەنها لە یەک لاپەڕەدا بڵاوکردۆتەوە. ئەمە لە گاڵتەی منداڵان دەچێت و گومانی زۆر دروستدەکات کە لە یەکەم ڕۆژی ڕاگەیاندنی لیژنەکەدا، ئەم ڕاگەیاندن و ئەنجامگیرییەیان بۆ حازرکراوە. لیژنەی لەم جۆرە کە لیکۆڵینەوە لە ڕوداوی لەم جۆرە ئەکات، ئەگەر لە وڵاتێکدا بێت کە لانی کەمی ئازادی تیادا بێت و کەسی دکتاتۆری وەک مەسعود بارزانی دەسەڵاتدار نەبێت تیایدا، ئەوا ڕاگەیاندنی ئەنجامگیریی لیژنەکە، لانی کەم سەدان لاپەڕە دەبێت و هەموو ئەو لێکۆڵینەوە و چاوپێکەوتنانەی ئەنجامیانداوە بڵاودەکردەوە و دەیانخستە بەردەست هەموو کۆمەڵگا.

دووەم: ئەم لیژنەیە بۆ لە یەکەم هەنگاویدا ئەچێت بۆ قەسرۆک؟ بۆ ناچێت لە زاخۆوە دەستپێبکات کە شوێنی فەتوای مەلا و سەرهەڵدانی پشێویییەکەیە؟

سێیەم: سەرەتای دەستپێکی ڕوداوەکە، وتاری هەینی مەلایەکی کۆنەپەرست ئەبێت لە زاخۆ کە بە دوایدا کەسانی نائاگا و ساویلکە و کۆنەپەرست و هەڵخەڵەتاو بە قسەی مەلا دێنە سەرجادە و ئەکەونە سوتاندنی سەنتەری مەساج و دوکانی مەی فرۆشان و ئوتێلەکان. بۆچی ئەم لیژنەیە بە هیچ جۆرێک سەردانی ئەم مەلایە ناکەن (لە 22 ڕۆژی لێکۆڵینەوەکەیاندا) و قسەکانی وەرناگرن و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا ناکەن و وتە پووچەکانی وتارەکەی کە سەرچاوەی ڕووداوەکانە لە ڕاپۆرتەکەیاندا نییە.

مەسعود بارزانی نەک هەر لیژنەکەی چاوی بەم مەلایە نەکەوت، بەڵکو ئەمنەکانیشی لە زاخۆ لەجیاتی ئەوەی لەیەکەم کاردانەوەیاندا ئەم مەلایە بگرن و زیندانی بکەن، لەجیاتی ئەمە لە گەرمەی ئاژاوەگێڕییەکەدا (لە کاتێکدا کە دەنگی ئەڵاهو ئەکبەر تێکەڵ ئەبێت بە گڕو و دوکەڵی بەرزبۆوەی سەر سەنتەرەکانی مەساج و دوکانی مەیفرۆشان) پۆلیس و ئەمنەکانی مەسعود بارزانی مەلا ئیسماعیلی فەتوادەر ئەهێننە سەر مایکرۆفۆنی سەیارەکەیان و داوای لێدەکەن قسەی پووجی زیاتر بۆ خەڵکی بکات.

مێژوو خۆی دووبارە ئەکاتەوە:

کە لە 18/4/1998دا شاپور عەبدولقادر و قابیل عادل ئەندامانی ڕابەری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری تیرۆر ئەکرێن بەدوای فەتوای مەلا بەشیری تیرۆریستدا. لە کاتێکدا کە ڕادیۆی دەنگی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری قسە و فەتوای مەلا بەشیری کۆنەپەرست بڵاوئەکاتە لە دژی کۆمۆنیستەکان و فەتوای کوشتنیان، لەم کاتەدا و تەنها چەند ڕۆژێک دوای تیرۆری ئەم دوو ئینسانە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتووخوازە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتۆچکەکەی پارتی لە هەولێر، ئەچێت مەلاکانی هەولێر کۆدەکاتەوە و مەلا بەشیری تیرۆریستیش (کە ئێستا ئەندامی پەرلەمانە لەسەر لیستی زەرد) بانگهێشت ئەکات بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، کە تیایدا نێچیرڤانی کۆنەپەرست و پاڵپشتی تیرۆریستان ئەڵێت کوردستان جێگەی ئەوانەی تیانابێتەوە کە ڕەخنە لە ئاینی ئیسلام ئەگرن، یان بە قسەی پووچی خۆی وتی "کوردستان جێگەی ئەوانەی تیانابیتەوە کە سوکایەتی بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئەکەن".

لە 25/12/2011 شدا مەسعود بارزانی کۆنەخواز، مەلاکانی دهۆک و دەوروبەری کۆئەکاتەوە، بە مەلا ئیسماعیل عوسمانی سندیشەوە؛ هەرلەوێشدا پاکانە ئەکات بۆ ئەو مەلایەی سەربەخۆیانە و سەچاوەی پشێوێکانی زاخۆ بوو، وە ئەڵێت بێتاوانە.

مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام پێشبڕکێی کردووە لەگەڵ تاقم و گروپە ئیسلامییەکان و منەتی بەسەریاندا کردووە کە ئەم لە ئەوان کۆنەپەرستتر، لەئەوان زیاتر پارێزەری پیاوسالاری و دواکەوتووێتی ئیسلامییە.

هەر لێرەدا چەند سەرنجی تر لەسەر ڕووداوەکانی بادینان بە پیویست ئەزانم:

یەکەم: بڵاوکراوەکانی ئاوێنە و هاوڵاتی هەڵوێستێکی نادروستیان هەبوو بەوەی کە سوتاندنی سەنتەری مەساج و دوکانی میفرۆشان جێگەی سەرنجیان نەبوو هێندەی سوتانی مەقەری یەکگرتوو. هەڵەیان کرد کە ئەو ئاژاوەگێڕییەی پارتی و ئیسلامییەکانیان بە خۆپیشاندان و درێژکراوەی ناڕەزایەتییەکانی مەیدانی ئازادی سلێمانی شوبهاند.

دووەم: جێگەی سەرنجە کە سایتی هاوڵاتی لەدوای ئەو ڕووداوانە ڕاپرسی ئەکات و پرسیار لە خوێنەرانی ئەکات و ئەڵێ؛ لە ڕوداوەکانی ئەم دواییەدا، کامیان قوربانین؟ 1) یەکگرتوو 2) پارتی 3) نازانم. ئەم پرسیارە ساویلکانە و ڕێلێتێکدەرە، چونکە ئەوەی زەرەرمەندی ئەم سیناریۆ و کێشمەکێشە کۆنەپەرستانەیە بوو، خەڵکی مەدەنی کوردستان بوو، نەک پارتی و یەکگرتوو، وەک سایتی هاوڵاتی بۆی چووە.

سێهەم: جێگەی سەرنج بوو کە بڵاوکراوەی هاوڵاتی و چەندانی تر، لێدوانی مەلا کریکاری تیرۆریستیان لەسەر ئەو رووداوانە بڵاوکردەوە. مەلا کریکارێک کە ڕایگەیاندووە و ئەڵێ "هەر کەسێکتان بینی کە دژایەتی ئیسلام ئەکات بە تەورێک لە ملی بدەن و بیکوژن، من خۆم بۆم ڕێکەوێت ئەیکوژم". وە ئەوە جێگەی سەرنجی زیاتر بوو هەر ئەو بڵاوکراوانە سانسۆری بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانیان کرد لەسەر ڕوداوەکانی بادینان.

26/12/2011

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.