Red Purple Black

كورد و . . هه‌رێمه‌ سونییه‌كان و . . تاریق هاشمی گۆڕینی : ره‌زا شوان - نه‌رویج

PDFPrintE-mail

كورد به‌ درێژایی قۆناخه‌كانی مێژوو، دووچاری جوره‌ها كوشتن و ده‌ربه‌ده‌ری و راگواستنه‌وه‌ی زۆرملێ و، دوورخستنه‌وه‌ و، چه‌وسانه‌وه‌ بوونه‌. به‌ تایبه‌تیش له‌ ماوه‌ی داگیركردنی ئیمپریالیزمی عوسمانی فاشی و، له‌ سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی فاشی، كه‌ حكومه‌ته‌ عێراقییه‌ به‌عسییه‌كان نوێنه‌ریان بوون. . كه‌ به‌رهه‌م و میراتی توركی عوسمانییه‌، به‌ ناو عه‌ره‌بچێتییه‌وه‌.  

 

كورد له‌ عێراقدا، تا راده‌یه‌كی باش كۆمه‌ڵێ ده‌ستكه‌وتیان به‌ده‌ستهێناوه‌. . له‌ ئه‌نجامی خه‌بات و تێكۆشانێكی سه‌خت، له‌ دژی سته‌مكاره گه‌نده‌ڵچییه‌كاندا. . توانییان سوود له‌بارودۆخی نێوده‌وڵه‌تی و، سوود له‌ په‌یوه‌ندییه‌ باشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان وه‌ربگرن.

 

له‌سه‌ر خاكی كوردستانی عێراقدا، بیر و باوه‌ڕی ره‌گه‌زپه‌رستی و شۆڤێنی هه‌ره‌سیان پێهێنران. . بناغه‌ی سه‌رده‌مێكی تازه‌یان دامه‌زراند و به‌یانییه‌كی تازه‌ گزنگی دا. . به‌یانیی ئازادی و ئاوه‌دانی و بنیاتنانی مرۆڤ و پاراستنی كه‌رامه‌تی . . به‌دیهێنانی ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ش، بوون به‌ هانده‌ر بۆ براكانیان له‌ وڵاتانی تردا، وه‌كو توركیا و سوریا و ئێران، كه‌ ئه‌وانیش له‌سه‌ر هه‌مان رێباز به‌رده‌وام بن بۆ هێنانه‌دی ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ و درێژه‌دان به‌ چالاكییه‌كانی كورد له‌ ناوچه‌ دابه‌شكراوه‌كانیاندا به‌سه‌ر وڵاتانی ده‌ور و به‌ریاندا. . ێگومان دوژمنه‌كانیان به‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ دڵخۆش نین، به‌ تایبه‌تیش توركه‌كان. كه‌ به‌ به‌ر چاوی جیهانه‌وه‌، ده‌ست له‌ كورد ناپارێزن و ئه‌مڕۆ به‌ جۆره‌ها چه‌ك له‌ كورد ده‌ده‌ن. . سوودیان له‌ هاوپه‌یمانییان له‌گه‌ڵ ناتۆدا و، په‌یوه‌ندی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا وه‌رگرتووه‌.

 

به‌ڵام بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی هه‌رێمه‌ سونییه‌كان له‌ عێراقدا، له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه‌، كه‌ سونییه‌كانی عێراق بڕوایان به‌ ده‌ستووری عێراقی نوێ نییه‌. . كه‌ ڕێی داوه‌ به‌ دامه‌زراندنی هه‌رێمه‌كان . . وه‌كو ده‌زانین‌ هه‌ر ئه‌مانه‌ بوون له‌ دژی ده‌ستوور وه‌ستانه‌وه‌ و ده‌نگیان بۆ نه‌دا .

 

سونییه‌كان به‌ یارمه‌تی سعوودیه‌ و توركیا، به‌ هاوكاری سونییه‌ توند ڕه‌وه‌كانی عێراق كه‌ تاریق هاشمی و ئوسامه‌ نوجێفی رابه‌رییانن، به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا باڵا ده‌ست بوونه‌. هه‌ر وه‌كو چۆن سعودییه‌ و موریده‌كانی هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ زه‌بر له‌ شیعه‌كان بده‌ن، گه‌ماروویان بده‌ن و بیان كوژن . . توركیاش هه‌وڵ ده‌دات گوشار بخاته‌ سه‌ر كورد و گێچه‌ڵیان پێ بكات و گه‌ماروویان بدات و بیان كوژێ و، شكست به‌و پرۆژه‌یه‌شیان بهێنێت بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی خوازراویان . . ده‌یانه‌وێ به‌ ده‌ستی عه‌ره‌ب گۆرزێكی گورچكبڕ له‌ كورد بده‌ن. . به‌ تایبه‌تیش له‌ رێی ته‌یاری عه‌ره‌بی سوننه‌وه‌، كه‌ به‌ بیر و باوه‌ڕی شۆڤێنی عه‌ربچێتی سه‌رخۆشن . . بێگومان مه‌ترسی ئه‌مه‌ش هیچ كه‌متر نییه‌، له‌ بیری ئه‌تاتوركیی توركی، كه‌ دژ به‌ گه‌لانه‌ و، بڕوایان به‌ فره‌ نه‌ته‌وه‌یی و مافه‌كانی گه‌لان و كه‌مایه‌تییه‌كانی تر و پێكه‌وه‌ ژیان نییه‌. . به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت ڕایان بماڵن و له‌ژێر دروشمی ئیسلامی ئۆردوغانیدا، به‌ ته‌واوی له‌ ناویان به‌رن . . هه‌ر ئه‌م دروشمه‌ ئیسلامییه‌ش بوو. . عوسمانییه‌كان، بۆ داگیركردن و حوكومڕانی ناوچه‌كه‌ به‌كاریان هێنا . . له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌مانه‌ خۆیان باوه‌ڕیان به‌ ئایین نه‌بوو.

 

له‌به‌ر ئه‌مه‌ دامه‌زراندنی هه‌رێمه‌كانی سوننه‌. . ترسناكترین مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر كورد، چونكه‌ ته‌نگ به‌ بوونیان هه‌ڵده‌چنن و، هه‌روه‌هاش ئه‌م هه‌رێمه‌ سونییانه‌، جۆره‌ها یارمه‌تیی له‌ راده‌به‌ده‌ر، له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌ سونییه‌كانی ده‌وروبه‌ر وه‌رده‌گرن. . مه‌به‌ستیشمان یارمه‌تیدانی توركه‌ بۆ لێدانی كورد.

 

له‌ شیعه‌ی عێراق زیاتر، كورد هیچ هاوپه‌یمانییه‌كی راستی نییه‌. . بۆیه‌ نابی كورد له‌ یارمه‌تیدانی شیعه‌ ساردبێته‌وه‌ پشتیان لێبكات، چونكه‌ لاوازبوونی شیعه‌كانی عێراق، ده‌بێته‌ هۆی شه‌رمه‌زاری بۆ كورد . . كورد و شیعه‌ پێكه‌وه‌ خۆڕاگربوون بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی تازه‌ .

 

سه‌رۆك تاڵه‌بانی و بارزانی، گرنگترین كۆڵه‌كه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ن، به‌ هۆی فراوانی شاره‌زاییان و مێژووی خه‌باتی نایابیان . پێویسته‌ له‌سه‌ر حیسابی خوێنی گه‌لی عێراق و له‌سه‌ر حیسابی یاسا و ده‌ستوور سازش نه‌كه‌ن . . ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن كه‌ ده‌ست له‌ هاوپه‌یمانی شیعه‌كان هه‌ڵبگرن . . كه‌ هاوبه‌شیان بوون له‌ نه‌هامه‌تییه‌كاندا و، له‌گه‌ڵیاندا بوون له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌ دژی سته‌مكاردا . . كه‌چی هه‌ر له‌و رۆژانه‌دا بوو تاریق هاشمی و ئوسامه‌ نوجێفی له‌ سایه‌ی ده‌وڵه‌تی سته‌مكاردا، له‌ خۆشترین ژیاندا بوون .

 

هه‌ر وه‌كو چۆن خوازیاری ئه‌وه‌ین، كه‌ كوردستانی عێراق، ببێ به‌ نموونه‌ی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی تازه‌. . ناشمانه‌وێ كه‌ ببێ به‌ په‌ناگه‌ی پیاوكوژه‌كان و تیرۆریسته‌كان و، دزه‌كان بحه‌وێننه‌وه‌ . . جێی سه‌رسوڕمان نییه‌، كه‌ پیاوێكی ده‌وڵه‌ت بدرێته‌ دادگا . . قه‌واره‌ی ئه‌و تاوانه‌ی دراوه‌ته‌ پاڵی كه‌م بێ یا زۆر . . ئه‌مه‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌ هاوچه‌رخه‌كاندا زۆر رووده‌دا. . هیچ كه‌سیش پیرۆز نییه‌، له‌ هه‌چ پله‌ و پایه‌یه‌كدا بێت . . ته‌نها خوێنی عێراقییه‌كانه كه‌‌ پیرۆز و به‌نرخه‌.

 

ئه‌گه‌ر قه‌زافی گه‌له‌كه‌ی كوشت و، له‌ سزادان ڕزگاری نه‌بوو . . حوسنی موباره‌كیش به‌ گه‌وره‌یی و هه‌یبه‌ته‌وه‌، به‌ ئه‌وپه‌ڕی رێزه‌وه‌، له‌ به‌رده‌م دادگدا ئاماده‌ ده‌بێت . .

ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ زۆر كه‌س له‌ جیهاندا داوای دادگایی كردنی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن، چونكه گه‌له‌كه‌ی ده‌كوژێ . . له‌ تونسیشدا بۆ دادگایی كردنی سه‌رۆكی هه‌ڵهاتوویان زین العابدین بن عه‌لی دادگا داده‌نرێ . . له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌حرێن و یه‌مه‌ن، له‌ ئارادایه‌ كه‌ لێكۆڵێنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیاندا بكه‌ن . . هه‌روه‌ها له‌ ئیسرائیلدا، بۆ ماوه‌ی حه‌وت‌ ساڵ سزای به‌ندكردنی، سه‌ركی پێشووی ده‌وڵه‌ت( موشی كاتساف )درا، به‌ تومه‌تی ده‌ستدرێژی بۆ نامووس . . ئه‌ی ئێمه‌ بۆ ده‌بێ په‌نای یه‌كێكی وه‌كو تاریق هاشمی بده‌ین، كه‌ به‌ كوشتن تاوانباركراوه‌ ؟ بۆ به‌ هێمایه‌كی نیشتمانیی له‌ سه‌رووی یاساوه‌ بزانرێ و، نابێ ده‌ستی بۆ ببرێ ؟

 

جیاوازی‌ له‌ نێوان ئه‌و و سه‌رۆكه‌ عه‌ره‌به‌كانی تردا چییه‌ ؟ ئه‌گه‌ر كورد، تاریق هاشمی راده‌ستی دادگا له‌ به‌غدا نه‌كات، ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌گه‌یه‌نی و، گوناهێكه‌ كه‌ مێژوو لێیان نابوورێت. ‌

 

(*) ئه‌م نووسینه‌ له‌ لایه‌ن نووسه‌ری عه‌ره‌بی عێراقی ـ جواد السعد ـ ه‌وه‌، به‌ زمانی عه‌ره‌بی نووسراوه‌ و، له‌ رۆژی چوار شه‌ممه‌ی رابردوو دا ( ٢٨/ ١٢/ ٢٠١١) له‌ ماڵپه‌ڕی « كتابات » دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.