Red Purple Black

بێ لایه‌نی، چۆن ئه‌سه‌لمێندرێت؟. ... نه‌جمه‌دین شێخ بزێنی

PDFPrintE-mail

له ‌کاتی سه‌رهه‌ڵدانی ئاریشه‌کان له‌ نێوان عه‌ره‌به‌کاندا، هه‌‌میشه سه‌رکردایه‌تی کوردستان، ڕای گه‌یاندوه هه‌ڵوێستی بێ لایه‌نی وه‌ر ئه‌گرێت، ئه‌وه‌ش دیاره به‌واتای ئه‌وه‌یه، هه‌ڵویستی هه‌ردو به‌ره‌ی شیعه‌و سوننه به‌رانبه‌ر به‌مافه ڕه‌واکانی گه‌لی کورد وه‌کو یه‌ک ئه‌بینێت، که له‌ڕاستیشدا هه‌ر وایه‌و له‌جێگه‌ی خۆیه‌تی!.

لێره‌دا ده‌ر ئه‌که‌وێت لایه‌نی کوردی بڕوای ته‌وای به‌وه هه‌یه، نه‌شیعه‌و نه‌سوننه، له گه‌ڵ چاره‌سه‌رکردنی ڕه‌وایانه‌ی کێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی گه‌لی کوردا نین، ئه‌وه‌ش ئه‌و ڕاستییه ئه‌سه‌لمێنێت، هه‌رچه‌نده ناکۆکبن له نێوانی خۆیاندا، له ‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کورد و که‌مه نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانی تریدایه، بۆیه، هه‌ڵوێستی دوره په‌رێزی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد، له‌کێشه سیاسی و ئیدارییه‌کانی به‌غدا له‌نێوان شێعه‌و سوننه‌دا، زۆر پێویسته بایه‌خی پێ بدرێت و به‌کرده‌وه بسه‌لمێندرێت، به‌لام ئایه ئه‌وه سه‌لمێندراوه؟!.

ئێمه لێره‌دا ته‌نها تیشک ئه‌خه‌ینه سه‌ر ئه‌م ڕووداو و گۆڕانکاریانه‌ی که‌ دووا جار سه‌ریان هه‌ڵداوه، وه‌کو تاوانبار کردنی جێگری سه‌رۆک کۆمار، تاریق هاشمی و سه‌رهه‌ڵدانی ناکۆکی مه‌ترسیدار له ‌نیوانی لیستی العیراقییه‌و هاوپه‌یمانی نیشتمانیدا که نوری مالیکی سه‌رۆک وه‌زیران ڕابه‌رایه‌تی ئه‌کات.

ئاشکرایه ڕۆیشتنی تاریق هاشمی بۆ کوردستان، له ‌ڕاستیدا ڕاکردن بوو له ‌ده‌ستی سه‌رۆک وه‌زیران، نوری مالیکی، له‌پاش ئه‌وه‌ی دڵنیابوو که لیسته‌که‌ی ناتوانێت فریای که‌وێت له‌ده‌ست به‌سه‌رکردن و لێکۆڵینه‌وه کرن له‌و تاوانه‌ی خراوه‌ته پاڵی، بۆیه ڕاسته‌وخۆ ڕوی کرده سه‌لاحه‌دین بۆ خزمه‌تی بارزانی! به‌ڵام دووای ئه‌وه‌ی تۆمه‌تی ڕاکردنی خرایه پاڵ، ئه‌مجار بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاره‌قی ناوچه‌وان، ئه‌و بیانووه‌یان بۆ دۆزییه‌وه گووایه هاتووه بۆ کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری، له‌سه‌ر بانگ هێشتی به‌ڕیز سه‌رۆک کۆمار له ‌سلێمانی. به‌ڵام ئایه کێ ئه‌وه ئه‌سه‌لمێنێت؟ چونکه ئه‌و کاته‌ی ڕوی کرده هاوینه هه‌واری سه‌لاحه‌دین، سه‌رۆک کۆمار له سلێمانی بوو، ئه‌بوو ڕاسته‌وخۆ بۆ ئه‌وێ بڕۆیشتایه، نه‌ک بۆ هاوینه‌هه‌واری سه‌لاحه‌دین!.

به‌هه‌رحال ئه‌و هه‌ڵویستانه له‌گه‌مه‌ی سیاسیا ئاساییه. به‌لام ئایه ڕاسته سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان پشتگیری لێ بکات و داڵده‌ی بدات له ده‌سه‌لاتی یاسایی ده‌ربازی بکات؟.

هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ سه‌رۆکی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه کردووه، که‌ئه‌و کێشه‌یه لایه‌نی یاسایی و لایه‌نی سیاسیی هه‌یه، هه‌روه‌ک له‌گه‌ڵ په‌یام نێری ته‌له‌فیزیۆنی" الجزیره" داش ئاماژه‌ی پێ کرد، لایه‌نی یاسایی ئه‌بێت سه‌ربه‌خۆبێت، به‌لام لایه‌نی سیاسی پێویستی به کۆبونه‌وه‌‌ی سه‌رکرده سیاسیه‌کان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌رکردن کێشه سیاسیه‌که.

لێره‌دا جگه له‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌ریم دیاری نه‌كرد، ئایه لایه‌نی یاسایی ده‌ست پێشخه‌ر ئه‌بێ، وه‌یان لایه‌نی سیاسی، که‌ ئه‌نجامه‌که‌شی ناتوواندرێ دیاری بکرێت؟ به‌هه‌ر حال، ئایه ئه‌م هه‌ڵوێستانه ئه‌چیته خانه‌ی بێ لایه‌نییه‌وه؟ ئایه داواکردن، وه‌یان دیاری کردنی ئه‌و شێوازانه، هه‌روه‌ک لایه‌نی ڕاوێژکاری پێوه دیاره، لایه‌ن داریه‌تیشی پێوه دیار نییه؟!.

به‌ڕیز سه‌رۆکی هه‌رێم ئاماژه به‌وه ئه‌کات، هه‌رکاردانه‌وه‌یه‌کی خه‌راپ به‌سه‌ر به‌غدایا بێت، کاردانه‌وه‌ی خه‌راپی به‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستانیشدا ئه‌بێت. له کاتێکدا ئه‌وه ماوه‌ی ٨ دانه ساڵه کوردستان له‌به‌رده‌م به‌غدایه‌کی لاوازدا ئه‌ناڵێنێت، نه‌به‌ هه‌ڵویستی نه‌رمی هاوپه‌یمانیه‌تی نیشتمانی و نه‌به‌ ڕێگای دیالۆگ و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و نه‌به ‌هه‌ڕه‌شه‌و گوڕ‌‌شه‌ی هێزی پێشمه‌‌رگه نه‌توواندرا خاڵه هه‌ره‌گرینگه‌کانی مافی نه‌ته‌وایه‌تی به پێێ بڕگه‌کانی ده‌ستور دیاری کردووه بهێنێته دی، ئیتر ئه‌گه‌ر به‌غدایه‌کی به‌بێ ئاریشه‌و به‌هێز بێته کایه‌وه، ئه‌بێت ده‌سه‌ڵاتی کوردی چی پێ بکرێت به‌رانبه‌ری و چ سودێکی هه‌رێمی تێدا بێت؟!.

کێشه‌ی تایفه‌گه‌ری شیعه‌و سوننه هه‌رچه‌نده په‌ره بسێنیت، ته‌نانه‌ت بگاته ئاستی خوێن ڕشتنیش، کۆتایی پێدێ به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی ناوه‌ندی له‌به‌غداو، دابه‌ش کردنی ئێراق، له‌و کاته‌شدا، کوردستانیش ئه‌بێت به لایه‌نی سێهه‌م، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی سێ هه‌ڕیمی فیدرالی بێت، وه‌یان سێ ده‌وڵه‌تی سه‌ر به‌خۆبێت، کورد براوه‌ی یه‌که‌م ئه‌بێت. ئیتر نازانین سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد، بۆچی له‌ کێشه‌ی نێوان شیعه‌و سونه ئه‌ترسێت و هه‌رده‌م ئاواته خووازی ته‌بایی و یه‌ک ڕێزییانه، خۆ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر مه‌ترسی هێزی ده‌ره‌کیش بێ ئه‌و هێشتا ئه‌مریکا به‌ر پرسیاره له‌پاراستنی سنوری نێوده‌وڵه‌تی ئێراق؟!!.

گومان له‌وه‌دا نیه، ئه‌گه‌ر ئاریشه‌کانی نێوان شیعه‌و سوننه چاره‌سه‌ر بکرێ و ده‌سه‌ڵاتێکی تۆکمه‌و به‌هێزی ناوه‌ندی له به‌غدا بێته کایه‌وه، ئه‌و شه‌ڕه‌ی ئێستا چاوه‌ڕوان ئه‌کرێ له‌نێوانی ئه‌وانداو گومانی لێ ئه‌کرێ ڕوو نه‌دات، ئه‌و کات به‌رۆکی کورد ئه‌گرێت و گومانیشی تێدا نیه ڕوو ئه‌دات. بۆیه چاکترین هه‌ڵوێست بۆ لایه‌نی کوردی، ته‌نها ئه‌وه‌یه سه‌یرکه‌ر بێت و به‌س، وه‌ک ووتویانه ئاگره سوره له‌خۆم دوره!.

به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و هه‌ڵویسته‌ی سه‌رکردایه‌تی کورد، تاکو ئێستا لایه‌نداریه‌تییه‌و داکۆکی له‌تاریق هاشمی ئه‌کا، که به پێی یاسا تاوانی خراوه‌ته پاڵ، تاوانه‌‌که‌ش ئه‌گه‌ری ڕاستبونی زیاتره له‌دروست کراوی، چونکه کاسایه‌تیه‌کی ئه‌وه‌نده لاواز نیه نه‌توانی داکۆکی له‌خۆی بکات، ئه‌گه‌ر ناڕاست بووایه پێویستی به ‌ڕاکردن نه ‌ئه‌کرد، به‌لام وه‌ک پێشینان ووتویانه: دار هه‌ڵبڕن سه‌گ دز دیاره، خۆی زۆر باش ئه‌زانێت که‌وتۆته ناو چ داوێکه‌وه‌و ده‌رباز بونی مه‌حاڵه، ته‌نها ڕێگا بۆ ڕزگار کردنی گیانی خۆی ڕاکردنه!!.

تاریق هاشمی له‌داڕشتنی پیلان دانانه بۆخۆ ده‌رباز کردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات، ئه‌م داوه‌ت نامه‌یه‌ی له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ش بۆی نێردراوه، به‌شێکه له‌و پیلان دانانه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم نه‌ی خاته ژێر چاودێریه‌وه‌و، وه‌یان ڕاده‌ستی به‌غدای نه‌کاته‌وه، ئه‌وه بێگومان خۆی ده‌رباز ئه‌کات به‌هه‌ر نرخێک بێت، به ‌تایبه‌تیش که ده‌ستی تورکیای له پشته‌وه‌یه، دیاره هه‌ڵویستی تورکیاش مه‌به‌ستی سیاسی له‌پشته‌وه هه‌یه نه‌ک ئینسانی ئه‌وه‌ش دوو هۆکاری سه‌ره‌کی هه‌یه وه‌کو:

یه‌که‌م/ به‌کار هێنانی وه‌ک کارتێ له‌ئاینده‌دا، به‌رانبه‌ر به به‌غدا ئه‌گه‌ر پێویستی پێ بوو.

دوهه‌م: سود لێ وه‌رکرتنی له ‌دژایه‌تی کردنی گه‌لی کورد، چونکه به‌رانبه‌ر به‌مافه‌ڕه‌واکانی کورد هاوبیر و هاوڕایانه، سه‌ردانه به‌رده‌وامه‌کانی هاشمی بۆ ئه‌نقه‌ره، ته‌نها بۆ دژایه‌تی کردنی کورد بوو، به‌تایبه‌تیش ده‌رباره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ باوشی هه‌رێم، که‌س ناتوانی نکۆڵی له‌وه بکا، که تاریق هاشمی یه‌کێکه له‌ دوژمنه سه‌رسه‌خته‌کانی مافه‌ڕه‌واکانی گه‌لی کورد!!.

له کۆتاییدا ئه‌ڵێن، تاریق هاشمی هه‌وڵی ده‌رباز بون ئه‌دات بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات، له ‌ژێر په‌رده‌ی هه‌ر بڕوو بیانویه‌کیشدا ده‌رباز بونی ڕابگه‌یه‌ندرێت، بۆ کورد و سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی له‌نگی ئه‌بێ و ئه‌بێ به په‌ڵه‌یه‌ک ناڕاستی و لاوازی له‌ به‌رانبه‌ر هه‌موو لایه‌نه ئێراقیه‌کان و وولاتانی ده‌ره‌وه‌ش، چونکه تاوانبار کردنه‌که‌ی به‌ستراوه‌ته‌وه به‌لایه‌نی تیرۆریستیه‌وه!. بۆیه ته‌نها ڕاده‌ست کردنه‌وه‌ی به‌دادگای به‌غداو، خۆ به‌دور گرتن له‌و ئاریشه‌ی له ‌هه‌موو بووارێکیدا، چاکترین سه‌لماندنی بێ لایه‌نیه‌تییه‌و له ‌به‌رژه‌وه‌ندی کوردا ئه‌بێت!!!.

            



 سوید-٣٠-١٢-٢٠١١.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.