Red Purple Black

هۆکاری ئیدانە نەکردنی ڕەفتار فاشیستە بێ ڕەوشتەکان لە لایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە ... خه‌بات لاوباخ

PDFPrintE-mail

ئەوەی لە دەست دوژمنە ڕەفتار فاشیستەکانی تورك و عەرەب و فارسەوە هاتبێت، بە هەموو توانایەکیانەوە دەستیان لە کورد کوشتن نەپاراستووە، هەرچی ئامڕازێك هەیە تاقییان کردۆتەوە لە مێژووی پڕ لە شەرمەزارییاندا دژ بە کورد، بۆیە شۆڕش لە دوای شۆڕش سەری هەڵداوە دژ بەم بێڕەوشتە فاشیستانە، بەڵام بەداخەوە ڕێبەری ئەم شۆڕشانە بە هەڵە هەموو جوڵانەوەیەك و بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕیان قۆستۆتەوە بۆ پتەوکردنی پلەوپایە و دەسەڵاتی خۆیان، زۆرجاریش پەنابردنە بەر دۆژمن بۆ دەردی کوشندەیی براکوژی و هێنانی سوپای دوژمن بۆ سەر کوردستان.  لە تازەترین کاری بێزەوەری ڕەفتارفاشی یەکاندا شەهیدکردنی ٣٥ بێ گوناهی کورد کرا بە دیاری دوا ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠١١ بۆ گەلی کورد بۆ ئەو پاداشتەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە ملیارد دۆلار پێشکەش بە ووڵاتە ئابوریی یە تەپیوەکەیان کرا، کە بە تاڵانبردنی سامانی هەرێم هەستانەوە سەر پێی خۆیان وکڕینی هەموو چەکێکی نوێ کە دژ بە هاووڵاتی کورد بەکاردێت. کەچی یەك تاکە کەسی دەسەڵاتدارانی هەرێمی بێ خەم ئیدانەی ئەم کۆمەڵکوژییەیان نەکرد و تەنها دڵتەنگی خۆیان دەربڕی، بەڵام لە ئاستی کوشتنی سەربازە فاشیەکاندا بە پەلە ئیدانەی شۆڕشگێرانی کوردی باکورییان کرد و نوێنەریان ناردە باوەشی ڕەگەزپەرستەکان تا دڵییان نەڕەنجێ و پاڵپشتی خۆیانیان بۆ دوبارە بکەنەوە.

ئەبێت هۆکاری ئیدانە نەکردنی ئەم کۆمەڵکوژییە لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە چی نهێنیەك بێت، بە بۆچونی من یەکێکە لەم هۆیانە:

+ هۆکاری دەرونی : خۆ بە بچوك زانین و شەرم کردن لە ئاستی دوژمنانی داگیرکاراندا، یان نەبونی ئازایەتی بەرامبەر بە دوژمن، نەوەك دوژمن سەغلەت بێت لە کاتی ئیدانەکردندا توشی زیانێکی ئابووری و سیاسیان بکەن.

+ هۆکاری ئابوری و بازرگانی : لەبەر بونی پەیوەندییەکی بەهێزی بازرگانی هەرێم و تورکیای ڕەگەزپەرست، ترسی تێکچونی ئەو پەیوەندی یە بازرگانی یە لە کاتی سنوربەزاندنی ئەو مافەی هەیانە بەرامبەر بە دوژمنو بۆیان دیاریکراوە .

+ هۆکاری لۆگیستی : لەترسی وەڵامدانەوەی تورکیا لە کاتی ئیدانە کردنی ئەم کۆمەڵکوژییە لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە، پێیان ڕابگەیەنێن، کە دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆشیان هەمان کۆمەڵکوژییان کردووە لە بەردەم بارەگاکانی خۆیاندا لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا، ئیتر چۆن ماف بە خۆیان ئەدەن ئیدانەی هەمان کار بکەن کە خۆشییان پێی هەڵساون.

+ هۆکاری سیاسی : ترسی جێ پێ لەقکردنی پلەوپایەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە لایەن تورکیاوە، لەکاتی ئیدانەکردنی ئەم ڕەفتارە و توڕەکردنی کاربەدەستانی ڕەگەزپەرستی تورك .

بە داخەوە ئەبوایە نەك ئیدانە کردنی ئەم ڕەفتارە دڕندانەی دوژمنبکردایە، کەمتر کارێك کە بیانکردایە بەرامبەر بەم ڕەفتارانە، راگرتنی هەموو جۆرە پەیوەندییەکی بازرگانی و بایکۆت کردنی بەروبومی تورك، ناردنەوەی هەموو کرێکاران و کۆمپانیا تورکیەکان بۆ ووڵاتەکەیان، تا ڕاگرتنی هەموو دەستدرێژی یەکانی ڕەگەزپەرستەکان دژ بە کورد .

بۆ بەرپەچدانەوەی ئەم هێرشە دڕندانانە، هەوڵدان بە خێرایی بۆ ڕاکێشانی ڕای جیهانی بۆ کۆتاییهێنانی ئەم کۆمەڵکوژییە و پەیدا کردنی پشتگیری بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان، کە باشترین و کاریگەرترین و کوشندەترین چەکە بە رامبەر بە دوژمنی تورك، کە ببێتە شێرپەنجەی سەردڵی ڕەگەزپەرستە ئیسلامیە عوسمانیەکانی تورك، بەڵام بەداخەوە کورد تا ئێستا نەبووە بە خاوەنی ڕابەر وسەرکردەیەکی جەربەزە و ئازا و چاونەترس و کوردپەروەر، کە بتوانێت هەموو بەربەستەکانی ڕێگری لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بشکێنێت، بۆ سەلماندنی هەستی نەتەوایەتی و کوردپەروەری و دوور لە خۆپەرستی و شەیدای پلە پایە و گواستنەوەی بۆ نەوەکانیان. گەر ئەم توانایەشیان تیا نەبێت، دەبا ڕێگا چۆڵ بکەن بۆ خەمخۆرانی کورد بۆ جێ بەجێ کردنی ئاواتەکانی کورد نەك تەنها ئاواتە کەسایەتیەکانی خۆیان و لە خشتە بردنی تاکی کورد بۆ هێناننەوەی هۆکاری نابەجێ و ووتاری پرشنگدار و ڕازاوە و بێ ئاکام.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.