ده‌مێكه وتوومه ئه‌و فیفتی فیفتیهی كه دوای هه‌ڵبژاردنی 1992 له نێوان یه‌كێتی و پارتی روویدا، ژه‌هرێك بوو كرا به قورگی دیموكراسیه‌ت. گه‌ر له‌وی رۆژی یه‌كێكیان دانی به خۆیدا بگرتبوایه و وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن له ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات درێژه‌ی به كاری حزبی و كایه مه‌ده‌نی و پیشهیهكانی بدابوایه، ئه‌وه شه‌ڕی ناوه‌خۆش به‌و شێوه‌یه رووینه‌ده‌دا و ته‌جروبه‌ی ئۆپۆزیسیۆن و مهعارهزهكاریش به‌و رۆژه نه‌ده‌گه‌یشت؟!! به‌هه‌رحاڵ به هه‌موومان نه‌قیزه‌یه‌كی گه‌وره‌مان له پرۆسه‌ی دیموكراسیدا و دوای ئه‌و هه‌موو ماڵوێرانیه، به نه ناچاری ئه‌مڕۆكه‌مان دروستكرد. هه‌ڵبه‌ت دوای تێپه‌ڕبوونی زیاد له حهفدهساڵ به سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه، له پاش ئه‌و بارگرژیه‌ی كه له نێوان لیست و قه‌واره‌كانی ناو عێراق له باره‌ی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران هاتۆته ئاراوه، خه‌ریكه ئه‌و شێوازی فیفتی فیفتیهی كه بۆ ئێمه بووه نه‌گبه‌تی پێشبینی ده‌كرێت لای ئه‌وانیش ببێته مۆدێل. دیاره ئه‌و ته‌رحه‌ش له لایه‌ن باڵیۆزی پێشوی عێراق له به‌غدا زه‌ڵمای خه‌لیل زاده‌وه پێشنیاركراوه، زهڵماَی كه موسڵمانێكی مه‌زهه‌ب سووننه‌ی ئه‌فغانییه داوای له ویلایه‌ته یهكگرتهوهكانی ئه‌مریكا كردووه راسته‌وخۆ تهداخولبكاته نێو كێشه‌كانی عێراق و چاره‌سه‌رێك بۆ ته‌نگژه‌ی نێوان عه‌للاوی و مالیكی بدۆزێته‌وه. خه‌لیلزاد له لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی فایننشاڵ تایمز_ی به‌ریتانی، پێشنیاری ئه‌وه ده‌كات كه هه‌ر یه‌ك له مالیكی و عه‌للاوی هه‌ریه‌كه‌یان ماوه‌ی دوو ساڵان ببێته سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و هه‌ریه‌كه‌شیان جێگری ئه‌ویتر بێت. چاودێرانی سیاسی ئه‌م بۆچونه‌ی سه‌فیری پێشووی ئه‌مریكا له به‌غدا به‌وه لێكده‌ده‌نه‌وه كه ئه‌مریكا نایه‌وێت عێراق ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پێكهاته تایفی و مه‌زهه‌بیه‌ی ببێت كه شوناسی عێراقی كۆن و ئێستا درێژه پێده‌دات. دیاره ئه‌و جۆره بیركردنه‌وانه‌ی ئه‌مریكا بۆ دۆخی سیاسی عێراق، بۆ ئه‌و تێزه ده‌گڕێته‌وه كه پێیده‌گوترێت سیسته‌می ته‌وافوقی كه وایكردووه كۆی عێراقیه‌كان به هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه له رێگه‌ی ئه‌و ئه‌نزیمه‌وه شهریحه كلتووری و سیاسی و ئابووریه‌كانی خۆی ئاراسته‌بكات. هه‌رچه‌نده چاودێران ئه‌و رایه وه‌ك دژه دیموكراسی سه‌یرده‌كه‌ن و وای بۆ ده‌چن كه دوای كۆتایهاتنی مه‌نزومه‌ی حوكمڕانی شومولی و تۆتالیتاری له عێراقدا، پێویسته عێراقیه‌كان جۆرێكی دیكه له ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی تاقیبكنهوه. بێگومان ئه‌میش درێژه‌دان و پاڵپشتیكردنی تاكگراییه له عێراقدا، چونكه تا ئێستا عێراقیه‌كان یه‌ك جۆر له پێكهاته‌ی سیاسیان هه‌یه وه‌ك چۆن له سه‌رده‌می به‌عسدا په‌یڕه‌وكراوه. لێره‌وه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌یانتوانی تاكی عێراقی رابهێنن، یان فێری ئه‌وه‌یان بكه‌ن ده‌نگ به پرۆژه و ئه‌جێندای لیست و قه‌واره سیاسیه‌كان بده‌ن، به‌ڵكو عه‌ره‌بێكی سووننه بێئه‌وه‌ی هه‌ستی پێبكات ده‌نگیدا به عه‌للاوی و شیعه‌كانیش دایان به مالیكی و سه‌در و هه‌تد... كورده‌كانیش ده‌نگیاندا به لیست و قه‌واره كوردستانیه‌كان. لێره‌وه تێده‌گه‌ین كه عێراق نه‌یتوانی ده‌ربازیببێت له ناسنامه ئیرقیهكهی خۆی و هێشتا دۆخی كلتووریهكهی جیا نه‌بۆته‌وه له كلتووری به‌عس. له حاڵی حازریشدا بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ تهگژهكان بدۆزرێته‌وه ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت عێراق بۆ ئه‌زموونی فیفتی فیفتیهكهی كوردستان بگه‌ڕێنێته‌وه كه هه‌موو لایه‌كمان بینیمان ئه‌نجامه‌كه‌ی چۆن كه‌وته‌وه. پێشموایه ئه‌مریكا باش له‌وه دڵنیایه كه عێراق نابێت به وڵاتێكی دیموكراسی، بۆیه به‌و شێوه‌یه كلك و باڵی ده‌كات.
تێبینی: ئه‌م نووسینه به‌رواری 14/4/2010 له گۆشه‌ی" لێره‌وه"ی هه‌فته‌نامه‌ی ئاڵای ئازادی بڵاوبۆته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
