گه‌وره‌م جه‌نابی سه‌رۆك... كێشه‌كان لێره‌ن ئه‌ی چاره‌سه‌ر له كوێیه؟
ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له هه‌موو شوێنه‌كانی تری جیهان جیاده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه‌له‌و وڵاته‌ی ئێمه زۆرترین قسه ده‌كرێت كه‌له‌نێویدا ده‌یان و سه‌دان به‌ڵێن و په‌یمان به‌خه‌ڵك ده‌درێت و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا كه‌مترینی جێبه‌جێده‌كرێت، من دڵنیام ئه‌گه‌ر هاتوو ده‌زگایه‌كی تایبه‌تمه‌ند له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه سه‌رژمێری هه‌موو ئه‌و به‌ڵێن وپه‌یمانانه‌ی بكردایه كه به‌رپرسانی حكومه‌ت و حیزبی ئه‌م هه‌رێمه له هه‌موو ئاسته جیاوازه‌كان به تاكی كوردیان داوه‌و چه‌ندیشیان له‌و قسه وبه‌ڵێنانه جێبه‌جێكردووه، دڵنیام ژماره‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه جێبه‌جێنه‌كراون زۆر نزیك وهاوتا ده‌بێت له‌گه‌ڵ ژماره‌ی بنه‌ڕه‌تی به‌ڵێنه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌هه‌موو دونیا كه‌سانێك پێشئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵێنێك به خه‌ڵكی خۆیان بده‌ن بیرله‌وه ده‌كه‌نه‌وه تا چه‌ند ده‌توانن ئه‌و به‌ڵێنه ببه‌نه‌سه‌ر و ئه‌و میكانیزمه‌یان له‌به‌ر ده‌ستدایه بۆ پراكتیزه‌كردنی قسه‌و به‌ڵێنه‌كان كه بتوانن له نزیكترین ماوه ئه‌و به‌ڵێنانه بكه‌ن به واقیع وبیگه‌ێننه جێ، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه له‌م ده‌ڤه‌ره‌ی خۆمان بێئه‌وه‌ی بیر له بوونی میكانیزمی جێبه‌جێكردنی قسه‌و به‌ڵێنه‌كان بكه‌ینه‌وه و هه‌ڵیانده‌ڕێژین وبه هه‌وایاندا ده‌ده‌ین چونكه دڵنیاین به‌یانی كه‌سێك نییه یه‌خه‌مان بگرێت وله‌ده‌ره‌نجامی به‌ڵێنه‌كانمان بكۆڵێته‌وه، ئه‌وه‌تا با دوور نه‌ڕۆین ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه به‌ڵێنی چاككردنی كاره‌با به خه‌ڵك ده‌ردرێت، كه‌چی هه‌موو ساڵه‌كان وه‌كو ئه‌وانه‌ی پێشوو ده‌چنه‌پێشه‌وه، هه‌موو ساڵێك به‌ڵێنی ئه‌وه ده‌درێت كه ره‌وشی خوێندن چاكبكرێت، كه‌چی كورد گوته‌نی ساڵ به‌ساڵ خۆزگه‌م به‌پار، هه‌موو ساڵێك باس له‌وه ده‌كرێت كه‌ده‌بێت دیارده‌ی رۆتین وواسیته وگه‌نده‌ڵی چاره‌بكرێت، كه‌چی رۆژ به‌رۆژ دیارده‌كه ته‌شه‌نه ده‌كات و جاران ئه‌گه‌ر له كه‌ناڵێكی راگه‌یاندن باسی گه‌نده‌ڵی له فه‌رمانگه‌یه‌ك یا وه‌زاره‌تێك بكرابایه، ئه‌و لایه‌نه هه‌ر زوو شه‌رم ده‌یگرت وده‌هاته‌َگۆ وبه‌رگری له به‌رائه‌تی ده‌زگاكه‌ی ده‌كرد، كه‌چی ئێستا رۆژانه لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌كان و رووپه‌ڕی سایته‌كان به‌و هه‌واڵانه ره‌شده‌كرێنه‌وه، كه‌چی ئه‌و به‌رپرسه حه‌یاتانه‌ی ئێمه وه‌ك ئه‌وه‌ی مێشیش میوانیان نه‌بێت هه‌ر به‌خه‌یاڵیشیاندا نایه‌ت، چونكه ئه‌گه‌ر زۆری بۆ بێنن ئه‌وه ئاماده‌یه یه‌كسه‌ر له‌دیمانه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی باسی هه‌موو ئه‌و پرۆژانه ده‌كات كه‌له‌به‌رنامه‌یاندایه جێبه‌جێیبكه‌ن و كۆمه‌ڵێك هیواو ئومێد و خه‌یاڵات ده‌خاته نێو دڵی تاكی ئه‌م نیشتمانه وخۆشی مێش میوانی نییه چونكه هیچ رۆژێك له‌وه به‌رپرس نییه كه ئه‌و قسانه بكاته كردار، نه‌له‌لایه‌ن خه‌ڵك و نه‌له‌لایه‌ن به‌رپرسانی سه‌رووی خۆشیه‌وه لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت.
بازیاتر له‌وه له‌باسه‌كه‌م دوورنه‌كه‌ومه‌وه، له‌رۆژی 25/12 سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی پێشوازیكرد له ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی خۆمان، كه‌تیایدا باس له كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و بواره‌كرا، دوای ئه‌وه‌ش له هه‌فته‌نامه‌ی میدیا ورادیۆی نه‌وا له میانه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی رادیۆیی و نوسینێكی خاتوو (نیاز عه‌بدولڵا) و رێپۆرتاژێكی رۆژنامه‌نووس (عه‌بدولغه‌فار عه‌بدولڵا) تیشك خرایه سه‌ر ئه‌و سه‌ردانه‌و چه‌ندین راو وبۆچوونی جیاواز هاته‌كایه‌وه، ئه‌م چه‌ند ووشه‌یه‌ی به‌نده‌ش شیكاریكردنی لایه‌نێكی تری ئه‌و سه‌ردان وپێشوازیكردنه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه.
جارێ ده‌مه‌وێت له‌وه ده‌سپێبكه‌م كه‌منه‌ت نییه بۆ هیچ سه‌ركرده‌یه‌ك كه‌له‌نزیكه‌وه له‌گه‌ڵ چین وتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا دابنیشێت وگوێ له كێشه وسكاڵا و كه‌موكورتییه‌كانیان بگرێت ونابێ ئه‌وه‌ش بكرێت به‌چاكه‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌وخه‌ڵكه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م پێشوازیكردنه یه‌كێكه له ئه‌ركه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌و مافێكی ئاسایی هه‌ر هاووڵاتیێكه له‌و كاتانه‌ی كه‌پێویسته ئه‌و به‌رێزانه ببینێت، گرنگیدانیش به ره‌وشی نێوخۆی كۆمه‌ڵگا وئاگاداربوون له كێشه‌و گرفته‌كانی یه‌كه‌یه‌كه‌ی چین وتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا هیچی كه‌متر نییه له داڕشتنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ورێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی هه‌رێم، له‌لایه‌كی تر به‌رێزتان كه وه‌ك سه‌رۆكی كوردستان پێشوازی له‌و هونه‌رمه‌ندانه ده‌كه‌یت، زۆر پێویست ده‌كات ئه‌و شوێنه‌ی كه پێشوازییه‌كه‌ی لێده‌كرێت شوینێكی جیاواز بێت له مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كه‌ی به‌رێزت یا هه‌ر داموده‌زگایه‌كی حیزبی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر پێویسته خۆت یه‌كه‌م كه‌س بیت كه هه‌وڵبده‌یت هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی حیزبی وره‌سمی خۆت جیابكه‌یته‌وه، كاتێ كه وه‌ك سه‌رۆكی حیزب پێشوازی له‌و كه‌سانه ده‌كه‌یت مافێكی ئاسایی خۆته كه به‌رپرسه‌حیزبییه‌كان له‌و كۆبوونه‌وه ئاماده‌بن، به‌ڵام كاتێ تۆ وه‌ك سه‌رۆكی هه‌موو كوردستان پێشوازییان لێده‌كه‌یت، نازانم بوونی ئه‌و پیاوه حزبییانه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه چ مانایه‌ك ده‌به‌خشێت كه ئه‌وان پۆستێكی ره‌سمی حكومی په‌یوه‌ندارییان نییه، ته‌نانه‌ت په‌یوه‌نیكردن به‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ش له‌رێگه‌ی كه‌سانی حیزبییه‌وه گرێ‌دراو رێكخراوی هونه‌رمه‌ندانیش كه رێكخراوێكی پیشه‌یی هونه‌رمه‌ندانه له‌و بارودۆخه بێئاگابوون ونوێنه‌ریشیان له‌و كۆبوونه‌وه به‌شداری پێنه‌كرا، ئه‌مه‌ییان له‌وه زیاتر هیچ ماناییه‌ك نابه‌خشێ جگه له‌وه‌ی ئه‌و براده‌ره حیزبیانه‌ی كه‌خۆیان له هه‌موو كاره فه‌رمییه‌كانی تۆ هه‌ڵده‌قورتێنن، تا ئێستا ناتوانن به‌چاوی سه‌رۆكی كوردستانه‌وه سه‌یری تۆ بكه‌ن و پۆسته حیزبییه‌كه‌ی تۆیان له‌و پۆسته لا گرنگتره كه‌تیایدا تۆ سه‌رۆكی كوردستانی، یا ره‌نگه بچێته ئه‌و ده‌رگایه‌ی كه نازكردنی ئه‌و به‌رپرسه حیزبییانه بێت به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ی پێشوازییان لێكراوه و پێیان بڵێن راسته كاك مه‌سعود سه‌رۆكی كوردستانه، به‌ڵام له‌و پایه‌شدا هه‌ر ئێمه‌ین كه وه‌كو حیزب رێكخه‌رو بڕیارده‌ری هه‌موو كایه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و پۆسته گرنگه‌ی كوردستانین.
خاڵێكی تر كه گرنگه لام باسی لێوه‌بكه‌م ئه‌وه‌یه كه ستایشی ئه‌و پێشوازییه بكه‌م، به‌ڵام خۆده‌بێ بپرسم دوای گوێگرتن له كێشه وگرفته‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه، ئه‌و میكانیزمه چییه كه‌له‌رێگه‌یه‌وه ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، ره‌نگه به‌بوونی وه‌زیری رۆشنبیری له‌و كۆبوونه‌وه ته‌نها وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بێت، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه تا چه‌ند وه‌زاره‌تی رۆشنبیری موئه‌هه‌ڵ وشایسته‌یه‌ی ئه‌وه‌یه كه بتوانێت ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ربكات، ئه‌وه‌تا هه‌ر خودی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له قه‌یراندایه وهه‌موو به‌رَێوه‌به‌رایه‌تییه گشتی و سه‌ره‌تاییه‌كانی له گێژاوێكی گه‌وره دان و تا ئێستاش نه‌یتوانیوه میكانیزمێك بۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی وه‌زیفی راست دروستبكات، ئه‌وه‌تا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌رێی كۆمه‌ڵێك ده‌زگای تایبه‌ته‌وه چه‌ندین پڕۆژه‌ی روناكبیری و كه‌لتووری ده‌كات بێئه‌وه‌ی راوێژێك به‌و وه‌زاره‌ته تایبه‌تمه‌نده بكات وله‌لایه‌كی تریش وه‌زاره‌تی دارایی به‌ئاره‌زووی خۆی پرۆژه‌كانی ئه‌و وه‌زاره‌ته ته‌خشان وپه‌خشان ده‌كات و بودجه‌ی كاره‌كان ده‌كاته نیوه جا تۆزێك زیاتر یا كه‌متر، هه‌ندێك كاریش كه‌له‌و وه‌زاره‌ته‌و به‌رَێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی به‌رزكراوه‌ته‌وه به ته‌واوی له دارایی په‌كیان ده‌كه‌وێت وپشتگوێده‌خرێن، هه‌ر كارێكیش ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌دوور و نزیك چاودێری و به‌دواداچوونی بۆ نه‌كات، ئه‌وه بێگومان ئه‌و كاره له‌وی په‌كی ده‌كه‌وێت و ده‌خه‌وێت، ئینجا گرنگ نییه ئه‌و كه‌سه له پۆستێكی حزبی یا حكومی بێت، جا وه‌زاره‌تێك خۆی خاوه‌ن ئه‌و هه‌موو كێشه‌یه بێت، ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه نه‌توانێت میكانیزمێكی كاركردن له‌و وه‌زاره‌ته پیاده بكات وئیشه‌كانی بێسه‌روبه‌ر به‌ڕێوه بچن وتاكه سه‌ته‌لایتی حكومه‌ت نه‌توانێت ئه‌كتیڤ بكات، ده‌بێ ئه‌و وه‌زاره‌ته چۆن بتوانێت ببێته ئه‌و فریادڕه‌سه‌ی كه كێشه وگرفتی هونه‌رمه‌ند ورۆشنبیر له‌بواره جیاوازه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، له‌كاتێكدا خۆی پێویستی به فریادڕه‌سێك هه‌یه.
ئه‌وه‌تا دووساڵه كێشه‌ی رێزلێنان وسه‌ندوقی خانه‌نشینی هونه‌رمه‌ندان ئه‌و ده‌ست ئه‌م ده‌ست ده‌كات بێئه‌وه‌ی بتوانن به ئاقارێكدا بكه‌ون، یا چه‌ند ساڵێكه‌ی كێشه‌ی نه‌بوونی هۆڵی شانۆ وسینه‌ماو ئۆپێراو گه‌له‌ریی ده‌خرێته به‌رده‌میان بێئه‌وه‌ی بتوانن ته‌نانه‌ت نه‌خشه‌یه‌كی رێگاش دابرێژن بۆ هه‌نگاو نان بۆ دروستكردنی هۆڵه‌كان و نوژه‌نركردنه‌وه‌ی هۆڵه كۆنه‌كان، ئه‌وه باسی بودجه وخه‌رجكردنی پاره بۆ هونه‌رمه‌ندان وپرۆژه هونه‌رییه‌كان ناكه‌م، كه جاری وایه بوودجه‌ی دوو یا سێ فیستیڤاڵ بۆ فیستیڤاڵێك خه‌رجده‌كرێت، وه‌ك فیستیڤاڵه‌كه‌ی جگه‌ر خوێن، له‌بواره‌كانی شانۆ و سینه‌ماو دراما‌و دروستكردنی سیدی و كلیپیش به‌و شێوه‌یه به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌وانه‌ی پشتی به‌هێز وقایمیان هه‌یه وبه‌كوڕه ره‌سه‌نه‌كانی حیزب ده‌ژمێردرێن، هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه و هه‌موو ده‌رگاكان بۆیان له‌سه‌ر پشته، ئه‌وانه‌ش كه شه‌رمده‌كه‌ن هونه‌رو فیكریان بخه‌نه مه‌زادخانه‌وه هه‌رده‌م له‌و دیو ته‌ڵبه‌ندی شیشی وه‌زاره‌ته‌وه ده‌بێت چاوه‌ڕێ بكه‌ن.
له‌لایه‌كی تر هه‌ندێ داخوازی پڕ شه‌رمه‌زاری ئه‌و گۆرانیببێژه بانگكراوانه زیاتر روویه‌كی ناشیرینی به هونه‌رمه‌ندو به‌و كۆبوونه‌وه به‌خشی، ده‌بێ كه‌ی هه‌ندی به‌ناو گۆرانیببێژ و هونه‌رمه‌ند له‌وه بگه‌ن كه گه‌وره‌یی هونه‌رمه‌ند له گه‌وره‌یی هونه‌ره‌كه‌یه‌تی، ئێوه به‌وه گه‌وره نابن كه خانووی به‌رزتر وسه‌یاره‌ی مۆدیڵ به‌رزترتان هه‌بێت، ئێوه به‌وه گه‌وره‌ن كه بتوانن به هونه‌ره‌كه‌تان سه‌ركرده گه‌وره‌كان ناچاركه‌ن له‌به‌رده‌م گه‌وره‌یی هونه‌ره‌كه‌تان هه‌ستنه‌سه‌رپێ، نه‌وه‌كو ئێوه له‌به‌رده‌م داخوازییه قه‌به‌و ناهونه‌ریه‌كانتان بچنه سه‌ر چۆك، من له‌و كۆبوونه‌وه گه‌وره‌ییم له هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند بینی كه بێشه‌رم وسڵكردنه‌وه پێداگرییان له مافی هونه‌رمه‌ند ده‌كرد، به‌ڵام له‌وه زیاتر هه‌ستم به‌شه‌رمه‌زاری ده‌كرد كه هه‌ندێك به‌ناو هونه‌رمه‌ند له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵێك داخوازی زۆر بچووك له‌ماناو ناوه‌ڕۆكدا، هونه‌رمه‌ندییان بچوككرده‌وه.
جا گه‌وره‌م سه‌رۆكی كوردستان، كێشه‌كانی ئێمه لێره‌ن، به‌شێكی په‌یوه‌سته به حكومه‌تی دامه‌زراوه‌یی ئێوه و ئه‌و میكانیزمه نارۆشه‌نه‌ی كه به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، به‌شێكیشی تریشی په‌یوه‌سته به تێخزانی چه‌ندین كه‌سی ئێره‌و ئه‌وی له‌نێوه‌نده هونه‌رییه‌كه، كه‌من ئه‌وه‌ش هه‌ر بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ئێره و ئه‌وێی حیزبی له دامه‌زراوه حكومییه‌كان ورێكخراوه پیشه‌ییه‌كان ده‌گێڕمه‌وه، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت بزانم چاره‌سه‌ركان له كوێن، كوان ئه‌و میكانیزمه‌ی كه پێویسته بۆ چاككردنی ئه‌و ره‌وشه پیاده بكرێن؟ ره‌نگه ئه‌م وه‌ڵامه‌ش هه‌ر لای به‌رێزت و پله‌دارانی ئه‌و سیستمه ئیدارییه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی كه ئێوه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌ن ده‌ستبكه‌وێت.
