... هه‌ر كه له جاده گشتییه‌كه لاماندا ئاسه‌واری كه‌لاوه‌كان له دووره‌وه بوو به به‌شێك له‌و دیمه‌نه تۆز‌و خۆڵاویه‌ی وه‌رزی هاوینی دێیه‌كه‌مان له ناو ته‌ڕاویلكه‌ی گه‌رمای هاویندا شه‌پۆلی هارمونی ناڕیكی ده‌دا، پڕ به سییه‌كانم ئه‌و هه‌وایه‌م هه‌ڵمژی كه حه‌ڤده ساڵ بوو ده‌موویست هه‌ڵی مژم، به‌لام ئاخ هه‌رگیز ئه‌و هه‌وایه نییه، ئه‌و هه‌وا پڕ له سۆزوخۆشه‌وویستییه‌ی كه له ڕۆژێكی به‌هاری پڕ له كاره‌سات و تراژیدیادا به جێ‌مان هێشت، ئه‌وسا ئۆتومبیله‌كان یه‌ك یه‌ك بۆ دواجار به‌ره‌و جاده‌ی شارڕۆیشتن و نه‌گه‌ڕانه‌وه، مرۆڤه‌كانیش له‌م دونیای فراوانی خوایه‌دا له ڕۆژێكی ڕه‌شه‌بادا بوون به ئاردی ناو دڕك، تاكو ئێستاش كه‌س نه‌یتوانیوه كۆیان بكاته‌وه. جاریكی تر پڕ به سییه‌كانم هه‌ناسه‌م هه‌ڵكێشایه‌وه، ئۆتومبیله‌كه له‌و ڕێگا خۆڵه پڕ تاسه‌یه‌دا كه‌وته له‌نجه‌و گیانی منیش له جه‌سته‌م هه‌وڵی هه‌ڵفڕینی ده‌داو پێش خۆم ده‌كه‌وت تاكو بۆ جارێكی تر ئاوێزانی ئه‌و خاك و خۆڵه ببێته‌وه، له ناخمدا لاوكێكی پڕ له حه‌سره‌ت و سۆز و تاسه‌ی بۆ خۆشه‌ویستییه‌كی به‌دی نه‌هاتوو ده‌ووت.
گرده‌كه‌ی شێخ له خۆرئاوایه‌وه به هه‌زاران ساڵه وه‌كو كیسه‌ڵێك له شوێنی خۆیدا چه‌قیوه گۆڕه‌كانی قه‌د پاڵه‌كه‌ی هێمای ڕۆژگارێكی دوور‌و درێژی پڕ هه‌وڵ و كۆشش و خۆڕاگری خه‌ڵكه‌كه‌ی بوو، كێله‌كانی گۆڕی باپیرم هه‌ر وا به‌و بڵندیه‌ی ماوه‌ته‌وه، نازانم بۆچی كێله‌كانی ئه‌ویان هێند بڵند دانابوو، مامم له سه‌ره مه‌رگدا ووتی كاتی خۆی باوكت ئه‌و به‌ردانه‌ی له كانه به‌رده‌كانی ڕه‌حیاواوه هێنا بوو. به لای ئه‌و كوخانه‌دا تێپه‌ڕ بووین كه عه‌ربه‌كان له نزیك جاده‌كه دورستیان كردبوو، هه‌ر به ناو خانوو بوون چونكه دیاربوو باش زانیبوویان كه ئه‌وه خاكی خۆیان نییه و داگیریان كردووه و هه‌ر ده‌بێت ڕۆژێك به جیی بهێڵن و بگه‌ڕێته‌وه بۆ خاوه‌نه‌كانیان.
جارێكی تر له تافی منداڵیمدا دێیه‌كه‌مانیان سووتاند، جاریكی تریش ماڵه‌كانمانیان به تالان برد، ئێمه‌ش له یادگار ێكی دووری ته‌م و مژاویدا به ئۆتۆمبیله‌كه‌ی هادی عاره‌ب چووین بۆ وویستگه‌ی شه‌منده‌فه‌ره هه‌ڵمینه‌كه و له‌وێوه به شه‌منده‌فه‌ر چووین بۆ (شارۆچكه‌ی كفری) له په‌نای خزمێك و له دۆخی باوكێكی به‌ندكراوو گوندێكی سووتاو ماڵێكی تالانكراو و خێزانێكی ڕه‌ش ورووت و ئاواره و بی نازدا فێری شتێكی زۆر گرنگ بووین فێری خۆڵ خواردن بووین. هه‌موومان خۆڵمان ده‌خوارد، به‌لام هه‌رگیز ئه‌و خۆڵه تاسه‌ی برسییه‌تی ئێمه‌ی نه‌ده‌شكاند، بۆیه له شه‌وه‌زه‌نگی تاریكی و سه‌ختی یادگاره‌كانماندا به حه‌سره‌ته‌وه هانامان بۆ منداڵه هاوڕیكانمان ده‌برد ’ به‌لام هاواره كپ كراوه‌كانمان بی وه‌لام ده‌مانه‌وه بۆیه ئێمه‌ش زیاتر و زیاتر خۆڵمان ده‌خوارد به‌لام دیسان خۆڵه‌كه ئێمه‌ی تێر ناكرد.
جاری دووه‌م كه گونده‌كه‌ی ئێمه‌یان سووتاند وویستیان یادگارییه‌كانمان بسوتینن، كوێخایان گولله باران كرد، خه‌ڵكه‌كه‌یان توقاند، مزگه‌وته‌كانیان به سه‌ر قورئاندا رووخاند، مه‌ڕه‌و ماڵه‌كانیان به تالان برد، بۆیه له و ڕۆژه‌وه عاره‌ب له دێیه‌كه‌ی ئێمه‌دا بووه به هێمای تالان، یادگارییه‌كانی ئێمه‌ش له دوو توێی لاپه‌ڕه‌كانی مێشكماندا بوو به لاپه‌ره پیرۆزه‌كانی ئا‌ڤێستا و بۆ هه‌تا هه‌تا له له ناوچوون رزگاری بوو، جارێكی تریش ده‌ستمان كرده‌وه به خۆڵ خواردن، خۆڵی گه‌ڕه‌كه‌كانی ڕه‌حیماوه و ته‌په و ئیمام قاسم و شوڕیجه‌مان خوارد. تێر خۆڵمان خوارد.
جاری سێیه‌م پێش حه‌ڤده ساڵ بوو دێیه‌كه‌ی ئێمه‌یان خاپوور كرد، خاپوور كردنێك له گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌ختیان كرد، فریشته‌كانی خوایان له هه‌موو ئه‌و ده‌ڤه‌ره تاراند و ده‌ڤه‌ره‌كه‌یان چۆڵ كرد، هه‌رزه‌كاره‌كانیان تیر باران كرد، كه هه‌واڵیانمان پرسی ووتیان له شه‌وه‌زه‌نگی تاریكدا له ده‌ستمان هه‌لاتوون، پاشان ته‌رمه به بیژه‌نگ كراوه‌كانیان له ژێر ده‌مه خۆڵی شۆڤه‌ڵه‌كانه‌وه ده‌رچوو، ئه‌وه‌تا ئێستا گۆڕه‌كانیان هه‌موو ساڵێك گوڵی زه‌ردو سوور ی له سه‌ر ده‌ڕوی و له به‌هارێكی زوودا به ته‌مه‌ن كورتی سیس ده‌بنه‌وه‌و هه‌ڵده‌وه‌رێن و ده‌بنه‌وه به خاك تاكو بۆ نه‌ورۆزێكی تر و جارێكی تر سه‌ر هه‌ڵبده‌نه‌وه، هه‌ر وه‌كو خۆمان هه‌رچه‌ند ئاواره كرابین خۆڵمان خواردووه و پاشان هه‌روه‌كو ئه‌م ساتانه وه‌كو گوڵی سه‌ر گۆڕه‌كان گه‌ڕاوه‌تینه‌وه.
هه‌رچه‌ند به سه‌ر جاده گشتییه‌كه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بووم یادگارییه‌كانم چاومیان پڕ له حه‌سره‌ت و تاسه ده‌كرد، تاسه‌ی ڕۆژگاری عیشق و خۆشه‌وویستی خونچه له ناخمدا وه‌كو ده‌وه‌نێكی خۆڕسك ده‌ڕوا، پاشان گه‌شه‌ی ده‌كردو ده‌بوو به دار به دارێكی سه‌وزی پڕ له به‌ر، به‌ری ماچ، به هه‌زاران ماچی ده‌گرت، ماچی زه‌ردو سوور، درشت و وورد، به هه‌زاران خه‌نده‌ی ده‌گرت، بزه‌خه‌نه و نه‌رمه پێكه‌نین، پیكه‌نینی میهرو خۆشه‌وویستی قاقای پیكه‌نین و ده‌ست گوشین، ده‌ست گوشین و ده‌ست له ملانی، به‌لام ڕه‌شه‌بایه‌كی پڕ له حه‌سره‌ت و گه‌لای وه‌ریو پڕ له ماچی وه‌ریو پڕ له خه‌نده‌ی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاو ئه‌و یادگارییانه‌ی كۆتایی پی ده‌هێنا.
نێوان ئێمه‌و ئاوایی ته‌نها به‌سته‌كه بوو، پاش حه‌ڤده ساڵ به‌سته‌كه له به‌ر چاوم زۆر هاتبووه‌وه یه‌ك لێواره‌كانی له غوربه‌تی بی ئێمه‌یدا خۆیان گرمۆڵه كردبووه‌وه سه‌ر یه‌ك و ده‌یانوویست باوه‌ش به یه‌كدا بكه‌ن و پشت له‌و مرۆڤه نامۆیانه بكه‌ن كه جێگه‌ی ئێمه‌یان گرتبووه‌وه.. ئه‌مه ئه‌و شوێنه‌یه كه هه‌رزه‌كاره‌كانیان تیا گولله باران كرد، ئاوی بارانی زستانی حه‌ڤده ساڵ نه‌یانتوانیوه ئاسه‌وه‌اری ده‌مه شۆڤه‌ڵكان بسڕنه‌وه، هه‌ر وه‌ك چۆن حه‌ڤده ساڵ له غوربه‌ت و ئاواره‌یی ئێمه نه‌یتوانیوه ئه‌و یادگارو بیره‌وه‌رییه تاڵ وشیرینانه ی ئێمه بسڕێته‌وه. ده‌مه شۆڤه‌ڵه‌كان ئاسه‌واری دڕنده‌یی زه‌مانێكی پڕ له وه‌حشه‌ت و سته‌میان تۆمار كردبوو، شوێنی گولله باران كردنی هه‌رزه‌كاره‌كانی له ناخی ئێمه‌شدا هه‌ڵ كۆڵیبوو.
له و ساته‌ی كه به‌ره‌و ئاوایی ده‌چووین زه‌مه‌ن و جێگا لای من پوكابوونه‌وه ته‌نها یادگارییه‌كانم تان‌و پۆی منیان دیاری ده‌كرد من و كات دوو هێڵی لێك دابڕاوی ته‌كو لۆ بووین، بۆیه هه‌ست نه‌كردنم به ڕێگاكه شتێكی ئاسایی بوو، له ناكاو ئۆتۆمبیله‌كه له شوێنی خۆی وه‌ستا، ڕێك ئه‌وه ناوه‌ندی ئاوایی بوو، كه ده‌رگاكانمان كرده‌وه وویستم بۆ یه‌كه‌مجار پاش حه‌ڤده ساڵ پێم بخه‌مه سه‌ر زه‌وییه پیرۆزه‌كه هه‌ر وه‌كو ئارمسترۆنگ كه بۆ یه‌كه‌مجار به ئاسپایی پیی خشته سه‌ر مانگ، منیش ژێر پیی خۆمم له سه‌ر زه‌وییه‌كه تاقی كرده‌وه، ئه‌مه ئه‌و شوێنه‌یه كه حه‌ڤده ساڵه له دووره‌وه ئاخی حه‌سره‌تی هه‌ناسه‌ی ساردمان بۆی هه‌ڵده‌كێشا، ئێستا ئه‌وه‌تا ڕێك له سه‌ری ڕاوه‌ستاوم، هه‌موو هزر و بیرم پڕبوو له هه‌ستی جۆراوجۆر، هه‌سته‌كانم وه‌كو پۆلی چۆله‌كه‌ی بزێو، وه‌كو تۆپه‌ڵێك له ڕه‌نگی شه‌به‌نگی په‌لكه زێڕینه ده‌ورژان و ڕه‌نگه‌كان تێكه‌ڵ وپێكه‌ڵ ده‌بوون، له ناو ئه‌و هه‌ستانه‌دا، كێڵگه زه‌رده‌كانی گه‌نم له چوارده‌وره‌ی ئاوایی له ژێر كاریگه‌ری بادا له‌نجه‌یه‌كی ناسكیان ده‌كرد، ئه‌و دیمه‌نه هی سه‌رده‌مانێكی زۆر دوور بوو دوورتر له و حه‌ڤده ساڵه‌ی كه ئێمه له ئاوایی دوور بووین، ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ری شاران بووین، ئه‌و ئاواره‌یییه كه برینیكی هه‌تاهه‌تایی له ناخماندا دورست كرد و بووه مه‌شخه‌ڵی عیشقێكی ئه‌به‌دی بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ناخی خۆمان... بۆ ئاوایی.
هه‌نگاوه سست و شه‌ڵه‌ژاوو پڕ له خۆشی و یادگاری تاڵ و شیرین و هه‌ستی وورژاو بردمیانه ناوه‌ند كه‌لاوه‌ی ئه‌و ژووره‌ی كه جیژووانی من و خونچه بوو، بی بیركردنه‌وه داچه‌مامه‌وه و له ناوه‌ندی ژووره‌كه پڕ به مستم خۆڵم ڕنی و كردمه ناو له‌پمه‌وه و یه‌كسه‌ر ده‌ستم كردن به خواردنی، به‌لام ئه‌مجاره‌یان خۆڵه‌كه له هه‌موو جاره‌كانی تر جیاواز بوو، له هه‌موویان به‌تامتر بوو چونكه تامی به‌یه‌ك گه‌یشتنی دوو عاشقی ئه‌به‌دی ده‌دا.
