په‌ندێکی پێشینیان هه‌یه له نێو زۆر نه‌ته‌وه‌دا به شێوه‌ی جۆراوجۆر وتراوه و هه‌مان مانا ده‌گه‌یه‌نێت، باب و باپیرانی خۆشمان ئاوایان گوتوه:"به گوڵێک به‌هار نایه‌ت". ئه‌گه‌رچی من کردنه‌وه‌ی ته‌له‌فزیۆێکی کوردی سه‌ر به ده‌وڵه‌تێکی داگیرکه‌ر وه‌کو گوڵێک ته‌ماشا ناکه‌م، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌ی که خۆیان پاش نه‌وه‌د ساڵ دێن و که‌ناڵێک به کوردی داده‌نێن له کاتێکدا له‌و ماوه زۆره‌دا ده‌یانگوت زمانێک نییه ناوی زمانی کوردی بێت و نه‌ته‌وه‌یه‌ک نییه ناوی کورد بێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و نییه"تورکی چیاین"، شتێکی خراپ نییه، به‌ڵام شایه‌نی ئه‌وه‌یش نییه کورد وا خۆی بۆ سووک بکات. ئه‌وه‌ی که به‌لامه‌وه سه‌یره ئه‌وه‌یه که چۆن هه‌ندێک کوردی دۆ نه‌دیو، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که تا ئێستا دوو دێریان له‌سه‌ر تاوانه‌کانی تورکیا نه‌نووسیوه، که‌وتوونه‌ته پروپاگه‌نده بۆ ئه‌و که‌ناڵه کوردییه و پێیان وایه که ئیتر ده‌رگایان به‌ڕودا کراوه‌ته‌وه و تورکیا ده‌بێت به کوردیا.
چه‌ند مانگێک پێش ئێستا سه‌رۆک وه‌زیرانی تورک ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان به ئاشکرا و بێ په‌رده به تورکییه‌کی په‌تی وتی: یه‌ک زمان، یه‌ک ئاڵا، یه‌ک میلله‌ت، ئه‌وه‌یشی ئه‌مه‌ی به دڵ نییه، ده‌توانێت ئه‌م وڵاته به‌جێبهێڵێت. قسه‌کانی ئه‌ردوغان، کاوێژکردنه‌وه‌ی هه‌مان قسه‌کانی وه‌زیرێکی تورک بوو که له ساڵانی سییه‌کاندا وتبوی: کورد ته‌نها یه‌ک مافیان هه‌یه له‌م وڵاته‌دا ئه‌ویش نۆکه‌ری کردنه بۆ تورک، ده‌نا فه‌رموون بارکه‌ن بڕۆن.
پرسیاره سه‌ره‌کییه‌که‌ی که ئه‌وانه‌ی نایه‌نه‌وێت بیکه‌ن و خۆیانی لێ ده‌زنه‌وه ئه‌وه‌یه، ئایا به کردنه‌وه‌ی ته‌له‌فزیۆنێک کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ده‌بێت؟ ئایا کردنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌لفزیۆنه له خۆشه‌یستی ئه‌ردوغانه بۆ کورد یانیش به‌رهه‌می خوێن و ماندووبون و ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌یان هه‌زار کوردی وڵاتپارێزه؟ وه‌ڵامه‌که‌ی روون و ئاشکرایه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی که به مه‌نجه‌ڵێک ئاو که‌توونه‌ته مه‌له‌کردن نایه‌نه‌وێت، وه‌ڵامه‌که‌ی بژنه‌ون. مه‌گه‌ر له باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ته‌له‌فزیۆن و رۆژنامه و ڕادوێی کوردی که‌من، ئیتر کورد ناکوژن و کولتووره‌که‌مان تاڵان ناکرێت؟ مه‌گه‌ر سه‌ددام حسێن ده‌یان جار به ڕانکوچۆغه‌ی کوردییه‌وه خۆی نه‌ده‌کرد به شاره‌کانی باشووری کوردستاندا، خۆ ڕه‌نگه ئێستایش وێنه‌کانی سه‌ددام به جلی کوردییه‌وه له ماڵی هه‌ندێک له سه‌رۆک جاشه‌کان و کۆنه به‌عسییه‌کاندا، هه‌ڵواسرابێت، هه‌ر ئه‌وکاته کورد ئه‌نفال ده‌کرا و هه‌ڵبجه‌یش کیمیاویباران ده‌کرا. ئه‌حمه‌دی نه‌ژادیش به ڕانکوچۆغه‌ی کری کوردییه‌وه سه‌ردانی سنه‌ی کرد و خاته‌میش ڕێزی له کورد نا به‌وه‌ی که به‌درێژای مێژوو، سنوورپارێزی ئێران بوون، که‌چی کێشه‌که هه‌ر وه‌کو خۆی ماوه‌ته‌وه و نه‌ک هه‌ر ئه‌وه ئێستا ڕۆژانه سنووره‌کانی باشووری کوردستان له‌گه‌ڵ برا موسڵمانه تورکه‌کانیان ده‌ده‌نه به‌ر بۆمبا و له‌و لایشه‌وه هه‌ردووک لایان فرمێسکی تیمساحیانه بۆ خه‌ڵکی غه‌زه هه‌ڵده‌رێژن. ده‌کرێت ده‌یان ئه‌رگومێنتی دیکه‌یش ریز بکه‌ین.
باشووری ئه‌فریقا ده‌یان ساڵ سیاسه‌تی ئاپارتایتیان به‌سه‌ر ڕه‌شپێسته‌کاندا سه‌پاند، به‌ڵام ته‌نها کاتێک برینه‌کانیان سارێژ بوو که ماندێلا ئازاد کرا و ئاڵای وڵاته‌که‌یان گۆڕی و یاسا بنه‌ره‌تییه‌کانیان توڕهه‌ڵدا و یاسای نوێیان داڕشت که یه‌کسانی نێوان ڕه‌شپێست و سپیپێسه‌کانی پێ گه‌رانتی کرا. ئیتر ئه‌ردوغان به کوردی بڵێت ته‌ره‌ته‌ی 6 به‌خێر بێت یان نه‌یه‌ت، هیچ له مه‌سه‌له‌که ناگۆڕێت، له کاتێکدا یاساکانی تورکیا جگه له تورک هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌یان قبوڵ نییه.
بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی کورد به ڕابه‌رایه‌تی (پ. ک. ک)، له باکوور، چه‌ند ساڵێک پێش له زۆر وڵاتی ئه‌ندامی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، که‌ناڵی کوردی (مێد تێڤێی) دامه‌زارند که هه‌ندێک له‌و کرمانجانه‌ی ئێستا ده‌ستبه‌سنگه‌وه بۆ ته‌ره‌ته وه‌ستاون، ته‌نانه‌ت نه‌یانده‌توانی دوو دێڕی کوردی بنووسن و بڵاوبکه‌نه‌وه. ئێستا کورد ده‌یان که‌ناڵی خۆی هه‌یه، ئه‌وه‌ی په‌کی لێنه‌که‌وتبێت، که‌ناڵی ته‌ره‌ته‌یه.
له باشووری کوردستان، نیمچه ده‌وڵه‌تێکی کوردیی هه‌یه و سه‌رۆککۆماری عێراق کورده و ده‌یان په‌رله‌مێنتار و وه‌زیری کورد، له به‌غدان، به‌ڵام ده‌بینین چۆن داگیرکه‌ر سووکایه‌تی به کورد ده‌کات و ڕازی نابێت گوندێکی داگیرکراوی باشووری کوردستان بگه‌ڕێته‌وه ژیڕ ده‌سته‌ڵاتی کوردیی.
ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت به به‌ردێک دوو چۆله‌که بکوژێت، له لایه‌ک به ئه‌وروپا بڵێت، ئه‌ها زمانی کوردیمان ئازاد کردووه، له لایه‌کی دیکه‌وه ده‌نگده‌رانی کورد هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنێت که له هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کاندا که له دوای نه‌ورۆز ده‌کرێت، ده‌نگی پێبده‌ن و به‌ره‌که له ژێر پێێ پارتی ده‌ته‌په ڕابکێشێت، به‌ڵام پێناچێت کوردی باکوور به‌و فرت و فێڵه هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێن و به‌ده‌ستی خۆیان گۆر بۆ خۆیان هه‌ڵبکه‌نن، شیمانه‌ی ئه‌وه ده‌کرێت که نه‌ک دیاربه‌کر به‌ڵکو زۆربه‌ی شاره‌دارییه‌کانی باکووری کوردستان بکه‌ونه ژێر ده‌ستی وڵاتپارێزانی کورده‌وه. ئه‌و کاته نه‌ک ته‌له‌فزیۆن به‌ڵکو ده‌توانن به ئاسانی داوای گۆڕینی یاسا ره‌گزه‌په‌رستییه‌کانی تورکیا بکه‌ن، که ته‌نها ڕێگایه بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له باکوور و کردنه‌وه‌ی ده‌رگایه به‌ڕووی زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی‌دا و ڕمانی یه‌کجاره‌کی که‌مالیزمه.
کورد زستانێکی سه‌ختی له‌پێشدایه، جارێ کاتی فڕێدانی جلی زستانه نه‌هاتووه و ئاگردانه‌کانی کورد ده‌بێت کڵپه‌یان بێت و نه‌کوژێنه‌وه.
