ئاوڕدانەوەیەک لە تاکتیکەکانی دیکتاتۆری لە ئێران بۆ مانەوەی لە سەر کورسی! ... عەبدوڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

ئاوڕدانەوەیەک لە تاکتیکەکانی دیکتاتۆری لە ئێران بۆ مانەوەی لە سەر کورسی! ... عەبدوڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

دیکتاتۆری و دژە دیکتاتۆری لە ئێران!

بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت و پێشخستنی ستراتیژیی "ڕووخاندنی"، پێویستی هەیە بە "ناسینی" مەیدانی و قووڵی دیکتاتۆرییەت. ئەگینا "هێزی رووخێنەر و دژە دیکتاتۆرییەت" لەلایەن دەسەڵاتەوە "بە لاڕێدا دەبرێت" یان "قووت دەدرێت"، یانیش "هاوتەریب دەکرێت". ئەم چارەنووسە بە درێژایی مێژوو، چەندین جار لە وڵاتانی جیهان بە ئەزموون کراوە. یەک لەوان لە ئێران!

لە ئێران، کە خاڵێکی ستراتیژییە لە جوگرافیای زەوی و ژیۆپۆلەتیکی ناوچەکەدا، رژێمە دیکتاتۆرەکان یەک لە دوای یەک حوکمڕانییان کردووە و ئێستا گەیشتووە بە دیکتاتۆرییەتی مەزهەبیی ویلایەتی فەقیهی. بۆیە دەسەڵاتی ئێستای ئیران میراتبەریی هەموو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانە و دزێوترینیانە!

کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم هەرگیز نەیانهێشتووە دەسەڵاتێکی جەماوەری حوکمڕانیی ئێران بکات! ئەوەی ئێستا لە ئێراندا دەگوزەرێت، رووبەڕووبوونەوەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازە، کە تێیدا زانیارییەکی قووڵ و مەیدانیی لە سەر دیکتاتۆرییەت پێویستە بۆ سەرکەوتن. کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم هێشتا لە هەوڵی ئەوەدان مێژوو ناچار بکەن خۆی دووبارە بکاتەوە. بەڵام ئەم سیاسەتە یان ستراتیژە، لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا شکستی هێناوە. چونکە لەم سەدەیەدا مرۆڤ بەدوای گۆڕانکاری گەورەدا دەگەڕێت کە جوگرافیای ژیانی خۆی فراوانتر بکات. لە هەمان کاتدا ئەم سەدەیە "سەدەی رزگاربوون"ی گەلانە لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان. بە تایبەت لە ئێران کە ئێستا لە هەموو لایەکەوە دەنگی شکاندنی ئێسک و پرووسکی دیکتاتۆرییەت بەر گوێ دەکەوێت!

مەحاڵە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە مانەوەی رژێمی ئایینی لە ئێران، بە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری بگات. هەر لەبەر ئەمەشە کە خەڵکی ئێران پێیان وایە پێویستە ئەم دەسەڵاتە بڕوخێندرێت و بەم کارەش ​​ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو بوارەکانی مرۆڤایەتیدا دەچێتە قۆناغی گەشەسەندن و پشکوتنی خۆیەوە.

رژێمی ئێران بە رێگەی خراپ بەکارهێنانی هەست و سۆزی ئایینی خەڵکی ئێران و فێڵە تاکتیکی تایبەتی لەم ٤٥ ساڵەی رابردوودا لەسەر پێ ماوەتەوە. ئەو فێڵانەی کە بوونەتە بەربەستێک لە بەردەم خەڵک و بەرخۆدانیان و رووخاندنی ئەم رژێمەی  دواخستووە. ئەگەر سیاسەت و ستراتیژیی (سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی) نەبوایە، بە دڵنیاییەوە ئەم رژێمە تاکو ئێستا رووخێندرابوو.

ویلایەتی فەقیهی و هەندێک لە فێڵ و تەکتیکەکانی!

ڕەنگە ئەم پرسیارە هاتبێتە ئاڕاوە کە، بۆچی لە ناوچوونی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی ئەوەندەی خایاندووە و چ فاکتەرێک لەم بابەتەدا بەشدار بووە؟ پرسیارێک کە پێویستی بە زانین و داتای زیاترە لەسەر ئەم دەسەڵاتە!

ئاشکرایە کە (کێشەی سەرەکی) لە لاوازی و پەرشوبڵاوبوونی هێزەکانی دژە دیکتاتۆرییەتدا نییە، بەڵکو لە بوونی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی و بەتایبەتی فێڵکردن و تاکتیکی دژە مرۆیی ئەم رژێمەدایە کە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان و کوشتن، لە ژێر ناوی "سزای ئیسلامی!" ئەنجام دەدات. دەستدرێژی دەکاتە سەر کچان و ژنانی ئێرانی و فەرمانی بە هێزەکانی کردووە "بە ئارەزووی خۆیان تەقە بکەن". خەڵکی ئێرانی لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش کردووە، رێگە بە ئازادی و چالاکی سیاسی لە ناو ئێراندا نادات، "ئینتیساب (واتا دامەزراندن)"ی لە جێگەی "هەڵبژاردنی ئازاد" داناوە و، دەڵێت رەوایەتی دەسەڵاتیان لە لایەن "غەیب!"ەوە پێ بەخشراوە. بە مەبەستی چاوترسینکردن و تۆقاندن و سەرکوتکردن لە کۆمەڵگە، وە یان بە مەبەستی بە لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و پەڕاوێزخستنی (پرسی رۆژ) پەنای بردۆتە بەر "ئیعدام و سێدارە". پرۆژەی بە شەیتانکردن و دادگای نومایشی و دەزگاکانی بڵاوکردنەوەی درۆ لە دژی ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەتی (ئاڵتەرناتیڤی دیموکراتیک)ی بەڕێخستووە بۆ ئەوەی خۆی بە شەرعی و دیموکراتی نیشان بدات! لە نێوخۆی ئێراندا بە فێڵی جۆراوجۆر، تاوانەکانی خۆی دادەپۆشێت و هەندێک جار "بێدەنگیی ئامانجدار" پێ و شوێن دەگرێت بۆ ئەوەی "شەپۆلەکە" تێپەڕێت. هەندێک جار فەرمانی گشتی "لێبوردن" دەردەکات و تەنانەت هەندێک لە زیندانییەکان "ئازاد" دەکات و لەوەش گرنگتر، "دەیاننێرێتە دەرەوەی ئێران" بۆ ئەوەی سێبەر لەسەر پرسی "ناشەرعییەتی نیزام" درووست بکات و "پێویستبوونی رووخاندنی رژێم" بخاتە پەڕاوێزەوە. جار و بار بە هەندێک کاڵکردنەوەی حوکمەکانی دەزگای دادوەریی، رژێم خۆی وا نیشان بدات کە پارێزەری مافەکانی مرۆڤە. وا خۆی نیشان دەدات کە دانوستانکارە و کێشەکان بە ئاشتی چارەسەر دەکات. بێ ئەوەی باوەڕی پێی هەبێت. مەبەست لەمکارانە، دابەشکردن و پەرتەوازەکردنی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بە تایبەتی "ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیکی ئەنجومەنی نیشتمانی موقاومەت" و لاوازکردن و هەڵوەشاندنەوە و بێکاریگەربوونیەتی. بە مەبەستی بە لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و هەندێکجاریش بۆ رەتکردنەوەی رووداوەکە و چەواشەکاری، لایەنگرانی خۆی دەستگیر و زیندانی دەکات و تەنانەت لە سێدارەیان دەدات. لە ناوخۆی وڵاتدا، بەشێک لە کرێگرتەکانی خۆی لە ژێر ناوی "ڕیفۆرمخواز" بەکاردەهێنێت هەتا مەسێری  ناڕەزایەتی و راپەڕینی جەماوەری بە لاڕێدا بەرێت و خۆی وەک "بێ تاوان" نیشان بدات.

بەشێک لە تاکتیکەکانی ئەم رێژیمە لە دەرەوەی سنوورەکانیش بەم شێوەیەن: سەرکوتکردن لە ناوخۆی ئێراندا بە شەڕخوازی و شەڕفرۆشی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران پردەپۆش دەکات. لەوانە شەڕ لەگەڵ عێراق، یان شەڕفرۆشی و شەڕهەڵایسانی ئەمدواییەی غەززە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. خەڵکانی وڵاتانی بیانی بە بارمتە دەگرێت بۆ ئەوەی لە کاتی گونجاودا لەگەڵ تیرۆریستە دەستبەسەرکراوەکانی خۆی لەم وڵاتانە ئاڵوگۆڕیان بکات. یان بە پلانی داڕێژراو، (پرسی رۆژ)ی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەراوێز دەخات و لەو رێگەیەوە حکومەتەکان راکێشێت و هەڕەشەیان لێبکات بۆ بێدەنگبوون و بێکردەوەیی. رکابەرە سەرەکییەکەی و تاکە هێزی (ئاڵتەرناتیوی دیموکراتیک) و نەیارەکانیتر لە دەرەوەی سنوورەکاندا بە شەیتان بنوێنێت و هەڕەشە لە حکومەتەکان دەکات کە پشتگیری لەو ئێرانییانە نەکەن کە دژایەتیی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی دەکەن. لە رێگای کاری بەناو فەرهەنگی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و هاوکاری لەم رووەوە، هەوڵ دەدات بخزێتە ناو وڵاتانی دیکەوە و هێزی بە وەکالەت درووست بکات و لە هەنگاوی دواتریشدا، پێداویستییەکانی تیرۆر و شەڕ و چەکیان بۆ دابین بکات و دواجاریش لە ناو سێ هێزی وڵاتەکەدا، واتا پەرلەمان و دادوەری و حکومەت رەگ داکوتێت. وەک ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت. وا خۆی نیشان دەدات کە لاگری دانوستان و پێکەوە ژیانە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بێ ئەوەی باوەڕی پێی هەبێت! وەک ئەوەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کردوویەتی و دەیکات. مەبەست لەمکارەی، کات بەفیڕۆدانە بۆ ئەوەی لایەنی بەرامبەر ماندوو بکات و لە هەنگاوی داهاتوودا و دواتر پەکی بخات و خۆی بە براوەی بابەتەکە دەربخات. وەک ئەوەی لەسەر چەکی ئەتۆمی کردوویەتی بۆ بەدەستهێنانی بۆمبای ئەتۆمی. لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کوشتن و تیرۆر و تەقینەوە بۆ ملکەچکردنی وڵاتان و حکومەتەکان بە خواستی خۆی ئەنجام دەدات. باڵیۆزخانه و کونسوڵخانەکانی لە هەموو وڵاتانی جیهان کردووە بە مۆڵگەی سیخوڕی و تیرۆری نەیاران و هەنگاوی تیرۆریستی و دوای هەر کارێکی تیرۆریستیش، دەستبەجێ تیرۆریستان لە ژێر ناوی (دیپلۆمات) دەرباز دەکات و بەرەو ئێران بەڕێیان دەکاتەوە. لە ژێر ناوی ئیسلام و دیفاعی موقەدەس (بەرگریکردنی پیرۆز)، بڕیاری دژەشۆڕش دەردەکات و بە هاویشتنی مووشەک یان چالاککردنی هێزە نیابەتییەکانیەوە، بڕیارەکەی دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان دەکات!

دوا وشە!

ئەوانەی لەسەرەوە باسم کرد، هەندێک لە تاکتیک و فێڵکردنەکانی ناسراوی رژێمی ویلایەتی فەقیهیە لە ناوخۆی ئێران و دەرەوەی ئێران. کۆی ئەوانە باس لەم راستییە دەکەن کە رژێمی مەزهەبیی ئێران شیاوی ئەندامێتی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا نیە. چون بە ئەزمون سەلمێنراوە و دەرکەوتووە کە ئەم رژێمە هەر لە بنەڕەتدا جێ متمانە نیە! کەوایە تاکە رێگەچارە بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە و جیهان و هەروەها گەورەترین پشتیوانی لە خەڵکی ئێران، داننان بە مافی رەوای ئەوانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی مەزهەبی. هێزی گەل و "ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک" دژی ئەم دەسەڵاتە، لە مەیدانی کردار و لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریەتی ویلایەتی فەقیهیدا درووست بووە و ئێستا بەردەستە، و ئەمە شۆڕشێکە بەرەو سەرکەوتن!

***

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu