موکری ... قوبادی جەلیزادە

موکری ... قوبادی جەلیزادە

مردن تەنیا بستێکی مابوو دەستی بتگاتێ
کەچی دەتگوت؛
ئەوانەی دەمرن ترسنۆکن و زوو دەستیان هەڵدەبڕن.
دەتگوت:
من خۆم کاتی مردن و شوێنی مردنم هەڵدەبژێرم!
من چەند جارێ مردنم دیوە،
بەلاتا تێپەڕیوە و مۆڕەی لێ کردووی
پێم گوتوی ئەوە کێ بوو موکری?
پێت وتومە نایناسم و یەکەم جارە دەیبینم.
دەتگوت:
مردن چۆلەکەیەکی ترسنۆکە، کششەیەکی لێ بکەی ئیدی نایێ بەلاتا.
تەنیا بستێکی مابوو..
کەچی دەتگوت:
نایەتە بەرچاوم،
لافیتەیەکی ڕەش بەدیواری مزگەوتێکەوە، ناوی منی بەسەرەوە بێت.
گۆڕێک و سەردانی ئازیزان و چەپکە گوڵ..
-من خۆم کات و شوێنی مردنم دەست نیشان دەکەم
کەچی شەوێک لەپڕ،
مردن پەلاماری دایت و
قەڵەم و چاویلکە و چەند پەڕەگڕافێکی ڕۆمانێکی نوێی، لەسەر مێزەکە؛
پێ بەجێهێشتی.
محەمەد موکری هەمیشە زیندوو
محەمەد موکری نووسەر و ئەدیب و ڕووناکبیرێکی گەورەی کوردستانە و نزیکەی نیو سەدە لە خزمەتی ئەدەب و ڕۆشنبیری کوردیدا بووە.
موکری ساڵی 1945 لە گەڕەکی قەڵای شاری کەرکووک لەدایک بووە.
هەر لە سەرەتای ژیانی گەنجیەوە خولیای جیهانی ئەدەب و نووسین بووە و خاوەنی چەندین چیرۆک و ڕۆمانی ناوازەیە کە لەدیارترینیان ئەمانەن ( سەگوەڕ، تۆڵە، هەرەس، ئەژدیها، نێچیر) .
موکری بایەخیشی بە شانۆ داوە و چەند شانۆگەریەکی نووسیوە لەوانە شانۆگەری (هاروونە ڕەشید، دادگا) .لە بواری وەرگێڕانیشدا شوێن دەستی دیارە و 10 شاکاری شانۆیی گەورە شانۆنووسانی جیهانی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە.
محەمەد موکری وەک نووسەرێکی بەهەڵویست چۆتە ڕیزی شۆڕشی نوێ‌ و بەچەک و قەڵەم بەرگری لە گەلەکەی کردووە.
هەر لەشاخ موکری بایەخیشی بەکاری ڕۆژنامەنووسی داوە و لەرۆژنامە و گۆڤارەکانی سەردەمی شۆڕشدا بەرهەمەکانی بڵاو کردۆتەوە و گۆڤاری کولتووری لە شاخ و پەیڤینی لە شار دەرکردووە کە دوو گۆڤاری سەنگین بوون.
هەر لەشاخ چەند چیرۆک و ڕۆمانێکی نووسی و بڵاوکردەوە. لەناو ئەوانەدا ڕۆمانی (سەگوەڕ) کە بەشێوازێکی ڕەخنەیی لەسەرشۆڕش نووسرا بوو گفتوگۆ و مشتومڕی زۆری لەسەر کرا و کاردنەوەی توندی لێکەوتەوە.
لەدوای ڕاپەرینیش موکری لە خزمەتکردنی ئەدەبی و ڕووناکبیری و ڕۆژنامەنووسی بەردەوام بوو و چەندین بەرهەمی نوێی خستە سەر خەرمانی بەرهەمەکانی دیکەی.
ئەم نووسەرەی کورد لە ڕێکەوتی 06-05-2012 بە نەخۆشی وەستانی دڵ ماڵاوایی یەکجاری کرد و لە شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu