ئەردۆگان خەریکی چیە ؟ ... خەبات کوردە

 

26.04.2026

ترسی سەرەکی ئەردۆگان لە ئێستادا کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و ئەمەریکا و سەرکەوتنی ئەمەریکا و ئیسڕائیلە .

ڕۆژانە هێرشی توند دەکاتە سەر بنیامین ناتانیاهۆ و ناوی ئیسڕائیلش ناهێنێ ، ناحەزە تورکەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لە تورکیا پێی دەڵێن : ئەگەر ڕاست دەکەی دەستبەرداری بازرگانی کۆمپانیاکانی خۆت و بنەماڵەکەت بە لە گەڵ ئیسڕائیل ئەگەر بە ڕاستیتە .

دواین هەواڵێک کە ئەمڕۆ لە لایان هاکان فیدانەوە ڕاگەیەندرا ئەوەیە کە تورکیا ئامادەیە بەشداری هەڵگرتنەوەی ئەو مینانە بکات کە سوپای پاسداران لە گەروی هورمز چاندویانە .

لە سوریاش ڕۆژانە زیاتر دەست دەخاتە ناو کاروبارەکانی حکومەتە کاتیەکەی شەڕعەوە ، بۆ نمونە :

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو تورکیا هێزێکی زۆری زرێپۆشی گەیاندۆتە بنکەی سەربازی تەدمر و بە بێ ئەوەی هیچ سیستەمێکی بەرگری ئاسمانیش لە ناو بنکەکە جێگیر بکات . یان دەست بە ئاوەدانکردنەوە و خۆ قایمکردنی بکات لە ناوچەکە .

لە بەرامبەریشدا ئیسڕائیل بەهۆی سەرقاڵیەکانی لە شەڕی ئێران و حیزبوڵای لوبنانی و ڕێککەوتنی ئاشتی یەکجارەکی لە گەڵ دەوڵەتی لوبنان هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر بە جوڵە سەربازیەکانی سوپای تورکیا نیە و لە دوورەوە چاودێری دەکات .

لە هەمان کاتدا لە دیمەشقی پایتەختی سوریاش تورکیا داوای پێنج لە کۆنترین بازاڕەکانی ناو شاری دیمەشق دەکاتەوە کە بەناوبانگترینیان بازاڕی مس چیەکانە ( سوق صفافیر ) ، بەو بیانوەی کە ئەو بازاڕانە خاوەنە ئەسڵیەکەی دەوڵەتی عوسمانی گۆڕ بە گۆڕ بووە .

ئێستا هەزاران خاوەن پیشە لە ناو ئەو بازاڕانە ئاگادار کراونەتەوە و زۆریان لێدەکرێ کە شوێنەکانیان چۆڵ بکەن و حکومەتی تورکیا دەیانڕوخێنێ و پڕۆژەی بازرگانی تازەیان لە سەر خاکەکەی دروست دەکات .

لە گەڵ ئەوەشدا ماوەیەکە سوپای تورکیا لە زۆرترین شوێنە مێژوییەکانی سوریا دەبیندرێن کە ئامێری گەڕان بە دوای کانزا نایاب و کۆنەکانیان پێیە و بە ناوچەکەدا دەگەڕێن و بە موڵکی عوسمانیەکانی دادەنێن .

هەر چەندە پێگەی تورکیا بۆ ئەمەریکا و دەوڵەتانی ناتۆ زۆر گرنگە ، بەڵام ئەردۆگان چاک تێگەیشتوە کە هەر دژایەتیەکی ئەمەریکا و ئیسڕائیل و ناتۆ ، بەرامبەر بە تورکیا ، تەنها و تەنها بۆ سەر سەری خودی ئەردۆگان و خێزانەکەی و ئاک پارتی حیزبەکەیەتی ، چونکە لە ئێستادا چاک دەزانێ کە ئەو دەوڵەتانە لایان ڕوون و ئاشکرایە کە خودی ئەردۆگان مورشیدی باڵای نەک ئیخوانەکانی تورکیا بگرە مورشیدی تەواوی ئیخوانەکانی هەموو جیهانیشە و زۆریش دەترسێ کە ئەمەریکا لە پڕ باڵی ئیخوانەکانی تورکیا بخاتە ناو لیستی تیرۆرەوە .

ئەردۆگان باش دەزانێ کە ئیسڕائیل لە ماوەی داهاتوو و دوای کۆتایی ڕێککەوتنی لە گەڵ لوبنانیەکان و کۆتایی هێنان بە چەک کردنی حیزبوڵای لوبنانی ، دەستکراوە دەبێ بۆ پەلهاویشتن بۆ ناو تەواوی خاکی سوریا و دەمکوت کردنی خۆی و سوپاکەی . بۆ نمونە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو کۆمەڵێ جولەکەی توندڕەو سنوریان بەزاند و لە نزیک شاری قونەیتەرەی سوریا دەستیان بە سەر چەند خانویەکی چۆڵدا گرت و داوایان لە حکومەتەکەیان کرد کە ڕێگەیان بدات کۆمەڵگەی جولەکە نشین لەو ناوچانە دروست بکرێ ، بەو پێیەی خاکی باپیرانیان بووە ، ئەو کردەیەی کە لە لایەن کۆمەڵێ جولەکەی توندڕەوەوە ئەنجامدرا ، وەڵامێک بوو بۆ ئەردۆگان و ئەو پێنج بازاڕە کۆنەی دیمەشق کە تورک چاوی تێ بڕیوە و دەیەوێ داگیری بکات .

لە ڕۆژئاڤاش دەیەوێ هەر دوو دەروازەکەی قامیشلی و کۆبانی بکاتەوە و هێزەکانی هەسەدەی لێ بێبەش بکات ، بەڵام پێدەچێ کە سەفیرەکەی دەوڵەتی تورک و ( کۆنە وەزیر و پیاوە دڵسۆزەکەی ئەردۆگان ، نوح یەڵماز ) لە دیمەشق نەیتوانیبێ هەر یەکە لە مەزڵوم و عەبدی و ئیلهام ئەحمەد ڕازی بکات و بۆ ئەو مەبەستە داوای لێکردون کە هەوڵدەدا سەردانێکیان بۆ ئەنقەرە ڕێک بخات ، بە مەرجێ ئەو دوو بەرپرسە کاریگەریەی ڕۆژئاڤا تا ئێستاش لە تورکیا بە تیرۆریست و داواکراو ناو دەهێندرێن .