زانکۆی ئالبۆرگ/ دانیمارک …
سه‌رۆکی تازه هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریکا، باراک ئۆباما، ته‌نانه‌ت دوای به‌سه‌ربردنی کاته‌کانی پشووی کریسمه‌س و ساڵی تازه‌ی زایینیشه‌وه، هێشتا به‌رامبه‌ر به هێرشی به‌ربڵاوی ئیسرائیل بۆ سه‌ر که‌رتی غه‌زه بێ ده‌نگه. هێڕشێک که‌وا به‌بۆچوونی شاره‌زایانی سه‌ربازیه‌وه به مه‌زنترین هێرشی سوپای ئیسرائیل له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1967 ه‌وه بۆ سه‌ر فه‌ڵه‌ستینیه‌کان ده‌ژمێردرێت و به گوێره‌ی ئاماره ڕه‌سمیه‌کانه‌وه زیاتر له 978 کوژراو‌و 4500 برینداری فه‌ڵه‌ستینی لێکه‌وتۆته‌وه. ئه‌م ژمارهکوژراوهش320 مناڵ و 90 ئافره‌ت له خۆ ده‌گرێ که‌وا له ئه‌نجامی بۆردوومانه ڕۆژانه‌ییه‌کانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر بنکه‌و باره‌گاکانی حه‌ماس و ئامانجه مه‌ده‌نیه‌کان گیانیان له‌ده‌ست داوه.
وادیاره بێ ده‌نگی نواندنی ئۆباما له‌م ئان و ساته‌دا و ته‌نانه‌ت له‌م قۆناغه خوێناویه‌ی دۆزی فه‌ڵه‌ستینیه‌کان پێیدا تێپه‌ڕده‌بێ، له‌وانه‌یه له کورت مه‌ودادا له به‌رژه‌وه‌ندی ئۆبامادابێ، ئه‌ویش به دوو هۆوه. یه‌که‌میان ئۆباما ناخوازێ ڕای گشتی ئه‌مریکی به گشتی و لۆبیه جوله‌که‌کان له‌خۆی تووڕه بکات و ڕای گشتی عه‌ره‌بی وئیسلامیش به هۆی لێدوانه ناڕۆشنه‌کانی له‌خۆی بڕه‌نجێنێ. بیریشمان نه‌چێ ئۆباما سۆزوبهڵێنی داوه‌ته لۆبیه‌کانی سه‌ربه کۆمه‌ڵه‌کانی جوله‌که ئه‌مریکیه‌کان به‌وه‌ی تاسه‌ر ئێسقان به‌رگری له بوون مانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی بکات و درێغی نه‌کات له یارمه‌تیدانی.
له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه نێوبراو له‌کاتی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردندا ونهمازه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه ته‌له‌فزیۆنه‌کانی له‌گه‌ڵ هێله‌ری کلینتۆن دا به‌رده‌وام به‌ڵێنی ده‌دایه گه‌لی ئه‌مریکا که‌وا کاتی گۆڕانکاری کردنه له ستراکتۆری سیاسی وڵات‌دا و په‌یامیشی ده‌دایه جیهان به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر نێوبراو توانی پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کردنی ئه‌مریکا به‌ده‌ست بێنێ، ئه‌وا ئه‌مریکا به گرتنه به‌ری سیاسه‌تێکی نوێ و پێڕه‌وکردنی ڕێبازێکی جیاواز له هی کۆماریه‌کان، واقعبینانه‌تر له‌گه‌ڵ کێشه‌کانی جیهان له ڕووی سیاسی، ئابوری و ژینگه‌ییه‌وه هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات و ڕێبازی تاکڕه‌ی وه‌لاده‌نێ.
به‌ڵام ئه‌م بێده‌نگی کردنه سه‌ره‌نجام له‌وانه‌یه به خاڵێکی نه‌رێنی به سه‌ر سه‌رۆکی تازه‌دا بشکێته‌وه. چوونکه ئۆباما ناتوانێ وا مهزهندهبکات ئه‌گه‌ر ناوبراو له‌م بێده‌نگی کردنه به‌رده‌وام بێ له‌وانه‌یه هه‌ردوولایه‌نی فه‌ڵه‌ستینی و ئیسرائیلی له‌م دووههفتهیهی داهاتوودا بگه‌ن به ئاگربه‌ستێکی هه‌میشه‌یی و کۆتایی هێنان به کوشتار له که‌رتی غه‌زه‌دا.
لێ ئه‌سته‌مه بزاندرێ سه‌رۆکی تازه‌ی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له ناخی دڵیه‌وه چۆن ده‌ڕوانێته ئه‌م شه‌ڕه‌و بۆچوونی ده‌رباره‌ی پێشهات و ئه‌نجامه‌کانی به‌رده‌وام بوونی ئه‌م جه‌نگه چیه.
به‌پێی بۆچونی سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ' جوروشهلێم پۆست' جۆرج بوشی سه‌رۆکی ئه‌مریکا یارمه‌تیده‌ر و دۆستی ژماره یه‌کی ئیسرائیل بووه‌و ئۆباما‌و ستافی کابینهکهیشی به‌هه‌مان شێوه پشتگیری بێ شه‌رت ومه‌رجی ئیسرائیل ده‌که‌ن له‌م کیشه‌یه‌ی پتر له 60 ساڵه ڕه‌هه‌نده‌کانی ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گرتۆته‌وه.
هه‌ڵبه‌ته جۆرج بوش تاکو ئێستا ڕاسته‌وخۆ هیچ لێدوانی ده‌رباره‌ی شه‌ڕی که‌رت غه‌زه نه‌داوه. ته‌نیا وته‌بێژێک به‌ناوی ئه‌وه‌وه ڕایگه‌یاندووه که‌وا ئه‌مریکا ئۆباڵی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م کێشه‌یه‌و ئه‌نجامه‌کانی ده‌خاته ئه‌ستۆی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و ئیسرائیل مافی خۆیه‌تی به‌رگری له خۆی بکات.
هه‌ڵبه‌ته جیهانی عه‌ره‌بی به‌هۆی سیاسه‌ته‌کانی بوشه‌وه له‌هه‌مبه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین پێشوازیان له‌و گۆڕانکاریه کرد که‌وا ئۆباما به‌ڵێنی داوه به‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مریکایدا بێنێ به‌تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌دا. لێ زۆربه‌ی ناوه‌نده عه‌ڕه‌بیه‌کان به خۆپارێزیه‌وه ده‌ڕواننه سه‌رۆکی تازه هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریکی و زۆر گه‌شبین نین نێوبراو بتوانێ به‌گرتنه به‌ری ڕێباز‌و سیاسه‌تێکی دادپه‌روه‌رانه به‌رامبه‌ر به پرسگرێکی فه‌ڵه‌ستینی- ئیسرائیلی هه‌نگاو به‌ره‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی فه‌ڵه‌ستینی له پاڵ ده‌وڵه‌تی عیبری دا هه‌ڵبێنێ.
یه‌کێک له دیپلۆماتکاره کۆنه‌کانی ئیسرائیلی که‌وا بۆ ماوه‌کیش باڵیۆزی ئه‌م وڵاته بووه له دانیمارک پارساڵ له دیمانه‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی' نیوهێد ئه‌ڤیسن' ی دانیمارکیدا ڕاستیه‌کی درکاند که‌وا بوو ه جێگه‌ی تێڕامانی شاره‌زایانی سیاسیی دانیمارکیه‌وه. نێوبراو له وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژنامه‌نووسێکی دانیمارکیدا گوتبوی، فه‌ڵه‌ستینیه‌کان له‌وانه‌یه قه‌ت نه‌بنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆیان. کرۆکی جه‌وهه‌ریی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی سیاسه‌تمه‌دارانی ئیسرائیلی گرتوویانه‌ته‌به‌ر و له داهاتووشدا پێڕه‌وی لێ دێته کردن ئه‌وه‌یه دانووستانه‌کانی تایبه‌ت به ئاشتی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستینیه‌کان ده‌بێ له حه‌ڵقه‌یه‌کی داخراودا بمێننه‌وه‌و سه‌رانی فه‌ڵه‌ستینی به گفتوگۆی بێ ئه‌نجام و درووست کردنی لێژنه‌ی جۆراوجۆره‌وه سه‌رگه‌رم بکرێن و له پاڵ ئه‌مه‌شدا په‌ره به قه‌له‌مره‌ویی ده‌سه‌ڵاتی ئیسرائیلی بدرێ له ڕێگه‌ی درووست کردنی گه‌ڕه‌که جوله‌که نشینه‌کان و که‌رت کردنی گه‌لی فه‌ڵه‌ستینیه‌وه. له‌وانه‌یه ئه‌مه بۆ چوونێکی تایبه‌تی بێ، لێ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعدا ده‌بینرێ و لاپه‌ڕه‌کانی مێژووش ده‌یسه‌لمێنێ، ڕاستیی ئه‌م بۆ چوونهمان بۆ ده‌رده‌خات.
مارک ئه‌لمۆند له زانکۆی ئاکسفۆردی به‌ریتانی ده‌رباره‌ی بێده‌نگی نواندنی ئۆباماوه ده‌ڵێ: ئۆباما به‌م بێ ده‌نگیه‌ی کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی بۆ خۆی درووست کردووه. ناوبراو خاوه‌نی دیدێکی قووڵ نیه سه‌باره‌ت به ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و له کاتی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردنیشدا سه‌داسه‌د پشتگیری و هاوکاری خۆی بۆ ئیسرائیل سه‌لماندووه. زۆربه‌ی عه‌ره‌به‌کان پێیان وایه ئه‌مریکا وئیسرائیل دوو ڕووی یه‌ک دراون وهیچ جیاوازیه‌ک له نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌دا نیه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به کێشه‌ی نێوان جیهانی عه‌ره‌بی- ئیسلامی و ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ه‌وه هه‌بێ.
بۆیه ئۆباما به دیاری نه‌کردنی هه‌ڵوێستی خۆی له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م پرسه‌وه، ته‌واوی ڕه‌هه‌نده نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیه‌کانی ئه‌م پرسگرێکهی به میرات بۆ ده‌مێنێته‌وه‌و ناچاره زوو یا دره‌نگ هه‌ڵوێستی فه‌رمی خۆی دیاری بکات.
نێوبراو هه‌روه‌سا ده‌ڵێ، ئۆباما وه‌ک سه‌رۆکه‌کانی پێشوی ئه‌مریکا زۆر پێویستی به پاڵپشتیی و یارمه‌تیی مه‌عنه‌وی کۆمیته‌ی هاوکاری ئیسرائیلی ئه‌مریکیه Comittee American Israel political Action و پارساڵ له یه‌کێک له دیمه‌نه‌کانی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردندا ڕایگه‌یاند که‌وا ته‌واوی هه‌وڵ وکۆششه‌کانی ده‌خاته گه‌ڕ بۆ به ره‌سمی ناساندنی قودس وه‌ک پایته‌ختی ئیسرائیل.
ئه‌مه‌ش لێدوانێکه تاکوئێستا هیچ کام له سه‌رۆکه‌کانی پێشووی ئه‌مریکا ته‌نانه‌ت جۆرج بوش‌یش به ئاشکرا ڕاینهگهیاندووهو به‌ڵێنی له‌م جۆره‌ی به یه‌هودیه‌کان نه‌داوه.
به‌هه‌ر حاڵ ئیسرائیل و سوپا‌و سه‌رکرده دڕنده‌کانی به‌رده‌وامن له به‌کارهێنانی پێشکه‌وتووترین وزیانبهخشترین چه‌کی به‌رده‌ستیان و له‌م پڕۆسه‌یه‌ی قه‌ڵاچۆکردنی خه‌ڵکی بێ ده‌ره‌تان وبێ په‌نای غه‌زه و ژێنوساید کردنی ژن‌و منداڵانی بێ نازی فه‌ڵه‌ستینی به بیانوی ملکه‌چکردنی حه‌ماسی ناواقعبین بۆ داواکاریه‌کانیان و بچووک کردنه‌وه‌ی ڕۆژبه‌ڕۆژی مه‌ودای ده‌سه‌ڵاتی فه‌ڵه‌ستینه‌کان، به‌گوێره‌ی لێدوانی دوو دکتۆره نۆروێژیه تازهگهڕاوهکهی غه‌زه، که‌رتی غه‌زه‌یان کردۆته تاقیگه‌ی به‌کارهێنانی چه‌که ماڵوێرانکاره بایۆلۆژی و کیمیاویهکانیان و ڕۆژنیه 150 منداڵ وئافره‌تی بێ په‌ناگه‌ی سڤیلی فه‌ڵه‌ستینی به چه‌کی (دایم) و فسفۆری سپی وکوشندهوه پارچه‌پارچه نه‌که‌ن.
ئیسرائیل نه‌ک ڕێزی بۆ په‌یماننامه و ڕێککه‌ون نامه و بنه‌ما ئه‌خلاقیه‌کانی جه‌نگ نیه، به‌ڵکو ده‌ستور و ڕاسپارده ئایینه‌کانی خۆشیان له لا بێ نرخ و پووچه. بۆیه بۆ ئیسرائیل، به پێی لێدوانی ئه‌فسه‌رێکی باڵای ئیسرائیلی، له‌کاتی جه‌نگا گرتنه‌به‌ری هه‌مو هه‌نگاوو ڕێووشوێنێک ڕێگه‌پێدراوه، بۆیه ئه‌مانه تا ئه‌مریکای بهرژهوهندیپارێزیان له پاڵ بێ، له هیچ تاوانێک ناسلمێنهوه.
ئه‌م جۆره شه‌ڕه وڕه‌هه‌نده ترسناکه‌کانی جۆره چه‌که به‌کارهاتووه‌کان ته‌نیا دڕه‌نده‌یی و بێ به‌زه‌یی ئیسرائیل وئه‌مریکیه‌کان ده‌رده‌خات که‌وا له پێناوی مانه‌وه‌و په‌ره‌پێدانی مه‌ودای ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندیه ئابوری، ڕامیاری و ستراتیژیه‌کانیان، له ژێرپه‌رده‌ی " شه‌ڕی دژه تیرۆر" و قه‌وانه سواوهکهوه له هیچ تاوان و ده‌ستدرێژی و کاولکاریه‌ک ناسڵهمێننهوه.
