ساڵح میراوده‌لی: له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی ڕه‌وتی گۆڕینی دیموکراسی (ڕه‌گ)، کۆمه‌ڵێک که‌س له ئاستی به‌رپرسیارێتی حزبیدا و ده‌زگاکانیان له ناو یه‌کێتیدا، هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک قه‌ڵه‌م کولی تر، ناوه ناوه هێرش ده‌که‌نه سه‌ر تێکۆشه‌رانی ڕه‌گ بێ له به‌رچاو گرتنی هیچ پرانسیپێکی ڕێکخراوه‌یی، هه‌ندێ جار به سه‌ر لێشێواو و هه‌ندێ جار به تێکده‌ر و شتی زیاتریش ناویان ده‌به‌ن، جێی خۆیه‌تی به جه‌ند په‌یڤێکیش بێت باشتر که‌سانی نێو ڕه‌گ و نه‌یاره‌کانیان بناسین، وه‌کوو خۆی بێ زیاده‌ڕۆیی و ده‌رچوون له پرانسیپه کانی ڕێکخراوه‌یی و دیموکراتی.
ڕه‌گه‌کان بریتین له که‌سانی تێکۆشه‌ری خاوه‌ن هه‌ڵوێستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی، که‌سانی خاوه‌ن ئه‌زموونی پاک و ڕۆشنبیر و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌رزن، ئاوێته‌ی ئازاره‌کانی خه‌ڵکی کوردستانن، خه‌مخۆر و هه‌ڵسوڕاوی ناساندنی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ن وه‌ک جینۆساید له ناوه‌نده نێو ده‌وڵه‌تییه‌کان، خاوه‌نی پڕۆژه‌ی سه‌رده‌مین بۆ ناو ژیانی ڕێکخراوه‌یی یه‌کێتیی و خه‌ڵکی کوردستان، داوێن پاک و خۆشه‌ویستی ناو خه‌ڵکن، هه‌رگیز ڕۆژێک ماڵی میلله‌تیان نه‌کردۆته پارووی چه‌وری حه‌ز و ئاره‌زوه‌کانیان، ده‌ستی هیچ داگیرکه‌رێکی کوردستانیان نه‌گوشیوه، که‌واته بۆ ده‌بێ ده‌زگایه‌کی حزبی یان که‌سێکی حزبی بێ پشبه‌ستن به هیچ بڕگه‌یه‌کی په‌یڕه‌وی نێوخۆ و به‌ده‌ر له پرانسیپه‌کانی سۆشیال دیموکراتی، ڕۆژێک ڕه‌گه‌کان ڕۆژێک ئه‌وانه‌ی پشتگیری‌یان له پڕۆژه‌که‌یان کردووه، مافه‌کانی ئه‌ندامێتیان لێ ده‌ستێننه‌وه!دڵنیام ئه‌وانه ئه‌لف و بێیه‌ک له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزبه‌که‌شیان نازانن، ئه‌گه‌رنا باسه‌یرێکی بکه‌ن و خۆیان وه‌ڵامی خۆیان بده‌نه‌وه کێ ئه‌و مافه‌ی هه‌یه؟
ئه‌گه‌ر کارێش وابڕوا له‌وانه‌یه ئه‌وانه‌ی ڕۆژێک مه‌رحه‌باییه‌ک یان چایه‌کیشی له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌کان خواردبێته‌وه، لێره به‌دواوه تووشی ده‌رکردن و ناو زڕاندن و شتی تریش ببنه‌وه.
دژه ڕه‌گه‌کان کێن: ئه‌وانه‌ن که نایانه‌وێت خه‌ڵکی کوردستان به‌و ڕۆژه شاد بن، که ڕووبارێک خوێن و فرمێسکیان بۆ ڕشتووه، ئه‌وانه‌ن ئاماده‌ن له پێناوی مانه‌وه‌یان له ده‌سه‌ڵاتدا هه‌موو شێوازێکی ناڕێکخراوه‌یی بگرنه به‌ر، ئه‌وانه‌ن پارووی قوڕگی مناڵ و که‌س و کاری شه‌هیدان ده‌ردێننه‌وه بۆ تێرکردنی حه‌ز و ئاره‌زووه‌کانیان، ئه‌وانه‌ن سامانی نیشتمانی خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌نه دیاری و نوقڵانه بۆ دوژمنه سه‌ره‌کیه‌کانی کورد و کوردستان، ئه‌وانه‌ن ناوچه داگیرکراوه‌کانی که‌رکوک و ده‌وروبه‌ریان کرده قوربانی ململانێی نادروستی حیزبایه‌تی، ئه‌وانه‌ن خاوه‌نی بڕوانامه ی ساخته و وه‌رگیرانی تایبه‌تن، ئه‌وانه‌ن دیموکراسیان کردۆته دێ‌و جامه‌یه‌ک و له جه‌سته‌ی خۆیان هه‌ڵکێشاوه، ئه‌وانه‌ن که ڕۆژی سه‌ت جار سه‌روه‌ریه‌کان به نرخێکی هه‌رزان ده‌فرۆشن، ئه‌وانه‌ن که هه‌ست به‌و مه‌ترسیانه ناکه‌ن له سه‌ر میلله‌ته‌که‌یانه‌و له ڕه‌گی بن گوێشیان نزیکتره، ئه‌وانه‌ن له پرۆسه‌ی دیموکراسی ده‌ترسن و له‌ژێر پاساوی به‌رده‌وامدان بۆ له‌گه‌ڕ خستن و سڕینه‌وه‌ی چه‌مکی دیموکراسی، ئه‌وانه‌ن تاوانبارانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ئازاد ده‌که‌ن وڕێبه‌ری ڕێی ده‌ربازبوونیشی ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ن گوێ له هیچ پڕۆژه‌یه‌کی چاکسازی و ژیار ی ناگرن، جگه له و بۆچوون و پڕۆژانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان تێک ده‌که‌نه‌وه. باشتر وایه هه‌ر که‌س و ده‌زگاو لایه‌نێک که ڕه‌خنه له‌وی دی ده‌گرێت، پێشتر به‌راوردێکی خۆی و به‌رامبه‌ره‌که‌ی بکات، هه‌ر به‌و پێوانه‌یه‌ش و له قه‌ده‌ر ئه‌ڕبه‌که‌ی خۆشی بپێوێت، ئه‌وه‌ی هه‌ڵسوڕێنه‌رانی ڕه‌گیش ده‌یکه‌ن و ده‌یڵێن خواستی تایبه‌تی خۆیان نیه نه ئه‌وانه‌ش که پشتگیری ڕه‌گیان کردوه‌و ده‌که‌ن، به‌ڵکو ئه‌وه ژانی ئه‌مڕۆی خه‌ڵکی کوردستانه، پێداویستی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد و یه‌کێتی ی نیشتمانی ی کوردستانه، ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و بارودۆخه مه‌ترسیداره‌یه له‌سه‌ر بزاڤی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی کوردستان و ڕه‌وشی کۆمه‌ڵایه‌تی، زاده‌ی بێسه‌رو به‌ری نێو ڕێکخستن و ده‌زگا حزبی و ئیداره‌ییه‌کانه، که‌واته له کاتێکدا که‌سانێکی دڵسۆز له گه‌ڵ ده‌رک کردنیان به ڕاستی یه‌کان، دێن پڕۆژه ڕاده‌گه‌یه‌نن، پێویسته گوێیان لێبگیرێت و به هه‌ندیش وه‌ربگیرێ، دواتر له ڕێگه‌ی بیر‌و ڕا گۆڕینه‌وه، ده‌بێت شته باشه‌کان پێشوازیان لێبکرێت و ده‌ست خۆشیشیان لێبکه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێ لێپێچانه‌وه هه‌موو شتێک هه‌ر ڕه‌ت بکرێته‌وه که‌واته له کوێیه ئه‌و مانگه‌ی تا ئێستا له ئاسمانی وڵاتی ئێمه‌دا هه‌ڵنه‌هاتووه؟له کوێیه ئه‌و گاندیه‌ی تا مردیش جل و به‌رگه‌کانی باخه‌ڵیان نه‌بوو؟ له کوێیه ئه‌و ماندێلایه‌ی خۆی کرده پێسه‌نگ و سه‌رقافڵه‌ی دیموکراتی؟
