ئارا هۆمێر: زۆر جار له سایته‌کانه‌وه باسی ڕه‌فعه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یی ده‌کرێت، وه زۆربه‌ی باسه‌کانیش ته‌نها باس له که‌سایه‌تی ڕه‌فعه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یی ده‌که‌ن، ئیتر هه‌ر که‌سه و به شێوه‌یه‌ک باسی ده‌کات، یان ڕاستر هه‌ر که‌سه‌و به ویستی خۆی لێی ئه‌نوسێن، ده‌مێ ده‌یکه‌نه پۆلیس، ده‌مێکیش جاش، ماوه‌یه‌ک ناپاک، ماوه‌یه‌ک وڵاتفرۆش! وشه‌ی وایده‌ده‌نه پاڵ مه‌گه‌ر درابێته پاڵ عه‌لی کیمیاوی!!. من ڕه‌فعه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یی ناناسم، وه له دوو کیشوه‌ری جیاوازیشین، وه‌لێ له ڕێی پلار و ڕه‌خنه لاوازه‌کانی ئه‌و نوسه‌رانه‌وه واملێهاتووه که (ڕه‌فعه‌ت) م خۆش‌بووێت. چونکه ڕه‌خنه‌کان که گیراون له ڕه‌فعه‌ت ته‌نها باسی خانه‌واده‌ی ئه‌و کراوه، ڕه‌خنه‌کان نه‌ک هه‌ر بابه‌تیانه نه‌بووه، به‌ڵکو به شێوه‌یه‌که که زۆر جار له قسه‌ی سه‌رته‌نوور (ته‌ندوور) ده‌چێت (له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ هه‌موو ژنانی سه‌ر ته‌نوور) .
یه‌کێک له‌و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانه ده‌ڵێت (ڕه‌فعه‌ت یه‌کێتی بووه، پاشان پارتی گه‌لی کوردستان، پاشان بووه‌ته پارتی) . سه‌یره تۆ بڵێت هه‌ر که‌سێ که یه‌کێتی یان پارتی یان هه‌ر حیزبێکی تری کوردی بێت ببێت به ناپاک؟!! یان ببێت به مرۆڤێکی زیانبه‌خش یان خۆفرۆش؟. راسته که مرۆڤ ئازاد نابێت گه‌ر به عه‌قڵییه‌تی حیزب بیر بکاته‌وه. به‌ڵام کارکردن له ئۆرگانی هه‌ر حیزبێکدا به‌ڵگه نییه له‌سه‌ر ناپاکی. مرۆڤ ده‌بێت بزانێت چۆن کارده‌کات و تا چه‌ندێ له خزمه‌تی ڕاستیی دایه. سه‌یر له‌وه‌دایه ئه‌و که‌سانه خۆیان له ئرۆرگانی حیزبه‌کانیشدا کارده‌که‌ن، به‌ڵام بۆ خۆیان ره‌وایه بۆ ڕه‌فعه‌ت ناڕه‌وا.
(برایه‌کی ڕه‌فعه‌ت به‌عسی ببوه!!) ئه‌وه قسه‌یه براده‌رێکه که دیاره گه‌ر خزمایه‌تی نه‌بێت له‌گه‌ڵ ڕه‌فعه‌تدا، به دڵنیاییه‌وه هاوناوچه‌ی یه‌کن. به‌ڵام با له‌وه گه‌ڕێین که خزمه یان نا. سه‌یری ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه بکه که ده‌بێژێت برایه‌کی ڕه‌فعه‌ت به‌عسی بووه!! هه‌رچه‌نده نازانم که ئه‌و به‌ڕێزه له کوێ ده‌ژی، به‌ڵام ئه‌و براده‌ره گه‌ر له ووڵاته پێشه‌کوتنخوازه‌کان بژی که مافه‌کانی مرۆڤ تا ڕادده‌یه‌کی به‌رچاو چووه‌ته پێشێ، نه‌ک ده‌بووه مایه‌ی پێکه‌نین، دوور نییه که خه‌ڵکیش به چاوی نه‌خۆشیکی ده‌روونی سه‌یری نه‌که‌ن. ئاخر هه‌ڵوێستی برا چ په‌یوه‌ندی به هه‌ڵوێستی (برا) وه هه‌یه؟؟ ئایا ده‌توانیت له دادگادا یه‌کێک بکه‌یت به به‌عسی ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که برایه‌کی به‌عسی بوه؟ (ئه‌وه‌ش دڵنیا نییه له‌وانه‌یه ته‌نها تۆمه‌تێک بێت) . ئاخر ئه‌وه بیرکردنه‌وه تۆقێنه‌ره‌که‌ی پارته زله‌کانی کوردن که برا له جێی برا تیرۆر ده‌که‌ن. وه گه‌رنا ته‌نانه‌ت له ئایینی ئیسلامیشدا هاتووه که (که‌س گوناهی که‌س هه‌ڵناگرێت) . [1] باشه من به‌و براده‌ره ده‌ڵێم گه‌ر ئه‌وه‌نده بوێریت و چاونه‌ترسیت به برای ڕه‌فعه‌ت ده‌ڵێت به‌عسی، ئه‌وه بۆ ئازایه‌تی خۆت ده‌رناخه‌یت و باسی لوقمانی کوڕی مه‌لا مسته‌فا بکات، ئه‌دی ئه‌و برای کاک مه‌سعود نییه؟؟
لاوازترین ڕه‌خنه بریتیه له ڕه‌خنه له‌خانه‌واده‌ی ڕه‌خنه‌لێگیراو، ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه نه‌ک هه‌ر ڕه‌خنه نییه به‌ڵکو ده‌چێته قاڵبی جنێوه‌وه، بۆیه ئه‌ز که له‌گه‌ڵ به‌شێک له نوسینه‌کانی ڕه‌فعه‌تیشدا نیم وه‌لێ له‌و جنێوه‌نوسینانه‌وه ده‌گه‌مه ئه‌و ده‌ره‌ئه‌نجامه‌ی که بڵێم که که‌سایه‌تی ڕه‌فعه‌ت ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و جنێوانه‌یه. گه‌وره‌یی مرۆڤ کاتیک ده‌سه‌لمێت که بکه‌ویته به‌ر ده‌می جنێوفرۆشان.
له کۆتاییدا هیوام وایه خۆینه‌ران که‌متر گۆێ بۆ شه‌ڕه جنێو بگرن و هه‌ر شتێک به به‌ڵگه‌وه نه‌بوو کاتی خۆیانی پێوه نه‌کوژن...
ara. homer
30-01-08
