چه‌ند چه‌پکه ووشه‌یه‌ک بۆ یادی هاوڕێم دکتۆر ساجدی زیندوو
گه‌ر دێڕ نه‌بێت به‌سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌ی ده‌نگ
ده‌نگیش نه‌بێت به تووڕه‌یی ژانی تفه‌نگ
یه‌ک به‌یه‌کیان گرێ ئه‌ده‌م
ئه‌یان که‌مه کڵافه ئه‌ڵقه‌ی سێداره‌و له‌گه‌ردنی خۆمی ئه‌ده‌م
ئازیزه ژیان دۆسته‌که‌م ساجد گیان، به‌شه‌رمه‌وه له حزورتا سه‌رداده‌خه‌م، کاشكا منیش ئێستاکه له‌کۆڕی ئێوه‌ی نه‌مردا بوونم بوایه‌و ئه‌م ڕۆژه
تاریکه‌ی گه‌لم نه‌دیبایه، نازانم چۆن بدوێم، بۆ کێ بدوێم، ئه‌وه من و منه‌کانی تره تا له‌تاریکی ئێواره‌وه تاکو شه‌فه‌ق پێڵوه‌کانمان له داخستن بێزارن و وێنه‌کانتان له قه‌د پاڵه‌کانی خاوێی و قازانقایه‌و ته‌نگیسه‌ری کاک ئاراما تێکه‌ڵ ده‌بن، ئه‌وه ئه‌و دیمه‌نانه‌یه پڕوزه‌ی ژیانی لێبڕیووین و که‌سێک نیه‌ده‌ستمان بگرێت تا بمانباته‌وه بۆ ڕۆژانی ڕێکخستنه‌کانی نهێنی کۆمه‌ڵه‌و به ته‌سکییه‌ی بیری نوێوه ڕه‌وانه‌ی قه‌ره‌داخی بنکه‌ی سوری کۆمه‌ڵه‌مان بکات.
هاوڕێم ساجد ئه‌رک نه‌بێت ئه‌م ووشانه‌م بکه ده‌ستپێکی ووتارێک و بیچرپێنه به‌گوێی هیوا ڕه‌باتی و شه‌هید شوان عه‌لی و ئازادی مه‌لا و والی باریکه‌یی و ئه‌و هه‌زاران هاوڕێیه‌ی پێش ئه‌وه‌ی بمرن ده‌یان زانی بۆچی ئه‌مرن، بۆچی ئه‌ژین، بۆ کێ هه‌ڕه‌تی لاوێتی و خۆشاوی ته‌مه‌نیان سه‌رف ده‌که‌ن، پێیان بڵی به‌رهه‌م خۆرانی ده‌سه‌ڵات ناوهێنانی بیری نووێی و یاساوده‌ستوری کۆمه‌ڵه‌یان یاساخ کرد، ڕایگه‌یه‌نه جوتیاران و هه‌ژارانی لا‌نکه‌ی شۆڕش کراونه‌ته سواڵکه‌رو جار به‌جارێ به‌فیزه‌وه پارووی ده‌می خۆیانیان فڕێده‌ده‌نه سه‌رده‌سته‌سڕی گه‌ل، ئه‌و گه‌له‌ی سه‌رچاوه‌ی شۆڕش و گه‌رمکه‌ره‌وه‌ی کوانی خه‌باتی سه‌ره‌تاکانی خه‌بات بوون، دوودڵ مه‌به‌وه ئاشکرایکه هاوڕێ چه‌ک له‌شانه‌کانی دوێنی بێ‌زیان نایه ده‌ست بخه‌نه ده‌ستی ده‌ستقڵیشاوه‌کانی کێڵگه‌ی ماندووی لادێ و پیاوه چۆخه‌شڕه‌کانی شار. ئه‌وان ئێستا ده‌بێت به جه‌ناب و قوربان و هه‌ڤاڵی به‌ڕێزی سه‌رکرده ناویان ببرێت، خۆ باسی کۆشک و ڤیلا هه‌ڵچوه‌کانینان هه‌ر مه‌که کوڕم ده‌وێت به پاته‌ی لاسیکی قڕواوییه‌وه توخنیان که‌وێت، ئای له‌و دیمه‌نه ناشریانه هاوڕێ چیت بۆ باس که‌م، من زات ناکه‌م ڕاستگۆ نه‌بم چونکه ئێمه‌ی دوێنێ له‌سه‌ر بنه‌مانی ڕاستگۆیی گرێبه‌ستی هاوڕێیمان له‌گه‌ڵ یه‌ک به‌ست، هه‌ربۆیه‌شه ئێوه‌ی زیندوو له‌وویژدانی مێژووی گه‌لدا هه‌ر وه‌ک جاران باڵابه‌رزن، ده‌متان هه‌رده‌م به‌خه‌نده‌یه‌و ڕۆحتان پڕه له هیوا، ده‌ستێکتان ئاره‌قه‌ی ناوچه‌وان ده‌سڕیێ و ئه‌و دیکه‌ش به توندتوند خۆی نوسانده‌وه به قایشی تفه‌نگه‌که‌ی کۆمه‌ڵه‌وه.
هاوڕێم ساجد کوده‌تای مردن خه‌ریکه سواری سه‌ری شۆڕشی خوێناوی ده‌بێت، هێدی هێدی یه‌کێتی له حیزبی ووروژێنه‌ری بیری ئازاده‌وه، له بنکه‌ی جه‌ماوه‌ری ژیر‌و هۆشیاره‌وه ده‌کرێت به گۆڕه‌پانی بیرکۆڵه‌کان و که‌له‌سه‌ره پوچه‌کان ته‌راتێنی تیا ده‌که‌ن، له‌بیرته بۆ بینینی ڕێکخستنه‌کانی شار گیانی خۆت ده‌خسته سه‌رمسستت تا چاوت به هاوڕیان بکه‌وێت و گه‌شه به ژیانی ڕێکخراوه‌یی بده‌یت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له که‌ش و هه‌وای ئازادی‌دا ئه‌وه‌ی ده‌م بکاته‌وه ده‌کرێت به سه‌رلێشاوو گێره‌شێوێن و له‌ساته دره‌نگ وه‌خته‌کانی شه‌ودا به‌خه‌یاڵی مه‌ستانه‌وه بڕیاری ده‌رکردنیان بۆ ده‌رده‌چێت، بێخاوه‌نه یه‌کێتی هاوڕێ بێ خاوه‌ن، ڕۆژ ڕۆژی هه‌لپه‌رست و چاوچنۆکه‌کانه، سه‌رده‌م سه‌رده‌می ملخوارکردن و ده‌م پانکردنه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ی بێبه‌شه له پڕۆژه‌کانی شۆڕش ماڵه شڕۆڵه‌کانی شار‌و گونده، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی هۆڵی کۆبونه‌وه‌کانه، ساسیه ته‌نگ زه‌له‌کان و فایلدارانی دوێنیه و جورئه‌ت ناکه‌ن فزه بکه‌ن یاخود په‌نجه‌ی نه‌خێرێکیش بڵندبکه‌ن. له کۆتایدا بمبوورن ناخی خۆمم بۆ هه‌ڵڕشتن، من له‌ئێوه‌ی زیندوو زیاتر که‌س شک نابه‌م، به‌ڵام ئه‌مه بڕیاری میژووه و نه‌وه‌یه‌کی خاوه‌ن بیر‌و ئه‌قڵی سه‌رده‌می پشت ئه‌ستور به‌خه‌رمانی خه‌باتی ئێوه وه‌ک و جاران و زیاتریش بێباکانه ده‌نگی جه‌سوریان مژده‌ی نوێبوونه‌وه‌ی بۆ گه‌ل پێیه و له ته‌نیشت کێلی گۆره‌کانتان کۆده‌بنه‌وه و قورعانێکی هاوشێوه‌ی قورعانه‌که‌ی کۆمه‌ڵه داده‌ڕێژن.
ژیان نامه‌ی نه‌مر دکتۆر ساجد له ده‌می خۆیه‌وه:
زه‌ینه‌دین نه‌جمه‌دین ناسراو به (دکتۆر ساجد) له‌ساڵ1955 له گه‌ڕه‌کی چوارباخ_ سلێمانی له‌خێزانێکی نیشتمان په‌روه‌رو ئاینی له‌دایک بووم، له‌سه‌ره‌تای ساڵی حه‌فتاوه په‌یوه‌ندیم کردووه به‌کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستانه‌وه‌و شه‌ره‌فی ئه‌ندامیم وه‌رگرتووه. له پۆلی دوه‌می په‌یمانگای ته‌ندروستی بووم گیرام و دوای پێنج ساڵ و نیو به‌لێبوردنه گشتیه‌که‌ی ساڵی 1979 ئازاد کرام، پاشان په‌یوه‌ندیم به‌هێزی پێشمه‌رگه‌وه کرد له‌ناوچه‌ی قه‌ره‌داخ (هه‌رێمی قه‌ره‌داخی) ئه‌وکات، پێشمه‌رگه و دکتۆری ناوچه‌که بووم، له‌ساڵی 1990 دا له‌دروستکردنی شانه‌چه‌کداره‌کان به‌شداریم کردوه. لێپرسراوی کۆمیته‌ی ڕێکخستنی ته‌ندروستی، کارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی ڕێکخستنی یه‌ک، پاشان ئه‌ندامی مه‌کته‌ب ڕێکخستن.
سه‌رمایه‌وسامانم:
_ مووچه‌یه‌کی دیاریکراو
_ هه‌تا مابووم کرێچی بووم
_ سێ منداڵ (چاویان ماچ ئه‌که‌م... که‌گه‌وره‌بوون ئه‌م سکاڵایه‌ی منیان له‌بیر بێت
_ ژماره‌یه‌ک هاوڕێی به‌وه‌فا
_ کێوێک باوه‌ڕ
منی پێشمه‌رگه‌ی دێرین گۆڕم له ویژدانی ئێوه‌دایه.
