ئەگەر درۆودەلەسەو قسەی نزم نەکەن ئەدی چیدیکەتان هەیە بیکەن؟، هەندێک کەس دۆرزنە، هەندکێش درۆزانە، بەڵام ئەوەی بەناوی خواستراوی ئارام شێروانییەوە گوایە لەنەرویجەو شت دەنووسێت هیوام دەخواست ئەوەی دووەم بوایە (درۆزان)، بەڵام بەداخەوە ئەوەی یەکەم دەرچوو (درۆزن) .
ئەم برادەرە ماوەیەک لەشوێنی دیکەش ئەم قسانەی لەسەر کردوم کە هەمووی ناڕاستیە، شتی لەوبابەتە ناوەناوە دەنووسێ، بۆماوەیەکە بێ دەنگ بووە، بەڵام دیارە ئێستا حەزی چۆتەوە هین!!.. هەر لەزمانی نووسینەکەی دەتوانرێت ئەم پیاو بناسرێتەوە.
ئەم وەڵامەم بۆ ئەو و کەسانە نیە کەئەرکی قسەکردنیان لەسەرمن گرۆتە ئەستۆ و کەنایانەوێت کەس هەبێت داکۆکی لەحزبی شیوعی بکات، بەڵکو بۆ خوێنەرانی بەڕێزە بۆئەوەی فێڵیان لێنەکرێت، کەدیارە مەنتقی وەڵامەکانی من ئەوانی بێزارکردوە، بۆیە بەناچاری ئەمجارە شتە هەڵبەستراوەکانیان تەجاوزی منی کردوەو بابمیشی گرتۆتەوە. رەنگە جاری داهاتوو شتی دیکەش هەڵببەستن کە هەر ئەوەیان لێدەوەشێتەوە، ئەدی ئەوەنەکەن ئەدی چ بکەن؟؟.
خوێنەری بەڕێز من بەناوی هەقیقی خۆم شت دەنووسم و وەڵامیان دەدەمەوە، لەپەرێزی خۆم ناترسێم، بەڵام ئەگەر یەک تۆسقاڵ ئازایەتی و شتی راستیان لایە بابەناوی راستەقینەی خۆیان شت بنووسن، بەڵام دیارە لەپەرێزی خۆیان دەترسن یان هێشتا ئاغاکانیان رێیان پێنەداون، بۆیە من لەئێستاوە بەوانەو ئاغاکانیان دەڵێم چیتان هەیە بیخەنە سەر بەڕەکەو پێویستی بەو پشی پشییە ناکات.
من ناوم هەندرێن ئەحمەدە ناوی باپیرمیان بۆنانووسم چونکە لەنووسینکەیان دیارە هەر ئەوەندە زانیاریە سەقەتانەیان دراوەتێ بۆچی من زیاتریان پێ بدەم!!، من ئەندامی حزبی شیوعیم و ئەوەش بەنەنگی نازانم کە داکۆکی لەحزبی شیوعی بکەم، بەڵام ئەی ئێوە چی دەکەن؟.
لەدایکبووی 1970م نەک (1968) لەهەولێر-قوشتەپە، خەڵکی گوندی مورتکەین، لەساڵی 1979وە لەگەڕەکی زراعەی هەولێرین و هەمووکەسی ئەم گەڕەکە بەباشی دەمانناسن، کەماڵمان ماڵی خۆشاردنەوەی رێکخسنە نهێنی و پێشمەرگەری ناوشارو دۆستانی حزب بووە، ئەی ئێوە کێن و چیتان کردوە؟..
هەرچەندە ئەگەر من نەبام رەنگە ناوی بابم نەهاتبا، بەڵام هەرئەوەندە روون دەکەمەوە کە دەریای مێژووی ئەوپیاوە بە لموزی ئێوەو ئاغاکانتان پیس نابێت، چونکە ئەوپیاوە هەمووکات زەریبەی بەعسی نەبوون و کۆنە شیوعیەتی داوە، پەشیمانیش نیە، لەوەش زیاتر لەسەر ئەوەی نەبووە بەجەیش شەعبی چەندجار تووشی دەردو گرتن و تەحیقکردن بۆتەوە، ئینجا چونکە قسەکانتان درۆیە، ئەو مامۆستا نەبوو بەڵکو فەرمانبەری دایەرەی کشتوکاڵ بوو دەتوانن هەندێک زەحمەت بکێشن و بچن لە کۆنە هاوڕێکانی و کۆنەهاوڕێیان حزبیش ببپرسن بزانن ئەو ئەحمەدە کێەو چۆن بووە، بەڵام پێم بڵێن ئەی ئێوە کێن و چین؟..
من خاوەن فیکری خۆمم، کاتێک لەحزب دەردەچم لەسەر فیکر دەردەچم، و دەگەڕێمەوە نێو حزبیش لەسەر فیکر دەگەڕێمەوە ئەگەرنا زۆر لەوکەسانەی لەپارتی کار کەنەگەڕانەوە ناو حزبی شیوعی بوونە یەکێتی یان پارتی و ئیمتیازاتیش لەو دوو شوێنە لەهەموو جێگایەک زێترە. باشە من گەڕامەوە نێو حزبی خۆم، ئەی ئێستا ئێوە چی دەکەن؟ ئێوە دەتانەوێ حزب تێک بدەن، پێم ناڵێن ئێوە کێن؟
کاتێک من لەپارتی کار لەگەڵ ئەبووحیکمەتی (رەحمەتی) کێشەو ململانێمان هەبوو، ئەودەم زۆرکەس نەیدەوێرا دژی ئەو جۆرە کەسو سیاسیانە بوەستێتەوە بەتایبەتی لەوکاتی وەزعی سیاسی کوردستاندا.. کە کرامە سەرنووسەری رزگارییش بەخاترانە نەبوو، بەڵکو پیشەی رۆژنامەنووسی و ئیسراری خۆم بووە وای کرد ئەوکارەبکەم، کە مەکتەبی سیاسی پارتی کاریش بڕیاری لابردنی منی دا، هیچ لەوە دڵتەنگ نەبووم، چونکە دەمزانی لەسەر خیلافێکە کەئەبوحیکمەت و جەماعەتەکەی کەسی دیکە هەڵیان دەسوڕێنێت. بائەوەش بڵێم بەرلەوەی ببمە سەرنووسەری رزگاری، لەساڵی 1995لەگەڵ هاوڕێ محمەد شێخانی دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری رادیۆی نیشتمان بووم کە رەنگە لەبیرتان چووبێت بینووسن و بزانن ئەویش بەبڕیاری کێ بووە، هەربۆزانین!!!!.
خیلافی فیکری لەهەموو حزبێک شتێکی تەندروستە بەڵام کار بگاتە ئەوەی هیچ خیلافێک لەسەر فیکر نەبێت، بەڵکو شەخسەنە بکرێت، ئەوە شتێکی دیکە دەبێت لەبەرچاو بگرین کە ئەوکەسانەی هێرشی جۆراوجۆر دەکەنە سەر کەسە دیارەکان، ئەوە دوو مانای هەیە یەکەمیان دیارە ئاغای ئەو کەسانە بڕیاریانداوە شەڕەکە ببنە قۆناغێکی دیکە، دووەمیان هەرخودی ئەو دەستوپێوەندانەی بەناوی خواستراوە شت دەنووسن لەدژی حزبی شیوعی و کادیرانی حزب، بەهەڵویًست و بەکەسایەتی خۆیان زۆر بچووک بوونەتەوە.. ئەگەر ئەوەش نەکەن ئەدی چی دیکەیان پێ دەکرێت؟
راستە من هاوکاریم لەحزب وەرگرتوە و ئەوە نهێنیەک نیە ئاشکرا کرابێت، من کاری رۆژنامەنووسی و بەرپرسیارێتیم هەیە، لەبەرامبەردا بڕێک هاوکاری وەردەگرم، ئەی ئێوە لەکوێ و بەموافەقەی کێ و چۆن و چەند وەردەگرن؟
من بەر لەراپەڕین پەیوەندیم بەحزبەوە هەیە، خانەوادەکەشم وەک خۆتان دەڵێن کۆنە شیوعیەو جگە لەبابیشم کەکادری حزب بووە مامیشم پێشمەرگە بووەو خاڵیشم هەر شیوعی بووە، ئەوە ئێمە نین لەسەردەمی پرۆسەی ئەنفالەکان تەسلیم بەبەعس ببینەوەو پاکانە بدەینە بەعس، چونکە لەسەر پاکانە نەکردنمان زەریبەی زۆرمان داوە، ئێمە لەوجۆرەکەسانە نین و ئێستاش بێین ببینە ریش سپی و بەم هێرشانە بمانەوێ پەرێزی خۆمان پاک بکەینەوە و باس لەگۆڕانکاری و چاکسازی بکەین.
لەمەڕ زەوی وەرگرتن یان نا، دیسان ئەوە منیم کە چوار پارچە زەویم وەرگرتبێت بۆ خێزانەکەم و خوشک و براییەکانیشی، هەروەها ئەوەمن نیم راتبی مانگانەشم بەناوی پێشمەرگەری دێرین وپلەی بەرز بۆ هەموو خزم و کەسەکانم مسۆگەر کردبێت وەک ئەو ئارام شێروانیەو جەماعەتە لغاو لەدەست ئاغاکانیان، کەبەئاسانی ئەم کارەیان بۆ چۆتە سەرو خەڵکی تێکۆشەریشیان کرۆدتە لیستی هامشیەوەو کەزۆر لەوناڕەزایەتییەی ئێستای هاوڕێیان و دۆستان ئەم ئارام شێروانیەو جەماعەتەکەین، چونکە پلە حزبیەکانیان بۆبەرژەوەندی شەخسی ئیستغلال کردوەو ئێستاش کە لێیان دەپێچرێتەوە خۆیان وەک ناڕازی دەخەنە روو. بەتەحەداوەش دەڵێم هیچ پارچە زەوییەکم بەناوی حزب وەرنگرتوە. ئەی ئێوە دەی ئازایەتی بتانگرێت و ناوی خۆتان بڵێن، تا بۆتان بژمێرم چیتان وەرگرتوە و چەند پارچە زەوی و لەکوێیەدایە؟
لەخاڵێکی دیکەدا باس لەتوانای من دەکەن، توانام هەبێت یان نا ئەوە خوێنەر و هاوکارانم بڕیار دەدەن، هەروەها ئەو هەموو ئیشەی ئێوە بۆتان ریزکردووم لەبابەتەکەتاندا، کەگوایە من بەرپرسم و ئەندامی ئەو دەستەو مەکتەبە حزبیانەم، لایەنێکی هەقیقەتی شتەکان ئاشکرا دەکات کەمن توانام هەیە یان نا!!، ئەی توانای ئێوە چیە، هەر قسەکردن؟ خوێنەری بەرێز وەرن ببینن، بزانن چ درۆیەکی دیکەشیان ریزکردوە، نووسیویانە کە (بەر لەراپەڕین هەندرێن نەیتوانیوە ئامادەیش تەواو بکات! کەچی ئێستا خوێندکاری زانکۆیەکی وەهیمیە!!) جارێ لەپێشدا بۆ راستکردنەوە حزبی شیوعی لەئەدەبیاتی خۆی دەستەواژەی (خوێنکار) بەکارناهێنێت بەڵکو دەستەواژەی (قوتابی)، دیارە لەوەدا ئاغاکانیان هەستیان بەو هەڵەیە نەکردوە، دووەم من لەئامادەیی پیشەسازی لەئەوائیل بووم و پاشان پەیمانگای تەکنیکیشم هەر بەئەوائیل تەواوکرد، کە دەبوایە لەکاتی راپەڕین لەزانکۆی تەکنۆلۆژی بەغدا خوێندن تەواو بکەم، بەڵام نەچووم چونکە تەحیقیقم لەسەر بوو بەهۆی بەعسی نەبوونم، کە ئێستاش لەسەر دۆسیەکەم نووسراوە کارەکانی رابگیرێت بۆ تەحقیق لەشعبەی بەعسی حەویجە بانگکراوە، هەرکەسێک دەیەوێت شتی زیاتر لەوبارە بزانێت دەتوانێت پەیوەندیم پیچوەبکات و زانیاری و بەڵگەی زیاتری دەدەمێ کەلێرە هەر ئەوەندەبەسە، بۆدەرخستنی راستیەکان. کەهەرکەس کێیەو چۆن بووە؟
بەڵێ من داکۆکی لەحزب دەکەم و پابەندم بەپەیڕەوی ناوخۆی حزبی شیوعی کوردستان، ئەی ئێوە چ کارەن، بەچییەوە پابەندن؟ لەژیانی حزبی شیوعیدا ئەمجۆرە نووسین و هەڵسوکەوتانە زۆرجار روویانداوە، کەلەکۆتاییدا هەر شکست و شەرمەزاری بۆ خاوەنەکانیان ماوەتەوە، بەڵام ئەوەی من لێی دەترسم کە رۆژگارێک بێت لەبەرامبەر ئەو درۆودەلەسانەتان، نەشەرمەزاری و نەپەشیمانی دادتان نەدات.
من کەلەحزب دەرچووم لەسەر خیلافی فیکری بوو، رەنگە هەڵەشمان کردبێت، بەڵام دواجار گەڕامەوە نێوحزب، ئەی ئێوە ئێستا خەریکی چین، حزب کەرت بکەن؟ حزب ناشرین بکەن؟ لەوکاتەی حزب پێویستی بەهەموو تواناکانە تازەبەتازە ئێوە لێی دەردەچن؟ بۆئەوەیان چی دەڵێن؟ ئەگەر وەها نەکەن دیارە ئاغاکانتان لێتان قبوڵ ناکات؟..
ئێستا وەزیفەی ئێوە لاوازکردنی هۆشیاری شیوعیەکانە، وەزیفەی ئێمەش داکۆکیکردن لەحزب و بەرزکردنەوەی هۆشیاری شیوعیەکانە، هەرچەندە قاعیدەی حزب ئێمەش دەناسن و ئێوەش دەناسن. بۆیە باشترە واز لەم کارە قێزەونانە بهێنن و پەشیمان ببنەوە، چونکە نەبەکەسەکانی پێش ئێوە هیچ کراوە نە بەپارتی کاریش هیچ کرا کە زۆر لەئێوە پاکترو بەهێزترو خاوەن فیکریش بوو، بۆیە ئەوەی ئێوە تەنها بڵقێکی بۆن ناخۆش دەبێت. بۆیە داواتان لێدەکەم واز لەمجۆرە کارانە بهێنن و مەبنە داردەستی کەسی دیکە.
هەرچەندە دەزانم ئەوکارانەی ئێوە تەنها پیشەی ئەوکەسانەیە کە بەردەوام دەوری قوربانی دەبینن، بۆیە هەوڵ دەدەن بە سیاسەتی خۆبەگەورەزان ئەم کەموکوڕییەی خۆتان پڕبکەنەوە، ناتوانن لەبەرامبەر ئەم وەڵامەم بێدەنگ بن، بەڵام داواتان لێدەکەم کەرەدم نەدەنەوە، هەرچەندە ناتوانن، تەئکید دەکەمەوە کەناتوانن؟ بەڵام ئەو بەڵگەنامانەی کەلەبەردەستی مندایە ئەگەر لەسەرتان بڵاویبکەمەوە، ئەواناتوانن چیدیکە لەکوردستانیش بەئاسوودەیی بژین، ئینجا هەر بەناوی خواستراوە شت بنووسن، بەڵام زمانی نووسینتان دیارە.
لەدوادێردا، زۆر خۆشحاڵم کە ئەوە ئاستی دوژمنانی حزبی شیوعی، چونکە ئاستێکی زۆرنزمەو لەپێگەیەکی زۆر لەرزۆکەوە قسە دەکەن، بەڵانی کەم ناتوانن بەئازادی و بەناوی خۆتانەوە بنووسن و قسەبکەن، چونکە لەباکگراوندی مێژووی ناوی خۆتان دەترسن. ئەگەر ئەوها نەکەن دەستەکەتان کەشف دەبێت و پەرێزیشتان ئەوە تەحەموول ناکات.
