ره‌خنه وه‌ك سوته‌مه‌نییه بۆ ره‌وڕه‌وه‌ی ژیانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه، كه وای لێ ده‌كات به‌رده‌وام له كارژفڕێدان و نوێبوونه‌وه و به‌ره‌وپێشچووندا بێ و به دیار شت و سیستم و میكانیزم و ئاسته بۆماوه‌كانیه‌وه دۆش دانه‌مێنێ و وه‌ك میراتێكی پیرۆز و دوا وێستگه‌ی مومكین كه بكرێ عه‌قڵی مرۆڤ پێی بگات، ته‌ماشای نه‌كات و نه‌بێته پاسه‌وان و پێشمه‌رگه‌یان.
ناكرێ ئێمه له هیچ بارێكدا رێ له ره‌خنه بگرین، چونكه به‌وه بڕیاری به به‌ردبوون له‌سه‌ر خۆمان ده‌ده‌ین. ئه‌مه ته‌نانه‌ت ئاینیش، كه قووڵترین ریشه‌ی له ناخی مرۆڤه ئاینداره‌كاندا هه‌یه، ده‌گرێته‌وه، ئیدی شته‌كانی تر ده‌بێ ره‌خنه‌لێگرتنیان له ئاسایی ئاساییتر بێ.
ئاین بۆ مرۆڤ هاتووه، پێش له هاتنی ئاینه‌كان مرۆڤ هه‌بووه، له غیابی ئاینه‌كانیشدا مرۆڤ هه‌ر هه‌یه. ده‌كرێ دوای سه‌دان ساڵ له باڵاده‌ستیی ئیسلام یان مه‌سیحیه‌ت یان هه‌ر ئاینێكی تر له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، ئه‌و ئاینه له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا بپوكێته‌وه یان باڵاده‌ستی له‌ده‌ست بدات، ئه‌وه‌یش زۆر رووی داوه، به‌ڵام مرۆڤه‌كان هه‌ر ده‌مێنن و به‌ئاسایی درێژه به ژیانی خۆیان ده‌ده‌ن. ره‌نگه مرۆڤ به‌بێ هیچ ئاینێك بژی، به‌ڵام ئاین به‌بێ مرۆڤ ناژی و نامێنێ.
كه‌واته مرۆڤ یه‌كه‌م و ئاین دووه‌مه، ره‌نگه هه‌ر لێره‌شه‌وه بووبێ هه‌ندێ له بیرمه‌ندانی ئیسلامیش گوتویانه "ێحه الابدان اولی من ێحه الادیان" وات ساخله‌میی جه‌سته‌كان له ساخله‌میی ئاینه‌كان له‌پێشتره.
كه‌واته مادام ره‌خنه بۆ مرۆڤ گرنگ بێ، ده‌بێ ئاینیش ئه‌مه قبوڵ بكات، ئه‌گینا په‌راوێز ده‌كه‌وێ و ئه‌مڕۆ بێ یان سبه‌ی، تۆزی بێنازی لێ ده‌نیشێ.
ئه‌مڕۆ قبووڵكردنی ره‌خنه‌گرتن له ئاین لای شوێنكه‌وتوانی هه‌ندێ له ئاینه‌كان ئاسایی بووه‌ته‌وه، به‌ڵام لای كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمان هێشتا نه‌ك ره‌خنه له جه‌وهه‌ری ئاینه‌كه و له بنه‌ما فه‌لسه‌فییه‌كانی، بگره ره‌خنه‌گرتن له زۆر بیروبۆچوونی مێژووییش، كه به‌رهه‌می عه‌قڵی زانا موسڵمانه‌كانن و به‌شێكی بونیه‌وی نین له دینه‌كه، ره‌خنه‌لێگرتنیان بووه‌ته بڤه و ئه‌نجامده‌ری به‌ر نه‌فره‌ت ده‌كه‌وێ.
ئایا ئاین له‌مه به‌رپرسه یان عه‌قڵی موسڵمانان؟ ئایا ده‌قه ته‌ئسیسییه‌كانی ئیسلام (قورئان و فه‌رمووده) شتێكی وایان تێدایه كه بیركردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرانه له ئاست ئاینه‌كه‌دا قه‌ده‌غه بكات؟
ئه‌ز كه نزیكه‌ی 25 ساڵه وه‌ك ئه‌ویندارێكی ئیسلام و په‌یامه‌كه‌ی كارم كردووه و لێی كۆڵیومه‌ته‌وه و سه‌رده‌مێك وه‌ك هه‌ر موسڵمانێكی وابه‌سته به ئاین له ناخه‌وه به ره‌خنه‌لێگرتنی ئیسلام و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار له به ره‌خنه له شته مێژووییه‌كانیشی نیگه‌ران و برینداربووم، له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌وه‌ی وای كردووه عه‌قڵی ئیسلامیی ئێمه هێنده دژ به هه‌ر نه‌فه‌سێكی ره‌خنه‌گرانه‌بێ نه‌ك ته‌نیا له دینه‌كه بگره له زۆر له شته مێژووییه‌كانیشی، ئه‌و كه‌لتووره دواكه‌وتووه‌یه كه له سه‌رده‌می پاشه‌كشه‌ی عه‌قڵ و شارستانیه‌تیی ئیسلامییه‌وه، كه له سه‌ده‌ی پێنجه‌می كۆچییه‌وه ده‌ست پێ كردوه و هه‌ر ده‌ستبردنێكی ره‌خنه‌گرانه بۆ ئه‌و كه‌له‌پووره‌ی بۆمان ماوه‌ته‌وه به بڤه و مه‌ترسی زانراوه، بۆمان ماوه‌ته‌وه، نه‌ك خودی ئاینه‌كه.
واته ئه‌و پاسه‌وانیكردنه‌مان پاسه‌وانیكردن نیه له ویستی ئاینه‌كه به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی پاسه‌وانیكردنه له ویستی كه‌لتوورێكی مێژوویی دواكه‌وتوو، هه‌ر ئه‌وه‌یش وای كردووه نه‌توانرێ بۆ ماوه‌ی سه‌دان ساڵ نوێگه‌رییه‌ك له بیر و جیهانبینیی ئیسلامی‌دا بێته‌كایه و هه‌موو بیركردنه‌وه نوێ و هاوچه‌رخه‌كان زیاتر جووینه‌وه و میكیاژدانه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌كانی پێش خۆمان بن.
ئیسلام سیستمێكه له بیروبۆچوونی فه‌لسه‌فی و ئه‌خلاقی و سلوكی، له به‌رامبه‌ر ده‌یان سیستمیدیكه‌ی جۆراوجۆر كه له دنیادا هه‌ن چ ئاینی ئاسمانی بن یان فه‌لسه‌فه‌ی به‌شه‌ری، بۆیه مافی هه‌ر تاكێكی هۆشمه‌نده، جا له بنه‌ماڵه‌یه‌كی موسڵمان بێ یان غه‌یره موسڵمان، بیر له بنه‌ماكانی ئه‌و سیستمه بكاته‌وه، هه‌ڵیانسه‌نگێنێ و له بناغه مه‌نتیقییه‌كانیان رامێنێ، ئه‌نجا هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌یانه‌وه، به‌باوه‌ڕپێهێنان، یان نه‌هێنان دیاری بكات.
ئه‌مه سه‌ره‌تایترین مافی مرۆڤه له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ئاینێكی دنیادا. هه‌موو ئاینێكیش له سه‌ره‌تادا به‌م شێوه‌یه مامه‌ڵه‌ی كردووه. ئه‌وه‌تا له قورئاندا ده‌یان ره‌خنه و گومانی بێباوه‌ڕه‌كان له‌باره‌ی حه‌قیقه‌تی په‌یامه نوێیه‌كه‌وه تۆمار كراون:
(أَمْ يَقُولُونَ افْتَرَاهُ قُلْ إِنِ افْتَرَيْتُهُ فَلَا تَمْلِكُونَ لِي مِنَ اللَّهِ شَيْئًا هُوَ أَعْلَمُ بِمَا تُفِيضُونَ فِيهِ){الأحقاف/8}.
- أَمْ يَقُولُونَ افْتَرَى عَلَى اللَّهِ كَذِبًا..{الشورى/24}.
- أَمْ يَقُولُونَ شَاعِرٌ نَّتَرَبَّصُ بِهِ رَيْبَ الْمَنُونِ {الطور/30}.
- أَمْ يَقُولُونَ تَقَوَّلَهُ بَل لَّا يُؤْمِنُونَ {الطور/33}.
- أَمْ يَقُولُونَ بِهِ جِنَّةٌ بَلْ جَاءهُم بِالْحَقِّ وَأَكْثَرُهُمْ لِلْحَقِّ كَارِهُونَ){المؤمنون/70}.
-..َيقُولُ الَّذِينَ كَفَرُواْ إِنْ هَذَآ إِلاَّ أَسَاطِيرُ الأَوَّلِينَ) {الأنعام/25}.
ئه‌عرابی هه‌بووه راشكاوانه به‌پێغه‌مبه‌ری گوتوه "له‌و دابه‌شكردنه‌دا دادگه‌ر نه‌بوویت". هه‌بووه ملیوانی كراسه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ری به توندی راكێشاوه تا ئه‌و راده‌یه‌ی لاملی سوور بووه‌ته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و ته‌كفیریان بكات.
به‌ڵام دوای چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك وای لێ دێ له پرۆسه‌ی گفتوگۆكردن و قبوڵكردنی ئایندا ئیراده‌ی مرۆڤ سه‌لب ده‌كرێ و ئاین وه‌ك هه‌ر كه‌له‌پوورێكی نه‌ته‌وه‌یی به میرات بۆ وه‌چه‌كانی دواتر ده‌گوێزرێته‌وه و خۆشی بێ و ترشی بێ موسڵمانه، دیاره ئه‌مه ته‌نیا تایبه‌تی ئاینی ئێمه نیه و له هه‌موو ئاین و مه‌زهه‌به‌كاندا هه‌ر وایه.
ئاین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و سه‌لبكردنی ئیراده‌یه‌ی مرۆڤ به‌رپرس نیه و هه‌ر مرۆڤێك كه گه‌یشته ته‌مه‌نی پێگه‌یشتن و هۆشی پژا، به‌چاوپۆشین له‌وه‌ی باوان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی هه‌ڵگری چ ئاینێكن، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به بیركردنه‌وه و هه‌ستی تایبه‌تی خۆی ئاین و رێبازه‌كان بپشكنێ و بڕیاری شوێنكه‌وتن یان نه‌كه‌وتنیان بدات، هه‌ر به‌وه‌یش بنه‌مای به‌رپرسیاریه‌تی (ته‌كلیف) واتای ده‌بێ، ئه‌گینا وه‌ك چۆن به‌پێی ئایه‌تی "الا من استكره وقلبه مگمئن بالایمان" كوفرێك به زۆر مرۆڤ بیكات له‌سه‌ری حسێب ناكرێ، ئیمانێكیش به‌زۆر له‌سه‌ری فه‌رز بكرێ بایه‌خی نابێ، به‌تایبه‌ت كه قورئان راشكاوانه ده‌ڵێ زۆركردن له ئایندا نییه "لا اكراه فی ا‌لدین".
لێره‌وه دێمه سه‌ر ئه‌سڵی مه‌به‌ست و ده‌ڵێم به‌شێك له به‌رپرسیاریه‌تیی ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له نووسه‌رانی عه‌لمانی یاخود نه‌یار به ئاین ناوبه‌ناو ده‌یكه‌ن و تێیدا به‌م یان به‌و شێوه سوكایه‌تی به پیرۆزییه ئاینییه‌كانی موسڵمانان ده‌كه‌ن، ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌و كه‌لتووره دواكه‌وتووه ئاینییه، كه ده‌رگای گفتوگۆی زانستی و بابه‌تییانه‌ی له‌باره‌ی پرسه ئاینیه‌كانه‌وه له نه‌یارانی ئاینه‌كه قفڵ داوه، بۆیه به‌و سه‌لبكردنه تا دێ زیاتر په‌نگ ده‌خۆنه‌وه تا دواتر ئه‌و هه‌سته له شێوه‌ی په‌رچه‌كردارێكی ناعه‌قڵانی و تووڕه‌دا خۆی به‌رجه‌سته ده‌كات و قاڵبی سوكایه‌تی وه‌رده‌گرێ.
مرۆڤ كاتێ بواری ته‌عبیر له‌خۆكردنی ئازادانه و عه‌قڵانی نه‌بوو، له ناخی خۆیدا په‌نگ ده‌خواته‌وه تا ده‌گاته ئاستی پڕ بوون، ئه‌و جا لێی ده‌ڕژێ و به‌شێوه‌یه‌كی ناعه‌قڵانی و توندڕه‌وانه گوزارشتی لێ ده‌كات.
رێنه‌دان به‌خۆده‌ربڕینی ئازادانه، ته‌نیا زیانه‌كه‌ی ئه‌وه نییه كه ئه‌و لایه‌نه كپكراوه په‌رچه‌كرداری ناعه‌قڵانی و توندڕه‌وانه‌ی ده‌بێ، به‌ڵكو وا ده‌كات لایه‌نی كپكه‌ریش وه‌ك لایه‌نێكی لاواز له به‌رامبه‌ر روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی عه‌قڵانیی ته‌وژمه‌كان ده‌ربكه‌وێ و كپكراوه‌كان وا هه‌ست بكه‌ن كه ئه‌وان له ترۆپكی هێز و داهێناندان و هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یشه هێزه ئاینییه‌كه له حزور و ئازادییان ده‌ترسێ.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی زۆر جار دروستكردنی هه‌ڵا له‌سه‌ر كتێبێك هێنده‌ی زیان به‌و كتێبه و نووسه‌ره‌كه‌ی و ته‌وژمه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێ، زیاتر له‌وه سوودی پێ ده‌گه‌یه‌نێ، چونكه ره‌واجێكی پێ ده‌دا كه ره‌نگه له رووی ناوه‌رۆكی زانستی و ئیبداعیه‌وه ئه‌و نرخه‌ی نه‌بێ. سه‌لمان روشدی به فتواكه‌ی ئیمام خومه‌ینی ناوبانگێكی په‌یدا كرد كه شایسته‌ی نه‌بوو، كتێبه‌كه‌ی ته‌سلیمه نه‌سرین به‌هۆی هه‌ڵای زانا ئاینیه‌كانی به‌نگلادیشه‌وه نه‌سرینی كرده ئه‌فسانه‌یه‌كی سه‌رده‌م، وێنه كاریكاتێرییه‌كانی دانیمارك به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه سه‌دان جار له‌وه‌ی رۆژنامه دانیماركییه‌كه چاوه‌ڕێی ده‌كرد ره‌واجی په‌یدا كرد، كه ئه‌وه‌یان به ملیاران دۆلار رێكلام بۆ نه‌ده‌كرا. گۆڤاری وێران به‌م هه‌ڵایه‌ی له‌سه‌ری ده‌كرێ ره‌واجی په‌یداكردوه و ئه‌وانه‌یش دژینی حه‌ز ده‌كه‌ن بیبینن.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له‌و هه‌رایانه‌دا ئاینداران وه‌ك میراتگرانی دادگه‌ی پشكنین و ئه‌وانه‌ی به سوكایه‌تیكردن تۆمه‌تبار ده‌كرێن وه‌ك میراتگرانی گالیلۆ و كۆپه‌رنیكۆس و هاوشێوه‌كانیان ده‌خرێنه روو، له‌كاتێكدا نه ئه‌وانه‌ی یه‌كه‌م خۆیان به رێگر له ئازادیی ده‌ربڕین و داهێنان و دژی جوانیه‌كان ده‌زانن، ره‌نگه نه ئه‌و مادانه‌یش كه هه‌ڵاكه‌یان له‌سه‌ر دروست ده‌كرێ له رووی ئه‌ده‌بی و ئیستاتیكییه‌وه هێنده داهێنه‌رانه و نه‌مر بن كه شایسته‌ی ئه‌و ناوبانگه بن كه بۆیان دروست ده‌كرێ.
به‌نده له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا له‌سه‌ر گوتاری ئاینیی رۆژانی هه‌ینی كه چه‌ندین ساڵه كارم بۆ كردووه و چاوه‌ڕێ ده‌كرێ به‌م نزیكانه بكه‌وێته بازاڕ، ئه‌وه‌م گوتوه كه مامۆستایانی ئاینی له هه‌موو كه‌سێك زیاتر پێویستیان به ئازادیی ده‌ربڕین هه‌یه، چونكه ئیشیی ئه‌وان قسه‌كردن و راده‌ربڕینه، له‌به‌رئه‌وه ده‌بێ ئه‌وان له هه‌موو كه‌س زیاتر سه‌رسه‌ختانه داكۆكی له ئازادیی ده‌ربڕین بكه‌ن ئه‌گه‌ر دژی بیروبۆچوونی خۆیشیان بێ، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌وان داوای زمانبڕینی ئه‌وانه له ده‌سه‌ڵات بكه‌ن كه جیاواز له خواستی ئه‌وان بیر ده‌كه‌نه‌وه، دوور نییه رۆژێك بێ هه‌ر له‌سه‌ر زمانیان مقه‌ستی ده‌سه‌ڵات به زمانی ئه‌وانیش بگات.
دیاره شه‌ڕی ته‌وژمه ئایدیاییه جیاواز و ناكۆكه‌كان كۆتایی نایه، به‌ڵام ئه‌ركی ئێمه‌یه ئه‌و شه‌ڕه له شه‌ڕێكی كێوی و به‌ده‌وییه‌وه بكه‌ینه شه‌ڕێكی ماڵیی و شارستانی. ئه‌و زمانه‌ی له چه‌ند رۆژی رابردوودا له مشتومڕی هه‌ندێ له وتارخوێنه‌كان و چه‌ند یه‌كگرتوویه‌ك له‌لایه‌ك و هه‌وادانی سیكیولاریزم له‌لایه‌كیتره‌وه به‌كار هات، به‌داخه‌وه زمانی گفتوگۆی تێپه‌ڕاند بۆ زمانی شه‌ڕ و داشۆرین، زیاتر له شه‌ڕێكی كێوی ده‌چوو تا شه‌ڕێكی مه‌ده‌نی. زیاتر له ته‌قینه‌وه‌ی گڕكانێكی په‌نگخواردوو ده‌چوو كه ئاگر و زیخ و به‌رد و دووكه‌ڵی به‌رووی ئه‌ویتردا ده‌كرد، نه‌ك له گفتوگۆیه‌كی هێمنانه‌ی دوو ته‌وژمی فیكری كه باوه‌ڕیان به‌فره‌فیكری و نیسبیه‌تی حه‌قیقه‌ت هه‌بێ.
ئێمه به‌سازكردنی زه‌مینه‌ی گفتوگۆیه‌كی عه‌قڵانی و كراوه له نێوان ته‌وژمه فیكریه جیاوازه‌كاندا، ده‌توانین كوانووی هه‌ناوه داخبوه‌كان سارد بكه‌ینه‌وه و له‌رێی رێگه‌دان به ره‌خنه‌ی جیدی، بازنه‌ی په‌نابردن بۆ سوكایه‌تیكردن ته‌سك بكه‌ینه‌وه.
سروشتی زمانی ره‌خنه و زمانی سوكایه‌تیكردن، ئه‌گه‌رچی لێكچوونیشیان هه‌بێ، به‌ڵام زۆریش تایبه‌ت و لێك جیاوازن.
له ره‌خنه‌دا زمانی زانست و مه‌نتیق به‌كار ده‌هێنرێ كه سه‌نته‌ری بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ، واته عه‌قڵ، ده‌دوێنێ و زۆر به كه‌می ده‌بێته هۆی وروژاندنی مرۆڤ و كاردانه‌وه‌ی توند له دژی وروژێنه‌ره‌كه، به‌ڵام زمانی سوكایه‌تیكردن، وه‌ك جوێندان و گاڵته‌پێكردن، زمانێكی زیاتر بازاڕییه و سه‌نته‌ری هه‌ست و سۆزی مرۆڤ، واته دڵ، ده‌پێكێ و ده‌یوروژێنێ و ته‌نانه‌ت كار له توانای عه‌قڵیش بۆ بیركردنه‌وه‌ی مه‌نتیقی لاواز ده‌كات و وا له كه‌سی وروژاو ده‌كات كاردانه‌وه‌ی توند و حساب بۆ نه‌كراوی له به‌رامبه‌ر ئه‌و وروژاندنه هه‌بێ.
