کاتێک وێب سایتی کوردستان نێتم کردەوەو بینیم (هەڵمەتی داکۆکیکردن لە پێغەمبەران) لە سەرەوە نووسرابوو، خێرا کلیکێکم کرد تا بزانم پێغەمبەران چیان لێقەوماوە.
چیم بینی؟!! بەڕاستی "مەهزەلەی عەقڵی بەشەری"یم، یانی لە هەزارەی سێیەمداو لە ساڵی ٢٠١٠دا هێشتا کەسانێک هەن بەو عەقڵەوە بژین و بیر بکەنەوە؟!!، پێم وابێت بەڕاستیان نیە ئەو کەسانەی لە پشتی ئەو نووسینەوەن، ئەگەرنا دەبوو بزانن پێغەمبەران چی بوون و وەزیفەی ئەوان لە ژیان و مێژووی مرۆڤایەتیدا چی بوو!!.
من ئەم نووسینەم سوکایەتی نیە بە ئاین و رێزیشی لێدەگرم، بەڵام گرفتی گەورەم لەگەڵ نائاگایی ئەو دەستەو تاقمانە هەیە کە خۆیان لێ کردووین بە زانای زاناکان و هیچ شتێک لە بارەی ژیان و مرۆڤایەتی و لێبوردەیی و ئاین و پێغەمبەر و خوا نازانن، کەچی بەبێ وەستان چاوەڕێی دەرفەتی خۆیانن تا وشەگەلی ناعەقڵانیان بدەنە گوێی خەڵکی داماودا.
من تێناگەم ئەگەر پێغەمبەرێک چاوەڕیی بەندەی سادە بێت داکۆکیی لێبکات، ئەو پێغەمبەرە دەتوانێت چی بۆ بەندە بکات؟!!، پێغەمبەران کە بڕوای ئاینەکان وایە کە خوا هەڵیبژاردوون، پێویستیان بە کەس نیە بەرگریان لێبکات و بابەتێک ناو بنێن داکۆکی لە پێغەمبەران، هەڵمەتێک لە دژی نووسەران بەرپا بکەن بە مەرامی بەرەو دواگەڕانەوەی واقیعی کوردستان، کە هەنگاوگەلێکی بڕیوە، چونکە خوایەک هەیە داکۆکیان لێبکات، ئەگەر باوەڕی ئێوەیش ئەوەیە کە دەبێت ئێوە بەرگرییکاریان بن، ئەوە کەس ئێوەی بەوە قبوڵ نیە کە خۆتان بکەنە ئەو نوێنەرانە، چونکە خەڵکی نەخەوتووە دەزانن ئێوە بۆ راکێشانی سۆزی خەڵک و زیادکردنی چەندایەتی ریزەکانتانن لە حیزبەکەتان، کە هەموو دەزانین ئیسلام و هیچ ئاینێک پێویستی بە حیزب نیە، بەڵکو کۆمەڵێک خەڵک هاتوون خەریکی سیایەتکردنن بەناوی ئیسلامەوە، بۆ بردنەوەی پلەو پایەی دەسەڵات، راستە تاوەکو ئێستا خۆتان وەکو ئیزبێکی شەرمن نمایش کردوە گوایە ئاشتیخوازن، بەڵام لە نووسینی یەکێک لەلایەن گرەکانتانەوە دەرکەوت کە چەند پۆز لێدەدەن بەو چەند کورسییەی بە دەستتان هێناوە، هەر باش بوو زۆرینەی دەنگ نەبوون، ئەگەرنا بە بەیاننامەو نووسینەوە نەدەوەستان، بەڵکو فەتوای خەتەرتان دەرەکرد، بەڵام ئومێد دەکەم لە هەڵبژاردنی داهاتوودا خەڵک چاوی باشتر بکاتەوە، بزانێت کە سیاسەت هەر پێناسە کۆنەکەی هەیە (هونەری توانستەکان)، لای ئێوەیش رێک ئەوەیە چیتان توانی دەیکەن، نەتانتوانی خۆتان بێدەنگ و ئاشتیخواز نمایش دەکەن.
دەکرێت بەرگری لە باوەڕو ئاین بکرێت و دەوستی پێوە بگریت، بەڵام پێویست ناکات پێمانی بفرۆشنەوە، ئەوەی ئێوە ئەمڕۆ هاتوون سوودی لێدەبینن بۆ هێرشەکانتان دژ بە نووسەران و ئازادی رادەربڕین، بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی نووسەرانە، نەک بەرهەمی هێزە ئیسلامییەکان، بۆ نموونە یەک لە بەرهەمەکانی نووسەران: ئەم وێب سایتەی کوردستان نێت، کە ئێوەیش بە ئارەزووی خۆتان هێرش دەکەنە سەر نووسەرو داوا دەکەن بکرێین بە پەند (لە یەکەمین بەیاننامەی یەکگرتوو وا نووسرابوو) لە رێگەیەوە، ببینن بەرهەمی نووسەرو نووسین چیە!! ئازادی وتن و بیرکردنەوە، وەڵامدانەوە، بەرهەمی ئێوەیشمان بینی، مزگەوت و شەڕی ناوخۆ لەژێر ناوی شەڕی کافرو ئیسلام، هەوڵدان بۆ کوێرەورکردنی خەڵک، کۆمەڵگە زۆر هەنگاوی بڕیوە پێویستی بەوە نیە کەسانێکی وەکو یەکگرتوو بێن و دەمڕاستی بکەن و بەرەو دوای بگەڕێننەوە، ئەوەی ئێستا ئێمە لە کۆمەڵگەی کوردستان پێویستمانە نەمانی گەندەڵی و تاکڕەوییە، نەمانی بەفیڕۆدانی سامانی وڵاتە، نەمانی عەقڵ و هزری کۆنەپەرست و دواکەوتووە.
ئیدی کێ هەیە ئەوەندە سادە بێت پێی وابێت دەتوانێت ببێت بە داکۆکیکار لە پێغەمبەران؟!!، ئێوە بڕۆن خەریکی نوێژو دوعای خۆتان بن و خەڵک بگەڕێننەوە سەرڕێی راست، نووسین پیشەی نووسەرانە، ئێوەیەک ئەلف و بێی ئەدەبیات نەزانن هاتوون چ دەهۆڵێک دەکووتن؟!!، بەڕاستی عەقڵێک پێی وابێت دەبێت بە ئارەزووی ئەو بنووسین یانی نەک بەس بێ ئاگایە بەڵکو زۆری ماوە لەخەو هەستێت، ئیزدواجییەتیش وەکو رۆژی روناک دیارە لە وتن و نووسین و کردیاریاندا، دەڵێن باوەڕمان با ئازادی رادەربڕین هەیە، ئازادی رادەربڕین لای یەکگرتوو ئەوەیە تەنها هێرش بکەینە سەر دەسەڵات بەڵکو کورسییەکەیان پێ لەق بکەین بۆ ئەوان، بەڵام ئەگەر باوەڕمان باوەڕی ئەوان نەبوو دەبێت دەممان دابخرێت و رۆژنامەو گۆڤارەکان دابخرێن و نووسەران دەبنەوە جاهیل.
ئەی بۆ کاتێک دیفاع لە ئیسلامییەکان بکەین لەروانگەی باوەڕبوونمان بەئازادی سیاسی و باوەڕ دەبینە نووسەری باش، بەڵام کاتێک نووسینێک شتێکی تیابێت کە بە دڵی ئێوە نەبێت، نووسەران جاهیلن و دەبێت بکرێن بە پەندو عیبرەت.
بەندە یەک لەو نووسەرانەم کە بۆ داکۆکیکردن لە (م. عەلی باپیر) بیروڕام بە ڕوونی نووسیوە، بۆ داکۆکیکردن لە یەکگرتوو لەو کاتەی هێرشکرایە سەر بارەگاکانیان لە پەیوەندی تەلەفۆنیان پێمەوە رادیۆی چەمچەماڵ لەمەڕ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان زۆر بە توندی رەخنەم ئاڕاستەی دەسەلات کردو بەرگریم لە یەکگرتوو کرد، بەڵام ئیدی ئێستا یەکگرتوو دەبێت نیشانەی پرسیاری بخرێتە سەر، چیدی (فاروق رەفیق) ەکان وەکو نمونەی جوان باسیان لێوە نەکەن، چیدی وەکو ئەلتەرناتیڤ بۆ هیچ پنتێکی دەسەڵات وەسف نەکرێن.
لە سایەی ئەو ئازادییەی بەرهەمی خوێنی شەهیدانی سەربەرزی کوردستانە، کۆمەڵە خەڵکێک هاتوون و دەیانەوێت بەخشکەیی بمانگێڕنەوە باوەشی عروبەی شۆڤێنیزم و عەقڵییەتی سەلەفییەتی فەندەمێنتاڵ، ناکرێت ئێمە ئیدی بە زوڕنای ئەو جۆرە بزوتنەوانە هەڵپەڕین، کە مشەخۆرن و لە کوێ هاوپەیانییەتی ئەوان خواستی بێدەنگن، لە کوێش لە زەرەریان بوو بیکەن بە هەڵڵا.
دواشت ئەوەیە کە زۆر بە سادەیی لە بەیاننامەی دووەمیاندا هاتوون دەڵێن:"بە گشتی بەیاننامەکە لەڕوانگەی ئەخلاقی گشتی و دەقەکانی یاساوە نووسراوە" نازانم کێ ئەوانی هەڵبژاردووە بۆ دیاریکردنی بابەتی ئەخلاقی گشتی، دواتر پێوەرەکانی ئەخلاق لای یەکگرتوو چیە، پاشان کام یاسا ئەو باسی لێوە دەکات؟!! ئەو یاسایەی کە هیچ کام لە نووسەران پێی رازی نین!! ئەو یاسایەی بۆ رۆژنامەنووس و نووسەر دەکرێت لە راستیدا لادانە لە ئەخلاقی ئازادی، چونکە هەر وڵاتێک نووسەری ئازاد نەبێت گومان بکە لە ئەخلاقییاتی ئازادییەکەی، لەوانەیە لای یەکگرتوو ئەخلاق بە مانای سێکس بێت، بەڵام ئەخلاق شتی دیکەیە، دەتوانن بۆی بگەڕێن تا بزانن چیە.
باسی ئەوەیان کردوە ئەخلاقی کۆمەڵگە تێک دەچێت، دیارە ئەوان نازانن جەهالەت ئەخلاقی کۆمەڵگە تێک دەدات نەک گۆڤار، دواکەتوویی ئەخلاقی کۆمەڵگە تێک دەدات نەک نووسین، ئەگەر ئاوڕێک بدەنەوە لەو گرفتانەی کە ئامێری مۆبایل دروستی کردوە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، رێژەیەکی بەرچاوە لە فیلمی رووت کەوتە بازاڕەوە تەنانەت لە هەندێک سایتی جیهانیشدا چەند گرتەیەک لەو فلمانە بڵاو بوونەتەوە، کە زۆربەی گرفتی گەورەی لێکەوتووەتەوە، ئایە دەزانن بۆ؟!! لەبەر نەبوونی هۆشیاریی لە کۆمەڵگەکەمان بەرامبەر بە داهێنانە نوێیەکان و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا، ئەی یەکگرتوو بۆ بەیاننامەیەکیش دەرناکات بڵێت"مۆبایل ئەخلاقی کۆمەڵگە تێک دەدات".
عومەر سەیدە / نەرویج
sayda@live. no
