(ئه‌نوه‌ر ناوی شه‌هید ئارام بوو له‌و هه‌ویه‌یه‌ی بکوژه‌کان پاش شه‌هیدکردنی له‌گیرفانیان ده‌رهێنابوو)
سیروان کاروانی: چه‌ند ئه‌سته‌مێکی مه‌زنه، وه‌ختێک ئازاره تۆزاوییه‌کانی هه‌نیی کاره‌ساته چاوه‌ڕوان نه‌کراوه‌کانی مێژوو،
به ڕه‌هێڵه‌ی مه‌رگه‌وه به‌ره‌و پیریی مرۆڤ دێن و ئه‌نجام ده‌یخزێننه باوه‌شی گڕه سووره هه‌ڵچووه‌کانی حه‌سره‌ته‌وه.
چه‌ند ژانێکی گرانه، ئه‌و کاته‌ی ڕۆژه‌کانی مێژووی دڵی شارێک ده‌خنکێندرێن و جارێکی تر نابووژێنه‌وه.
ئای که ته‌زوویه‌کی سارد و به‌رقئامێزه وه‌ختێک ڕێبوارێک له ژیان داده‌بڕێ و تا ئه‌به‌د بێ به‌هار و باران و ئه‌ڤین و
خۆشه‌ویستی ده‌بێ و له زه‌ریای وه‌ستاودا ئارام ده‌گرێ.
ئای چ ئافاتێکه، وه‌ختێک په‌ڵه‌ی هه‌وره چڵکنه‌کانی ئه‌جه‌ل ته‌واوی وه‌رزه‌کانی ساڵ
به ئاسمانه‌وه‌ن و بۆ ساتێکیش ناڕه‌وێنه‌وه.
ئای چ ئافاتێکه، وه‌ختێک باڵنده کۆچه‌رییه‌کان له نه‌سیمی ئاسمانه‌که‌یان نامۆ ده‌کرێن و
بۆ ساتێکیش له شه‌قه‌ی باڵ ناده‌نه‌وه.
مه‌حاڵه
مه‌حاڵه شیباکانی ده‌ره‌وه‌ی ته‌نگیسه‌ر به‌قه‌ده‌ر 31ی 1ی 78 تاڵ و سوێریی قوڕگی باهۆزه‌کانیان چێشتبێ،
ناکرێ بلوێری شوانه‌کانی ده‌شته‌که‌ی ته‌نگیسه‌ر به‌قه‌ده‌ر ئه‌و ڕۆژه هه‌ناسه‌کانیان لێ خنکێنرابێ،
ئه‌و ڕۆژه بوو، ده‌سته به‌وه‌یه‌کان ڕێبواره‌که‌یان بێ گیان کرد
ئه‌و ڕۆژه، ئه‌وان ڕێچکه‌ڕێی زه‌مینه‌که‌یان بێ ڕێبوار کرد
ئه‌وان به ده‌سترێژێک ڕێبواره‌که‌یان پێکا
ده‌سته به‌وه‌یه‌کان وه‌ک گورگی برسی به‌ره‌و لاشه‌ی ڕێبواره‌که هه‌ڵیانکوتا
ده‌سته به‌وه‌یه‌کان باخه‌ڵه شڕه‌کانی ڕێبواره‌که‌یان پشکنی و هه‌ویه‌ی ئه‌نوه‌ر ناوێکیان تێدا به‌دی کرد،
ده‌سته به‌وه‌یه‌کان هه‌ویه‌که‌یان ده‌ست دایێ و بۆ سه‌ر مێزی دێوه‌زمه‌کانیان برد
تا ئه‌و ڕۆژه
تا ئه‌و ڕۆژه، که‌س نه‌یده‌زانی بلوێری شوانه‌کان هێنده دووربین ئاسان
ئه‌ی بلوێری شوانه‌که‌ی ته‌نگیسه‌ر نه‌بوو، ته‌رمی ڕێبواره‌که‌ی پێشان دا،
ئه‌ی شوانه‌که‌ی ته‌نگیسه‌ر نه‌بوو بلوێره‌که‌ی هه‌ڵده‌ته‌کاند و ئاواییه‌که‌ی به‌ئاگا هێنا.
ئاخر
ئاخر ڕێبواره‌که، گیرفانه‌کانی پڕ بوون له سیمای ئه‌ڤین و خۆشه‌ویستی
ئاخر ڕێبواره‌که، هه‌نیی نه‌خشێنرابوو به ئاره‌قه‌ی ڕێی ئافات و نشێو و هه‌ورازی
ئاخر ڕێبواره‌که سه‌ر لێوه‌کانی پڕ بوون له سۆزی ژیان و زه‌رده‌خه‌نه‌ی شادی
ئاخر ڕێبواره‌که هێزی ڕه‌واندنه‌وه‌ی مۆته‌کانی ژوانی ته‌نیایی و ڕووناکیی شه‌وه نووته‌که‌کان و
عه‌سای ده‌ستی ڕۆژگاره چاوکزه‌کانی ئه‌وسا بوو.
که ته‌نگیسه‌رییه‌کان هاتن و ده‌سته سڕه‌کانی ڕێبواره‌که‌یان کرده‌وه:
ڕێبواره‌که مستێک ڕووناکیی له ده‌سته‌ڕاستدا بوو، که ته‌نها له شه‌وه‌زه‌نگه‌کاندا خۆی خۆی پێده‌کرد،
ڕێبواره‌که مستێک نه‌سیمی له ده‌سته‌چه‌پدا بوو، که له ڕۆژه‌نه‌گریسه‌کاندا هه‌ر به‌خۆی هه‌ڵیده‌کرد.
ئه‌و ڕۆژه، ده‌شتوده‌ر سه‌رتاپا سه‌وز بوون: جل سه‌وز، ڕه‌نگ سه‌وز، ده‌وروبه‌ر و هه‌موو نیشتیمان سه‌وز
له‌و ئاسمانه‌دا، گیانه شاده‌کانی تر که‌م که‌م خۆیان پێشان ده‌دا هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی
که‌سێک/شتێک بن،
گیانه شاده‌کان، بۆ ساتێکیش ئۆقره‌یان نه‌ده‌گرت
له‌ناکاودا، گیانی ڕێبواره‌که‌ش به‌ره‌و ئاسمانی ئه‌و خاکه به‌رز بۆوه و ماڵئاواییی کرد.
ته‌نگیسه‌رییه‌کان غه‌مێکی سامناک دایگرتن که هێنده‌ی ناسۆریی له‌ده‌ست دانی هه‌موو گیانه‌کان حه‌سره‌تیان کێشا.
ته‌نگیسه‌رییه‌کان ته‌رمه‌که‌یان هێنا، به گۆڕستانی ئاواییه‌که‌یان سپارد و
له باران و ئه‌ڤین و ئاسمان پاڕانه‌وه
له باغاتی خودا جێی ئه‌ویش ببێته‌وه
هه‌تا ئه‌مڕۆش ڕێبواره‌کان سروودێک ده‌ڵێنه‌وه:
ده بنوو ئه‌ی هاواری نه‌سیمه‌کان و باڵی ناسکی په‌پووله‌کان
ده بنوو ئه‌ی شه‌می ڕووناکی ناخی شه‌وه‌نووته‌که‌کان
ده بنوو ئه‌ی بازووی گورزوه‌شێنی ده‌ستی چه‌وساوه‌کان
سوێد، 2005
