((بەبۆنەی مەرگی ناشادەوە)) ئەڵقەی یەكەم

((بەبۆنەی مەرگی ناشادەوە)) ئەڵقەی یەكەم

(سوپاس بۆ دكتۆر تەها ڕەسوڵ)
نوسینی
چیای مامە لەتیف
***
دوشەوە لەمەیتخانەی شارا دڵێك هێشتا ماوەو یادی كەلاوەكەی منداڵی ئەكا!
دوشەوە لەتابوبتخانەی شارا دڵێك هێشتا گەرمەو بیری كەلاوەكەی گەنجێتی ئەكا!
دوشەوە لەساردخانەی شارا دڵێك هێشتا زیندوەو داوای مۆمێ بۆ كەلاوەی ژیانی ئەكا!
دوشەوە لەجەنازەخانەی شارا دڵێك هێشتا باشەو تكای پاراستنی كەلاوەكانی ئەكا! دوشەوە لەنێوان مەرگ و ژیانی دیوارەكەی سلێمانی دا
بۆیەكەمجارە ناشاد-مان شادە لەگەڵ ڕۆحیدا بەبێئەوەی كەس چاودێریان بكا! بۆیەكەمجارە ناشاد-مان بەختەوەرە لەگەڵ ڕۆحیدا بەبێئەوەی فڵان وفیسار كەسێ لەدەرگاو پەنجەرەیان بدا!
***
بەم دوشەوە چۆنە وا دیواری بێوەفایی لانەبویەوە!
بەم دو هەفتەیە چۆنە وا گەدەی پڕلەكینە پاكنەبویەوە!
بەم دو مانگە چۆنە وا هەنگاوی ساختە
نەبڕایەوە!
بەم دو ساڵە چۆنەوا زمانی دوگرێ خۆی نەشاردەوە!
بەم دو سەدەیەش چۆنە وا هێشتا ناشاد-لەم شارەدا بەتاقە فڵچەیەكەوە
دڵ وچاوی خەڵك بەرەو جوانی و خۆشەویستی جاری جاران ئەباتەوە!
***
دەستی سڵاوەكان بۆ ناشاد-زۆر بون
زۆرێكی كاتی!
هی دكتۆر تەها ڕەسوڵ لەتارمایی دابو!
دڵی سۆزدارەكان بۆ ناشاد-زۆر بون
زۆرێكی وەختی!
هی دكتۆر تەها ڕەسوڵ لەبێدەنگی دابو!
زمانی ستایشەكان بۆ ناشاد-زۆر بون
زۆرێكی زارەكی!
هی دكتۆر تەها ڕەسوڵ لەخەڵوەت دابو!
دەعوەت و میوانی ناشاد-زۆر بون
زۆرێكی سەرپێی
هی دكتۆر تەها ڕەسوڵ لەڕازێكی پەنهاندابو!
دەنگ و سەدا بۆ ناشاد-زۆر بون
زۆرێكی لاوەكی
ئەوەی دكتۆر تەها ڕەسوڵیش لەنێوان خوداو ویژدانی دابو و
لەگەڵ كردارو ئاگاری بەرزیدابو!
***
ناشاد-تابلۆیەكی دا بەكۆڵی شاراو هەموانی
قەرزار كرد تا بگەین بەمرۆڤ بونی خۆماندا!
ناشاد-وێنەیەكی دا بە پشتێ شاراو هەموانی تاوانباركرد تا بڕۆین بە دڵی خۆماندا!
ناشاد-ڕەسمێكی دا بە ناوچەوانی شاراو هەموانی گوناهباركرد تا بچین بە هەستی خۆماندا!
ناشاد-سكێچێكی دا بە ئابڕوی شاراو هەموانی
خەتاباركرد تا هەڵبێین بە شعوری خۆماندا!
ناشاد-پەیامێكی دا بە سەری شاراو هەموانی ڕاپێچی دادگا كرد هەتا ئاگاداربین
خودا-بچوكنیە وەك باڵاو بیری ئێمە!
ئیمان-لارو خوارو خێچ نیە وەك دەرونی ئێمە!
كوردبون پیس و گڵاونیە وەك زبڵدانەكەی ئێمە!
خۆشەویستی كوڵاو برژاو نیە بۆ گەدەی ئێمە!
هونەرو هونەر پەروەریش تۆزوبا نیە وەك كۆتای هیچی ئێمە!
***
سوپاس-ئەوشتەیە نە كڕیاری بوەو نەموشتەری
جگەلە ناوی دكتۆر تەها ڕەسوڵ!
سوپاس كەنەتهێشت ناشاد-لەترسی بەفر نیگارەكانی بسوتێنێت!
سوپاس-ئەوكاڵایەیە نەبۆ بازاڕەچێ و نەبۆ لای مشتەری و بێلە دەستی دكتۆر تەها ڕەسوڵ!
سوپاس كەنەتهێشت ناشاد لەترسی با
ڕەنجەكەی بفەوتێنێت!
سوپاس-ئەو شتەیەكە نەلە ماركێت ڕێدەكەوێ و نەبۆلای داواكار پێهەڵەگرێ جگەلە دەرگای دكتۆر تەها ڕەسوڵ!
سوپاس بەهێندەی خەمێكی پەنجاساڵە كەهیچ ڕەشی نەكردو ڕەشی نەگرت لەبیری ناشادا!
سوپاس بەهێندەی داخێكی پەنجاساڵە كەهیچ بچوك و لاوازی نەكرد لەدڵی ناشادا!

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu