نووسەرە ناسراوەکان

بۆ مەرگی هاوبیر (رێباز). . . هەڵۆ بەرزنجەیی

بۆ مەرگی هاوبیر (رێباز). . . هەڵۆ بەرزنجەیی

٢٠٢٥/٥/١٥

خەم و ئازارەکانی دنیای کوردبوون وەک دووکەڵێکی لوولخواردووی ئاگرێکی کڵپەگرتوو بێ بڕانەوە بەرەو ئاسمانی بەرین هەڵدەکێشێ و هەر شەپۆل دەدات. . خەم لە دووی خەم وەک ئەڵقەبەندی زنجیرێکی لە ئێش و ئازار هۆنراوە نابڕێنەوە. . چرکەساتێک تێپەڕناپەڕێ هەواڵێکی ناخۆش هوروژم نەهێنێت، لەیەکێ رزگارت نەبووە، دووی تر ئەملاولات لێ دەگرن، خۆت بێدەنگ دەکەیت، بە زۆر ئێخەت پێدەگرن. . ئێ ئەم مۆبایلە نەفرەتییەی سیخناخ بە هەواڵی ناخۆش و پڕوپووچی رۆژگار کراوە و شەووڕۆژی ٢٠ دەمژمێر وا بەدەستمانەوە و لێناگەڕێ مرۆڤ لە سروشتە جوانەکەی خۆیدا هەڵسوکەوت بکات و چێژ لە ژیانێکی ئاسایی وەرگرێ . 

 

ماڵی گەشەی تەکنەلۆژیاش بە تاسێ قوڕی ڕەش بگیرێ، . ئەمیش کارەسات هێنەرە. . ئێ خۆ تۆڕە کۆمەڵاتییەکانیش وەک تەونی جاڵجاڵۆکە وان کە پێوەیان دەبیت، ئیدی قوتاربوون نیمچە مەحاڵە. . هەموو رۆحی مرۆڤ داماڵەخاس دەکەن و دۆزەخێکی بۆ دادەنێن. . 

دوا هەواڵێ کە دوێنێ هاوبیر حەمەهێمن پێی راگەیاندم و بە رۆحمدا چزا، مەرگی هاوبیرێکی تری کوردایەتی بوو. . بۆ من و تۆ مردن و ماڵئاوایی ناوەخت و دڵتەزێن یەکێکە لەو هەواڵانەی ئازار و ژانی بەسوێترە لە رووداوەکانی تر!.  . 

‎لەئێستادا ئازار و ژانی کوژران و مردن بۆتە کوانووی داگیرساوی ناو رۆح و دڵی من، هەرچی دەکەم بۆم ناکوژێتەوە و پێم خامۆش نابێت. . ئا لەم چرساتەدا و لە هیکڕا هەواڵی مەرگی ناوادەی برا و هاوبیرێکی هێژا و ئازیزم ساماڵ ناسراو بە (ڕێباز)، نێڵەی دایەوە بە گڕی تەنووری داگیرساوی هەناوم. . 

مەرگی هاوبیر ڕێباز وەک بروسکەیەک لەیەک چاوتروکاندا گێڕامییەوە بۆ سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو!. . هەروا چەند ساڵێک دەبوو خۆم لەریزەکانی پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک)دا بینیبووەوە. . لە شانەیەکدا کارم دەکرد بەناوی (ئاوباریک) . . بەپێی دەرفەتی گونجاو کۆبوونەمان دەکرد و چالاکی جۆراوجۆریش ئەنجام دەدرا. . 

رۆژێک هاوبیر حەمەیادگار وتی: دانیشتنی ئەمجارە کەسانی نوێش دێن. باش لەبیرم نەماوە کۆبوونەوەکە لە ماڵی خۆیان یان لە ماڵی هاوبیری گیانبەختکردوو بارزان ناسراو بە کوردە بوو . . لە کاتی دیاریکراودا چووم! بەروودوا هاوبیرانی تریش هاتن. . لەنێویاندا یەکێکی باڵا بەرزی شمشاڵی رێک و پێکی قژ پڕی قەترانی چاوگەورە هات و بەناوی ڕێباز خۆی ناساندن. . 

دانیشتنەکە گەرم بوو بە باسی جۆراوجۆڕیش ئاخنرا. . کاتێ قسەکردن گەیشتە لای ڕێباز، زۆر لەسەرخۆ، بە ئەدەبێکی بەرزەوە سەری بەسەر کۆشیدا شۆڕکردبووە، بە زمانێکی شیرین و نەرم دەدوا. . تۆنی قسە و شێوازی دەربڕین و کرۆک و ناوەڕۆکی باسەکانی کوالیتێتێکی تریان هەبوو. . هەر زوو هەستت دەکرد، ئەم قسانە جیاوازترن و لە زاخاوی فکر هەڵکێشراون و باسەکانی کە پێشکەشی دەکرد رەهەندی رۆشنبیرییەکی باش و قوڵیان پێوە دیار بوو. . دەردەکەوێ کە رێبازیش کەسێکی خاوەن ئەزموون و بە ئاگایە و پاشخانێکی دەوڵەمەندی لە ژیانی حیزبایەتی و بەرنامە و 

رێبازی پاسۆک دا هەیە. . 

 

‎خۆشییەکی گەورەم پێ بڕا. . ئەگەر دروست لە یادم بێ بە باسکردن یاخود پرسیارکردن بەشداریم کرد و رووی قسانیشم لەو بوو. . ئەو هاتە وەڵام و بەم نموونەیە کە ئێستاش لە بیرمە و بەکاری دێنم وتی: هاوبیر سوپاس بۆ بەشداریت، با بە نموونەیەک باس لە بیری نەتەوەیی و خۆشەویستی نیشتمان بکەین. . بیهێنە بەرچاوت بازنەیەکمان هەیە!. . ئەگەر بمانەوێ تیرەی بۆ بکێشین دەبێ لە چەقەوە دەست پێ بکەین. . واتە خۆشەویستی جیهان و مرۆڤایەتی لە وڵاتی خۆتەوە دەست پێدەکات و چەق خاڵی دەرچوونە بۆ دەرەوەی بازنە. . دەتوانم بڵێم تا ئەوکاتە هاوبیرێکی تری پاسۆکم نەدیبوو لە رێباز بەتواناتر بێت. . دڵم خۆش بوو بەم ناسین و دەستکەوتە. . رێکەوت وا بوو بەهەمووی ٢-٣ جار بەشداری کرد لە گەڵماندا و وەک مامۆستایەکی رابەری سیاسی تەماشام دەکرد. . دواتر لەیەکتر دابڕاین و رێکەوت وابوو تەنیا جارێکی تر بینیمەوە. . بەڵام لە دوورەوە هەواڵم هەر دەزانی!!. 

 

دەزگەی راگەیاندنی پاسۆک نامیلکەیەکی بۆ بڵاوکردەوە بە ناوی (( تیشکێ لەسەر جەنگی دەروونی لە کوردستان)). . زوو وەرمگرتوو و بە وردی خوێندمەوە. . بابەتێکی هەستیار و گرنگی خستۆتە بەردەست هاوبیران و خوێنەری کورد!. . زۆر ورد و بابەتی و شارەزایانە تاوتوێی بابەتەکەی کردووە. تیشکی خستۆتە سەر گرنگی جەنگی دەروونی و مەترسییەکانی. . هەروەها شەنوکەوی ئەو شێوازانەی شەڕی دەروونی پێ ئەنجام دراوە، کە داگیرکەرانی کوردستان دەرهەق بە نەتەوەی داگیرکراو و دابەشکراوی کورد پەنای بۆ دەبەن و بەکاری دێنن. . 

 

{ گەلی کورد و ئەو جەنگە دەروونییەی کە زۆر بە توندی و دڕندانە شان بە شانی جەنگی مادی بەکارهێنرا دژی گەورەترین و زەوترین نموونەی ئەم سەردەمەیە. چوونکە هەموو ژەهرێکی تێکدەر و لە خشتەبەری ئەو جەنگە دەروونییانەی کە دژی کورد بەکارهێنراون بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کاری ژەهراوی خۆیان دەکەن. ل ٤}. 

 

دیارە جەنگی دەروونی لە بنەڕەتدا بۆ خوڵقاندنی گێژاوی فکریی و شێواندنی راستییەکان و بێباوەڕکردنی تاکە بە خۆی و بەنەتەوە و بە فەرهەنگ و بە کولتوور و بە بزاڤ و بەراپەڕین و سەرکردەی نەتەوەی خۆت . . تێکشکاندنی دەروونی و لاوازکردنی ویست و ئیرادە و ورە و گیانی شۆڕشگێریی و بەرگری و کوردایەتییە. هەڵبەت مەترسییەکانی لە جەنگی تانک و تۆپ زیاتر نەبێ کەمتر نییە. چونکە مرۆڤی رووخا و بێ وردە، باشترین چەکیش پێ بێت ناتوانێ ئاسانترین شەڕی پێویستی پێ بکات!. 

 

هاوکات بە چەند خاڵێک باس لەو بوارانە دەکات [[سیاسی و رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی]] کە داگیرکەران شەڕی دەروونییان تێدا پێڕەو کردووە و دەکەن و ئینجا ئامانجیان چییە لەم شەڕە؟!. پانۆڕامایەکی گرنگی دەوڵەمەند بە نموونە دەخاتە بەر باس و شرۆڤە. . لە هەموووشی گرنگتر وەک پزیشکێکی شارەزا و کارامە بە چەند پێشنیازێک لەوانە : {{ دامەزراندنی دەزگایەکی نەتەوەیی، هوشیارکردنەوەی خەڵک، رێکەوتن و یەکێتی پارتە کوردییەکان، بەلاداخستنی کێشەکانی ناوخۆ، هەست کردن بە لێپرساوێتی و نەگواستنەوەی هیچ هەواڵ و دەنگوباسێکی ژەهراوی ناو کۆمەڵ}} ل ٤٥-٤٦ . لە هێڵە گشتییەکانی چارەسەر بە درێژی و وردی و زرنگانە دەخاتە بەردەست. . هەوڵ و ئامانجەکەش بۆ تێهێنانەوەی باوەڕبەخۆبوون و هەڵچنینەوەی شکۆی بونیاتی کەسایەتی کوردی و خۆڕاگرییە لە جەنگی نادادپەروەرانەی داگیرکەر دژ بە کورد. . 

 

{ له بەر ئەوەى كورد به درێژایی مێژوو له شەڕدا بووه بۆ بەرنگاربوونەوەی داگيركەرانی تەماعکەر له كوردستان و هەرگیز خاوەنی دەزگایەک نەبووە بۆ بەتاڵکردنەوە و بە درۆخستنەوە و لێکۆڵینەوە لەو جەنگە دەروونییەی کە دژی دەکرێ خاوەنی هاوڕێش نەبووە تا لەم بوارەدا یارمەتی بدرێ و کاریگەریی ئەم جەنگە دەروونییانەی دوژمنانی بۆیە ئەو تێک ئاڵاوییە فیکری و رۆشنبریی و کۆمەڵایەتییەی کە لە کوردستاندا بەدی دەکرێ لە هیچ شوێنێکی دی ئەم جیهانەدا بەدی ناکرێ و هەر ژەهری فیکری و رۆشنبیریی بووە و لەلاتەن داگیرکەرانەوە رژێنراوە و کاری تێکدەر و لە خشتەبەری خۆی کردووە. ل ٥} 

 

لەسەر ئەم باسانە و فاکتە گرنگەکانی جەنگی دەروونی شیکردنەوە و شرۆڤەی لۆژیکانە دەڕوات . بەداخەوە ئەم لایەنە گرنگە کە پێکهاتەیەکی گرنگە لە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەییی، ئاوڕی پێویستی لێ نەدراوەتەوە. 

ماوەتەوە بڵێم هاوبیر ڕێباز پەروەردەی باوەشی بنەماڵەیەکی دیار و کوردپەروەری شاری سلێمانییە و بە گیان و باوەڕی کوردایەتی گۆشت کراوە و ئەویش وەک ئەمەکێک توانی مەڵۆیەکی زێرین بخات خەرمانی بنەماڵەکەیان و مێژووی پاسۆک و کوردایەتی. . 

 

ئینجا بۆ ئەم مەرگە و لەدەستدانی هاوبیرێکی تری کاروانی سەختی کوردایەتی، لە منەوە چەند دڵۆپە فرمسکێکی وشک و ئاخ و حەسرەتی دڵێکی گوشراو و دوور لە کەسوکار و هاوبیران کە ئیمڕۆ-٢٠٢٥/٥/١٥-پرسەی لە مزگەوتی قازی محەمەد لە سلێمانی بۆ دادەنێن. سوپاس بۆ یەکبەیەکیان!! و هەڵبژاردنی ئەو ناوە پیرۆزەی قازی محەمەدی پێشەوا و سەرۆکی کۆماری کوردستان، کە خەونە گەورەکە و هەرە باڵاکەی هاوبیر رێباز بوو. 

 

ڕێباز. . وەک شاگردێکی بە ئەمەکی پێشەوا قازی و رێبازی پیرۆزی کوردایەتی و پێشمەرگە و هاوبیری پاسۆک و رۆڵەکی بە ئەمەک و دڵسۆزی نەتەوەکەی، بەوپەڕی شایستەیی و شکۆمەندییەوە دەبێتەوە میوانی هەمیشەیی خاک و خۆڵی پیرۆزی نیشتمان . . 

 

هاوبیرە هێژا و پڕ لە مۆڕاڵ و دڵسۆز و خۆشەویست و ئازیزەکەمان. . ئەی هاوبیرە کوردپەروەر و عاشقەکەی کوردایەتی و کوردستان. . گیانت شاد و ئیتر بنوو بە ئارامی. . پەرواز بە بۆ لای هاوبیرانی دیکە و چاکی کوردایەتی لێ بەلادا بکەرەوە و کۆڕی خەبات بۆ (کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان) گەرم بکەنەوە…

گڵکۆت پڕ لە رووناکی چرا و گوڵزاری تەڕەریحان و نێرگز بێت . 

لەگەڵ کامەران موکری دا دەڵێم:

 

ئەگەر ئەندازەی ژیان و تەمەن

تێکۆشان بوایە بۆ خاکی وەتەن

ئاخۆ تەمەنی کام دڵسۆزی کورد

لە چوار پێنج ساڵی تێپەڕی دەکرد