ئیمڕۆ هەواڵی مردنی لەناکاوی هونەرمەندی کوردی راپ (خەتەر)وەک هەورە برووسکە بڵاوبۆوە. . هەواڵێکی ناخۆش و خەمگین
بەداخەوە جارێ هۆکاری مردنەکەی نازانرێ و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە…
لە رووی مێژووییەوە هونەری گۆرانی وتن بەتایبەت راپ Rapp لەسەر دەستی کۆمەڵێ گۆرانیبێژدا سەری هەڵدا کە تا سەردەمانێکی زۆر ئەو هونەرە بۆ کورد وەک تابوو وا بوو . کەس بوێری ئەوەی نەدەکرد وەک کوردێ بێتە مەیدانەوە خۆی بناسێنێ. . بەڵام دواتر دوای دەرکەوتنی (ئازاد)وە بە تایبەت (خەتەر) پاشان چەندانێکی تر لەم گۆرانیبێژانەی راپ ئەم دیوارە رووخا بە دوو دیودا. .
جارێک گرووپ و گۆرانیبێژەکانی تری نەتەوەکانی دیکە کەوتنە بەردەم واقعێکی نوێوە ئەوە نەما چیدی کورد بەناوی تورکی و ئێرانی و عەرەبییەوە بەرهەم بڵاوبکاتەوە و ئەوەش داڕما کە نکۆڵی لە کوردبوون بکرێ!. . ئەم گۆرانیبێژە کوردانە زۆر بە تایبەت لە نێویاندا (خەتەر) توانی بێ پەروا و شەرم و ترس وشەی کورد و کوردستان بەکار بهێنێ و ئاڵای کوردستان لە کلیپ و ئاهەنگەکانیدا بڵند بکاتەوە. . لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و ئەوروپا خەتەر بووە ناوێکی دیار و پێشەنگی بواری هونەری راپ. . بە کورتی و کرمانجی ئەمانە گرووپی گۆرانیبێژ کاریگەرییەکی گەورەی هونەرییان لە سەر ئەم جۆرە هونەرە لە ئەڵمانیا دا دروست کرد و بوونە ئەستێرە و جەماوەرێکی فراوانیان لە ناو ئەڵمان و ئەوروپایی و گەلانی تریشدا لێ کۆبۆوە.
لایەنێکی تری گرنگی دەرکەوتنی ئەم کارە هونەرییانە، بەخشینی هیوایەک بوو بە نەوەی نوێی لە گەنجانی کورد کە ئێستا وزە و سەرمایەکی گەورەی مادیین بەتایبەت ئەوانەی لە ئەڵمانیا لەدایک بوون. هیوای خۆدۆزینەوە و بەئاگاهاتنەوە و شکاندنی ترس و شەرمی کوردبوون. . دیارە مەبەستم زیاتر بۆ کوردانی باکوورە!! کە بەهۆی زوڵم و ستەمی زۆری داگیرکەری تورکەوە متمانەیان بە خۆ نەبوو بڵێن کوردین ! . . یان بە جۆرێک کوردبوونەکەیان دەردەبڕن مڕۆ سەری دەسووڕما:
باوکی دایکم کوردە، یان دایکم کوردە، باوکم کوردە. . واتە بۆ خۆیان بوێریی ئەوەیان نییە راستەوخۆ بڵێین کوردین! ئەمەش هۆکاری نەتەوەیی و سیاسی و هەروەها بەرژەوەندیشی وا لە پشتەوە. بەڵام بە هەڵکەوتنی هەر کەسایەتییەکی کوردی سەرکەوتوو لە بواری وەرزش، موزیک، رۆشنبیریی کە لە میدیادا بەرچاوبوون، باوەڕ و ورە و هێز و متمانە بەخۆبوونێکی گەورە لای ئەم جۆرە لە گەنجانی کورد پەیدا دەبوو!. .
بیرمە پێش ١٥ـ٢٠ لەمەوبەر منداڵەکانم دیلان و جوانەمەرگ دەوەن بە هەواڵی هاتنی (ئازاد) بۆ بەرلین و گێڕانی کۆنسێرتێک شاگەشکە بوون. . زۆریان لێ کردم بیان بەم. . دەبێ راستیتان پێ بڵێم زۆر حەزم لە شێوازی گۆرانی ڕاپ نەبوو، بەڵام زۆری ئەوان وای کرد مل دا و هەوڵی بەدەستهێنانی بلیتم دا، کە بەزەحمەت پەیدا دەبوو.
برا و هاوبیرم کاک کامەران ئەویش دوو منداڵی نزیک بە تەمەنی دیلان و دەوەنی هەیە ئەوانیش حەزیان کرد بێن و ئیدی پێکەوە چووین و کەوتینە دنیایەکی سەیروسەمەرەوە. . . شوێنەکە لەگەڕەکی کرۆیتسبێرگ بوو کە قەڵای تورکانە و بە ئەستەمبوڵی بچووک ناودەبرێ . کەشوهەوایەکی سامناک و مافیایی هەبوو. . . چڕینی گۆرانی بە دەنگی بەرز و جوڵەی سەیرو عەنتیکە کە وات دەزانی زەبروزەنگی لێ دەبارێ دەکرا. . هەرچۆنێ بوو منداڵان دڵیان خۆش بوو. سەرەتا سەرەرێی رێگامان گرت لە گەیشتنی ئازاد کەبە دەیان کەس بەدواوەیەوە بوون و دەیان پاراست، بە گەرمی بە زمانی کوردی بەخێرهاتنی ئەو هونەرمەندەمان کرد و بە خۆشییەوە منداڵان توانییان چەند وێنەیەکیان لەتەکدا گرت. . ئیدی گەورەترین خۆشییان پێ بڕا و ئێمەش ئەوەمان دەویست!. . .
سەرەتای کۆنسێرتەکە وەک خواردنی زەڵاتە! چەند کەسێک هەندێ گۆرانییان وت، تا کەشوهەواکە گەرم بکەن . یەکێ لەوانە ئەو راپە ببەرلینییە Denis Cuspert بوو کە بووە داعش و دواتر رەوانەی دۆزەخ کرا!. ئینجا پاڵەوانی شەوەکە (ئازاد) هاتە سەر ستەیج و بە جوڵە و شێواز و پەرۆش و گەرموگوڕیی و جۆرێک لە توڕەیی و شێوازێک لەشەڕ فڕۆشتنەوە بە دەنگێکی نێر کەوتە گۆرانی نەک هەر ئامادەبووان بگرە داروبەرد و دەرگا و پەنجەرەکانیش هاتنە سەماکردن. . منیش لەگەڵ هاوبیر کامەران لە کونجێکدا وەستابووین چاوێکمان لەسەر منداڵان و بە شێوەی تریش ئەبڵەق بووبووین بە دیار دیمەن و دەنگی ئازاد و حاڵ لێهاتنی ئامادەبووانەوە. . .
(هیران)ی کوڕی کاک کامەران دەرفەتی هێنا ئاڵایەکی کوردستانی دایە دەست ئازاد. . ئازاد زۆر بە گەرمی لە دەستی وەرگرت و ماچی کرد و بەرزی کرەوە و بژی کوردستان، بژی کوردستانی دەست پێکرد. . .
ئیدی چ منداڵان و چ من و کاک کامەران خۆشییەکی سەیرمان پێبڕا. . . ئاخر تژی لە گەنجی تورک و عەەب و ئەڵمان بوو. . . منداڵان هۆڵەکەیان بەجێ نەهێشت تاوەکوو ئازاد ماڵئاوایی لێ کرد و پاشان کۆمەڵێ بەرهەمی ئەویان وەک سی دی و تی شێرت کڕی. . ئەو ڕۆژەیان زۆر بەلاوە خۆش بوو. . .
هەم موزیک و هەم تیفتیفەی هەستی کوردبوون و هەمیش شانازیی و متمانە بەدەستهێنان و هەمیش رەوینەوەی تابووی ترس لە کوردبوون کە نیمچە بڤەیەک بوو. لە پێناوی ناسنامەی کوردبووندا کە پڕ لە ئیشکالێت و ناتەواویدایە بۆ ئەم نەوە نوێیەی لە ئەورۆپا دروست بوون و خەڵکی وڵاتێکن لەسەر نەخشەی سیاسی بوونی نییە و ئاڵای نەتەوەیی تێدا ناشەکێتەوە و کەس پاسپۆرتی ئەو وڵاتەی لە گیرفاندا نییە و کۆمەڵێ گرفتی تر کە لە قوتابخانە و ناو کۆمەڵدا رووبەرووی گەنجی کورد دەبێتەوە. . هەموو ئەم فاکتەرانە لەم بۆنەیەدا بە چڕینی چەند گۆرانییەک لە لایەن کوردێکەوە! گەرماوگەرم گەڵاڵە دەبن و وەک چەپکە گوڵێ و مەدالیایەکی پیرۆز دەبەخشرێت بە کوردی دیاسپۆا و ئامادەبووان.
بە هەقەت ویستم لەم پەراوێزی مەرگی خەتەردا تیشکێ بخەمە سەر گرنگی ئەم جۆرە فیگورانە. . هەبوونیان چەند بایەخی مادی و مینۆکیان هەیە و لە دەستدانیان چەند بە زیان و بە ئازارە . . ئێستا کەم گەنجی کورد هەیە خەبار و دڵتەنگی کۆچی دوایی خەتەر نەبێت. . . ئەوەی منداڵی هەیە ئاگاداری ئەم هەقیقەتەیە. . .
جوانەمەرگ (دەوەن)ی کوڕم لەم دنیایەدا دەسووڕایەوە بەیانی تا شەو هەر گوێی لەم بابەتانە دەگرت و دەوتەوە . . هەروەها لە پەیوەندییەکی زۆر توند و بەهێزدا بوو لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە و سەرسامی هونەرەکەیان بوو. خۆشەویستی هەمووان بوو، تەنانەت جارێ باسی کرد رەنگە بۆ هەندێ کاری هونەری لەگەڵیان بەشداری بکات، نازانم بۆ ڕێک نەکەوت؟!. . بەردەوام بە عەشقەوە باسی دەکردن و دەیوت:
ئەمانە پێشەنگن و ئێستا کاریگەریان لەسەر نەوەیەک لەدوای خۆیان دروست کردووە. راستی دەکرد دوای هاتنە مەیدانی ئەمانە زۆر شت گۆڕا و بەرادەیەک گەنجی کورد چیدی پێویستی بەوە نەما لە بێئاگایی و ناچاریدا دوای گۆرانیبێژی تورک و فارس و عەرەب بکەون و و بیانکەنە سەرمەشقی خۆیان. . . ئێمە، کورد بووە خاوەنی پۆلێک گۆرانیبێژ و وەرزشوانی سەرکەوتوو دیار. زۆر گرنگە پشتیوانییان لێ بکەن تا سەرکەوتووتر بن. . .
خۆشەویستی جوامەرگ بۆ وەرزش و موزیک زۆر پتەو و گەورە بوو دواتر لەگەڵ چەند گۆرانیبێژێکی تردا پەیوەندی پەیدا کرد لەوانە (دیلۆ) پەنا و یەک Dilo51 . . ناوبراو یەکێ بوو لەوانەی دوای جوانەمەرگ بوونی دەوەن گۆرانییەکی تایبەتی بۆ وت. . دەوەن زۆر حەزی لە کارە هونەرییەکانی گۆرانیبێژێکی تریشی بەناوی 50 Cent کە دەنگی نەوەی هەژاری رەش پێستەکانی ئەمەریکا بوو کە لە زۆر مافی مرۆیی بێبەش بوون.
بریا موزیکزانێ یان هونەردۆست و شارەزایەک ئاوڕی لەم بوارە و ئەم جۆرە فیگورانە دەدایەوە و لە گرنگییەی دەکۆڵییەوە. ئێستا تێدەگەین بۆیە بۆ خەتەر دووجار بەداخین وەک مردنێکی ناوەخت و وەک گۆرانیبێژێکی دیار و کاریگەر، کە نەخشێکی گرنگی گێڕاوە . . پێویستە ئەوەش بوترێ خەتەر چەند کارێکی هونەری کردووە و لە فیلم و نووسینی کتێب و هەروەها بڵاوکردنەوەی چەندین بەرهەمی هونەریی . . . چەندەها کۆنسێرتیشی کردووە داهاتەکەی بەخشیووە بە لێقەوماوانی کوردستان. .
بە داخەوە بۆ مەرگی ناوادەی بە ئازارت خەتەر ماڵئاوا. . .
بڕۆ ڕۆحی پەروازت ئێستا بەڕێوەیە و دەوەن بە تاسەوە بۆ ٣ ساڵ دەچێ، چاوەڕێتە، جارێکی تر بە زیندوویی Live گوێ بۆ گۆرانییەکانت رادێرێتەوە. . .
لینکی گۆرانییەکەی دیلۆ بۆ دەوەن. .
https://m.youtube.com/watch?v=Vtd1uQ-lq04