
نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی
ئەم دەنگە، دەنگی خەڵکی ئێرانە کە دەبیسترێت و دەڵێن: «راپەڕینمان نەکردووە کە چارەنووسمان لە دیکتاتۆرییەکەوە بکەوێتە دەست دیکتاتۆرییەکیتر». ئەوان دەڵێن: "ئێمەی خەڵکی ئێران مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆمانمان هەیە و سەردەمی دیکتاتۆرییەت لە ئێران بەسەر چووە".
کۆتاییهاتنی سەردەمی نەبیستنی راستییەکانی ئێران
ئەم دەنگە، واتا و مەبەستی خۆی هەیە بۆ ئەو لایەنەی کە خاوەنی «زانست» و تامەزرۆی «زانیاری»ە و بەدوای دۆزینەوەی راستییەکانی ئێرانن. ئەو راستییەی کە لە ناو دەیان و رەنگە سەدان ساڵ خەباتی خوێناویی دەنگی داوەتەوە. بۆیە دەبێت گوێ لەم دەنگە بگیردرێت. سەردەمی نەبیستنی ئەم دەنگە کۆتایی هاتووە.
ئامانجی رێژیمی ئێران لە دانوستان
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە ئاژانسە هەواڵییەکان، رێژیم داوای ئاگربەست و دانوستانی کردووە و خوازیارییەتی. هەرچەندە لە سەرەتاوە پێکهاتەی شاندی نوێنەرایەتیی ئەم رێژیمە بۆ دانیشتن، نیشانەی «لاوازبوون»ی رەها و «فریوکاری»ی ئەوانە لە گەرماوگەرمی شەڕەکەدا، بەڵام هەواڵیتریش هەن کە باس لەم راستییە دەکەن. گواستنەوەی هەندێک لە هێزە نیابەتییەکانی رێژیم بۆ ناو ئێران لە دژی خەڵکی ئێران، توندترکردنی سەرکوتکردنی دژبەران لە کۆمەڵگای ئێران، هەڕەشەکردنەکانی رێژیم لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی دژبەران، و گرنگتر لە هەموو ئەمانە، ترسی رێژیم لە راپەڕینی خەڵکی ئێران، هەموویان نیشانەی گرژبوون و پاسداریزاسیۆنی زیاتر نیشان دەدەن. لەسێدارەدانە نوێیەکان، نەک تەنها لەم راستەوەن، بەڵکو ئادرێسی روونی «ئەلتەرناتیڤی دیموکراتیک»ی بۆ هەمووان پیشان دا.
سانسۆری سەدە
بۆ هیچ کەسێک کە بەدوای راستییەکانی گۆڕەپانی ئێرانەوەیە شاراوە نییە کە ئەوەی رێژیمی تۆقاندووە و سانسۆری رۆژنامەوانیی سەدە بەرهەمەکەیەتی، بریتییە لە هەڵکشانی موقاومەتی خەڵکی ئێران و راگەیاندنی "حکومەتی کاتیی کۆماری دیموکراتیک" کە خانمی (مەریم رەجەوی) رایگەیاندووە. هەمووان دەزانن لەبەرچی ئەم «سانسۆری سەدە»یە رووی داوە و بۆچی دەوڵەتان و میدیا هاوتەریبەکانیان، دان بەو راستییەدا نانێن؟!
هەربۆیە پشتگیریکردن لە موقاومەتی ئێران هەر لە سەرەتاوە «سوورترین» بووە بە لای دیکتاتۆرییەوە، و ئەمجۆرە پشتگیریکردنە زیاتر لە هەموو «مووشەک» و «بۆمب»ەکانی ناو شەڕەکە زیاتر، هەنگاوی هێستیرییانەی رێژیم دروست دەکات و کاریگەرییەکانی ئەم پشتگیریکردنانە، راستەوخۆ ژیان و بنەمای رێژیم دەگرێتەوە!
شەڕ و سازان یان ئاشتی و ئازادی
هەرچەندە دانوستان و سازان، ئاگربڕ یان بەردەوامبوونەکەی، شەڕی دەرەکی دژی دیکتاتۆریی مەزهەبیی ئێران، بابەتی رۆژانەی پەیوەندیدارن بە ئێرانەوە، بەڵام هیچکام لەوانە رەسەن نین. تا ئەو جێگایەی پەیوەندیدارە بە رێژیمی مەزهەبیی ئێرانەوە، ئەو رێژیمە داوای «شەڕ» و «سازان» دەکات. بەڵام خەڵک و بەرخۆدانی ئێران لە بەرامبەردا، داوای «ئاشتی و ئازادی» دەکەن. ئەمە راستییەکی ئەزموونکراوە لە پێنج دەیەی رابردوودا. هەموومان بەیادمانە کە خومەینی سەبارەت بە شەڕی ئێران و عێراق، شەڕی بە «نیعمەتی خودایی» ناو برد و وتی تا دوا خشت دەجەنگێت! چونکە ئەم رێژیمە و ئەمجۆرە بیرکردنەوەیە هەڵقوڵاوی "شەڕ و سازان"ە. هەروەک چۆن لە ناوخۆی ئێران، پێخۆرەکەی ئەم بیرۆکەیە، سەرکوتکردن و ئێعدامکردنە. شەڕی بەرامبەر بە عێراق خواستی خومەینی بوو و هەرگیز رازی نەبوو بە ئاشتی! شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەمان رێژیم دەستی پێکرد! هەربۆیە شەڕ بەشێکی جیانەکراوە بووە لە بوون و مانەوەی ئەم رێژیمەی ناڕەوایە. کەواتە درووشمی سەرەکیی خەڵک و بەرخۆدانی ئێران «ئاشتی» و «ئازادی»یە. ئەگەر رێژیمی مەزهەبیی ئێران تا ئێستا لەسەر کار ماوەتەوە، هۆکارەکەی نەک «هێز» و «ڕەوای»ی ئەو رێژیمە، بەڵکو لە رووی «لاوازی»ی ئەو رێژیمەوەیە و هەروەها «هاوکاریکردن»ی هەڵگرانی سیاسەتی «سازان» یان «شەڕی دەرەکی»یە لەگەڵ ئەو رێژیمە!
راپەڕێن تا رووخاندنی رژێمی مەزهەبی
"راپەڕین" لە دژی دیکتاتۆری شێوازی جیاوازی هەیە. بەڵام ئەوەی مەبەستی نووسەرە، راپەڕینە لە جۆری «ئاگرین»، کە چەند ساڵێکە لە ناوخۆی ئێران لەلایەن هێزەکانی بەرخۆدانەوە لە ئاڕادایە. ئەم راپەڕینانە لە شەقامەکان و شارەکان و لە کۆتاییدا حکومەتی ئێران لەناو دەبات. رێژیمی ئێران پەیامی ئەم ستراتیژییە باش دەزانێت. هەربۆیە ترسی سەرەکیی رێژیم لە «راپەڕێنی خەڵک» و داگیرکردنی شەقام و شارەکانە نەک شەڕی دەرەکی. بێ هۆ نییە لە گەرماوگەرمی سازان یان جەنگی دەرەکی، هێزەکانی حکومەت و بە تایبەتی کاربەدەستانی ئەم رژێمە، دژی ئەم هێزانە بە توندی هەڵوێست وەردەگرن و تووڕەن و زیندانییەکانیان ئێعدام دەکەن. چونکە باش دەزانن کە دامەزرێنەری رێژیمەکەیان لە ساڵی 1980 چی وت! خومەینی وتبووی هەڕەشەی سەرمان، ئەوانەن کە لە بن گوێماندان! نەک ئەمریکا و نە کەسانیتر.
لە دیدگای رێژیمی ئێستادا، ئەوە باشە کە بەردەوامبوون و مانەوەی ئەم رێژیمە دابین بکات. ئەمە هەمان سیاسەتی (ماکیاڤیلیی)ە کە مێژووەکەی زیاترە لە 500 ساڵی رابردوو و هەمووان دەیناسن. لە ماوەی دەسەڵاتی نەگریسی رێژیمی مەزهەبیشدا، جیهان بە چاوی خۆی بینیویە کە بەرپرسانی ئەم رێژیمە چۆن ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکەن و بە هەر ئامرازێک بووە بە دوای مانەوەی بەردەوامی رێژیمەکەیانن.
ئێرانی وێرانکراو
وێرانکردنی وڵات، هۆکارەکەی، خەیانەت و ماڵوێرانکارییەکانی رێژیمە دیکتاتۆرییەکانە لە ئێران. بۆ ئەوان، پاراستن و پارێزگاری لە کەلتووری شارستانیی چەندین هەزار ساڵەی ئێران، بە پێچەوانەی بانگەشە درۆیینەکانیان، درۆیەکی تەواوە. ئەوان دژی ئێران و ئێرانی بوون و هەن. چ دیکتاتۆریی مەزهەبی و چ دیکتاتۆرییە رووخاوەکەی پەهلەوی. دیکتاتۆری مەزهەبی تەپڵی «شەڕ و وێرانی» دەکوتێت و پاشماوەکانی دیکتاتۆریی پێشووش چاویان بڕیوەتە شەڕی دەرەکی بۆ ئەوەی ئێران زیاتر وێران بکەن و خۆیان بگەن بە دەسەڵات. واتە وابەستەبوون بە زلهێزەکان کە بەدوورە لە بنەماکانی گەل و کۆماریخوازی. خاڵی هاوبەشی ئەم دوو دیکتاتۆرییەتە، وێرانکردنی وڵاتە کە خاوەن هەزاران ساڵ مێژووی شارستانییەتە.
دوا وتە!
بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت لە هەر وڵاتێکدا، بەر لە هەر شتێک «زانست»ە کە دەبێت فێری بیت. پشتگوێخستنی ئەو زانستە، خاوەنەکەی تووشی شکست دەکات. رووخاندنی دیکتاتۆریی پێویستی بە هێزی شەڕەڤان و گیانفیدایە لە ناوخۆی ئێران بۆ ئازادکردنی. واتا ئەو هێزەی کە ساڵەهای ساڵە کاری بۆ دەکات و ئامادەیە نرخی ئازادکردن وڵات بدات. شەڕی دەرەکی لە دژی دیکتاتۆری یان سازان لەگەڵی، لە جۆری چارەسەر نین. براوەی هەر گۆڕانکارییەک لەم چوارچێوەیەدا، هێزی بەرخۆدان و شەڕەڤانی ئازادییە.
***