
چاوخشاندنێک بەسەر گۆڕەپانی گۆڕینی رژێمی ئێران
عەبدولڕەحمان گەورکی، نوسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
شەپۆلێکی ئێعدام لە ئێران دەستی پێکردووە و رۆژانە ژمارەیەک قارەمانی گەل بە ئاشکرا یان نائاشکرا لە لایەن پاسدارانی دەسەڵاتی نادادوەریی رژێمی دڕندەی ئێرانەوە لە سێدارە دەدرێن. بۆچی و پەیامی خوێنیان چییە؟
رژێمی مەزهەبیی ئێران هەر لە سەرەتاوە، بەردی بناغەی خۆی لەسەر نەهێشتنی نەیاران و جیابیران بنیات ناوە و بۆ ساتێکیش ئەم بناغەیەی فەرامۆش نەکردووە. تەنانەت لە گەرماوگەرمی جەنگ یان پیلانگێڕان. خشتی بنەمای رژێم لەسەر “ئیعدام” و “کۆمەڵکوژکردن” و “تیرۆر” و “بارمتەگرتن” بووە تا بتوانێت “تاڵان و بڕۆ” پەردەپۆش بکات و درێژە بە مانەوەی خۆی بدات!
پەیامی خوێنی لەسێدارەدراوان
خوێنی لەسێدارەدراوان و بەتایبەتی ئەوانەی لەم دواییانەدا، خوێنیان لە شەقامەکانی ئێران لە لایەن پاسدارانی ئەم رژێمەوە رژا، ئەو پەیام و ئادرێسەی بە گەلاندا کە لە دژی دیکتاتۆرییەت راپەڕیون. ئەوان بە خوێنی خۆیان سەلماندیان کە "ئازادی"ی گەل و نیشتمان نرخی دەوێت و مرۆڤ دەبێت خۆی بکاتە قوربانی لە پێناو "هەڵهاتنی خۆری ئازادی" و پەیوەستی "ئاشتی" و "ئازادی" بێت. ئەوان لە ناوخۆی ئێراندا بە دوای چارەسەر دەگەڕان و ئومێدیان بە گەلی خۆیان بوو!
وانەی سەرەکیی لە سێدارەدرانی ئەو قارەمانانە، وتنەوەی ناونیشانی تاکە (ئاڵتەرناتیڤی دێموکراتیک)ە بۆ رژێمی دیکتاتۆری ئێران. ئەوان بە خوێنی خۆیان رایانگەیاند کە دواڕۆژ، بزووتنەوەیەک جێگرەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێرانێکی ئازاددا دەبێت کە ئەمڕۆ باجەکەی دابێت. بۆیە نابێت بە دوای ئاڵتەناتیڤێکدا بۆ ئەم رژێمە بگەڕێین. چونکە بوونی هەیە و حاشا هەڵنەگرە. بەدیلێکی دیموکراتیک بوونی هەیە. ئەو راستییەش، رژێمی ئێران، بەر لە هەمووان، ئەمە باش دەزانێت. دامەزرێنەری رژێمی ئایینی دەسەڵاتدار هەر لە سەرەتاوە ئەمەی گوتبوو. گوتبووی دوژمن، نە ئەمریکا، بەڵکو ئەو لایەنەیە کە لە بن گوێی ئێمەدا بوونی هەیە. کەواتە ئەڵتەرناتیڤی ئەم دەسەڵاتە هەر لە سەرەتاوە روون بووە و نابێت جارێکیتر ئەم "وشە قەدەغەکراوە" دووبارە بکرێتەوە.
فێڵ و تاکتیکەکانی دیکتاتۆرییەت
لە فێڵ و تاکتیکەکانی رژێمی دیکتاتۆرییەتی ئێران، بەکارهێنانی وشەی وەک "دانوستاندن" و "مامەڵە" و "ئایینە ئیلاهییەکان" و "ناسیۆنالیزم" و "پۆپۆلیزم" و "ئیسلامیزم" و "جەنگخوازی" و ... هتده، بۆ مانەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران. ئێستا دوای ٤٧ ساڵ، دیکتاتۆرییەتی ئایینی، بۆ هەموو لایەک روون بووەتەوە کە تاکە رێگا، لە ناوبردن و راماڵینی ئەم رژێمەیە. سازان لەگەڵ ئەم رژێمە دیکتاتۆرە کۆتایی هاتووە و خەڵکی ئێران بۆ رووخاندنی ئەم رژێمە هاتۆنەتە سەر شەقام. بەڵام ئایا شەڕی دەرەکی لەگەڵ ئەم رژێمە، ئاڵتەرناتیڤە بۆ سازان لەگەڵ ئەم رژێمە؟!
شەڕی دەرەکی دیوەکەیتری سازانە
لانیکەم لە ساڵی رابردوودا ئەوە سەلمێنراوە کە (شەڕی دەرەکی) بەرامبەر بە دیکتاتۆریی مەزهەبیی ئێران، ناتوانێت جێگرەوەی (سازان) بێت لەگەڵ ئەم رژێمە دیکتاتۆرییە. بە واتایەکیتر، سازان لەگەڵ ئەم رژێمە، دیوەکەیتری شەڕی دەرەکییە بەرامبەر بەم رژێمە. چارەسەری کێشەی ئێران، واتە رزگارکردنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هاوچەرخ و لە سەرووی هەمووشیانەوە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پشتیوانیکردنە لە تاکە ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیک، واتا (ئەنجوومەنی نیشتمانییی موقاومەتی ئێران) کە بە درێژایی ئەم رژێمە دیکتاتۆرییە لە ئێراندا هەبووە. هەرچەندە سازان لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرییەتە، دەوری بەرچاوی هەبووە لە مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران. هەروەک چۆن ئێستا دەبینین شەڕی دەرەکی بەرامبەر ئەم رژێمە، چارەسەری کێشەی ئێران ناکات. درووشمی خەڵک و موقاومەتی ئێران هەر لە سەرەتاوە “ئاشتی” و “ئازادی” بووە. "حکومەتی کاتی"ی کۆماری دیموکراتیک کە لە لایەن خانمی (مریەم رەجەوی)یەوە راگەیاندراوە، بۆ هەمان مەبەستە. بە واتایەکیتر، چارەسەر، چارەسەری سێیەمە. واتە پشتیوانیکردن لە خەڵک و بەرخۆدانەکەیان بۆ کۆتایی هێنان بە رژێمی مەزهەبی.
ئادرێسی ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک
ترس و تۆقینی رژێم لە شەقامەکان، باشترین ئادرێسە بۆ ئەو کەسانەی بەدوای بەدیلێکی دیموکراتیکدا دەگەڕێن. پێویستە بەو لایەنانەی دەیانەوێت ئادرێسێکیتر بدەن بوترێت کە خەبات بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت و گۆڕینی رژێم، پێش هەموو شتێک، “زانست”ە کە دەبێت فێری بن. دەبێت نرخەکەی بۆ بدرێت. مەرجەکەی بریتییە لەوەی کە دەبێت هێزێکی رێک و پێک و رێکخراو بنیات بنرێت. لە سەرکردایەتییەوە تا دەگاتە ئۆرگان و خەباتکارانی. بەبێ ئەم زانستە و دابینکردنی ئەم مەرجە، وەک هاڕینی ئاو وایە لەناو هاوەندا. دەکرێ رژێمێک لاواز بکرێت، بەڵام رووخاندن و گۆڕینی رژێم شتێکیترە. بەرخۆدانی گەلی ئێرانیش بەتەواوی هەمان شت دەڵێ. تاکە ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران، (ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەت)ە کە هەم خاوەن زانستە و هەم هەڵگری مەرجەکانیەتی. کات و ئیمکانات بە بێهودە بەفیڕۆ مەدەن. ئەم ئاڵتەرناتیڤە بە تەواوی بەردەستە و پێویستە بەڕەسمی بناسرێت و دانی پێدا بنرێت!
دواوتە!
پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکان دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر گۆڕینی رژێم. بەڵام هەموو پێشهاتەکان چارەسەر نین. هەندێک پێشهاتە هەن پرسەکە ئاڵۆزتر دەکەن. خەڵکی ئێران دژی دیکتاتۆرییەتن و بە بڕوای بەرپرسانی ئەم رژێمە، ئەوان ترسیان لە شەقامەکانی تارانە، بە واتایەکیتر لە خەڵک و ناوەندەکانی شۆڕشی سەر بە موقاومەتی ئێرانە. بەرپرسانی رژیمی دەسەڵاتدار هەر لە سەرەتاوە چەندین جار ئەمەیان وتووە و بە شێوازی جیاجیا وتوویانەتەوە. بەڵام لایەنگرانی (شەڕی دەرەکی) و هەروەها لایەنگرانی سیاسەتی سازانی رۆژئاوا لەگەڵ ئەم رژێمە رێگرن لەوەی ببیسترێت. چونکە ئەوان بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن! رووخانی ئەم رژیمە لە سەر دەستی خەڵک و موقاموەتی ئێرانەوە مومکینە و بەردەستە. هەر بۆیە سەرۆکی کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران رایگەیاندووە کە "پشتیوانیکردنی سیاسی لە ئۆپۆزسیۆن هەڕەشەیەکی گەورەترە لە بۆمب بۆ سەر رژێم. هەر بۆیە دەبێ ئەوروپا و ئەمریکا پشتیوانی بکەن لە حکوومەتی کاتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەت و مافی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕینی رژێم بە رەسمی بناسن".