ئێران.. سەرەتایەک بۆ ئێرانی بێ دیکتاتۆرییەت ... عەبدولڕەحمان گەورکی

ئێران.. سەرەتایەک بۆ ئێرانی بێ دیکتاتۆرییەت ... عەبدولڕەحمان گەورکی

چاوخشاندنێک بەسەر ناسینی (حکومەتی کاتی)ی کۆماری دێموکراتیک

عەبدولڕەحمان گەورکی، نوسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

خانمی (مریەم رەجەوی) لەمدواییانەدا رایگەیاند کە "بە ناوی ئاشتی و بەناوی ئازادییەوە داوا لە جیهان دەکەم دان بە تاکە رێگاچارەی پرسی هەستیاری ئێراندا بنێن". هەروەها وتی: "ئەم چارەسەرە، رووخاندنی رژێمە لەسەر دەستی موقاومەت و راپەڕینی رێکخراو و (سوپای ئازادی)یەوە". بۆچی؟!

ئاشکراکردنەکانی موقاومەتی لە دژی دەسەڵاتی مەزهەبیی ئێران

موقاومەتی ئێران ساڵانێکی زۆرە هۆشداری داوە و سەرچاوەی مەترسییەکەی نیشان دابوو بۆ ئەوەی ناوچەکە نەکێشرێتە رۆژێکی لەو شێوەیە: لە ئاشکراکردنی بناژۆخوازییەوە هەتا ئاشکراکردنی شوێنە ئەتۆمییەکان، لە ئاشکراکردنی شەڕخوازەکانی رژێم و رۆڵی هێزی تیرۆریستی سوپای قودسەوە هەتا ئاشکراکردنی دەستوەردانەکانی رژێم لە عێراق و وڵاتانی ناوچەکە. لە ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە هەتا ئاشکراکردنی باڵوێزخانەکانی رژێم لە هەموو بەشەکانی جیهان. لە ئاشکراکردنی ریفۆرمخوازی رژێمەوە هەتا دانوستان لەگەڵ رژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران و سازشتکردن لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی. موقاومەتی ئێران ساڵانێک لەمەوبەر رایگەیاندبوو کە سەری رەشەماری ویلایەت لە تارانە و پێویستە بە بەرد پان بکرێتەوە.

فێڵ و فریوەکانی رژێم و لایەنگرانی دەرەکیی رژێم

ئەم رژێمە لە رێگەی کرێگرتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی و لایەنگرانی دەرەکییەوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بەبێ ئەم رژێمە، ئێران دەکەوێتە ئاژاوەوە، بۆ ئەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و کوشتار و تیرۆرکردنەکانی رژێم لە ناوچەکە و جیهاندا بمێنێتەوە. تەنانەت دیکتاتۆریی ئایینی بە شێوەیەکی نەبینراو دەستیکردبوو بە پشتگیریکردن لە پاشماوەکانی دیکتاتۆری شا، بۆ ئەوەی خۆی لە رووخاندن لە سەر دەستی خەڵک و موقاومەتی ئێران رزگار بکات. چونکە خەڵک و موقاومەتی خەڵکی ئێران بڕیاری خۆیان دابوو کە دیکتاتۆرییەت لە ئێران لە ناو بەرن و رایماڵن. جا چ دیکتاتۆرییەتی شا بووبێت یان دیکتاتۆرییەتی ئایینی!

پێکهاتەی موقاومەتی ئێران

ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران کە لە ساڵی ١٩٨١ لە ناوخۆی ئێران دامەزرا، "حکومەتێکی کاتی" بۆ "گواستنەوەی سەروەری" بۆ خەڵکی ئێران و دامەزراندنی کۆمارێکی دێموکراتیک، بە پشت بەستن بە پلانی ١٠ مادەی موقاومەت راگەیاند. ئەم هاوپەیمانییە، درێژخایەنترین هاوپەیمانیی سیاسیی دیموکراتیک بوو لە ئێراندا. ئەم ئەنجومەنە وەک پەرلەمانی موقاومەتی ئێران لە دەرەوەی وڵات پێناسە کراوە و خاوەن تۆڕێکی بەرفراوانی یەکینەکانی موقاومەتە لە سەرانسەری ئێراندا. رێکخراوێکی پێشەنگە و خاوەن پلان و بەرنامەیە بۆ سەردەمی دوای رووخاندنی دیکتاتۆرییەت. (ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەت) کە لە ئاڕاستە جۆراوجۆرە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژییەکان پێکهاتووە. فرەیی و دیموکراتیزاسیۆنی ناوخۆیی و هەروەها چەندین پلانی پەسەند کردووە. لەوانە پلانی ئۆتۆنۆمی بۆ نەتەوەکان و پلانی جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت و پلانی ئازادی و مافەکانی ژنان.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەت پلانی "بەرەی هاوپشتی نیشتمانی"ی پەسەند کردووە، کە هێزە کۆمارییەکان لەخۆدەگرێت کە دەیانەوێت رژێمی ویلایەتی فەقیهی بڕووخێنن و خەبات بکەن بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیک و سەربەخۆ لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت.

ستراتیژی رووخاندنی دیکتاتۆری

ستراتیژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەت بریتییە لە نەهێشتنی “سوپای پاسداران” کە بڕبڕەی پشتی رژێمی ئایینییە کە بۆ پاراستنی رژێمی ئایینیی ئێران لە هیچ تاوانێک نەوەستاوە و دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە. رێگاچارەی بێ بنەمای وەک “لێکترازانی رژێمی ئێران” وەهمییە. ستراتیژیی رووخاندنی دیکتاتۆرییەت هەرچەشنە سیاسەتێکی “سازان” و “شەڕی دەرەکی” رەتدەکاتەوە و پێی وایە رووخاندنی رژێم لە ئەستۆی خەڵکی ئێران و موقاومەتی ئێران و بەتایبەتی “ناوەندەکانی شۆڕش”ە. هەموو رێگاکانیتر، رووخاندنی ئەم دەسەڵاتەی لێ ناکەوێتەوە. بۆیە “چارەسەری هەموو کێشەکان لە ئێران، بە رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆر”ەوە دەست پێدەکات و یەکینەکانی موقاومەت و سوپای ئازادی دەتوانن لە ناوەندی راپەڕینێکی رێکخراودا، کۆتایی بەم رژێمە بهێنن. خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک و چارەسەری کێشەی ئێران لەناو (کۆمەڵگای ئێران)دا روودەدات کە "ناوەندەکانی شۆڕش" نوکی ستونی ئازادکردنی ئێران و ئێرانین. ئەوەی ناوەندەکانی شۆڕش کردوویانە و دەیکەن، ئاماژەیە بۆ ئەو راستییە کە هێزێکی وەها بەهێز لە ناو دڵی شەوەزەنگی دیکتاتۆرییەتدا دروست بووە.

پشتگیر و پێشێنەی ستراتیژیکی

پشتیوانی ستراتژیکیی موقاومەت، ئاماژەیە بە هێزێک کە خاوەن مێژووی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتە. موقاومەتی خەڵکی ئێران، خاوەن پێنج دەیە خەباتی بێ پچڕانە لە سەرانسەری جیهاندا، بە چالاکییە کۆمەڵایەتی، سیاسی و نێودەوڵەتییەکانی خۆی، مەیدانی دیکتاتۆرییەتی لە ئێراندا بەرتەسک کردووەتەوە و هەموو تێچووی ئەم خەباتە قورسەی، بە "سەربەخۆیی" و "خۆبژێوی دارایی" داپۆشیوە. بەرنامە یان پلاتفۆرمە ١٠ خاڵییەکەی، کە بۆ یەکەمجار لەلایەن خانمی (مریەم رەجەوی)یەوە لە ئەنجوومەنی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٠٦ راگەیەندرا، بنەمای کارەکانی حکومەتی کاتییە کە راگەیەندراوە. لە کۆمارێکی دیموکراتیکەوە لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت و یەکسانبوونی ژن و پیاو و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و بەدیهێنانی مافی نەتەوەکانی وەک کورد و بەلووچی و عەرەب و تورکمان و ئازەری و یەکسانبوونی شیعە و سوننە و ئایینەکانیتر و ئێرانێکی نائەتۆمی، کە بەردەوام بەرگریکاری ئاشتییە لە ناوچەکەدا.

پێویستە بگوترێ کە چەقی ستراتژیکیی حکوومەتی کاتی هێزێکە کە لە بەرانبەر دوو دیکتاتۆریی شا و شێخ (ئاخوند) لە ئێران لە خەباتی بەردەوامدا بووە و جێگای متمانەی خەڵکی ئێرانە. دوای رووخاندنی رژێمی ئایینی، حکوومەتی کاتی لە ماوەی شەش مانگدا هەڵبژاردن بۆ مەجلیسی دامەزرێنەران ئەنجام دەدات بۆ داڕشتنی یاسای بنەڕەتی (دەستووری)ی کۆماری نوێ و جێگای خۆی دەداتە حکومەتێک کە لەلایەن نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکەوە لە هەمان ئەم مەجلیسەدا دیاری بکرێت.

هەندێک راستییەکانی ئێرانی ئەمڕۆ

رژێمی دیکتاتۆریی ئاخوندان لە رووخاندن بەدەر هیچ چارەنووسێکی بۆ نەماوەتەوە و لە لاوازترین خاڵی رەهای خۆیدایە. بارودۆخی ئێران بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە و سەرکەوتنی کۆتایی خەڵکی ئێران بەسەر دیکتاتۆرییەتدا بەردەستە. ئەم دیکتاتۆرییەش وەک دیکتاتۆریی شا، بە دڵنیاییەوە لەلایەن خەڵک و موقاومەتی ئێرانەوە دەڕوخێنرێت.

دروشمی موقاومەت

درووشمی موقاومەت و حکومەتی کاتی "ئاشتی و ئازادی"یە. تەنیا خەڵکی ئێران شەرعیەتی دیاریکردنی ئایندەی سیاسی وڵاتەکەیانیان هەیە. ئەم موقاومەتە خوازیاری پارە و چەک نییە لە دەوڵەتانی دەرەکی و بوونی هێزی بیانی لەسەر خاکی ئێرانیان ناوێت. خەڵکی ئێران خوازیاری پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان.

داواکارییەکانی ئێستای گەل و موقاومەتی ئێران

داخستنی باڵیۆزخانەکانی رژێمی ئێران، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، کۆتاییهێنان بە بڕینی ئینتەرنێت و راگرتنی لەسێدارەدان، لە داواکارییەکانی خەڵکی ئێرانە. ئێستا کاتی گوێگرتنە لە بانگەوازی خەڵک و موقاومەتی خەڵکی ئێران و بە رەسمی ناسینی حکوومەتی کاتیی کۆماری دێموکراتیک لە ئێران.

***

بابەتی زیاتری نووسەر