
هەیکەلی حوکمڕانی لە هەرێم: نیشتیمانێک لە کای کۆن و سیستەمێکی بەسەرچوو دروست بووە.
سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، کە لەسەر بنەمای "ڕێککەوتننامەی ستراتیژی" و دابەشکاریی حیزبیی نێوان پارتی و یەکێتی داڕژاوە، گەیشتووەتە بنبەست. ئەم هەیکەلە بەرهەمی دۆخێکی مێژوویی دیاریکراوی سەردەمی مام جەلال و کاک مەسعود بوو؛ بۆیە ئەمڕۆ نە لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتی دەگونجێت و نە وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی خەڵکە. ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە: هەزار هەڵبژاردنیش بکرێت، تا هەیکەلی حکومەت نەگۆڕدرێت، دۆخەکە هەر بە چەقبەستوویی دەمێنێتەوە.
نەخشەڕێگای ڕزگاری: گۆڕینی فەلسەفەی دەسەڵات
١. سیستەمی کانتۆنەکان (فیدراڵیزمی ناوخۆیی):
پێویستە هەرێم بکرێتە چوار کانتۆنی کارگێڕی (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، بادینان). هاوشێوەی سویسرا و ئەڵمانیا، هەر کانتۆنێک خاوەن ئەنجومەنی حوکمی خۆی بێت. بڕیاری ئابووری، وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە لە ناوخۆی ناوچەکان بدرێت، نەک لە سەنتەرێکی پەککەوتوو.
٢. ماڵئاوایی لە "سەرۆکایەتی هەرێم":
ئەم دامەزراوەیە پۆستێکی تەشریفاتی و بارگرانییەکی دارایی و سیاسییە. پێویستە ئەم پۆستە هەڵبوەشێتەوە و هەرێم بەرەو سیستەمی پەرلەمانیی ڕەها هەنگاو بنێت (وەک مۆدێلی فینلەندا). با پەرلەمان ببێتە ناوەندی ڕاستەقینەی بڕیار، نەک پاشکۆی مەکتەبە سیاسییەکان.
٣. لامەرکەزییەتی دارایی و شەفافییەت:
داهاتی ناوخۆ و گومرگی هەر ناوچەیەک دەبێت ڕاستەوخۆ بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەمان ناوچە خەرج بکرێت. داهاتی نەوت و گازیش وەک سەروەتێکی نیشتیمانی، بەپێی سەرژمێری و دادپەروەری دابەش بکرێت، نەک بەپێی میزاجی سیاسی و فشار خستنە سەر قووتی خەڵک.
٤. دەستوورێکی کاتی (ئینتیقالی):
بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە، پێویستمان بە دەستوورێکی کاتییە؛ دەستوورێک کە هەیکەلە کۆنەکە هەڵبوەشێنێتەوە، دەسەڵاتەکان دابەش بکات و کۆتایی بە هەژموونی حیزب بەسەر جومگەکانی حکومەتدا بهێنێت.
کۆتایی پرسیارە گەورەکە : کێشەی ئێمە لە دەموچاوەکان نییە، لە سیستەمەکەدایە
چارەسەری کێشەکانی هەرێم لە گۆڕینی "دەموچاوەکان"دا نییە، بەڵکو لە گۆڕینی "سیستەمی بەڕێوەبردن"دایە. بەردەوامبوون لەسەر ئەم هەیکەلە، تەنیا تەمەنی قەیرانەکان درێژ دەکاتەوە. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوە نییە کە ئایا حیزبەکان ڕازین یان نا؟ چونکە هیچ حیزبێک بە ئارەزووی خۆی دەستبەرداری ئیمتیازات نابێت. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا فشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەتوانن کۆدەنگییەکی گشتی دروست بکەن بۆ ئەوەی ئەم گۆڕانکارییە بسەپێنن؟ بەبێ فشارێکی جەماوەریی ڕێکخراو، ئەم هەیکەلە هەرگیز خۆی ناگۆڕێت.