ئیمپراتۆریەتی "کوڕەکان" و بازاڕی بێژەرە ویژدان-فرۆشەکان! ... هێمن عەلی

ڕۆژگارێک، دەنگی کزی ڕادیۆیەک لە قووڵایی ئەشکەوتەکانەوە، سیمبولی نامووس و ویژدانی شۆڕش بوو؛ خەڵک بەوپەڕی هیوای سەرکەوتنەوە، گوێیان بۆ هەناسەی ئومێد ڕادەگرت. بەڵام ئەمڕۆ، ئەو پیرۆزییە لەناو لێشاوی "میدیای بنەماڵەییدا" خنکێنرا. ئەم سەتەلایتانە نە دەنگی خەڵکن و نە ڕەنگی نیشتمان، بەڵکو تەنیا سەرتاشخانەیەک و زێرابێکن بۆ سپیکردنەوەی تاڵانی و قوت و بژێویی میللەت.

ئیمپراتۆریەتی "کوڕەکان" و مۆدێلی بەعس

ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت، مۆدێلێکی سیاسیی قێزەونە کە لە هیچ کوێی دنیادا وێنەی نییە. لە سەردەمی سەدامدا، عودەی "کەناڵی شەباب"ی بۆ تێرکردنی حەز و ویستە تایبەتییەکانی خۆی دامەزراند؛ ئێستاش کوڕی سەرکردە کوردەکان چاویان لەو خوێنڕێژە کردووە و داهاتی میللەتیان کردووەتە "دیوەخانی سەتەلایت".

لە (ئاڤای) ئاریان مەسرورەوە بۆ (ڕووداوی) نێچیروان بارزانی، لە (کوردستان ٢٤)ی مەسرورەوە بۆ (کەناڵی ٨)ی بافڵ تا دەگاتە (کوردستان تیڤی)ی مەسعود بارزانی؛ تەنانەت لاهور شێخ جەنگی و حیزبە بچووکەکانیش بوونەتە خاوەن "دوکانی میدیایی". ئەو پارەیەی کە دەبوو ببێتە نان و دەرمان بۆ منداڵی هەژار، لە ستۆدیۆ بریقەدارەکاندا بۆ پەرستنی کەسایەتی و جوانکردنی وێنەی چەند کوڕە بەرپرسێکی خۆسەپێن خەرج دەکرێت.

بێژەرەکان: هۆنەرەوەی درۆ و ویژدانی فرۆشراو

ئەوەی ئەم کارەساتە تەواو دەکات، ئەو سوپایەیە لە بێژەر و پێشکەشکار کە دەنگ و ویژدانی خۆیان لە بازاڕی بەرپرسەکاندا هەراج کردووە. دەموچاوەکانی وەک (ڕەنج سەنگاوی، هەوراز گوڵپی، بژار دەباغ و هیوا جەمال) بوونەتە پسپۆڕی "درۆهۆنینەوە" و ستایشکاری سیاسی.

ئەوان لە پشت مێزە گرانبەهاکانەوە، بە زمانێکی لووس و سۆزێکی ساختە، وڵاتێکی وێران وەک بەهەشت نیشان دەدەن. ئەمانە چیتر ڕۆژنامەنووس نین، بەڵکو "دەمامکن" بۆ شاردنەوەی ئەو تاڵانییەی لە پشتی پەردەکانەوە دەکرێت. هەر وشەیەک کە دەیهۆننەوە، بەشێکە لەو چەواشەکارییەی ئامانجەکەی برسیترکردنی خەڵک و قەڵەوترکردنی خاوەن کەناڵەکانە.

شاشەکان: شانۆی درۆ

ئەوەی لەم کەناڵانەدا پەخش دەکرێت مێژوو نییە، بەڵکو ڕشانەوەیەکی سیاسییە کە لەسەر جەستەی برسیی ئەم نیشتمانە، نمایشی درۆ شاخدارەکانیان بەسەر سەری میللەتدا دەڕێژن. شاشەکانتان هەرچەندە ڕازاوە و بریقەدار بن، ناتوانن بێویژدانی و بۆنی ناخۆشی ئەو درۆیانە بشارنەوە کە بە ناوی میدیاوە دەیفرۆشنەوە. میللەتێک نانی نەبێت بیخوات، پێویستی بە "شانۆی درۆزنەکان" نییە!

بابەتی زیاتری نووسەر