شەدەلار یان خەتی سینە؟ ... هێمن عەلی

ڕەسەنایەتی لە دەنگی زیرەک و خالقیدا

جاران جوانی لای کورد لە "داپۆشراویدا" بوو. حەسەن زیرەک لە گۆرانی "شەدەلار"دا، وەسفی مەعشووقێک دەکات کە "شەدە" و "چارۆکە" شکۆیان پێ بەخشیوە. زیرەک بەم تێکستە وەسفی ئەو جوانییە شاراوەیە دەکات:

"شەدەلار بۆچی لە من تۆراوی / جووتە مەمکەکەت هەرمێ گوڵاوی"

مەزهەری خالقیش لە "ڕەشماڵی خێڵان"دا، باس لە "نادیاری" و "تامەزرۆیی" دەکات؛ کاتێک عەشق لە ناو سادەیی و شەرمدا چەکەرەی دەکرد:

"چاوەڕێی شەدەلاری / خودا ئاخۆ کەی دڵبەر بێ / لە جێژوان لە نادیاری / چەن جوانە ئەو ڕاوەستانە"

ڕەهەندی جیهانی: لە قولەپێوە بۆ خەتی سینە

ئەم تێڕوانینە بۆ جوانی تەنیا تایبەت بە کورد نەبووە. لە مێژووی ئەوروپاشدا (بۆ نموونە لە سەردەمی ڤیکتۆریادا)، ئافرەتان کراسی درێژیان لەبەر دەکرد و دەرکەوتنی تەنیا قولەپێ (ankle/nilkka) لای شاعیران لوتکەی جوانی و خەیاڵ بووە. شاعیرانی ڕۆژئاوا هاوشێوەی زیرەک، وەسفی ئەو "بستە پێیە"یان دەکرد کە لە ژێر کراسە قورسەکاندا دەشاردرایەوە.

بەڵام مۆدێرنیتە ئەم هاوکێشەیەی گۆڕی. گۆڕانی پۆشاک لە "شەدەلار" و "کراسی درێژ"ەوە بۆ ستایلی "سینگی دەربڕاو" و دەرکەوتنی ڕاستەوخۆی "خەتی سینە" (Cleavage)، سحری وەسفی کوشت.

بۆچی جوانی کاڵ بووەوە؟

نەمانی خەیاڵ: کاتێک هەموو شتێک دەبێتە "بینراو"، شوێن بۆ داهێنانی شاعیر نامێنێت. زیرەک بۆیە بۆ "هەرمێ گوڵاوی" دەسوتا چونکە "نەیدەبینی" و خەیاڵی بۆی دەفڕی، بەڵام ئێستا بینینی جەستە بووەتە شتێکی ئاسایی و بێڕۆح.

کاڵابوونی مانا: جاران پۆشاک پارێزەری شکۆ بوو، عەشقیش "تامەزرۆیی" بوو. ئێستا جوانی کورتکراوەتەوە بۆ نمایشێکی کاتیی جەستە وەک خەتی سینە (Cleavage)، ئەمەش وای کردووە وێنەمان زۆر بێت و عەشقی ڕاستەقینەمان کەم.

شەدەلار شکۆی عەشقبوو، لە وکاتدا حەیا حاکمی دڵ بوو

"شەدەلار" تەنیا ناوێکی فۆلکلۆری نییە، بەڵکو سیمبوڵی سەردەمێکە کە تێیدا ئافرەت بە پۆشاکە ڕەسەنەکەیەوە حاکمیەتی بەسەر دڵی پیاودا دەکرد. لە سەردەمی "خەتی سینە"دا، ئێمە جەستەمان دۆزییەوە بەڵام ئەو "دڵەخورپە مەستانەیە"مان لەدەست دا کە لە دەنگی زیرەک و خالقیدا دەبیسترا. کاتێک جەستە بە ڕەهایی دەبێتە "بینراو"، عەشق سحری خۆی لەدەست دەدات.

بابەتی زیاتری نووسەر