بەڕو ... لەتیف فاتیح فەرەج


خوا كڵاوی بۆ بەڕو كردوە
لە ڕاستیدا داری بەڕو بە دارەكەیشی و بەبەرەكەشی هەر بەڕو دەبێژن، داربەڕو جوانترین و دێرینترین داری كوردستانە ، هەمیشە نادۆستانی كورد لێی بە قین و قار بوونە، سوتاندویانە ، بڕیویانە ، تاڵانیان كردوە ، لێ‌ ئەو هەر هەیەو هەر بەسەر بەرزی ماوەتەوە ، دارێكی ڕەگداكوتاو ، عاشقە چیا، سەوزو شەنگ.
من لە شیعرێكی دوای ئەنفالا بۆ كیژۆڵەیەك نووسیبووم
بەیانە وادەی ژوانە
وەرە باكەس پێنەزانێ‌
داربەڕوەكەی ڕەگ لەسەر سنگ
بكەینەوە بە جێژوانێ‌
بەڕو لای من دارێكی پیرۆزە، دارێكە گەواهیدەری مێژویەكی دورو درێژی وڵاتی كوردەواری ، لە زۆر شوێنگەی پیرۆز داری بەڕو دەستی نزای ڕوو لە ئاسمانە، ماوەیەك لەمەو بەردارێكی بەڕوی پڕ ویقارو تەمەندارم بینی كە تیرەكەی دەشێت زیاتر لە پێنج مەتر بێت، تەمەنیشی زۆربوو، من كنەو پشكنینی تەمەنداری نازانم دەنا وەكی كوردەكە دەوشێ‌ زۆر دانعەمر بوو.
سەیرە كورد چۆن ناوی بەڕوی نەكردوە بە ناو بۆ كوڕ وەك چنار ، هەنار، هەرمێ‌ تا دوای .
لە تەك یەك دوو هاوڕێدا زۆر جار دەشت و دەر دەخەینە ژێر پێوەو بە چیاو بەندەنا هەڵگەڕێین و بۆ سەر شاخ هەڵدەكشێین لە بارەی بەڕو، گەبەڵە بەڕو ، بە هێزی و هەستانەوەو بوژانەوەی بەڕو قسەو باس دەكەین ، ئەم دەوەنە ئەگەر تەنیا چڵێكی بمێنێ‌ نایەوێت سەر دەر نەهێنێتەوە لە شاخ .
باشە ئەم دارە بۆ نەبوەتە خەمی شارو شارەوانی و ژینگە دۆستان و بۆ پارك و باخچەی شارو قوتابخانەو ، خەستەخانەو زۆر شوێنی دی لیپ نەكراوە لە بەژن و باڵای ئەم دارە، كە دڵنیام ئەگەر خزمەتبكرێت وبە ڕێكی لە خەمیدا بن دارێكی بەژن زراڤ و شەنگ دەردەچێت ، هەڵبەت چەوت و چێڵی و لارو خواریەكەشی جوانی و شیرینی خۆی هەیە .
من باسی برژاندنی بەڕو خۆشی خواردنەكەی ناكەم ، ئەوەیان بۆ شەوچەرەی زستان ، بەڵام بە داخم لەوەی كوردەكە كوڕی خۆی ناو نانا بەڕو كەچی ناوی عەرەبی و توركی لێدەنێت.
لێرەدا جێی خۆیەتی ستایشی كارێكی هونەری و ناوازەی هەردوو هونەرمەندی دەست ڕەنگینی شاری چەمچەماڵ سامی سەعدوڵاو فاتیح بابا بكەم كە چەمچەماڵیان بە پەیكەری شكۆداری بەڕو نەخشاندوە، ئەوانیش و چیاو بەڕوش هەر پایەدار بن .
لەبری قەحتان کوڕوکاڵتان ناوبنەن بەڕوو

بابەتی زیاتری نووسەر

خولە بووز