لە ئیخوانى عەرەبەوە بۆ ئیخوانى کورد, ئەزمونم لە گەڵ مەلایەکى ئیخوانى لە میسر ... هێمن کامیل


لە ماوەى ئەو چەند ساڵەى کە لە میسر بووم، نزیکەى دوو ساڵ من و هاوڕێیەکى دیکەم کە ئێستا مامۆستاى زانکۆى هەڵەبجەیە، لاى مەلایەکى ئیخوانى قورئانمان ئەخوێند لە شارى ئەسکەندەرییە کە وتاربێژو پێش نوێژى مزگەوتى گەڕەکەکەمان بوو، یەکێک بوو لە کادرە زۆر چالاکەکانى ئیخوان و حافز قورئانیش بوو .
ئیتر بە هۆى زۆر نزیک بوونمانەوە زۆر باسى کوردو کوردستانمان بۆ ئەکرد، کە گەیشتینە سورەتى ئەنفال، بە هەلمزانى و بە وردى باسى ئەنفالم بۆ کرد، وتى ئەتوانى سەرچاوەم بۆ بهێنى لە سەر ئەنفال وتم بەڵێ، ئیتر گەڕام لە گۆگڵ هەردوو پەرتوکى کاک عارف قوربانى کە یەکێکیان بە ناوى (شاهد العصر) کە چاوپێکەوتنێکە لە گەڵ ئەو شۆفێرى حەفارەیەى کە چاڵى بۆ ئەنفالکراوەکان هەڵکەندوە، ئەوى تریش چاوپێکەوتنێک بوو لە گەڵ رزگار بوى ئەنفال (تەیمور) کە بە زمانى عەرەبى بوون.
کە بۆم بردو خوێندییەوە، داوام لێکرد لە یەکێک لە وتارەکانى هەینیدا باسى ئەنفال بکات، وتى بە سەرچاو، هەر چەندە ئێمە مانگانەمان بۆى بڕیبۆوە لە بەرانبەر وانەوتنەوەى پێمان بڕوام وابوو ئەچێتە ژێر بارى داواکەم، چونکە هەم مانگانەکەى ئێمە بۆ ئەو زۆر باش بوو هەم دوو لە کاریگەرترین پەرتوکەکانم لە سەر ئەنفال بۆى بردبوو، کە جەلادەکانى ئەنفالیش بیانخوێننەوە ناتوانن کاریگەر نەبن پێى.
بە هەر حاڵ کات هاتوو چوو بەڵێنەکەى نەبردە سەرو ئامادە نەبوو لە وتارێکى هەینیدا باسى ئەم تاوانە گەورەیە بکات.
رۆژێکش لە دەرەوەى مزگەوت بینیمى بانگى کردم وتى داعش و پێشمەرگە شەڕیانە وتم بەڵێ تا ئێستا بە پێى ئامارەکان ٥٨ پێشمەرگە شەهید بوەو ١٨٠ بریندار (چونکە ماوەیەکى کەم شەڕ بوو فواد حوسێن ئەو ئامارەى راگەیاند بوو).
وتى یەک شتت پێ بڵێم ئێمە لە نێوان داعش و پێشمەرگەدا داعش هەڵدەبژێرین، وتم بۆ تاوانى پێشمەرگە چییە بەم گەرماى هاوینە بە رۆژون و موسڵمانن و لە سەر خاکى خۆمانین ئەوان هاتونەتە سەر خاکى ئێمە.
رۆژێکى تر پێى وتم هێمن دواى نوێژى بەیانى مەڕۆرەوە لە مزگەوت بمێنەرەوە، وتم بۆ وتى دوو رکات نوێژ هەیە بەر لە خۆر دەرکەوتن ئەیکەین، وتم من تا ئێستا ئەو نوێژەم نەکردوە وتى سونەتە خێرە وتم باشە، ئیتر چەند کەسێکى ترى ئیخوانیش لە مزگەوتەکە مانەوە کە هاورێى خۆى بوون، یەکێکیان دکتۆر بوو زۆر وەسفى دەسەڵاتى داعشى کرد لە موسڵ منیش کەوتمە وەڵامدانەوەى تا دەمەو خۆر کەوتن درێژەمان بە مناقشەکەماندا، ئیتر من لە یەکێک لە قسەکانمدا وتم کوا دیل کوشتن لە ئیسلامدا هەیە ئەوان دەیکەن، وتى بەڵێ هەیە خالد کوڕى وەلید ٧٠ دیلى کوشتوە، ئیتر من وەڵامم پێنەما، چونکە زانیاریم نەبوو لە سەر راستى رووداوەکە ى خالد.
مەلاکە هەر گوێى لێمان دەگرت و نەک قسەى ئەو کەسەى رەتنە ئەکردەوە، بەڵکو وتى پرسیارێک داعش چى بە مەسیحیەکان وتوە، وتم وتوێتى یان موسڵمان بن یان سەرانە بدەن یان شارەکە جێببهێڵن وتى رێک ئەوە ئەوەیە کە ئیسلام داواى ئەکات و رێگە دانیان بۆ جێهێشتنى شارەکەش چاکەى داعش خۆیەتى .
یەکێكى تر لەو مناقەشانەى زۆرجار دەمانکرد ئەیوت کورد لە سوریا پاکتاوى رەگەزى دژى عەرەب دەکەن ئەموت هەموى پڕو پاگەندەیە و راست نییە، ئەیوت ئەى بۆ کەناڵى جەزیرە وا ئەڵێت.
ئەمە تەنها لاى ئیخوانى عەرەب نییە کە لە نێوان داعش و کوردێکى نەتەوەیىدا، داعش هەڵدەبژێرن، بەڵکو ئەمە لاى ئیخوانى کوردیش وایە، بۆ نمونە کاتیك داعش لە سەر دەستى هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە باخۆز لە ناو چون و نزیکى ٢٠ هەزاریان خۆیان رادەستى کورد کردو بە جوانترین شێوە مامەڵەیان لە گەڵکراو سەرەڕاى ئەوەى سێ ساڵ پێشتر هەزاران کچ و ژنى کوردانى ئێزدىیان بە سەبایە کرد و زیاتر لە ١٥ هەزار پێشمەرگەو شەرڤانیان شەهید کردبوو.
مامەڵەى جوانى هێزە کوردییەکە لە سەرتا سەرى دنیادا دەنگى دایەوەو بۆ کوردى هەر چوار پارچەى کوردستانیش ئەو رۆژە وەک جەژن وابوو کە دوژمنێکى دڕندەمان لە کۆڵ بوەوە .
کەچى سەید ئەحمەدى ئیخوانى و یەکگرتوى ئیسلامى لە وتارى ئەو هەینیەدا کەوتە سوێند خواردنى درۆ بەوەى کوردەکان کە ئەو بە جاش ناویان ئەبات ٣٠٠٠ هەزار ژن و مناڵییان لە باخۆز سەر بڕیوە و سوتاندوەو زیندە بەچاڵکردوە، چونکە ئەو هێندە بە سەرکەوتنەکەى کوردانى رۆژئاوا دڵتەنگ بووبوو نەیئەتوانى کۆنترۆڵى خۆى بکات و سوێندى درۆ نەخوات ، ئەمە لە کاتێکدا قورئان و فەرمودە فێرى کردوین ئەگەر قسەیەکمان بیست بە دواداچونى بۆ بکەین و بڕۆینە بنج و بنەوانى ئینجا بڵاوى بکەینەوە.

بابەتی زیاتری نووسەر

خولە بووز