ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی كه به‌سه‌ر كورد هاتوون، له‌ماوه‌ی 17 ساڵی كوێخایهتیی پارتی و یه‌كێتی دا به‌سه‌ر هه‌رێمی سێستانهوه، هێنده زۆرن له‌ژماره نایه‌ن
و، له وتارێكدا جێیاننابێتهوه. له‌م باره‌شه‌وه، گه‌لێك وتارم له‌م 17 ساڵه‌دا بڵاوكردووه‌ته‌وه. وا لێره‌دا ته‌نێ دوو كێشه ده‌خه‌مه به‌رچاو، كه هه‌ردووكیان، دوو كاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌یی و دوو ئاوڕووچوونی نێونه‌ته‌وه‌یین:
(1) - كێشه‌ی فڕۆكه‌وانی تاوانباركراو تاریق ره‌مه‌زان:
تاوانباركراوێكی ده‌ستگیركراو – ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و تاوانه‌ی ده‌خرێته ملی، زۆر ساده‌ش بێ، ئه‌وا به‌ره‌لڵا كردنی، له‌ده‌سه‌ڵاتی هیچ كه‌سێك و هیچ فه‌رمانگه‌یه‌كدا نییه، دادگه نه‌بێ. ئه‌وه‌ش، پاش دادگه‌ییكردن، كه بریتییه له خوێندنه‌وه‌ی راپۆرتی پۆلیس و گوێگرتن له تۆمه‌تنامه‌ی دۆزگری گشتی (المدعی العام) و گوێراگرتن له وه‌رامی ئه‌و پرسیارانه‌ی كه له تۆمه‌تباركراو ده‌كرێن. هه‌روه‌ها گوێگرتن و كۆڵینه‌وه له گوته‌ی ئه‌و گۆڤانانه (شایه‌ت) ی كه له‌بۆ، یان له‌دژی ئه‌و تۆمه‌تباركراوه دێنه‌گۆ. شایه‌نی باسه، هه‌تا تاوانباركراو تاوانه‌كه‌ی قورستربێ، ئه‌وا هێشتنه‌وه‌ی له چواردیواری گرتووخانه‌دا، تا رۆژی دادگه‌یی، سه‌ختتر ده‌بێ و، ته‌نانه‌ت تاوانباركراوی واش هه‌ن، كه به دهستبهرێتیی (كفاله) یه‌كی داراییی یه‌كجار گه‌وره‌ش، پێش رۆژی دادگه‌یی و بڕیاری دادوه‌ر، بهرهلڵاناكرێن، تاكو نه‌توانن سووت له ئازادیی ده‌ره‌وه‌ی گرتووخانه ببینن و رابكه‌ن. ئه‌مه، رێسای ره‌وتی دادوه‌ریی تاوان و تاوانباركراوییه له وڵاته دێمۆكراتییهكاندا.
ئه‌فسه‌ری فڕۆكه‌وان، تاریق محه‌ممه‌د ره‌مه‌زان، كه عه‌ره‌بێكی له‌دایكبووی كه‌ركووكه، یه‌كێكه له‌وانه‌ی كه تاوانی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه و گهلكوژیی له كورد، خراوه‌ته ملی. وه‌ك له دهنگوباسهكانیشدا هاتووه، له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا، دانی به تاوانه‌كه‌ی خۆیدا ناوه. ئه‌م تاوانباركراوه، پاش ئه‌وه‌ی له كه‌ركووك گیراوه، نێردراوه بۆ سلێمانی، نه‌وه‌كا ده‌رفه‌تی رڤینی له كه‌ركووك ده‌ستبكه‌وێ. به‌ڵام ئه‌م تاوانباركراوه، ئێسته بهرهلڵایه و، ئاسایشی سلێمانی ده‌بێژێ، له‌كاتێكدا كه براوه بۆ نه‌خۆشخانه، رایكردووه.
پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه، گه‌لێك نووچه و لێدووان له‌م باره‌یه‌وه بڵاوكرانه‌وه. سه‌یروسه‌مه‌ره‌ش له‌مه‌دا ئه‌وه‌یه كه سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم "بێ ئاگایی" خۆی له‌و باره‌یه‌وه ده‌ربڕی و، به‌ڵێنی دا، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بێَلایهنانه له‌م باره‌یه‌وه ئه‌نجام بدا و، ئه‌نجامه‌كه‌شی به خه‌ڵك رابگه‌یه‌نێ، به‌ڵام تا ئێسته، ئه‌م به‌ڵێنه، وه‌ك هه‌موو به‌ڵێنه‌كانی دیكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم، جێبه‌جێنه‌كراوه و، هیچ داخۆیانییهكیش له‌م باره‌یه‌وه ده‌رنه‌چووه. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش راست بێ، كه سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، ئاگای له‌مه نه‌بووبێ، ئه‌وا بوونی "سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم" شتێكی زۆر بێ مانا و بێ نرخه و پێویسته ده‌ست له كار بكێشێته‌وه.
هۆی ئه‌وه‌ی كه راسته خه‌ڵكه‌كه باوه‌ڕ به‌وه ناكات كه ئه‌م تاوانباركراوه له‌ده‌ست ئاسایشی سلێمانی وا به‌هاسانی رایكردبێ، ئه‌وه‌ش به‌نه‌خۆشی و بێ شاره‌زایی له بارودۆخی شاری سلێمانی و بێ زانینی زمانی كوردی، هی ئه‌وه‌یه، كه ئاسایشی سلێمانی، ده‌زگه‌یه‌كی زۆر به‌هێزه و، كه‌تنی وا له ده‌زگه‌یه‌كی وا توندوتۆڵ ناقه‌ومێ، یان نابێ بقه‌ومێ. له‌به‌رئه‌وه، هه‌ر له یه‌كه‌مین رۆژه‌وه، گومان له‌م قسه‌یه كرا، بۆ یه‌كه‌مجاریش، ماڵپه‌ڕی "كوردستان پۆست"، به‌ڕێز مام جه‌لال تاڵه‌بانیی تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی وی، تاریق ره‌مه‌زانی تاوانباركراوی بهرهلڵاكردبێ. ئه‌وجا، هه‌فته‌نامه‌ی "ئاوێنه" له سلێمانی درێژه‌ی به‌م هه‌واڵه دا. پاش ئه‌وه‌ش، "ره‌گ" له بڵاڤۆكێكدا، رهپوراست، داوای لێپێچینه‌وه‌ی له مام جه‌لال كرد. گرنگ ئه‌وه‌یه تا ئێسته راستیی كێشه‌كه نه‌خراوه‌ته به‌رده‌م رای گشتی خه‌ڵكی كوردستان و جیهان و، ئه‌مه‌ش بووه به مایه‌ی سووكایه‌تیكردن به نه‌ته‌وه‌ی كورد و دۆزی نه‌ته‌وه‌یی كورد و خوێنی رژاوی هه‌زاران هه‌زاران كورد و ئاوڕووتكانی كورد و كردنی به پێكه‌ن و گاڵته‌جاڕێكی نێونه‌ته‌وه‌یی. ئه‌م كاره‌ش له‌و رۆژه‌وه ده‌ستیپێكرد كه كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی سێستان، بۆ دادگه‌ی باڵای تاوانه‌كان له به‌غدا و، له رۆژی یه‌كه‌می دادگه‌ییكردنی گهلكوژیی هه‌ڵه‌بجه‌دا، وه‌رگێڕێكیان دانابوو، كه كوردی و عه‌ره‌بی به‌باشی نه‌ده‌زانی و، وه‌ك هێنده‌ك كه‌سیش ده‌بێژن، ئه‌مه به مه‌به‌ست بووه، بۆ دواخستنی و شێواندن و بگره په‌كخستنی دۆزی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، كه ده‌بێته هۆی ده‌رخستنی گه‌لێك نهێنی، ئه‌مه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی بهرهلڵابوونی تاوانباركراو تاریق ره‌مه‌زان، له‌لایه‌ن دادگه‌ی باڵای تاوانه‌كانه‌وه له به‌غدا، له 21/12/2008 دا، واته پاش شاردنه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ساته ئاوبڕووبهره به نێزیكه‌ی دوو مانگ (له 25/10/2008 ه‌وه) .
كۆمه‌ڵگه‌ی لێقه‌وماوی كورد، زۆرباش ده‌زانن كه دانانی ئاسایشی سلێمانی به گوناهباری یه‌كه‌می ئه‌م كاره‌ساته نه‌ته‌وه‌ییه، شتێكی راست نییه. چۆنكه ئاسایشی سلێمانی ده‌زگه‌یه‌كی سه‌ر به ی. ن. ك و، به‌بێ فه‌رمانی سه‌ره‌وه‌ی خۆی، ناتوانێ كاری وا بكات. هه‌رێمی سێستانیش، له‌لایه‌ن پارتی و یه‌كێتی یه‌وه كراوه‌ته‌وه به به‌شێك له عێراق. له‌به‌ر ئه‌وه، سه‌رۆك كۆماری عێراق و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم، هه‌ر چواریان پێكه‌وه، به‌رپرسیارن له‌م كرده‌وه‌یه وـ ده‌بێ به‌زووترین كات كێشه‌كه رۆنبكهنهوه بۆ رای گشتیی جیهان، ئه‌گه‌رنا، وه‌ك بیستوومه، كه‌سانێك هه‌ن له ئه‌وروپا، كه خزم و كه‌سوكاری قوربانیانی كیمیابارانی ههلهبجهن و، هێندێكیان جنسیه‌ی ئه‌وروپاییان هه‌یه، ده‌یانه‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی قانوونی، دوای كێشه‌كه بكه‌ون و له ئه‌وروپا شكات له‌و چوار كه‌سه بكه‌ن. بۆ ئه‌مه‌ش به چه‌ند پارێزه‌ر و مافناسێكی به‌نێوبانگی ئه‌وروپاوه پێوهندییانكردووه و، ئه‌وانیش پێیانگوتوون، كه هه‌رچه‌نده تاوانباركراو، له‌رۆژی دادگاییدا، له‌به‌رده‌م دادوه‌ریشدا نه‌بێ، به‌ڵام دانپێدانانه‌كانی له‌وه‌پێشی له‌لای دادوه‌ر، وه‌ك به‌ڵگه بۆ تاوانه‌كه وه‌رده‌گیرێ. پارێزه‌ره‌كانی قوربانیانی كیمیابارانیش له كوردستان، ده‌بێ ئه‌و دانپێدانانه له كێسه‌كه ده‌ربهێنن و بۆ وه‌رگێڕان به زمانی ئینگلیزی ئامادهیبكهن. بێگومان ئه‌م سكهنداله زۆر ئاودهكێشێ و درێژه ده‌كێشێ و هێنده‌ك لایه‌نیشی ده‌ستیان له هه‌مانه‌كه ده‌رده‌چێ.
(2) - كێشه‌ی له‌نێوبردنی ئاسه‌واره مێژووییه‌كانی هه‌ولێر:
خه‌ڵكی ره‌شوڕووتی كوردستان باش ده‌زانن كه رژێمه داگیركه‌ره‌كانی وڵاته‌كه‌یان، بۆ سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری فه‌رهه‌نگ و مێژووی كورد، زۆر له‌مێژه خه‌ریكی له‌نێوبردنی ئاسه‌واره دیرۆكییهكانن. جاره‌ك به‌بیانووی دروستكردنی به‌نداوه‌وه، وه‌ك له‌نێوبردنی باژێڕی كۆنینه‌ی حه‌سه‌ن كێف له‌لایه‌ن رژێمی تركهوه، جاره‌كی دی، به‌بیانووی "مۆدێرنكردن" ه‌وه، وه‌ك تێكدانی قه‌ڵای كه‌ركووك له‌لایه‌ن رژێمی عێراقی سه‌ددامه‌وه. جاره‌كی دیش، به دزین و سهرنگوومكردنی ئه‌و ئاسه‌وارانه‌ی كه له به دواداگه‌ڕانی ئارشێولۆژیانهوه، یان به‌رێكه‌وت، له‌بن زه‌ویدا ده‌دۆزرێنه‌وه، وه‌ك ئه‌و بهتاڵانبردنانهی رژێمی فارس ده‌یانكات. جاره‌كی دیش، به گۆڕینی نێوی شار‌و گوند و چیا و رۆبارهكانی كوردستان له كوردییه‌وه بۆ تركی و عه‌ره‌بی، وه‌ك ئه‌وه‌ی رژێمی ترك و عه‌ره‌بی سووریا ده‌یكه‌ن. لێ، به‌داخه‌وه، ئه‌م فهرههنگكوژی و كاولكارییانهی له كوردستاندا ده‌كرێن، بوون به میراتی كاربه‌ده‌ستانی دوو حیزبه كوردزمانهكه له‌ماوه‌ی 17 ساڵ ده‌سه‌ڵاتدارێتییاندا. له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ندین شوێنه‌واری مێژوویی سلێمانی كران به قوربانی "بازاڕی مۆدێرن" له‌لایه‌ن ئه‌و ملیاردێرانه‌ی سه‌ر به یه‌كێتی، كه تا دوێنێ بوو، زۆربه‌یان به نانهرهقهی مزگه‌وت ده‌ژیان و ئێسته‌ش گاڵته به ملوێنهران ده‌كه‌ن و بوونه خاوه‌نی پرۆژه‌ی گه‌وره گه‌وره و سوپهرماركت بۆ فرۆشتنی خوارده‌مه‌نیی ئێكسپایه‌ر كه له ئێران و ترك و ئه‌وروپا وهدههێندرێن. له‌م رۆژانه‌شدا نۆره هاتووه‌ته سه‌ر هه‌ولێره كۆن، وه‌ك شاره‌زایه‌ك له كوردستانه‌وه پێمیڕاگهیاند، حكومه‌تی هه‌ولێر كابرایه‌كی ئه‌مریكایی كه نێوی نزار حهننایه، هێناوه‌ته هه‌ولێر، گه‌لێك ئاسه‌واری به‌نرخی له‌گه‌ڵ زه‌وی تهختكردوه و ته‌نانه‌ت هێنده‌ك گۆڕیشی تێكداوه و كردوونی به بازاڕی گوایه "نیشتمان" و خۆشی له هۆتێلی شیراتۆن لێی دانیشتووه. كه‌سێكی دیكه، هه‌واڵی ئه‌وه‌ی راگه‌یاند پێم كه به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ئاسه‌واره‌كان له هه‌ولێر، نێوی به‌ڕێز حه‌یده‌ره و، ئه‌م به‌ڕێزه، له ده‌رچووانی به‌شی شانۆی ئینستیتووتی هۆنه‌ره جوانهكانه و هیچ پێوه‌ندییه‌كی به زانستی ئاسه‌وارناسی و مێژووی كورد و كوردستانه‌وه نییه.
شتێكی سه‌یره كه "به‌ره‌ی تركمانی" كه‌وتووه‌ته جووڵه و بێزاریدهربڕین له‌دژی تێكدانی ئاسه‌واره كۆنه‌كانی هه‌ولێر. ئامانجی "به‌ره‌ی تركمانی" له‌مه، هه‌ر چیه‌ك ده‌بێ باببێ، به‌ڵام شه‌رم و شووره‌یی بۆ كاربه‌ده‌ستانی هه‌ولێرو ئه‌وانه‌یه كه به هه‌زارانیان، له هه‌ولێر ده‌چنه خۆپیشاندانه‌وه بۆ پشتگیریی خه‌ڵكی غه‌ززه دژی بۆمبابارانی ئیسرائیل، كه ئه‌وه‌ش دیاره شتێكی ره‌وایه و ئه‌ز دژی نیم، چۆنكه رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی زۆرداری، له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه بێ، فه‌رمانی سه‌رشانی هه‌موو مرۆڤێكه، به‌ڵام ئه‌مانه، هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه یه‌ك خۆپیشاندان سازناكه‌ن له‌دژی تهفروتوونهكردنی فه‌رهه‌نگ و مێژووی كورد و كوردستان و، یه‌ك ده‌نگ له ده‌میان ده‌رناچێ به‌رامبه‌ر به بۆمبابارانكردنی كوردستان، ته‌نانه‌ت به بۆمبای فۆسفۆری، وادیاره، بۆمباكانی رژێمی ترك و فارس، بۆمبای "ئیسلامی" و پیرۆزن و بۆمباكانی ئیسرائیلیش بۆمبای "جووله‌كانه" و شه‌یتانین. شایه‌نی باسه، ترك له كوردستاندا بۆمبای فۆسفۆری به‌كارده‌هێنێ وئیسرائیلی ههڤاڵبهندیشی بۆمبای فۆسفۆری له غه‌ززه.
كاربه‌ده‌ستانی هه‌ولێر و هه‌رێمی سێستان ده‌بێ بزانن كه ئاسه‌واره دێرینه‌كانی هه‌ر وڵاتێكی ئه‌م جیهانه، به‌شێكه له كه‌له‌پۆری جیهانی و ده‌ستكاریكردن و له‌نێوبردنیان، به تاوان ده‌ژمێردرێ. درێژه‌دان به‌م تاوانه، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كێشه‌كه بگاته یۆنسكۆ و كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و، ئه‌وده‌مه لێپرسینه‌وه ده‌ستپێده‌كات و، ده‌بێته ئاوڕووچوونێكی نێونه‌ته‌وه‌یی. شایه‌نی باسه، یه‌كێك له‌وانه‌ی زووخاوی كاولكردنی ئاسه‌واره‌كانی هه‌رێمی سێستانی هه‌ڵده‌ڕشت بۆم، ده‌یگوت:"باوه‌ڕبكه، دوكتۆر به‌رهه‌م ساڵح، به‌ده‌می خۆی گوتی: جا ئاسه‌واری كۆن چییه؟ پێویست نییه". هه‌رچه‌نده خۆم گوێم له‌م قسه‌یه‌ی د. به‌رهه‌م نه‌بووه، به‌ڵام باوهڕمكرد كه شتی وای گوتبێ. چۆنكه ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر، كه ئه‌وده‌مه سه‌ركرده‌كانی پارتی و یه‌كێتی به خوێنی سه‌ری یه‌ك تینووبوون و منیش هه‌وڵی ئارامكردن و ئاشتكردنهوهیانم ده‌دا، جارێكیان له‌و سه‌رده‌مه‌دا، له به‌رلین چاوم به د. به‌رهه‌م كه‌وت و گله‌یی ئه‌وه‌مكرد لێی كه بۆچی له سلێمانی، له‌جیاتی ئاڵای به‌عس، ئاڵای كوردستان هه‌ڵناكه‌ن. د. به‌رهه‌م گوتی: "جا ئاڵا چییه، پارچه پهڕۆیهكه، پێویست نییه". كه ئه‌وه‌ی گوت، ئهزژی وه‌ك كه‌سێك كه له سلێمانی له دایكبووم و كاتی منداڵی و مێرمنداڵیم له‌وێ بردووه‌ته‌سه‌ر و، وه‌ك خه‌ڵكی سلێمانی به‌رامبه‌ر ده‌مدرێژیی لهروودانامێنم، گوتم: "جا دهرپێش چییه، پارچه پهڕۆیهكه". د. به‌رهه‌م ده‌ستبه‌جێ خۆی دوور خسته‌وه لێم. ئه‌ورۆژه، د. به‌رهه‌م نێوی له كوولوكهی ته‌ڕیش دانه‌بوو، به خه‌ونی شه‌وانیش نه‌یده‌دی، ببی به جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق بهڕنجی شان وخوێنی ئه‌و كورده لێقه‌وما وانه‌ی كه ئاڵاكه‌یان بهپارچهپهڕۆیهك ده‌زانێ، كرا به جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق به‌ڵام ئه‌مه ژیانه، رۆژان رۆژیان له دووایه.
كورد ده‌ڵێن قسه قسه دێنێ، كۆتایی چله‌كانی سه‌ته‌ی رابوردوو بوو، جارێكیان له‌گه‌ڵ باوكم له سلێمانییه‌وه، به‌ڕێی كه‌ركووكدا ده‌چووین بۆ به‌غدا. له كه‌ركووك به شوێنێكدا تێپه‌ڕین، باوكم تاوێك له به‌ری دا وه‌ستا و، ئه‌وجا گوتی: "رۆڵه ئه‌م شوێنه كاتی خۆی فه‌رمانگه‌ی پشكنه‌ر (مفتش) ی زانیاریی (معارف) ی كوردستان بوو، كه پاش چه‌ند ساڵێك لایانبرد. سه‌ید عه‌بدولفه‌تاحی به‌رزنجی پشكنه‌ر بوو. تابلۆی فه‌رمانگه‌كه‌ی 3 مه‌تر درێژ ده‌بوو، به‌ڵام خۆی لێره نه‌بوو، له به‌غدا ده‌ژیا. رۆژێكیان له به‌غدا له میواندارییه‌كی دۆسته كورده‌كانی بهغدامدا بووم كه چاوم به‌و سه‌ییده كه‌وت، به كوردییه‌كی شه‌ق و په‌ق قسه‌یده‌كرد. گوتم: تۆ پشكنه‌ری قوتابخانه‌كانی كوردستانیت، بۆ له كه‌ركووك دانانیشیت، چ ده‌كه‌یت له به‌غدا، گوتی: "ماڵ و منداڵم له به‌غدایه و بوونم له كه‌ركووك پێویست نییه، به‌ڵام چووم بۆ كوردستان و شیعرێكیشم بۆ "وهگه ن كردووه"، شیعره‌كه‌ی له گیرفانی ده‌رهێنا و دایه ده‌ستم. كه خوێندمه‌وه، دێڕێكی هۆنراوه‌ی پشكنه‌ری زانیاریی كوردستان ئه‌مه بوو:
به‌نده چووم ته‌فتیش وهگه ن كوردستان یه‌ك قامووس مومتاز من كرد له خۆیان
باوكم گوتی: كه ئه‌و دانیشتنه‌م به‌جێهێشت و چوومه ده‌ره‌وه، بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه و ده‌مگوت تۆ بڵێیت ئه‌م كورده تووشی ده‌ردی "قحگ الرجالی" نه‌بووبێ و له‌به‌ر خۆمه‌وه ده‌مگوت"به‌راستی كورد، خراپ لێیقه‌وماوه".
ئه‌م قسه‌یه‌ی باوكم ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵێك ده‌بێ، ئه‌وا له‌م رۆژانه‌دا له مێشكمدا خولده‌خوات و كه ئه‌م شتانه‌ی له كورد ده‌قه‌ومێت واملێده‌كه‌ن كه ئهزژی بێژم "به‌راستی، كورد خراپ لێیقه‌وماوه".
به‌رلین 11/1/2009
