
سلێمان عه‌بدوڵڵا یونس: ماوه‌یه‌که که‌ناڵه عه‌ره‌بیه‌کان، به‌گه‌رمی خه‌ریکی دۆبلاژکردن و وه‌رگێڕانی دراما تورکیه‌کانن. بێگومان به‌م کاره‌ش توانیویانه جه‌ماوه‌ریکی زۆرتر له‌ده‌وری شاشه‌کانی خۆیاندا کۆبکه‌نه‌وه. چونکه به‌ڕاستی ئه‌و دراما تورکیانه، سه‌رنجی بینه‌رێکی زۆریان به‌لای خۆیاندا ڕاکێشاوه و به‌مه‌ش ئه‌و که‌نالانه، زۆرایه‌تی ماڵه‌کانی جیهانی عه‌ره‌بیان، داگیر کردووه دیاره به‌ماڵه کوردیه‌کانی ئێمه‌شه‌وه.
بیگومان ئه‌مه کارێکی ئاساییه، به‌تایبه‌ت به‌داخه‌وه که که‌ناڵه کوردیه‌کان، له‌م رووه‌وه ئێجگار هه‌ژار و که‌م توانانن و له‌وانه‌یه زیاده‌ڕۆیی نه‌بێت، که‌بڵێم له‌زۆربه‌ی ماڵه‌کاندا دوای تێپه‌ڕکردنی هه‌واڵه ته‌شریفاتیه گه‌رمه‌کانی هه‌رێمه‌که، که‌هه‌موومان وه‌کوو ڕۆتین ئولفه‌تمان پێوه‌گرتووه، ئیدی ئه‌و که‌ناڵانه به‌ده‌ست ڕیمۆت کۆنتڕۆڵه‌کانه‌وه گیانیان ده‌رده‌چێت، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی که‌ئینته‌رنیت، له‌زۆربه‌ی ماڵه کوردیه‌کاندا، کارێکی وای کردووه، ریمۆت کۆنتڕۆڵی تیڤیه‌کان، له‌لای پیاوانی کورد، ئه‌و گرنگییه‌ی نه‌مێنێت. چونکه ئه‌و گۆمبه‌ز و کۆنگه‌ڵه‌ی که‌پیاوان به‌دوایدا وێڵن، ئێستا زیاتر له‌سه‌ر تۆڕی ئنته‌رنێت ده‌ست ده‌که‌وێت.
ئه‌وه‌ی که‌لێره‌دا جێگه‌ی مه‌به‌سته، قسه‌کردنه له‌سه‌ر درامای تورکی (مسلسل وادی الذئاب) دۆڵی گورگان، که بۆ عه‌ره‌بی دۆبلاژ کراوه و له‌که‌ناڵی ئاسمانی (ئه‌بو زه‌بی) و ئێواران (شه‌ش و نیو) به‌کاتی بریتانیا و (حه‌وت و نیو) به‌کاتی ئه‌وروپا په‌خش ده‌کرێت.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه له‌و درامایه‌دا، کوردستان و پارته کوردیه گه‌وره‌کان (یه‌کێتی و پارتی و په‌که‌که) پانتایه‌کی گه‌وره‌یان له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ره‌وه، به‌مه‌به‌ست بۆ ته‌رخان کراوه.
له‌م درامایه‌دا (پارته کوردیه‌کان به‌پارتێکی مافیایی و قاچاغچی و بازرگانی ناشه‌رعی به‌چه‌ک و تریاک و تێوه‌گلاو به گه‌مه موخابه‌راتیه‌کانه‌وه، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ (موسادی ئیسڕائیلی و سی ئای ئه‌ی ئه‌مریکی و میتی تورکی) پێناسه ده‌کات. هه‌موو هه‌وڵیکی ئه‌و درامایه بۆ شێواندنی کێشه‌ی ڕه‌وای نه‌ته‌وایه‌تی کورده، به‌تایبه‌ت له‌کوردستانی باشور و باکووردا.
ئه‌و درامایه له‌ئه‌ڵقه‌یه‌کدا له‌زمانی (ئه‌سڵان) که‌له‌نێو دراماکه‌دا ڕۆڵی به‌رپرسێکی پایه بڵندی میتی تورکی ده‌گێڕێت، ئاوا باسی مام جه‌لال و کاک مه‌سعود ده‌کات:- (جه‌لال تاڵه‌بانی دبلۆماسێکی شاره‌زایه، له‌سیاسه‌تدا هیچ باوه‌ڕێکی نییه، له‌سه‌ر هه‌موو په‌ته‌کان به‌کارامه‌ییه‌کی زۆره‌وه یاری ده‌کات، ئه‌و که‌چه‌پێکی دۆستی شوره‌وی بوو له‌پڕ به سه‌دوهه‌شتا پله سوڕایه‌وه و ده‌ستی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا تێکه‌ڵاوکرد بۆ ڕووخاندنی سه‌دام حوسێن، تاڵه‌بانی له‌سیاسه‌تدا وه‌فای بۆکه‌س نییه) (بارزانی سه‌رکرده‌یه‌کی خێڵه‌کییه، زۆر له‌سیاسه‌ت سه‌روده‌ر ناکات، هه‌وڵی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی ده‌دات، پیاوی ئیسڕائیله و کۆمه‌کی دارایی له‌ئه‌وانه‌وه پێده‌گات، بارزانی خۆی وه‌کوو دۆستی ئه‌مریکا نیشان ده‌دات به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌و هیچ متمانه‌یه‌کی به‌ئه‌مریکا نییه، چونکه کاتی خۆی له ساڵی 1975 ئه‌و‌ان شۆڕشه‌که‌ی باوکیان رووخاند و دواتریش هه‌رئه‌مریکا خۆی مه‌لا مسه‌ته‌فا بارزانی باوکی مه‌سعود بارزانی له‌واشنتن کوشت) .
دراماکه له‌زاری کاراکته‌رێکی دیکه‌وه، که‌بۆ ئه‌فسه‌ره‌که‌ی میت قسه ده‌کات، نیگه‌رانی تورکه‌کان، سه‌باره‌ت به‌سیاسه‌تی ئه‌مریکا، له‌کوردستانی عێراق و هاوپه‌یمانیان له‌گه‌ڵ کورد ده‌رده‌بڕێت، به‌ڵام ئه‌فسه‌ره‌که‌ی میت ده‌ڵێت (نیگه‌رانی ناوێت چونکه ئه‌مریکا دڵنیای کردووینه‌وه، که‌له‌م باره‌یه‌وه چاوی له‌دۆستایه‌تی له‌میژینه و ستراتیژی ده‌وڵه‌تێکی ناوچه‌یی گه‌وره‌ی وه‌کوو تورکیایه) .
من گومانێکی زۆرم هه‌یه و پێموایه که‌دۆبلاژکردنی ئه‌م درامایه بۆ عه‌ره‌بی، میتی تورکی له‌پشت بێت، ئه‌مه‌ش له‌پێناوی پشتیوانیکردنی زیاتری شه‌قامی عه‌ره‌بی بۆئه‌و سیاسه‌تانه‌ی که‌تورکیا له‌دژی کێشه‌ی ره‌وای کورد له‌باکووری کوردستان و ئه‌زموونی هه‌رێمی کوردستان گرتویه‌تیه‌به‌ر و به‌واقیع کردنی ئه‌و سیناریۆیانه‌ی که‌میدیای ده‌وڵه‌تی که‌مالی له‌ساته‌وه‌ختی دامه‌زراندنیه‌وه له‌دژی مه‌سه‌له‌ی ڕه‌وای کورد زیره‌کانه دایانده‌ڕێژێت.
پرسیاری هه‌ره سه‌ره‌کی لیره‌دا ئه‌وه‌یه، کێ و کام ده‌زگا و ئۆرگان له‌هه‌رێمی کوردستان ده‌توانێت چاودێری ئه‌و هه‌ڵمه‌ته شۆڤێنیانه بکات و به‌رپه‌رچیشیان بداته‌وه؟ چونکه له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی ئیمڕۆ (دۆڵی گورگان) ده‌یڵێت مشتێکه له‌خه‌روارێک له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی که‌ڕووبه‌ڕووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یمان ده‌بنه‌وه!
له‌دۆڵی گورگانداین و که‌سیش فریامان ناکه‌وێت، قه‌یناکه یه‌کێتی و پارتی به‌ده‌وری سیکوچکه‌ی (گه‌نده‌ڵی و بیرۆکراتیه‌ت و نیپۆتیزم) دا قنج دانیشتوون و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌رژه‌وه‌ندی کورد‌و خه‌ڵکی هه‌رێمه‌که‌یان له‌بیرچۆته‌وه، به‌ڵام سه‌یره‌که له‌وه‌دایه که‌ئه‌وان و سه‌رکرده‌کانیشان له‌دۆڵی گورگاندا ده‌که‌ونه به‌ر ڕه‌وی گه‌له میدیایه‌کی شۆڤینی و مێشیش میوان نییه.
ئه‌ری ئه‌وه‌ی له‌خۆی نه‌پرسیته‌وه چۆن له‌نیشتیمانه‌که‌ی ده‌پرسێته‌وه؟!
ئاخر به‌خۆڕایی نیه که په‌شێوی مه‌زن ده‌فه‌رموێت:-
سه‌دان ساڵه له‌وێرانه ماڵی خۆمدا کتکه کوێره‌ی گۆشه‌ی متبه‌قی سوڵتانم
سه‌دان ساڵه حه‌وش و به‌ره‌ی خۆم واڵایه و له‌به‌رده‌رگای دزانی خۆم پاسه‌وانم.
