دلێر میرزا: گومان له‌وه‌دا نییه گه‌لی كورد له عیراقدا، هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه، به شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی به‌ده‌ستی حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراق، رووبه‌ڕووی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی بۆته‌وه. به‌ڵام له سه‌رده‌می به‌عسدا، ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه پێی نایه قۆناخی جینۆسایده‌وه به هه‌موو شێوه‌كانییه‌وه و ئه‌و جینۆسایده زیاتر خۆی له شاڵاوه نه‌گریسه‌كانی ئه‌نفال و كیمیابارانی خه‌ڵكی بێ ده‌ره‌تانی كوردستاندا بینییه‌وه.
دیاره بۆ پیاده‌كردنی ئه‌م سیاسه‌ته شوومه، حزبی به‌عس په‌نای ده‌برده به‌ر سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و به‌حوكمی ئه‌وه‌ی خۆی حزبێكی شۆڤینی و ره‌گه‌زپه‌رستی عه‌ره‌بی بوو، خوازیاری ئه‌وه‌بوو، كوردستان له نه‌خشه‌ی عیراقدا بسڕێته‌وه و له به‌رامبه‌ردا به دروشمی نه‌ته‌وایه‌تیی چه‌وت و ناڕه‌وای وه‌كو"عیراق به‌شێكه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب"، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته خۆی پڕچه‌ك و ئاماده كردبوو. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ و له عیراقی سه‌رده‌می دوای سه‌دام و حزبه‌كه‌یدا ده‌یبینین، ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ حزبه ئیسلامییه عه‌ره‌بییه‌كانی عیراق له ده‌سه‌ڵاتدا باڵاده‌ستن و به‌ر له رووخاندنی رژێمی پێشوو، ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه به شێوه‌یه‌ك- واته مه‌به‌ستم ئه‌و حزب و لایه‌نانه نییه دوای رووخاندنی سه‌دام سه‌ریانهه‌ڵداوه، یان دوای ئه‌و گه‌شه‌یان كردووه- له‌لایه‌ن ئه‌و رژێمه‌وه، له رووی چینایه‌تی و له رووی مه‌زهه‌بی و ئایینییه‌وه، پرژی ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یان به‌رده‌كه‌وت، ئه‌مڕۆ بۆ درێژه‌دان به سیاسه‌تی چه‌وت به‌رامبه‌ر به گه‌لی كورد، له‌به‌ر چه‌ندین هۆ، ده‌یانه‌وێت په‌نا ببه‌نه به‌ر چه‌مكی ره‌گه‌زپه‌رستیی نه‌ته‌وایه‌تی، له‌وانه: یه‌كه‌م ئه‌وان ناتوانن به‌رامبه‌ر به گه‌لی كورد چه‌كی ئایین و مه‌زهه‌ب هه‌ڵبگرن، چونكه كوردیش زۆربه‌یان موسڵمانن به سونه و شیعه‌وه. دووه‌م، ده‌زانن له‌م قۆناخه‌دا، بۆ دژایه‌تیكردنی گه‌لی كورد، له رووی ئیقلیمییه‌وه چه‌مكی نه‌ته‌وایه‌تی قورسایی زیاتر به پرسه‌كه ده‌به‌خشێت و قازانجی شۆڤینانه‌ی زیاتری لێده‌كه‌وێته‌وه بۆیان، له سه‌ر حیسابی گه‌لی كورد، به‌تایبه‌تی له‌و وڵاتانه‌دا، كه كوردیان تیادایه (ئێران، توركیا و سوریا) و هه‌روه‌ها ئه‌و وڵاته عه‌ره‌بییانه‌ی دیكه‌یش، كه پرسی كورد له عیراقدا بێته گۆڕێ، له سۆنگه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی نه‌ك نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه، گه‌لێ به‌ته‌نگی یه‌كێتیی به‌ناو خاكی عیراق و عه‌ره‌به‌وه ده‌بن. سێیه‌م، له سه‌ر ئاستی نێوخۆی عیراق و له سۆنگه‌ی نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه، باشتر ده‌توانن هه‌ستی خێڵه‌كایه‌تیی عه‌ره‌بیی عه‌شایه‌ری عه‌ره‌ب، به شێوازی جۆراوجۆری وه‌كو ئه‌نجومه‌نی ئیسناد، یان له ژێر هه‌ر ناوێكی دیكه‌دا بورووژێنن و بیقۆزنه‌وه. ئه‌مانه و چه‌ندین هۆكاری سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی دیكه‌یش، كاریگه‌ر ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بیی ئه‌مڕۆی عیراق كۆده‌نگییه‌كی ئیقلیمی، به زیانی گه‌لی كورد و ده‌ستكه‌وته سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی بۆخۆی ده‌سته‌به‌ر بكات. خۆشبه‌ختانه ئه‌گه‌رچی به‌ر له‌مان، سه‌دام و حكومه‌ته‌كانی پێشتریش توانییان به پیاده‌كردنی ئه‌و سیاسه‌ته قێزه‌ونه، گورزی كوشنده له گه‌له‌كه‌مان بوه‌شێنن، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه، ئومێدیان له سه‌ر وشكه كه‌ڵه‌ك هه‌ڵچنی و نه‌یانتوانی به مه‌رامی ناڕه‌وای خۆیان بگه‌ن و سوود له‌و سیاسته چه‌په‌ڵه ببینن. به‌ڵام وا دیاره سه‌دام عه‌مری درێژی خۆی بۆ باڵی شۆڤینیی ئه‌مڕۆی ده‌سه‌ڵاتی عیراق جێهێشتبێت و ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تیی چه‌وتی ره‌گه‌زپه‌رستی، دوای ئه‌وه‌ی خه‌ریكه به شێنه‌یی سوپایه‌كی رێكخراو پێكده‌هێنن، به‌رچاویان سوور ده‌بێت، وپشتبه‌ست به‌و هێزه‌ی خه‌ریكه پێكه‌وه‌ی ده‌نێن، تادێ راگه‌یاندن و جموجوڵه نێوخۆیی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان بۆنی ئه‌وه‌ی لێدێ، له ده‌سه‌ڵاتی كورده‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه و به پاساوی به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی مه‌ركه‌ز و به پاساوی به‌رگری له خاكی عیراق ده‌خوازن به شێنه‌یی پێگه‌ی كورد له سه‌ر خاكی خۆیاندا له‌ق بكه‌ن و درێژه به‌و سیاسه‌سه‌ته ره‌گه‌زپه‌رستییانه بده‌ن كه رژێمه پێشووه‌كان ده‌ستیاندایه و بۆیان ته‌واو نه‌كرا. دیاره حزبه ئیسلامییه عه‌ره‌به‌كان له عیراقدا، به كرده‌وه بڕوایان به‌وه هه‌یه له ئیسلامدا پرسی نه‌ته‌وه له ئارادا نییه و ده‌یانه‌وێت وه‌كو سه‌رده‌می سه‌ره‌تای ئیسلام، كه پرسی نه‌ته‌وایه‌تی به‌و جۆره‌ی ئێستا نه‌خه‌مڵیبوو ره‌فتار بكه‌ن و به‌و ئه‌قڵیه‌ته هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌لڕ نه‌ته‌وه و گه‌لانی ناعه‌ره‌بیدا بكه‌ن، تاوه‌كو له نێو نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و له ژێر په‌رده‌ی ئیسلامدا بیانتوێننه‌وه. به‌ڵام وا دیاره، ئه‌و حزبانه به باشی پرسی زه‌مه‌ن و قۆناخ و سه‌رده‌م لێكناده‌نه‌وه، ئه‌ینا ئه‌گه‌ر ئێمه له سه‌رده‌می سه‌ره‌تای ئیسلامدا بووینایه، نه باسمان له نه‌ته‌وه و نه له گه‌لی كورد ده‌كرد و ئێمه‌یش سه‌لاحه‌دین ئاسا قۆڵی خزمه‌تكردنمان به نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب، له رێگه‌ی ئیسلامه‌وه هه‌ڵده‌ماڵی و خۆمان به ده‌ستی خۆمان ده‌ستمان ده‌كرد به جینۆسایدی خۆمان و پێویستی به‌م گه‌له‌كۆمه ناڕه‌وایه‌ی ئه‌وانی نه‌ده‌كرد!
ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه ئاماژه‌ی بۆ بكه‌م ئه‌وه‌یه: ده‌سه‌ڵاتی كوردی چۆن ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌لڕ ئه‌م هه‌موو پرسانه‌دا نه‌رم ده‌كات كه هه‌ڕه‌شه له‌و ده‌ستكه‌وتانه ده‌كه‌ن، كورد تا ئێستا به‌چنگه‌كڕێ بۆ خۆی مسۆگه‌ری كردووه و چۆن به‌رنگاری ئه‌م ئه‌ركه مێژووییه قورسه ده‌بێته‌وه؟
