شێرزاد عومه‌ر مه‌حمود:له سیاسه‌تدا لۆژیكێك هه‌یه ده‌ڵێت (ئه‌گه‌ر ئاشتیت ده‌وی شه‌ڕێك هه‌ڵگیرسێنه) چونكه ئه‌م شه‌ڕه چاره‌نووست یه‌كلا
ده‌كاته‌وه و دوایین سنوریش بۆ ئاشتی داده‌نرێ، شه‌ڕی پێشووی نێوانی مرۆڤه‌كان به قڕكردن و له‌ناوبردن بوو به جۆره‌ها چه‌ك، بۆ نبڕكردنی دووژمنه‌كان لایه‌نی به‌رامبه‌ر درێغی نه‌ده‌كرد به كوشت و بڕی بێ گوی دانه هیچ مافێكی مرۆڤ و هیچ یاسایه‌كی جیهانی یاخود ئاسمانی، له‌مه‌وه مرۆڤایه‌تی رووبه‌ڕووی دووجه‌نگی سه‌رتاسه‌ری بوو له مێژوودا، كه به ملیۆنه‌ها كه‌س له‌م دوو جه‌نگه جیهانیه‌دا له‌ناوچوون، دوایین ده‌رئه‌نجامی ته‌واوی ئه‌م شه‌ڕانه‌ش گه‌ڕانه‌بوو بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ و دیالۆگ، واتا ئاشتی كۆتایی به‌هه‌موو كێشمه‌كێش و شه‌ڕ و كوشتار و كاولكاریه‌كان هێنا، دوای ئه‌م دوو ئه‌زموونه گه‌وره‌یه كه بۆ مرۆڤایه‌تی بوو به گه‌وره‌ترین وانه كه جارێكی تر نه‌كه‌ونه ناو هه‌ڵه‌یه‌كی تره‌وه بۆیه بره‌و به بیر و ئایدیۆلۆژیا و سیسته‌می دیموكراسیه‌ت درا، دیموكراسیه‌تیش هه‌موو رێگاكانی بۆ تاكه‌كان واڵاكرد بۆ ئه‌وه‌ی به ئازادی خۆیان مافه‌كانی خۆیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن و پێشڕه‌وه‌كانیان هه‌ڵبژێرن، لێره‌وه هه‌ڵبژاردن بوو به گه‌وتره‌ترین چه‌كی كاریگه‌ر بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كۆسپه گه‌وره‌كان، له كۆمه‌ڵگا دیموكراتیه‌كاندا هه‌ڵبژاردن فه‌رمانڕه‌وایی پرسه‌كان ده‌كات، ئێمه‌ی كوردیش به چه‌ند هه‌نگاوێكی له‌مجۆره تێپه‌ڕیویین به هه‌موو كه‌م و كوڕییه‌كانیانه‌وه چ له‌ناوه‌خۆ وه‌كو كورد و كورد و چ وه‌ك كورد له‌گه‌ڵ نه‌یار و هاوبه‌شه‌كانی له‌م وڵاته‌دا.
دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی حكومه‌تێكی ره‌وا و یه‌كسانیخواز و دوور له بیری شۆڤێنی و مه‌زهه‌بگه‌رایی هه‌ڵبژاردن سه‌رتاسه‌ری عێراقی گرته‌وه، دیاره ئێمه‌ی كوردیش به یه‌ك لیست له‌و هه‌ڵبژاردنه هاتینه گۆڕه‌پانه‌كه ئه‌گه‌رچی هه‌ندی لایه‌نی كوردی به فیتی دوژمنانی كورد و نه‌یارانمان خۆیان له‌م لیسته یه‌كگرتووه‌ی كوردی جیا كرده‌وه، به‌ڵام نه‌بووه مایه‌ی لاوازی لیستی كوردی كه به لیستی (هاوپه‌یمانی كوردستانی) ناسراوه، لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان جگه له شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان له زۆرینه‌ی شار و شارۆچكه‌كانی تری عێراقیش بوو به خاوه‌نی زۆرینه‌ی ده‌نگ، دواتر له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانیش هه‌مان شت له ناوچه دابڕواوه‌كان و ناوچانه‌ی كه كوردنشینه لیستی كوردی زۆرینه‌ی به‌ده‌ست هێنابوو، به‌ڵام لایه‌نی به‌رامبه‌ر كه زیاتر عه‌ره‌بن (چ شیعه و چ سووننه) نه‌یانتوانی هه‌رسی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه بكه‌ن بۆیه بۆ چه‌نده‌مین جار كه‌وتنه ململانێ و كێشمه‌كێش له‌گه‌ڵ لیستی هاوپه‌یمانی، ته‌نانه‌ت نه‌یانخواست به ده‌ستوریش ئه‌م كێشانه یه‌كلایی بكه‌نه‌وه بۆیه به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه له هه‌ڵبژاردن وه‌ك خه‌ونێكی لێهات، بۆیه ده‌بینیین شارێكی وه‌كو كه‌ركوك كه شارێكی به هه‌موو به‌ڵگه‌یه‌كه‌وه كوردیه هه‌ڵبژاردن تیایدا ئه‌نجام ده‌درێت و كورد زۆرینه به‌ده‌ست ده‌هێنێت و دواتریش لایه‌نه‌كانی به‌رامبه‌ر چونكه په‌روه‌رده‌ی كلتوری به‌عسن بۆیه ئه‌م زۆرینه‌یه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه و به پێشێلكاری داده‌نێن به‌رامبه‌ر به نه‌ته‌واكانی تری نێو ئه‌م شاره بۆیه داوا ده‌كه‌ن كه 32% بۆ هه‌ر كه‌مه نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت و له‌م نێوه‌نده‌دا كوردیش بچووك ده‌كرێته‌وه و وه‌كو كه‌مه نه‌ته‌وه حیسابی بۆ ده‌كرێت و شاری كه‌ركوكی كوردان ده‌بێته شارێكی عه‌ره‌بی و توركمانی و كوردی، بۆیه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئێستا هیچ ئاسۆیه‌كی گه‌ش نابینرێ له ئاسمانی هه‌ڵبژاردن له‌م شار و ناوچانه، چاكتر وایه سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردی له‌بری ئه‌م كات به فیڕۆدانه له‌گه‌ڵ ئه‌وجۆره كه‌سانه كه سیسته‌می دیموكراسیان پێ قه‌بوڵ نییه له هه‌وڵ و كۆششی ئه‌وه بێ له عێراقی عه‌ره‌بی داببڕێت و سه‌ربه‌خۆیی خۆی رابگه‌یه‌نی چونكه چاره‌نووسمان له‌گه‌ڵ كلتورێكی وه‌ها خوێناوی ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانمان ره‌ت بكاته‌وه دوور نییه له ئاینده‌دا كه ده‌سه‌ڵاتی بكه‌وێته ده‌ست وجودی خۆشمان ره‌ت بكاته‌وه و بۆ جارێكی تر ئه‌نفال و كیمیاباران و مێژووی رابردووی پڕ له نه‌هامه‌تیمان خۆی دووباره بكاته‌وه.. !!
s-h-m007@hotmail. com
