ناوچه جێناکۆکه‌کان ته‌نها به‌کوردی بوونه‌وه به ناوچه دابڕاوه‌کان
دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژی 10-2-2010 ڕه‌خنه‌یه‌کم له به‌رنامه سیاسیه‌که‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گرت (بڕوانه فایلی 1)، له‌سه‌ر پێناسه‌ی ناوچه هێشتا داگیرکراوه‌کانی باشوری کوردستان به ناوچه جێناکۆکه‌کان، نه‌وشیروان موسته‌فا سه‌رۆکی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه هه‌ڵه‌که‌ی ڕاستکرده‌وه و وتی ناوچه دابڕاوه‌کان* (بڕوانه فایلی هاوپێچ 2) . ئه‌مه‌ش کارێکی باشه و نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕه‌خنه‌ی خه‌ڵکانی دڵسۆزی نه‌ته‌وه‌یی په‌سه‌ند ده‌کات. به‌ڵام له وتاری تردا به عه‌ره‌بی ده‌رباره‌ی شاری که‌رکۆک هێشتا ناوبراو به عه‌ره‌بی به ناوچه دابراوه‌کان ده‌ڵێت: (قضیه المناطق المتنازعه علیها، بڕوانه فایلی ژماره 3 به‌عه‌ره‌بی) واته ناوچه جێناکۆکه‌کان. ئه‌م شێوازه دوفاقهییه دوو ئه‌نجام ده‌دات به‌ده‌سته‌وه، له‌لایه‌ک که: په‌یامی نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌باره‌ت به پرسی ناوچه دابڕاوه‌کان، 22-2-20210، سبه‌ی) ده‌ڵێت ناوچه دابڕاوه‌کان، هه‌ژارانی کوردی پێ فریو ده‌دات که بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و شاره به‌شارێکی کوردی ده‌زانێت. له‌لایه‌لی تریشه‌وه عه‌ره‌بی داگیرکه‌ر و تورکمانه تۆرانیه‌کان ڕازی ده‌کات. به‌لام هێشتا له هه‌ردوو وتاره‌کاندا، چ به‌عه‌ره‌بی یان به کوردی ناڵێت که‌رکوک شارێکی کوردستانیه و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ باشووری کوردستان به هه‌ڵه‌ی سه‌رکردایه‌تی کورد ده‌زانێت که خۆی تا دوێنێکی نزیک کارئه‌کته‌رێکی گرنگ بووه له به‌خشینی ئه‌و شاره به دوژمنانی کورد. خاڵێکی تر که زۆر گرنگه هاوڵاتی کورد، پێش ئه‌وه‌ی ده‌نگی خۆی بدات به گۆڕان و هه‌ر لایه‌نێکی دی، ئه‌وه‌یه که ده‌بێت دڵنیاو هوشیاربێت له‌سیاسه‌تی ئه‌و لایه‌نه کوردییه‌ی که خۆی ده‌کاته هێز له که‌رکوک.
نه‌وشێروان و گۆڕان له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵات له‌و شاره، لێره‌شدا ناههقێکی گه‌وره به‌کورد و خه‌ڵکی ئه‌و شاره کوردستانیه ده‌که‌ن، که سامان و بوونی ئه‌و شاره وه‌ک یه‌ک به‌سه‌ر عه‌ره‌بی داگیرکه‌ر و تورکمانی تۆرانیدا دابه‌ش ده‌که‌ن، لێ نه تورک بۆ کورد ئیسته‌مبول دابه‌ش ده‌کات، نه عه‌ره‌ب به‌غدا. هیچ له‌و نه‌ته‌وه سه‌رده‌ستانه ئاماده‌نین یه‌ک دڵۆپ نه‌وت بده‌ن به‌کورد. سیاسه‌تی گۆڕان لێره‌دا کۆمه‌ڵه‌ێک ئهجنهدی شاراوه و لێڵی پێوه دیاره، پێویسته زیاتر خۆی ڕون بکاته‌وه. ئه‌گینا ئه‌نجامه‌که‌ی بێ ئومێدیێکی و شکانێکی دی به دوای خۆیدا له که‌سێتی کورددا دروست ده‌کات.
بێگومان کارێکی باشه ئه‌گه‌ر بتوانرێت متمانه‌ی عه‌ره‌به ڕه‌سه‌نه‌کان و هه‌ندێ تورکمانی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد، ده‌سته‌به‌ر بکرێت. به‌لام هیوادارم هاوکێشه‌که به پێجه‌وانه‌وه نه‌بێت و کورد نه‌کرێته ئامێرێکی ده‌ستی ئه‌وان و له باتی ئه‌و ناوچانه هه‌موو باشووری کوردستان‌مان به‌فیڕۆ نه‌ڕوات!. هیوادارم کار بۆ ئه‌وه بکرێت که کوردستان له کوردستانه‌وه ڕزگار بکرێت (سه‌ددامیش ده‌یویست له عهبادانهوه فه‌له‌ستین ڕزگاربکات) نه‌ک له به‌غداوه، چونکه هیچ کاتێک عه‌ره‌ب کوردی به هاونیشتمانی دانه‌ناوه. هیوادارم ئه‌و ده‌ستی برایه‌تییه بۆ عه‌ره‌ب و تورکمان له ژێر گوشاری داگیرکه‌رانی کوردستاندا نه‌بێت و نه‌بیته هۆی دوباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌زمونی ساڵانی شهشستی سه‌ده‌ی پێش‌و، که کورد بوو به دوو به‌ره‌ی دژبه‌یه‌ک و حکومه‌تی داگیرکه‌ری عێراقی به‌هێزکرده‌وه.
24-2-2010 سوێد
وتاره‌که‌ی ڕۆژی 10-2-2010
http://www.kurdistanan.net/index.php?sid=18874
سایتی سبه‌ی
2. http://www.sbeiy.com/ku/newsdetail.aspx?id=24473&cat=2
3.. http://www.sbeiy.com/ku/newsdetail.aspx?id=24598&cat=2
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
