ئه‌م قۆناغه ئه‌گه‌ر هه‌ر هیچیشی به‌كه‌س نه‌به‌خشی بێت ئه‌وه‌ی به رۆژنامه‌گه‌ری كوردی به خشیوه له شه‌ورۆژێكدا چه‌ندین رۆژنامه‌و گۆڤار‌و رادیو‌و ته‌له‌فزیونی ئه‌رزی و ئاسمانی بێنه نێو دونیای راگه‌یاندن و شته‌كی بخه‌نه سه‌ر خه‌رمانی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و له‌و عهڕشهدا كه له دوای راپه‌ڕینه‌وه هاتۆته پێش به كه‌یفی خۆیان ته‌ڕاتێنی تێدا بكه‌ن.
هه‌رچه‌نده گووناهێكی گه‌وره‌یه پیاو دڵی به‌و ئازادییه‌و تهڕاتێنهی میدیای كوردی خۆش نه‌بێت، چونكه به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر ئه‌و عه‌ڕشه نه‌بوایه زه‌ڵام زه‌ڵامی ده‌خوارد، ده‌سه‌ڵات تۆپانێی به هه‌موان دهكردو كه‌سیش نهیدهوێرای پێی بڵی له پشت چاوت جوتی برۆ هه‌یه، ئه‌وها نه‌بوایه كی ده‌یتوانی له نێو هۆلی په‌رله‌ماندا ته‌پڵ بكوتی، ئه‌وها نه‌بوایه كی ده‌یوێرا جامی بینا بشكێنی و تورمبێل بسوتێنی و ئاگر له مۆنمێنت به‌ردا، له‌وه‌ش گه‌ڕی كه هه‌ندی میدیا به شێوه‌یه‌ك كه‌وتونه‌ته وێزه‌ی ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵات خواخوایه‌تی وازی لێبێنی، ده‌سه‌ڵات ئاماده‌یه خه‌رجی هه‌موو ژماره‌یه‌كی بۆ دابین بكات به‌س ئه‌وه‌نده یه‌خه‌ی نه‌گرێت و برینداری نه‌كات.
به‌ڵام تۆ بڵێی ئه‌وه‌ی له كوردستان و له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی دوای راپه‌رین له بواری رۆژنامه‌گه‌ری كوردی وه‌به‌رهه‌م هاتووه له هیچ كونجێكی ئه‌و دونیایه شتی واهه‌بێت، له پشته‌وه‌ی هه‌ر میدیایه‌ك ده‌سه‌ڵاتێك هه‌بێت، له پشته‌وه‌ی ههردهسهڵاتێكیش پیلانێك هه‌بێت، له پشته‌وه‌ی هه‌ر پیلانێكیش پلانێك هه‌بێت.
كورت‌و كورمانجی شته‌كان ئه‌وها تێكه‌ڵ به‌یه‌ك كراون پیاوم ده‌وی لێكیان كاته‌وه، پیاوم ده‌وی بزانی چۆن به بیست وچوار سهعاتداو به‌بی ئه‌وه‌ی كه‌س هۆكاره‌كه‌ی بزانی رۆژنامه‌یه‌ك داده‌خری، هه‌ر له ماوه‌ی بیست و چوارسهعاتیشدا له جێگه‌یدا گۆڤارێك ده‌رده‌چێت، بی ئه‌وه‌ی كه‌س بزانی سه‌رچاوه‌ی داراییه‌كه‌ی كوی و كێیه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد هێنده پێشكه‌وتوون و باوه‌ڕیان به ئازادی بێقهیدو شه‌رت هه‌یه قبوڵیانه ئه‌و رۆژنامه‌و گۆڤارانه‌ی كه خۆیان له پشتیاننن و كلكیان ده‌گرن یه‌كه‌م جار له‌سه‌رخۆیان بنووسن، به مه‌رجێك خه‌تی سوور نه‌به‌زێنن، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌سه‌ر ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی بنووسی، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی بڵی من ئازاد‌و ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆم.
