
شاندی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دڵنیابوون له‌دروستیی كاری ئه‌و رێكخراوه مرۆییه ئاینیه‌كانه‌ی له‌هه‌رێم كارده‌كه‌ن، سه‌ردانی چه‌ند وڵاتێك ده‌كات، سه‌ره‌تای كاره‌كانیشی له‌شاری ئه‌سته‌مبوڵ ده‌ستپێكرد و له‌یه‌كه‌م رۆژی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا سه‌ردانی سه‌نته‌ری (ئیلام) بۆ پێگه‌یاندنی سه‌ركرده ئاینیه‌كانی كرد كه یه‌كێكه له‌سه‌نته‌ره‌كانی رێكخراوی (جابیز) ی به‌ریتانی و كاری ئه‌م رێكخراوه پێگه‌یاندن و راهێنانی ئه‌و سه‌ركرده ئاینیه مه‌سیحیانه‌یه كه له‌وڵاته زۆرینه موسڵمانه‌كاندا كارده‌كه‌ن و به‌جۆرێك پێیان ده‌گه‌یه‌نن كه رێز له‌زۆرینه موسڵمانه‌كه‌ی ئه‌و وڵاتانه بگرن و ببنه فاكته‌ری سه‌قامگیری و پێكه‌وه‌ژیان و خۆیان له‌حه‌ساسیه‌ت و ململانێی ئاینی بپارێزن،
له‌م سه‌ردانه‌دا شاندی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌پێكهاتوه له (خالد جه‌مال ئه‌لبصر) به‌رێوه‌به‌ری گشتی كاروباری مه‌سیحیه‌كان و (مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی) به‌رێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی وه‌زاره‌ت و (ئارام داود عه‌باس) قه‌شه‌ی یه‌كێك له‌كه‌نیسه‌كانی شاری سلێمانی، كورته‌یه‌كیان له‌شێوازی كاركردن و سیاسه‌تی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان له‌خزمه‌تكردنی ئاینه‌كان و كاركردن بۆ ئازادی و سه‌قامگیری ئاینی و قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی پێكه‌وه‌ژیان بۆ به‌رپرس و كارگوزارانی سه‌نته‌ره به‌ریتانیه‌كه خسته‌روو، شانده‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌سه‌ر رێژه‌ی موسڵمان و مه‌سیحی و ئێزیدی له‌هه‌رێمی كوردستان و مێژووی پێكه‌وه‌ژیانی ئاینیان بۆ خستنه‌روو.
هه‌ر له‌درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ شاری ئه‌سته‌مبوڵی توركیا، شاندی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف چه‌ند شوێنێكی ئاینی مێژویی وگرنگی شاره‌كه‌یان به‌سه‌ركرده‌وه كه ئاماژه‌ی بۆ شارستانیه‌تی ئیسلامی له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا ده‌كرد.

