(به ئیجازه‌ی مامۆستای به‌ڕێز ملابهشیر) بۆ دووه‌م جاره ئه‌م ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه به‌كار ئه‌هێنم، جاری یه‌كه‌م پێم وایه ساڵی 2002بوو، كاتێ مامۆستای به‌ڕێز له یه‌كێك له خوتبه‌كانی رۆژی هه‌ینی هونه‌رمه‌ندی گه‌نج و داهێنه‌ر كاك زه‌كه‌ریا عه‌بدوڵای به (به‌كتریا) وه‌سف كردبوو، مه‌به‌ستی مامۆستاش له‌وه‌بوو كه ئه‌و كاته زه‌كه‌ریا كۆنسێرتێكی سه‌ركه‌وتووی له مه‌لعه‌بی هه‌ولێر پێشكه‌ش كردبوو، هه‌رچی كچ و كوڕی هه‌ولێربوو به شایی و چه‌پڵه‌ڕێزان به‌شداری ئاهه‌نگه‌كه‌یان كردبوو، مامۆستا ئه‌وه‌ی به كفر و ئیلحاد وه‌سف كرد، زه‌كه‌ریای به‌وه تاوانباركرد، كه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كچ و كوڕ تێكه‌ڵاوبن، هه‌روه‌ها بۆته هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی (بێ ئه‌خلاقی) منیش وتارێكم له رۆژنامه‌ی (هاوڵاتی) له‌سه‌ر ئه‌م پرسه گرنگه نووسی له ژێرناونیشانی: (گۆرانییه‌ك پێشكه‌شه به مامۆستا مه‌لابه‌شیر: شهولهسهر سینگ و مه‌مكه‌كه‌ی رۆژم كرده‌وه) دیاره مه‌به‌ستی من له هێنانه‌وه‌ی نمونه‌ی یه‌كێك له گۆرانییه به ناوبانگه‌كانی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره و پایه‌به‌رز و قوتابخانه‌ی هونه‌ر و موزیكی كوردی مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌وه‌دابوو، كه ئه‌م جۆره گۆرانیانه له‌ناو كه‌لتور و هونه‌ری كوردی زۆر ئاساییه، له وتاره‌كه‌م نووسیبووم بۆ چی ده‌یان ساڵ پێش ئێستا حه‌سه‌ن زیره‌ك باسی مه‌مك و سینگ و ئه‌ندامه‌كانیتری جه‌سته‌ی ئافره‌تی كردووه كه‌چی كه‌سێك، مه‌لایه‌ك، زانایه‌كی ئایینی فتوایان بۆ ده‌رنه‌كرد، به‌ڵام زه‌كه‌ریا ئاهه‌نگێكی پێشكه‌ش كردووه كه ناوهڕۆك و شیعری گۆرانیه‌كانی ووشه‌ی وه‌كو حه‌سه‌ن زیره‌كیشی به‌كار نه‌هێناوه ببێته سه‌رچاوه‌ی بێ ئه‌خلاقی؟ ئه‌وه‌نده وهبیرهێنانهوهم ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌بوو كه دووباره‌بوونه‌وه‌ی ناونیشانه‌كه به تۆزێك دهسكارییهوه روونبكه‌مه‌وه.
ئینجا وا دێمه سه‌ر ئه‌م به‌زم و فه‌رته‌نه‌یه‌ی كه یه‌كگرتووی ئیسلامی و هه‌ندێك له مه‌لا به‌ڕێزه‌كان به‌سه‌ر گۆڤاری (وێران) و دكتۆر فه‌رهاد پیرباڵ و ده‌زگای ئاراس و زانا خه‌لیل هێناوه، له كۆی ئه‌و نووسینانه‌ی كه زۆربه‌ی له مه‌له‌فێكی تایبه‌تی ئه‌م ژماره‌یه‌شمان بڵاوبۆته‌وه، له وه‌ڵامه‌كه‌ی دكتۆر فه‌رهاد پیرباڵ دووجار باس له‌وه ئه‌كا كه هه‌ندێ له مه‌لایه به‌ڕێزه‌كانی هه‌ولێر (به فیتی مامۆستا مه‌لابه‌شیر) هێرشی ناڕه‌وایان كردۆته‌سه‌ری و فتوایان بۆ داوه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیشیان لێ كردووه و ده‌ڵێ مامۆستا مه‌لابه‌شیر سوئی ئیستیفاده‌ی له پارتی دیموكراتی كوردستان كردووه.. !!
هه‌ركه‌س ئه‌م حاڵه‌ته‌ی نێوان ئیسلامی سیاسی كوردی و هه‌ندێ له مه‌لایه‌كانی كورد ببینێت به‌زه‌یی به‌م میلله‌ته‌دا دێته‌وه و به‌د به‌ختی ئه‌م میلله‌ته‌ی ئێمه له‌وه‌دایه هه‌ندێ له مه‌لا و پیاوانی ئایینیمان له مه‌لا و پیاوانی ئایینی میللهتانیتر ناچێ، فه‌رموون ئه‌وه حكومه‌تی گوڵ و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه كه كه‌ناره‌كانی ده‌ریای ئیجه ئه‌كه‌ن به كه‌ناری گه‌شتوگوزاری رووت (واتا هه‌ر كه‌سێك بۆ سه‌یران و حه‌وانه‌وه بچێته لێواره‌كانی ئه‌م ده‌ریایه ئه‌بێ رووت و قووت بێت و هیچ جلی له‌به‌ر نه‌بێت) ئه‌وه ئه‌ردۆغانی ئیسلامیه كه بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له یه‌كێتی ئه‌وروپا وه‌ربگیرێ و هه‌روه‌ها داهاتێكی زۆر و خه‌یاڵیش بۆ میلله‌ته‌كه‌ی به ده‌ست بێنێ كه‌ناری رووت ده‌كاته‌وه (با خۆشیان نه‌چن و هه‌ر بۆ بێگانه بێ) یه‌كگرتووی ئیسلامیش (خۆ هه‌ر وه‌ك ئه‌وان ئیسلامی سیاسییه) له ناتێگه‌یشتنی خۆیان له ده‌قێك یا چیرۆكێك دژایه‌تی و سوكایه‌تی به نوسه‌ران و شاعیران ده‌كا و داوا ده‌كات ئه‌و گۆڤار و كه‌ناڵانه‌ی به دڵی ئه‌وان نیه دابخرێن و لغاوبكرێن؟ یه‌كگرتووی ئیسلامی و مامۆستای به‌ڕێز مه‌لا به‌شیر ئه‌توانن بڵێن ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و عه‌بدوڵا گوڵ ئیسلام نین؟ پێم وایه نه‌ك وا ناڵێن بگره (تهعاتوفێكی سیاسی زۆریشیان!) له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو سه‌ركرده ئیسلامیه توركیه هه‌یه، ئه‌ی باشه بۆ ئه‌وان له‌گه‌ڵ میلله‌ته‌كه‌ی خۆیان وان و بۆ یه‌كگرتووی ئیسلامی و هه‌ندێ له مه‌لاكانی خۆمان سه‌داسه‌د به پێچه‌وانه‌ی ئه‌ردۆغانن؟ خه‌ته‌ر و كاره‌سات له‌وه‌دایه له جیاتی ئه‌وه‌ی دین وه‌كو خۆی وه‌ربگیرێ، هی ئێمه دینداری و خواپه‌رستی ناكه‌ن ئه‌چن ئه‌بن به ئیسلامی سیاسی توندڕه‌و و قیسكهتهنگ! له جیاتی ئه‌وه‌ی دینداری وه‌كو خۆی بكه‌ن و ببنه مایه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی گیانی به‌خشنده‌یی و لێبورده‌یی، هه‌ندێ توندڕه‌و خۆیان ئه‌چن له بڵندگۆی مزگه‌وته‌كانه‌وه به زمانی كوشتن و خوێنڕشتن و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوبردن ئه‌ڕشێنه‌وه! دینداری راسته‌قینه ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی فێری قسه‌ی سه‌نگین و ووشه‌ی جوان بكا، كه‌چی ئه‌وانه نووسه‌ر و مامۆستا و شاعیر و رۆژنامه‌نووس به بێ ئه‌خلاق و بێ شه‌ره‌ف وه‌سف ئه‌كه‌ن! ئه‌وه ئه‌وانن ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌منیه‌تی خه‌ڵك و ئه‌منیه‌تی كوردستان ده‌خه‌نه مه‌ترسیه‌وه، نه‌ك ده‌قێكی شیعری كه لێوان لێوه له خۆشه‌ویستی و جوانی و به‌رائه‌ت.
ئه‌م شه‌ڕه شه‌ڕێكی چاره‌نووسسازه له نێوان به‌ره‌ی تاریكی و به‌ره‌ی رووناكی، له نێوان كۆترێكی سپی ئاشته‌وایی و چنگێكی به خوێن و گیانی شه‌ڕه‌نگێزی، ئه‌وانه‌ی جار جاره خۆیان قیتدهكهنهوه و هه‌رایه‌ك له دژی پێشكه‌وتن و پێشكه‌وتووخوازان ئه‌نێنه‌وه، شانه مردووه‌كانی ئه‌لقاعیده‌ن! به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌ی به جۆرێك خۆیان له‌ژێر په‌رده‌یه‌ك شاردۆته‌وه (یان خۆیان به حزبێكی عه‌لمانی هه‌ڵپه‌ساردووه!) و ژێر به ژێریش موماره‌سه‌ی تیرۆر و جیهاد ده‌كه‌ن و فكر و بیروڕای تونڕه‌وی بڵاوده‌كه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌ردوو ده‌زگا ئه‌منیه گه‌وره‌كه‌ی كوردستان به ماندووبوون و شه‌ونخوونی خۆیان كوردستانیان پاراستووه و وایان كردووه كه كورد له‌به‌رامبه‌ر به‌غدا و هه‌موو عێراق شانازی به ئه‌منیه‌ته‌وه بكا، به‌ڵام ئه‌بێ ئه‌وه‌ش بزانن چه‌ندین زه‌رقاوی و عومهربهغدادی وا له پایته‌ختی هه‌رێمن! ئه‌گه‌ر له رێگه‌ی زهرقاویهكانی خۆمانه‌وه نه‌بێ چ سعودیه‌ك یان ئهفغانیهك یان مێریهك جه‌ساره‌ت ئه‌كا لافاوێك خوێن له لقی پارتی و مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی بڕێژێ؟ من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام رێز له مه‌قام و شه‌خسیه‌تی پیاوانی ئایینی و مه‌لایه به‌ڕێزه‌كان بگیرێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له ژێر ئه‌م په‌رده‌وه مه‌رامی رێكخراوه تیرۆریستیه‌كان جێبه‌جێ ئه‌كه‌ن هه‌قه وه‌كو كرێگرته‌ی بێگانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت، چونكه بیروڕای توندڕه‌وی و ره‌شه‌كوژی نامۆ و غه‌ریبه به كه‌لتوری كورد. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌رامبه‌ر ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر و پڕۆسه‌ی نووسین و راده‌ربڕین له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته مونه‌زه‌م و نه‌خشه بۆكێشراوهی هه‌ندێ له مه‌لاكان زۆر له‌وه گه‌وره‌تره به‌م بچوكی یه سه‌یر بكرێ و وه‌كو ململانێی نێوان دوو لایه‌نی سیاسی به قه‌تیسی وه‌سف بكرێ، له‌لای ئه‌وان یه‌كێتی و پارتی و شیوعی و كۆمۆنیست و چه‌پ و راست هیچ فه‌رقێكیان نیه و له ده‌ستیان بێت هه‌رهه‌موویان له پشتی سه‌ره‌وه سه‌رده‌بڕن و هه‌موو مومتهلهكاتیشیان وه‌ك غه‌نیمه ئه‌نفال ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یه هه‌قیقه‌تی فكر و به‌رنامه‌ی ئیسلامی سیاسی توندڕه‌و! له ده‌ستیان بێت شێركۆ بێكه‌س و فه‌رهاد پیرباڵ و هه‌موو ئه‌مساله‌كانی ئه‌وان له قیمه ده‌ده‌ن، باشه ئه‌دی ده‌سه‌ڵات و ئیداره‌ی وڵات به سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه ئه‌ركی یه‌كه‌میان پاراستنی گیان و كه‌ڕامه‌تی هه‌موو هاوڵاتیان نیه به بێ جیاوازی؟ مامۆستای به‌ڕێز مه‌لا به‌شیر كه ئه‌ندامی په‌رله‌مانه له سه‌ر لیستی پارتی هه‌ر نوێنه‌ری پارتی نیه له ناو په‌رله‌مان و هه‌ر نوێنه‌ری مامۆستایانی ئایینیش نیه، به‌ڵكو سیفه‌ته ره‌سمیه‌كه‌ی نوێنه‌ری هه‌موو میلله‌ته، ئه‌گه‌ر نوێنه‌رایه‌تی هه‌مووی نه‌كا و تهحهیوز بكا و ببێته ته‌ره‌فگیر، ئه‌وا خه‌ڵكیش به ته‌ره‌فگیری سه‌یر ئه‌كه‌ن، مامۆستا ئه‌گه‌ر وه‌كو جاران فه‌توا بۆ گۆرانییه‌ك و گۆرانیبێژێك ده‌رناكا و به‌لایه‌وه ئاساییه كورد موماره‌سه‌ی كه‌لتوری دێرین و هونه‌ر و مۆزیك و ئه‌ده‌بیاتی خۆی بكا، ئه‌وا پێویست بوو له جیاتی ئه‌وه‌ی به‌رده‌رگای دادگا له نوسه‌رێك و شاعیرێك و مامۆستایه‌كی زانكۆ بگرێ بچێ پشتیوانیان بكا و نه‌سیحه‌تی ئه‌و مه‌لایانه‌ش بكا، كه له خوت و خۆڕایی جار جاره له ماڵی پیرۆزی خوا هێرش بكه‌نه سه‌ر رووناكبیران و رۆشنفكرانی میلله‌ته‌كه‌مان، ئه‌گه‌ر واش نیه و پێچه‌وانه‌یه، با قانونێك له‌په‌رله‌مان ده‌ربكات كه:
1- هه‌رچی ته‌له‌فزیۆن و سه‌ته‌لایت ورادیۆ و مۆبایل و كۆمپیوتهرههیه له كوردستان كۆبكرێته‌وه‌و بسووتێنرێت، چونكه ئه‌مانه هه‌موویان هۆكارن بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ملیۆنان گۆرانی وه‌كو زه‌كه‌ریا و حه‌سه‌ن زیره‌ك، شیعر و نووسینی وه‌كو ئه‌وانه‌ی له گۆڤاری وێران بڵاوبونه‌ته‌وه.
2- هه‌رچی هونه‌رمه‌ند و نوسه‌ر و شاعیر و رۆژنامه‌نووس هه‌یه، ئه‌گه‌ر به دڵی ئه‌وان كاریان نه‌كرد بكوژرێن
3- خه‌تی ئینته‌رنێت له‌سه‌رتاپای كوردستان له‌سه‌ر مانگی ده‌ستكرده‌وه بپچڕێندرێ.
ئه‌و كاته ئێمه‌ش ملكه‌چی یاسا ئه‌بین و له‌سه‌ر سه‌ر و سه‌رچاومان دایئه‌نێین، به‌ڵام ناڵێین له هه‌ولێرین، ئه‌ڵێین له (مه‌قادیشۆ) و (كابۆڵ) ی سه‌رده‌می تاڵیبانین!!!
